Skip to Content

Sunday, October 6th, 2024
کاتێک ماف لەگەڵ مەزاجی باودا نایەتەوە

کاتێک ماف لەگەڵ مەزاجی باودا نایەتەوە

Closed
by March 18, 2013 ژنان

 

 

 

 

چەند ووشەیەک ڕووەو بەڕێز محەمەد هەریری

 

نوکتەیەکی باو هەیە کە لەشێوەی مەتەڵێکدا دروست کراوە و زۆرجار لەناوەندی سیاسیی و فیکریی ڕۆژئاوادا دەوترێتەوە. مەتەڵەکە دەڵێت: ئایا بۆچی لەم سەدساڵەی دواییدا دەلاکەکان فێر بوون بەرلەوەی مەقەست لە قژی موشتەرییەکانیان گیر بکەن، دەچرپێنن بەگوێیاندا و دەڵێن «فیمینیزم». وەڵامەکەی ئەوەیە کە «قژبڕین خۆشتر دێتە دەستەوە ئەگەر موشتەرییەکە لەبەر ڕق و لە تووڕەییدا قژی جن جن بووبێتەوە».

بەڵێ، ئەوە دیاردەیەکی باوە و فیمینیستەکان چاک دەزانن کە خەڵکانێکی زۆر هەن کە بە بیستنی ناوی فیمینیزم و بینینی داوای فیمینیستەکان بۆ گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە زیهنییەتی کۆمەڵگای ئێستادا، مەزاجیان دەشێوێ و قژیان جن جن دەبێتەوە. فیمینیستەکان باش دەزانن کە خەڵکانێکی زۆر هەن کە قورسیی ژیانی ژنان لە ئاکامی پیاوسالاریی کۆمەڵگا، ڕاستەوخۆ ئەوانی نەگرتۆتەوە و نازانن کۆمەڵگا چەند ناخۆشی کردووە، بۆیە پێیانوایە ئەوە فیمینیستەکانن کە ناخۆشیان کردووە. هەروەها فیمینیستەکان چاک دەزانن کە خەڵکانێکی بێئەندازە زۆر هەن، چی لە وڵاتە ڕۆژهەڵاتییەکان و چی لە وڵاتە ڕۆژئاواییەکانیشدا، کە پێیانوایە دۆخی ئێستای پایە و ڕۆڵی کۆمەڵایەتیی ژن و پیاو لە کۆمەڵگای ئێستادا دۆخێکی سروشتیی و ڕەوایە و هەر دەبێ واش بمنێت؛ بۆیە هەرکات کە دەبینن فیمینیستەکان داوای گۆڕینی ڕیشەیی ڕوانگەی ترادیشیۆناڵی کۆمەڵگای ئێستا بۆ ئازادیی دەکەن و پێداگریی لەسەر هاوبەهایی ژن و پیاو دەکەن، یەکسەر دەکەونە هۆشداریی ئەوەی کە گوایە پلانێک لە ئارادایە بۆ لەناوبردنی مۆڕاڵ و بەها جوانەکانی کۆمەڵگا و بۆ نغرۆبوونی یەکجارەکیی کۆمەڵگای بەشەریی.

 

هەوڵی ڕەشکردنی چالاکوانانی مافەکانی ژنان و دۆزەکەیان

 

من پێموایە وتارێک کە ئەم هەفتەیە بەڕێزێک بەناوی محەمەد هەریری لە بەشی ووتار لە سایتی ڕۆژنامەی هاوڵاتی-دا لەژێر ناوی «لەیادی هەشتی مارس-دا … بەڕاستیی ئێوەش ناخۆشتان کردووە» ڕووەو چالاکوانانی بواری مافەکانی ژنان لە کوردستان بڵاوی کردۆتەوە، دەکرێت وەک نموونەیەکی نموونەیی ناو ڕۆشنبیریی کوردیی سەیر بکرێت بۆ ئەم جۆرە پڕوپاگەندە و ڕێتۆریکە ناکۆنکرێتە دژ بە بزووتنەوەی فیمینیزم بەگشتیی و دژ بە هەبوونی ژنانێک لە کۆمەڵگای کوردییدا کە پرسیار لەسەر ئەو سیستەمی نۆرم و بەهایانە دروست دەکەن کە ڕۆحی زۆربەی خەڵکی ناو کۆمەڵگای ئێمە، لەوانە نووسەرانی کۆنسەرڤاتیڤ، پێی ڕاهاتووە و تیایدا سۆشیالیزە بوون.

