Skip to Content

Wednesday, July 24th, 2024
وێنه‌ی ئه‌به‌دی من … ئیدریس عه‌لی

وێنه‌ی ئه‌به‌دی من … ئیدریس عه‌لی

Closed

 

 

 

له‌ وێنه‌که‌دا کوێم بۆ ده‌گه‌ڕێیت؟

له‌ وێنه‌که‌دا له‌ چی ده‌ڕوانیت؟

له‌ وێنه‌که‌دا کوێم پێ نیشان ده‌ده‌یت؟

له‌ وێنه‌که‌دا چیم بۆ ده‌گێڕیته‌وه‌؟

له‌ وێنه‌که‌دا کوێم ئه‌ده‌یته‌ به‌ر هه‌تاو؟

له‌ وێنه‌که‌دا چیم ده‌به‌یته‌ ژێر باران؟

له‌ وێنه‌که‌دا بۆ کوێم ده‌به‌یت؟

له‌ وێنه‌که‌دا چیم دێنیته‌وه‌ یاد؟

له‌ وێنه‌که‌دا کوێم ده‌که‌یت به‌‌ سێبه‌ر؟

له‌ وێنه‌که‌دا چیم ده‌که‌یت به‌ کۆتر؟

له‌ وێنه‌که‌دا چیم ده‌به‌یته‌ به‌رده‌م‌ ئاوێنه‌که؟ 

له‌ وێنه‌که‌دا کوێم لای په‌نجه‌ره‌که‌وه‌ جێده‌هێڵیت؟

له‌ وێنه‌که‌دا کوێم ده‌هێڵیته‌وه‌ بۆ خۆم؟

له‌ وێنه‌که‌دا چیم ده‌به‌ی بۆ خۆت؟

له‌ وێنه‌که‌دا کوێم ئه‌ده‌یته‌ 

به‌ر ده‌سڕێژی خه‌نده‌ و

چیم ئه‌خه‌یته‌ ژێر بۆردومانی میهره‌بانیت؟. 

له‌ وێنه‌که‌دا عه‌یارانه‌ هێرشم بۆ دێنیت

له‌ وێنه‌که‌دا به‌ ته‌قه‌ڵی ورد

ته‌نیاییم ده‌دووریته‌وه‌

عه‌تر ئه‌پژێنی به‌سه‌ر چاوه‌ڕوانیما

ده‌نگی غه‌ریبیم کز ده‌که‌یت

به‌لۆعه‌ی گریانم ده‌گریته‌وه‌

دڵی رۆیشتووم دێنیته‌وه‌ جێی خۆی

حه‌دێک بۆ بێده‌نگیم داده‌نێیت

تیشک ده‌خه‌یته‌ سه‌ر گومانم و

بێزاریم ده‌خه‌یته‌ ناو بازنه‌وه‌

ئوتوو دێنیت به‌ خه‌یاڵما

به‌دله‌یه‌کی مۆر ده‌که‌یته‌ به‌رم و

سوێندم ئه‌ده‌یت

له‌ وێنه‌که‌دا پێبکه‌نم..

 

له‌ وێنه‌که‌دا گه‌مارۆت خستۆته‌ سه‌رم

ناهێڵیت خه‌یاڵم بۆ دوور بڕوا

ناهێڵیت خنه‌ خن دوای

که‌روێشکێکی شه‌ل بکه‌وم

ناهێڵیت هه‌ندێ

له‌و بارانه‌ بچنمه‌وه‌

که‌ خودا به‌ دیاری له‌ باخجه‌که‌مان رواندبووی..!

ته‌نها ئه‌م وێنه‌یان

هی منی ناو باخه‌کان و

منی سه‌ر ریگا دووره‌کانه‌

ته‌نها ئه‌م وێنه‌یان

هی منی شاعیر و

منی حازر و ئاماده‌ بۆ سه‌فه‌ره‌ نزیکه‌کانه‌

ته‌نها ئه‌م وێنه‌یان

هی منی شه‌ڵاڵ به‌ ئه‌ستێره‌ و

منی خه‌ڵتانی شه‌ونمه‌..

ته‌نها ئه‌م وێنه‌یان 

هی منی راسته‌قینه‌یه‌

که‌ تۆ ئابڵوقه‌ت داوم به‌ گوڵ.. گه‌مارۆت داوم به‌ کۆتر..!

ته‌نها له‌م وێنه‌یه‌دا

من منی ئه‌و شه‌وانه‌م 

که‌ تۆ خه‌ونم به‌ بارانه‌وه‌ پێ ده‌بینی

ته‌نها له‌م وێنه‌یه‌دا

من منی چۆله‌که‌م

که‌ تۆ به‌ به‌ردی خه‌نده‌یه‌ک فڕینم ده‌شکێنی،

ئه‌م وێنه‌یه‌م سه‌ر و زیاده‌

که‌ تۆ تیایدا ده‌ستی شیعرت گرتووم و

به‌ ناو مۆسیقادا ده‌یگێڕیت

ته‌نها ئه‌م وێنه‌یه‌م له‌ زهندا ده‌مێنێته‌وه‌

که‌ تۆ تیایدا به پێی‌ ته‌مه‌ن

ئاوی دره‌خته‌کان ده‌ده‌یت

له‌سه‌ر حروفی ئه‌بجه‌دی 

ئینجانه‌کان تاوتوێ ده‌که‌یت

به‌ سیستمی زۆرینه‌ و که‌مینه‌

دان بۆ باڵنده‌کان رۆده‌که‌یت

ته‌نها ئه‌م وینه‌یه‌ ده‌بێته‌ وێنه‌ی

ئه‌به‌دی من

که‌ تۆ تیایدا 

من لای گۆرانییه‌که‌وه‌‌ داده‌نییت و

بوار ناده‌یت

تاوێک له‌ ژێر هه‌تاوا دانیشم

وشه‌یه‌ک به‌ دره‌خته‌وه‌ لێکه‌مه‌وه

جریوه‌‌ بکه‌مه‌وه‌ 

به‌ ده‌نوکی چۆله‌که‌وه‌..‌

بوار ناده‌یت به‌ ده‌نگی به‌رز

بچپێنم به‌ گوێی دایکما:

دایه‌.. دایه‌

ئێواره‌ چاوه‌ڕوانم مه‌به‌

ره‌نگه‌ ئیتر بۆ هه‌میشه‌ 

له‌ باخی چاو مه‌ستان بمێنمه‌وه‌

ره‌نگه‌ ئیتر بۆ ئه‌به‌د

له‌ ماڵی رێحانه‌ ره‌شه‌کان بژیم

ره‌نگه‌ دیار قیامه‌ت بکه‌وین و

تا مردن له‌م وێنه‌یه‌دا نه‌یه‌مه‌ ده‌ره‌وه‌.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.