Skip to Content

Monday, December 2nd, 2024
ئۆپۆزسیۆنى شەرمن, یەكگرتوو وەك نموونە

ئۆپۆزسیۆنى شەرمن, یەكگرتوو وەك نموونە

Closed

  عەزیز ڕەئووف……

 ئەستەمە كۆمەڵگەیەك شكبەرین بارتەقاى كۆمەڵگەى كوردى كە خاڵى بێت لە ئۆپۆزسیۆن. سەرجەم ئەو پارت و گروپانەى كە لە ساحەى سیاسى كوردیدا دەبینرێن، بۆ تۆزقاڵێك دەركەوتەى ئۆپۆزسیۆنبوونیان تێدا نیە. یەكێك لە دەركەوتەكانى ئۆپۆزسیۆنبوون لە هەر پات و گروپێكدا بریتیە لە جیهانبینیەك جیاواز لە تەفسیر و تێروانینەكانى دەسەڵات. بە مانایەكى تر گروپێك گەر هەڵگرى تەفسیرێكى جیاواز نەبێت بۆ سیاسەت و دنیا، بانگێشتكردنى بە ئۆپۆزسیۆن نوكتەیەكى گەورەیە.
 ئیشكالى هێز و گروپەكانى كۆمەڵگەى ئێمە بە عەلمانى و ئیسلامیەوە، بە ڕاست و چەپەوە ئەوەیە كە دەیانەوێت وەك یەكێتى و پارتى بەشیان هەبێت لە داهاتى كۆمەڵگەدا، دەیانەوێت لانى كەم پۆستى باڵایان لە پەرلەمان و كابینە نوێیەكاندا پێ بدرێت، بەبىَ ئەوەى كە هەست بەو ڕاستیە بكەن كە بەشداربوونى ئەوان لە حكومەتدا واتە بەشداربوون لە هەموو پرۆژە جوان و ناشرینەكانى حكومەت، واتە ئەوانیش بەجۆرێك لە جۆرەكان بەشدارن لە هەر گەدەڵیەك گەر لە ئۆفیسەكانى حكومەتدا بەدى بكرێت.
 بێشك سەرجەم گروپ و هێزەكانى كۆمەڵگەى كوردى لە داهاتى ئەم وڵاتە بەشیان هەیە، ئەوە باسێكى ترە. بەڵام ئەوەى من دەمەوێت باسى بكەم ئەوەیە كە گەر هێزێك لە بەرگى ئۆپۆزسیۆنەوە خۆیمان پیشان بدات و باس لەوە بكات كە هێزێكە جیاواز لە دەسەڵات، بەڵام شەڕى گەورە لەسەر وەرگرتنى وەزارەتێك بكات و پشت لەم هەموو نیگەرانى و توڕەبوونەى نەوەكان بكات لە شەقامى كوردیدا، ئەوە بێشك هێزێكە ماسكى ئۆپۆزسیۆنبوونى بەستووە. هەر هێزێكیش پرۆژەكانى یەكسان نەبوو بە خەونى نەوە نیگەرانەكان، ئەوە بەبىَ ئەوەى بەخۆى بزانێت لە بازنەى ئۆپۆزسیۆن دێتە دەرەوە و وەك دەسەڵاتێكى بچوك، بەڵام بێدەسەڵات دەبینرێت.
 پارت و گروپە سیاسیەكانى ئێمە درۆیەكى گەورەمان لەگەڵ دەكەن كە وەك ئۆپۆزسیۆن خۆیانمان نیشان دەدەن. ئەوان لەماوەى حەڤدەساڵى ڕابردوودا نەیانتوانى ببنە هێزگەلێكى كارا تاكو هیچ نەبێت دەسەڵات لە كەمتەرخەمى و دۆڕانى متمانەى نەوەكان وەئاگا بهێنێتەوە. پارتە بچوكەكانى كۆمەڵگەى ئێمە كەیفیان بەوە دەهات كە بەرپرسانى یەكێتى و پارتى لەنێوان خۆیاندا دابەشیان دەكردن و پێیان دەوتن پارتە ڕەسەنەكان. ڕەسەن بەو مانایەى ئەوانیش لە شاخ خەباتیان كردووە و بەشدارن لە خوڵقاندنى ئەم ئەزموونەدا، كەواتە دەبێت لە كەم و كوڕیەكانى ئەزمونەكەش بێدەنگ بن.