 

ئەو وتارەی بەڕێز هەریری ژمارەیەکی زۆر لەو توخمانەی تیایە کە لە خیتابی دژەفیمینیزمی کۆنسەرڤاتیڤەکان لە هەموو دونیادا هەیە. بۆ نموونە:

– بەکارهێنانی ووشە و دەستەواژەی زلی وەک «قامچیکردنی میللەت کورد» لە وەسفکردنی داواکانی فیمینیزمدا،

– دروستکردنی ترس و گومان لە فیمینیزم لە دڵی خەڵکدا، بۆ نموونە «پرۆژەی تەدمیرکردنی خود و خێزان و کۆمەڵگا و ئەنجامی کاولکارانە»،

– واوەیلاکردن بۆ خەتەرناکیی فیمینیزم «بۆ سەر مێژوو و کلتوورو عەقڵییەت‌و رۆحی نەتەوە»،

– واوەیلاکردن بۆ مۆڕاڵی لەدەستچووی کۆمەڵگا؛

هەموو ئەم ڕێتۆریکە نەسەلمێنراوانەی ناو وتارەکەی بەڕێز هەریری، توخمگەلی ناو گوتارێکن کە فیمینیستەکان زیاد لە سەدساڵە لە شەڕکەرانی بەها باوەکانی کۆمەڵگای دەبیستن. چەندین دەیەیە فیمنیستەکان لەگەڵ ئەم جۆرە ”شیوەنەووتارانە”دا ڕاهاتوون کە جگە لە هۆشدارییدانێکی گشتیی سەبارەت بە نزیکبوونەوەی نغرۆبوونی تەواوەتیی کۆمەڵگا و هاتنی ئاخر زەمان، هیچ ڕەخنەیەکی کۆنکرێت و دیارییکراو بە ئارگیومێنتی دیارییکراوەوە ناخەنە بەرچاو و نیازیان نییە بچنە دێباتێکی ڕاستەقینەوە لەگەڵ ئەو داواکارییە فیمینیستییانەدا کە ئەوان ناکۆکن لەگەڵی.

بۆ نموونە بەڕێز هەریری و ئەوانەی ئەم جۆرە ڕێتۆریکە بەناوی ڕەخنەوە دەنووسن، بە ئەرکی خۆیانی نازانن ئارگیومێنتێک بەدوای ئەوەدا بێنن کە ئایا ئەمە چۆن «قامچیکردنی میللەتی کورد»ە و، بە چی میکانیکییەتێک «تەدمیری کۆمەڵگا» دەکات و، ئایا فیمینیستەکان خۆیان لەم ڕووەوە ڕا و تەبریریان چییە و بۆچی پێیانوایە هیچ تەدمیر ناکات و، ئایا ڕای نووسەر لەسەر ئەو ڕا و تەبریرانەی فیمینیستەکان چییە.

ئەم جۆرە وتارانە بۆ ئەوە نانووسرێن کە ئاوا ئەکادیمییانە تاوتوێی دۆزێک یان ئیشکالییەتێکی دیارییکراو بکەن و ڕا جیاوازەکان بەرامبەر بکەنەوە و ئارگیومێنت بۆ دروستیی ئەمیان و لاوازیی ئەویتریان بکەن. ئەم جۆرە وتارانە دەقێکی پرۆپاگەندەیین کە بەمەبەستی ڕەشکردنی بەرامبەرێک و مێشکشتنەوەی خوێنەرێک دەنووسرێن. بۆیە نووسەرەکانیان هیچ باکێکیان بەوە نییە کە وتارەکەیان هیچ قیمەتێکی ئەکادیمیی نییە و خۆی لە سەلماندنی هیچ ئیدیعایەک لە ئیدیعا زلەکانی ناو خۆی نادات. ئەم جۆرە ووتارە هەر لە تەنکاییدا مەلە دەکات و ئامادە نییە، بۆ نموونە، دوو ووشە لەسەر ئەوە بڵێت کە ئایا بۆچی فیمینیزم «دەبێتە هۆی نالەبارترکردنی باری نالەباری میللەتی کورد».

بەڕێز هەریری نەک هەر مەبەستی نییە قسەیەک لەسەر ئەو ڕوانگەیە بۆ دۆزی مافی ئافرەتان بکات کە پێیوایە کەمکردنەوەی پارتریارکییەتی کۆمەڵگای کوردیی، ئەو کۆمەڵگایە بەرەو تۆکمەییەک و ئینساندۆستییەکی وا پارێزەر دەبات کە ئاسان نەبێت جارێکی تر بکەوێتەوە ژێر دەستی زوڵمی نەتەوەیی، بەڵکو هەوڵدەدات لەسەر حیسابی ڕەچاونەکردنی ئەخلاقی ئەکادیمیی لە ئارگیومێنتکردن و نووسیندا، دڵی ئەوانەمان بەرێتەوە کە باشەی کۆمەڵگای کوردییمان دەوێت و ئاگاداری ڕوانگەی فیمینسیتەکان نین بۆ ئازادیی نەتەوەیی. ئەو ڕوانگەیەی کە پێیوایە پەیوەندییەکی ڕاستەوانە هەیە لەنێوان پلەی ڕزگاریی ژنان لە چەوسانەوەی پاتریارکیی و توانای ئەو نەتەوەیە بۆ خۆڕزگارکردن لە چەوسانەوەی نەتەوەیی. ڕاستییەکەی، من پێموایە لەناو هەموو ئەو ئارگیومێنتە بەتاڵانەی سەدساڵە بۆ ڕەشکردنی فیمینیزم و ئازادیی ژنان دەکرێت، ئەمەی بەڕێز هەریری کە دەیەوێت بە خەڵک بڵێت فیمینیزم دەبێتە هۆی ئەوەی کورد بچەوسێتەوە، دەبێت کۆمیدییترنیان بێت.

 

بازدان لەم تێزەوە بۆ ئەو تێز

 

لەبەر ئەوەی ئەم جۆرە وتارانە مەبەستیان تەنها خستنەوەی ترس و بەدگومانییە لای خوێنەر لەپێناو ڕەشکردنی تەرەفێک و جوڵاندنی ڕق بەرامبەریان، بۆیە یەکێک لە خەسڵەتە دیارەکانی ئەم جۆرە وتارانە ئەوەیە کە لە بونیادی ناوەکییاندا هیچ لۆجیکێکی جەدەلیی نییە و لەم تێزەوە باز دەدەن بۆ ئەو تێز.

نووسەر هەرچی ڕای سەرەپارچە و تێزی ناکۆک بە یەکی لا کۆبۆتەوە، هەمووی بەزۆر دەداتە دەم یەک و وتارێکی لێ دروست دەکات. بۆ نموونە بەڕێز هەریری باسی هەبوونی کچی هاوڕەگەزباز تێکەڵ دەکات بە باسی ئەوەی کە بیریاری فیمینیستیی هەیە کە ڕای نامۆ بەگوێی ئێمەی لەسەر هاوڕەگەزبازیی کچ هەیە و بە ئەکادیمیی داکۆکیی لە ڕای خۆی دەکات. کاک هەریری ئەوە پیشان نادات کە ئەو بیریارە فیمینیستە باسی تێزی ئەکادیمیی لەبواری هاوڕەگەزبازییدا دەکات نەک خەڵکی هاوڕەگەزباز، چونکە زەقکردنەوەی ئەمەی دووەم خەڵکی کۆنسەرڤاتیڤ بۆ کاک هەریری دێنێتە ئەو سەنگەرەوە کە ئەو لەو تێزەی ئەو بیریارە فیمینیستەی گرتووە بەبێئەوەی بە ڕاستیی ئارگیومێنتی زانستیی لەبەرامبەردا بکات. وە ئەسڵەن کاک هەریری هەر ناشیەوێت خۆی لەوە بدات بڵێت ئایا ئەو بیریارە بە چی ئارگیومێنتێک داکۆکیی لەو تێزەی خۆی دەکات و لەکوێدا لەڕووی زانستییەوە قسەکەی هەڵەیە، بەڵکو باز دەدات و یەکسەر دەڵێت ئەمانە هەموو «بیروڕای سەرەڕۆیانە»ن و ئێستا فیمینیستەکان هێناویانەتەوە بۆ کوردستانەوە. دوای ئەمە ئینجا ناچێت دوای ئەوە بکەوێت قسە لەوە بکات کە ئایا هاوڕەگەزبازیی کچان و باسی لیزبیانیزم چەند ئامادەیە لە کوردستان و چی زەربەیەکی خەتەرناکی داوە، بەڵکو وەک نموونەی «بیروڕای سەرەڕۆیانە»ی تر لەچەشنی هاوڕەگەزبازیی لە کوردستان، باسی ئەوە دەکات کە چالاکوانی مافی ژنان هەیە لە کوردستان کە ڕای وایە بۆ کورد باشترە ئاینی یەزیدیی هەبێت چونکە ئەو ئاینە، بەبەراورد لەگەڵ ئاینی ئیسلام، لە پەیوەندیی نێوان کوڕ و کچدا، لیبراڵترە. لێرەدا کاک هەریری بیری دەچێتەوە کە بابەتەکەی ئەو پیشاندانی چەند ڕایەکی خەتەرناک و سەرەڕۆیانەیە کە گوایە فیمینیزم هێناویەتییە کوردستانەوە، بەڵکو دەکەوێتە سەر سەلماندنی ئەوەی کە وانییە ئاینی یەزیدیی لە ئاینی ئسیلام لیبراڵتر نییە، وە ئەمە بە بەڵگەی بەردبارانکردنی دوعا دەسەلمێنێت.