 لەدواى ڕاپەڕین و پاش حەڤدە ساڵ لە دەسەڵات و حكومەتى لۆكاڵى كوردى، هیچ هەوڵێكى جدى ئۆپۆزسیۆن لەئارادا نیە كە كەم تا زۆر دەسەڵاتى هەردوو پارتە سەرەكیەكەى كوردستان قەلەق بكات. دەسەڵاتى كوردى خۆشبەخترین دەسەڵاتى دنیایە كە بۆ چركەیەكیش لە ئۆپۆزسیۆنەكانى ناترسێت(ئەگەر هێزێك هەبێت بەناوى ئۆپۆزسیۆن). دەسەڵاتى كوردى بێمنەتە لە بەشداربوون یاخود بەشدار نەبوونى پارتە كوردیەكان لە كابینەى نوێدا، چونكە ئەوان سەنگ و قورسایى ئەو پارتانە دەناسن و دەشزانن كە بوونى ئەوان هیچ مەترسیەكى بۆ سەریان نییە.
 ئەو هێزەى كە كەم تا زۆر جۆرێك لە مەترسى بۆ سەر دەسەڵات دروست كردبوو، یەكگرتووى ئیسلامى بوو. ئەم گروپە ئیسلامیە هەر لە سەرەتاوە سەرنجى زۆرێك لە گەنجەكانى كۆمەڵگەى كوردى بۆخۆى ڕاكێشابوو، چانسى باشیشى هەبوو لە كۆكردنەوەى نەوەكانى دواى ڕاپەڕین. بەڵام ئەم هێزە نەیتوانى وەك ئۆپۆزسیۆنى كارا خۆیمان پیشان بدات و هەر لە سەرەتاوە هەموو هەوڵەكانى خۆى لە خێر و خێرات و بۆنە ئاینیەكاندا كورت كردەوە و پشتى كردە هەر هەوڵێكى ڕادیكاڵ و سەردەمیانە سەبارەت بە قەیرانە سیاسى  فكرى و ئابووریەكان لە كۆمەڵگەى كوردیدا.
 لەم هەفتەیەدا یەكگرتووى ئیسلامى كوردستان كۆنگرەى پێنجەمى خۆى بەست. كە ڕەنگە یەكەمین پارتى كوردی بێت لەو ماوە كەمەى دامەزراندنیدا هێندە كۆنگرەى بەستبێت. بەڵام ئەوەى مایەى نیگەرانیە ئەوەیە كە لەم كۆنگرەیەدا یەكگرتووى ئیسلامى نەیتوانى دەسەڵاتى مەلاكان كەم بكاتەوە، بەڵكو بە هەمان شێوە نەوەى پێشو پۆستى ئەمیندارى یەكگرتوویان داگیر كردەوە، لەهەمووى كارەساتتریش ئەوە بوو كە ئەمیندار هیچ ڕكەبەرێكى نەبوو. ئیدى یەكگرتووى ئیسلامى وەكو سێیەمین هێزى سیاسى كوردى دواى یەكێتى و پارتى، نەیتوانى لە سیمبوڵەكانى كەسى یەكەم خۆى قوتار بكات. ئیدى بێئومێد بووین لەوەى یەكگرتووى ئیسلامى بتوانىَ لانى كەم وەكو هێزەكانى تر نەبێت.
 بەڵام ئەوەى مایەى دڵخۆشى بوو ئەوە بوو كە دەنگ لە كۆنگرەكەدا دەبیسترا كە داوایان دەكرد كە یەكگرتوو خۆى لە شەرم قوتار بكات و لە نێوان بەشداربوون لە دەسەڵات و بوون بە ئۆپۆزسیۆندا خۆى یەكلایى بكاتەوە. ئەمەش سەرەتایەكى باشە بەوەى كە یەكگرتوو بە شێوەیەكى شەفاف خۆیمان نیشان بدات كە ئایا ئۆپۆزسیۆنە یاخود نا؟ چونكە هەموومان دەزانین چ لە كابینەكانى حكومەت و چ لە پەرلەمان، یەكگرتوو نەك هەر وێنەیەكى زۆر جوانى پیشان نەداین، بەڵكو بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژە یاساى كارى ڕۆژنامەنوسى لە پەرلەمانى كوردستان لەپاڵ دەنگە محافزكارەكانى تردا وێنەیەكى زۆر خراپیان نیشانداین، كە هێندەى تر لە ئۆپۆزسیۆنبوونى یەكگرتوو بێئومێدى كردین.
 
azizrauf2003@yahoo.com
 
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.