ئەمە بازدانێکە لە بابەتێکەوە بۆ بابەتێکی تر بەبێئەوەی نووسەر ئەو مەرجە سادەیە لە وتارنووسیندا ڕەچاو بکات کە دەبێت بزانێت خۆی باسی چی دەکات و لەناوەڕاستی ئارگیومێنتکردندا بیری نەچێتەوە بابەتەکەی باسی چییە و دەیویست چی بسەلمێنێت. ڕاستییەکەی ئەم جۆرە وتارە و ئەم جۆرە ئارگیومێنتکردنە بێسەروبەرەیە، ڕۆژنامەی کوردیی نەبێت، مومکین نییە هیچ ڕۆژنامەیەکی جیددی لە وڵاتان هەبێت ئامادە بێت بە فلسە سوورەیەک بیکرێت و بڵاوی بکاتەوە.

 

تێگەیشتنپیشاندان بۆ کوشتنی ئینسان

 

ئەم جۆرە قسەکردنە کە هەرچیت بە خەیاڵدا هات بینووسیت، خەتەری لەوەدایە کە بۆی هەیە ناحەقیی زۆر گەورەی پێ تێپەڕێنرێت. بۆ نموونە بەڕێز هەریری لە حەماسەتیدا بۆ خەتەرناکپیشاندانی کاری چالاکوانانی مافەکانی ژنان لە کوردستان، هۆکاری کوشتنی ژنان لە کوردستان و هەموو ئەو حەقارەتانەی پاتریارکییەتی کۆمەڵگای کوردیی بە ئینسانی ژنی دەکات، دەداتە پاڵ چالاکوانانی مافەکانی ژنان و دەڵێت ئەوە ئەوانن ئەو ژنانە «بەکوشت دەدەن». لەناو خەڵکە هەرە دواکەوتوو و کۆنسەرڤاتیڤەکەی کۆمەڵگای کوردییدا جار هەیە ڕایەک بەرچاو دەکەوێت و دەوترێت کە ژنانی یاخیی موستەحەقن بکوژرێن. بەڵام من پێموایە ئەم ڕایەی هەریری تائێستا لەناو هەموو ئەو ڕایانەی خەڵکی دواکەوتوو و کۆنسەرڤاتیڤی کۆمەڵگای کوردییدا، دەبێت بێشەرمانەترینیان بێت کە ئاوا بە خوێنساردییەکی زۆر و بە ویژدانێکی وا ئاسودەوە وترابێت.

ئەم قسەیە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی کوشتنی ئینسانە لەسەر شانی بکوژان و دانێتی بەسەر شانی کەسی کوژراو و کەسانی تردا. ئەمە تەبریرهێنانەوە و تێگەیشتنپیشاندانە بۆ کوشتنی ئیسان. من پێموایە لە کوشتنی ئینساندا هیچ کەسێک خەتای نییە جگە لە کەسی بکوژ. وە پێموایە هیچ کەسێک بەرپرسیارێتیی نییە لە زەمینەسازییدا بۆ کوشتنی ژنان جگە لەو کەسانەی کە ئاوا وەک هەریری تێگەیشتن پیشان دەدەن بۆ کوشتنی ژنان و حەقێکیش دەدەن بە بکوژان.

هەریری و کەسانی تر کەیفی خۆیانە تا چی ئاستێک لایەنگری بەها کۆنەکانی ناو کۆمەڵگا دەبن و داکۆکیی لە کۆنسەرڤاتیڤاتییەت دەکەن. بەڵام کاتێک ئاوا دەیگەیەننە ئەوەی کە بڵێن لەپێناو ئەوەی دنیا بەپێی دڵی ئێمە هەر نەریتیی و خێڵەکیی بمێنێتەوە، قەینا با ئینسان لەسەر لیبراڵبوون بکوژرێت، گرنگە بە ڕەخنەی توند سنوریان بۆ دانرێت. من چاوەڕوانییم هەبوو هەریری لەسەر ئەم قسە بێسەروبەرەی ئیدانەیەکی زۆری ڕووبەڕوو بێتەوە.

/ / / / / / / / / / / / / / / / / / / / / /  / / / / / / / / / / / / / / / / / / / / / / / / / / / / / / / / / / / / / / / / / / /

 

دەرهێنان لە سیاق

 

نموونەیەک کە بەڕێز هەریری وەک نموونەی «بیروڕای سەڕەڕۆیانە»ی فیمینیستە کوردەکان دەیهێنتەوە، قسەیەکی بەڕێز ڕێکپۆش عەزیزە کە لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت: « گه‌ر ئێمه‌ بزووتنه‌وه‌ی راسته‌قینه‌ی فیمینیزممان هه‌بووایە ده‌بوو به‌ لۆریی لەعابه‌ی ئۆتۆماتیکیی سێکسییان له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانی کوردستاندا هه‌ڵبڕشتایه‌.»

خەسڵەتێکی تری ئەو وتارانەی کە تەنها وەک پرۆپاگەندە و بۆ ڕەشکردن دەنووسرێن نەک بۆ ئارگیومێنتکردنی ڕاستەقینە، ئەوەیە کە چەند قسەیەک لە سیاقی خۆیان دەردەهێنن و ناڵێن بە چی بۆنەیەکەوە کراوە و، بەکاری دەهێنن بۆ جوڵاندنی ڕقی خەڵک.

هەریری نایەوێت بە خوێنەر بڵێت کە بەڕێز ڕێکپۆش عەزیز ئەو قسەیە وەک پێشنیاری جۆرێک یان فۆرمێك لە پرۆتێست و ناڕەزاییپیشاندان دەکات بۆ وەستانەوە لەبەرامبەر ئەو ئارگیومێنتە تافیهەی پەرلەمانتارانی کوردستان کە بۆ داکۆکیی لە دیاردەیەکی نائینسانیی وەک فرەژنیی دەیانهێنایەوە و دەیانووت کە لە کوردستاندا ژمارەی ژن زیاترە لە ژمارەی پیاو بۆیە دەبێت فرەژنیی هەبێت. لەسیاقێکی وادایە بەڕێز ڕێکپۆش عەزیز پێشنیاری فۆرمێکی وا لە ناڕەزاییدەربڕین دەکات بۆ ئەوەی ئەوانەی دژی فرەژنیین لەو ڕێگەیەوە ئەو پەیامە بگەیەنن بە پەرلەمانتاران و کۆمەڵگا کە پەیوەندیی ژنومێردایەتیی هەر تەنها بۆ سێکس نییە، ئەگینا ئەگەر هەر بۆ سکێس بێت، ئەوا بەدیلی تر هەیە.

وەک دەبینین کاتێک ئەم قسەیە دەخەیتە سیاقی خۆیەوە و هۆکاری وتنەکەی دەڵێیت، یەکسەر دەردەکەوێت کە ئەوە نەک هەر قسەیەکی «سەرەڕۆیانە» نییە کە ڕێکپۆش عەزیز کردوویەتی، بەڵکو وەستانەوەی ئەوە لەبەرامبەر کەسانێکدا کە سێکس بە ئاستێک مێشکی داگیر کردوون کە «سەرەڕۆیانە» هەموو پەیوەندییەکی ئینسانیی و خۆشەوستییشیان لێ بووەتە تەنها سێکسکردن.

بیرمان نەچێت مادامێک بەڕێز ڕێکپۆش عەزیز هەڵڕشتنی لەعابه‌ی سێکسیی له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانی کوردستاندا وەک مەسخەرەکردنێک بە ئارگیومێتنی پەرلەمانتارەکان پێشنیار دەکات، کەواتە ئەمە وەک ”ئامراز”ێک بۆ گەیشتن بە جێبەجێبوونی داوایەک و ”ئامانج”ێکی فیمینیستیی پێشنیار دەکات و هەریری بیری دەچێتەوە کە وتارەکەی ئەو سەبارەت بە ”ئامانجە خەتەرناکەکان”ی بیری فیمینیزم و گەیشتنی فیمینیستەکانە بەو ئامانجانەیان، نەک سەبارەت بە خەتەرناکیی ئەو ئامرازانەی کە فیمینیستەکان بۆ گەیشتن بەو ئامانجەیان دەیگرنە بەر. بەڵام ئیتر وتاری پرۆپاگەندە و نازانستیی وایە کە بۆی گرنگ نییە خۆی ببەستێت بە کرۆکی باسەکەوە، بەڵکو هەر قسەیەک لە ڕووکەشدا لە قازانجی ئەو بێت و بەرامبەرەکەی ڕەش بکات، ئەم دەینووسێت و لەگەڵ ئەوانی تردا بەدوای یەکدا دەیهێنێت. 

ئەوەی من ئاگادار بم کەسانێکی کۆنسەرڤاتیڤی تریش کە داکۆکییکەری ئەوەن ڕۆڵی کۆمەڵایەتیی ژن و پیاو لە کوردستاندا هەر وەک ئێستای خۆی بمێنێتەوە، هەوڵیانداوە ئەو قسەیەی ڕێکپۆش عەزیز وەک دەلیلی سەرەڕۆیی و کورتهێنانێکی گوتاری یەکسانییخوازەکانی کوردستان بە خەڵك بفرۆشنەوە.

لە کوردستانی ئێمەدا، لەو جۆرە ناڕەزایەتییدەربڕینانەدا کە هەن، زیاتر هاتنەسەرجادە و خۆپیشاندان و ئیمزاکۆکردنەوە و هوتافکێشانی بڕوخێ و بمرێ باوە، بەڵام من پێموایە ئەو جۆرە ئاکشنەی بەڕێز ڕیکپۆش عەزیز پێشنیاری کرد، جوانترین و داهێنەرانترین بیرۆکەی پرۆتێستکردنە بۆ وەستانەوە لەبەرامبەر ئەو پاکانە پووچەی پەرلەمانتاران کە بۆ پێویستیی هەبوونی فرەژنییان دەهێنایەوە.

من پێموایە بەڕێز ڕێکپۆش عەزیز لەپاڵ ئەوەوەی کە چالاکوانێکی ڕۆشنە و دەزانێت دەڵێت چی، لە هەموو ئێمەی چالاکوانانی مافەکانی ژنان لە کوردستان بەجورئەتترە لە دەربڕینی ڕای خۆیدا و، بۆ ئەمەش شایەن بە دەستخۆشیی و سوپاسێکی زۆری ئێمە و هەموو کەسێکە کە لایەنگری دەرکردنی کۆمەڵگای کوردییە لە لیتاوی عەقڵی خێڵەکیی و ئاینیی و لە ژێر چنگی ئەو گوتارەی کە سەرکزیی و چاوشکاویی و شەرمنیی ژنان وەک فەزیڵەتێکی گەورەی کۆمەڵایەتیی سەیر دەکات.

 

ڕقڕشتن بەرامبەر بە هاوڕەگەزبازان 

 

بەڕێز هەریری ڕێگە بە خۆی دەدات ڕقێکی زۆر بەرامبەر بە هاوڕەگەزبازان پیشان بدات. ئەمە لە دونیای مۆدێرندا، لەو شوێنانەدا کە مافی مرۆڤ و ڕێز بۆ مرۆڤ تا ئاستێکی زۆر جێی گرتووە، سزای لەسەرە و هیچ ڕۆژنامەیەکیش ناتوانێت بڵاوی بکاتەوە.

ئەوەی ئێمە زەوق و مەزاجمان چی دەڵێت سەبارەت بە هاوڕەگەزبازیی، نابێت ڕێگەمان پێبدات هێرش بکەینە سەر کەسێکی تر کە زەوق و مەزاجی وەک ئێمە نییە. ئەمەی هەریری دەیکات سەرچاوەگرتووی عەقڵێکی کۆلەکتیڤیی و دەستەجەمعییە کە تاک دەکاتە کۆیلەی چاوەڕوانییەکانی گروپ و دەستە و خێڵ. 

لەناو خەڵکە کۆنەپارێزەکەدا هەمیشە هەوڵێک هەیە بۆ هێرشکردنە سەر ئەم بیرکردنەوە لیبراڵییە لە تاک، وە هۆشداریی ئەوە دەدەن کە ڕێزگرتن لە مافی فەردیی و بەهادانان بۆ تاک و سەیرنەکردنی وەک ژمارەیەکی ناو کۆلەکتیڤێک، کۆمەڵگا بەرەو نەهامەتیی دەبات. ئەمە ئەو هەوڵی ترسدروستکردنەیە کە وتارەکەی کاک هەریریشی لە یەکەم دێرەوە تا دوا دێڕی داگیر کردووە. بەڵام ئەو کەسانە سەیری ئەوە ناکەن کە حەقیقەت وانییە و، تەجروبە بەڕوونیی پیشانی داوە کە ئەو بەشانەی دنیا کە تاک وەک خاوەنمافی سەربەخۆ لە کۆلەکتیڤ سەیر دەکەن، لەو شوێنانەدا مرۆڤ ڕێزی زۆرتری هەیە و وا ئاسان نییە بە بلۆک ئینسانی تیا بکوژرێت و هەفتانە ژنان ناچار بە خۆسوتاندن بکرێن. هەر ئەمەشە وایکردووە کە دەیانی وەک کاک هەریری تاقەتیان لەو وڵاتەی خۆیان بچێت کە عەقڵی کۆلەکتیڤیی تیایاندا زاڵە و بێن لە ئەوروپای تاکگەراییدا چەند ساڵ بە دیار ئیقامەوەرگرتنەوە لە کامپەکاندا داچۆڕێن.

هۆمۆ و لیزبیانەکان لە کۆمەڵگای ئێمەدا بە ئەندازەیەک کەسیان نییە داکۆکییان لێبکات کە هەموو ئەو ڕقڕێژیی و حەقارەتەیان پێدەکرێت و تا ئێستا من بزانم لە دوو سێ نووسەر و ڕۆشنبیر زیاتر کەس ئامادە نەبووە بڵێت ئەوە لادان نییە و ئەوە سروشتی ئەو مرۆڤانەیە و مافی خۆیانە وابن. ئەمە زۆر لەسەر کۆمەڵگای ئێمە دەڵێت و پیشانی دەدات کە ئێمە چەند ئامادەین ئینسان بکەینە قوربانی دابونەریتە چەسپاوەکان. شاعیرێک بە جورئەتەوە هۆمۆبوونی خۆی ڕاگەیاند، لەجیاتی دەستخۆشانەکردن لەو جورئەتە گەورەیەی، ڕاگەیاندنەکان قسەی قۆڕ و مەسخەرەی ئەم و ئەویان بڵاو دەکردەوە لەسەری.

من پێموایە گرنگە ئیتر کۆمەڵگای ئێمە قبوڵی ئەو زیادەڕۆییانە نەکات. گرنگە کاتێک کەسێک ئاوا وەک بەڕێز محەمەد هەریری ڕقڕێژیی بەرامبەر بە هاوڕەگەزبازان دەکات، بدرێت بە گوێیدا کە هاوڕەگەزبازان، چی لیزبیان و چی هۆمۆ، ڕێز و حورمەت و بەها و ویقاریان یەک زەڕرە لە ڕێز و حورمەت و بەها و ویقاری ئەو کەمتر نییە و، ئەویش یەک زەڕرە لەسەرووی ئەوانەوە نییە لە بەهای ئینسانیی و لە مافی مەدەنییدا. 

ئەمە ئەو بەهایانەیە کە هەم فیمینیزم و هەم هیومانیستەکان و هەم جاڕنامەی گەردونیی مافی مرۆڤ و گوتاری مافی مرۆڤ پشتگیریی دەکەن و شەڕی لەپێناودا دەکەن. هەر لەسەر بنەمای هەمان ئەم بەهایانەیە کە فیمینیستەکان خەبات دەکەن تا ئەو بەشەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتییش کە لە ڕەگەزی مێینەن، ئەو حەقارەتانەیان پێنەکرێت کە تەنها لەبەر ئەوەی لە «ڕەگەزەکەی تر»ن و نێرینە نین، پێیاندەکرێت. ئەم خەباتەیە کە پێیدەگوترێت ”فیمینیزم”. بۆیە ئەوەی کە فیمینیزم لەگەڵ زەوق و مەزاجی کەسانێکدا نایەتەوە، کەیفی خۆیانە و دەبێت ئەوەیان لێ تێبگەیەنرێت کە فیمینزم مەسەلەی مافی مرۆڤە نەک مەسەلەی زەوق و مەزاجی زۆربە.

 

 

شەڕی کۆنسەرڤاتیڤەکان

 

ئەوەی کاک هەریری نووسیویەتی ڕەخنەکردنی ڕاستەوخۆی بیروڕای فیمینیستەکان نییە، ئەگینا من هیوادارم خەڵکانێک هەبن ئامادەبن بەڕاستیی بێنە پای دێباتکردنێکی فیکریی-سیاسییەوە سەبارەت بە فیمینیزم و لەوێوە قسە لەسەر خەباتی چالاکوانانی یەکسانییخوازیی لە کوردستان بکەن.

ڕەخنە و دێباتێکی وا نەک هەر هیچ زەرەرێکی بۆ فیمینیزم نابێت بەڵکو بەهێزیشی دەکات. وە هیوادارم کاک هەریری ئامادە بێت سەنگەری دێبات لە فیمینیستەکان و فیمینیزم بگرێ و خۆی دوور بگرێت لە قسەی گشتگیر و یارییکردن لەسەر حەسەسییەتی خەڵک بە فیمینیزم و بە ووشەی فیمینیزم بۆ لێدانی دووربەدووری فیمینزم.

ئەوەی کاک هەریری دەیکات لەو وتارەیدا ڕەخنەی فیمینیزم و فیمینیستەکان نییە، بەڵکو تەقەکردنی دووربەدوورە لێیان. ئەوە هەر تەنها دەربڕینی سەغڵەتییەکی کۆنسەرڤاتیڤانەی ئەوە بە دەرکەوتنی لیبڕالیزمێکی تاکگەرا لە کۆمەڵگای کوردستاندا. سەغڵەتییدەربڕین ئارگیومێنت نییە. ئارگیومێنت ئەوەیە کە پیشانی خوێنەری بدەیت لە چی سەغڵەتیت و چۆن و بۆچی مافی تەواوی خۆتە سەغڵەت بیت.

ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە لەناو ئەو جەهەنەمەی کە عەقڵی پاتریارکیی لە کوردستاندا بۆ ڕەگەزی ژنی دروست کردوە، هێشتا کەس هەیە ئاوا دێت و دەڵێت کە ئەو پێیوایە ئەو ژنانەی کە دژ بەو جەهەنەمە دەوەستنەوە ناخۆشیان کردووە. ئەمە نموونەی ئەو بێباکییە خەتەرناکەیە کە خەڵکە کۆنسەرڤاتیڤەکەی ناو کۆمەڵگای کوردیی لەئاست کوشتنی بێشوماری ژنان و لێدان و بەزۆربەشوودان و خەتەنەکردن و دەستدرێژیی سێکسیی و سەختیی ژیان و بەدبەختبوونی سەدان هەزار کچ و ژندا پیشانی دەدەن. 

 

لەسەر ئەم بێباکییەیە کە دەهێنێت فیمینیستەکان لە دەیان وتاری لەم جۆرەدا ڕووبەڕووی کۆنەپارێزەکانی کۆمەڵگای کوردیی ببنەوە و پێیان بڵێن «بەسە و ڕاوەستن، ئێوە یەکجاریی زیادەڕۆییەکانتان بۆسەر ماف و کەرامەتی ئینسانیی ژنانی کۆمەڵگای ئێمە ناخۆش کرد».

 

ڕۆزا حسێن

١٥/٣/٢٠١٣

rozahusein@yahoo.com

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.