
كه‌سێك له هیچ كه‌س ناچێ … فروغی فروخزاد
من خه‌ونم دیوه كه‌سێك دێ
من خه‌ونم به ئه‌ستێره‌یه‌كی سوره‌وه دیوه.
وا پێڵوی چاوه‌كانم ده‌فڕن و
پێڵاوه‌كانیشم جوت ده‌بن.
كوێربم ئه‌گه‌ر درۆبكه‌م
من كاتێك ئه‌و ئه‌ستێره سوره‌ی ناو خهونهكهمم دی
نه‌خه‌وتبووم…
كه‌سێك دێ… كه‌سێكی تره
كه‌سێكی باشتره
كه‌سێكه له هیچ كه‌س ناچێ، له بابه ناچێ. له مرۆڤ ناچێ
له یه‌حیا ناچێ، له‌دایه ناچێ…
كه‌سێكه ته‌نها له‌خۆی ده‌چێ.
باڵای له دره‌ختی ماڵی ئه‌ندازیاره‌كان به‌رزتره
ده‌موچاویشی له ئیمامی زه‌مان نورانی تر..
له‌و برایه‌ی سه‌ید جه‌وادیش ناترسێت
كه ڕۆشتوه جلی پاسه‌وانی له‌به‌ركات..
له سه‌ید جه‌وادیش ناترسێ كه هه‌موو ژوره‌كانی ماڵی ئێمه هی ئه‌ون.
ناویشی له‌و ناوه ده‌چێت كه دایكم
له‌سه‌ره‌تاو كۆتایی نوێژدا بانگی ده‌كا
یا ( قاچی القچات)
یا ( حاجت الحاجات )
ده‌شتوانێت هه‌موو وشه‌كانی كتێبی پۆلی سێ به‌چاو به‌ستراوی بخوێنێته‌وه.
ده‌شتوانێ هه‌زار له ملیۆنێك جیا بكاته‌وه بێ ئه‌وه‌ی هیچی كه‌م بێت.
ده‌شتوانێ له كۆگاكه‌ی سه‌ید جه‌واد، هه‌رچیه‌كی پێویست بوو به قیست بیهێنێت
ده‌توانێت كارێك بكات، شه‌معی ” الله”
كه سه‌وزه، له ده‌مه‌و به‌یاندا سهوزتربێت.
دووباره ڕوی ئاسمان به‌سه‌ر مزگه‌وتی ” مفتاحیات” ڕوناكتركات .
ئاخ..
ڕوناكی چه‌ن خۆشه
ڕوناكی چه‌ن باشه
من چه‌ند حه‌زده‌كه‌م، یه‌حیا عهرهبانیهكی هه‌بێت
له‌گه‌ڵ چرایه‌كی لۆكزدا
من چه‌ند حه‌زده‌كه‌م
له‌سه‌ر عه‌ره‌بانه‌كه‌ی یه‌حیا، له‌ناو شوتی و كاڵه‌كه‌كه دانیشم
به‌ده‌وری مه‌یدانی ” محه‌مه‌دیه” بسورێمه‌وه..
ئاخ …
سوڕانه‌وه به‌ده‌وری مه‌یدانی ” محه‌مه‌دیه” چه‌ن خۆشه
خه‌وتن له‌سه‌ر بان چه‌ن خۆشه
چون بۆ باخی گشتی چه‌ن خۆشه
تامی بیبسی چه‌ن خۆشه
ڕۆشتن بۆ سینه‌ما چه‌ن خۆشه
من چه‌ند حه‌زم له‌م هه‌موو شته خۆشه‌یه…
من چه‌ند حه‌زم له‌وه‌یه
قژی كچه‌كه‌ی سه‌ید جه‌واد راكێشم
بۆچی من ئه‌وه‌نده بچوكم، له‌ناو شه‌قامه‌كاندا ونده‌بم؟.
بۆچی باوكم ئه‌وه‌نده بچوك نیه، له‌ناو شه‌قامه‌كاندا ونبێت؟.
بۆكارێك ناكات تا ئه‌و كه‌سه‌ی هاته خه‌ونم زوتر بێت؟!..
خه‌ڵكی گه‌ره‌كی قه‌سابخانه‌ش
خاكی باخچهكانیشان خوێنه
ئاوی ناو حهوزهكانیشان خوێنه
جێ پێكانیشان هه‌ر خوێنه
بۆچی شتێك ناكه‌ن
بۆچی شتێك ناكه‌ن؟…
چه‌ند ته‌مه‌ڵه هه‌تاوی زستان..
من پلیكانه‌كانی چونه سه‌ربانم گسك داوه
شوشه‌ی پهنجهرهكانیشم شوشتوه
بۆچی باوكم تا نه‌خه‌وێت خه‌ون نابینێ؟..
پلیكانه‌كانی چونه سه‌ربانم گسك داوه‌و
شوشه‌ی پهنجهرهكانیشم شوشتوه
كه‌سێك دێ
كه‌سێك كه به‌دڵ له‌گه‌ڵ ئێمه‌یه، به‌هه‌ناسه له‌گه‌ڵ ئێمه‌یه
به‌ده‌نگ له‌گه‌ڵ ئێمه‌یه..
كه‌سێكه ڕێ له هاتنی ناگیرێت.
كه‌له‌پچه ناخرێتهدهستی و زیندانی ناكرێت
كه‌سێكه له‌ژێر دره‌خته پیره‌كه‌ی یه‌حیادا منداڵی بوو
رۆژ به‌رۆژ ..گه‌وره ده‌بێت… گه‌وره‌تر..
كه‌سێ له‌گه‌ڵ باراندا، له‌گه‌ڵ ده‌نگی خوڕه‌ی باراندا، له ناو چرپه چرپی
گوڵه ئهتڵهسیهكاندایه..
ئه‌و كه‌سه كاتێك دێ، ئاسمانی تۆپخانه به‌تۆپی ئاگرین ده‌دره‌وشێته‌وه
سفره ڕاده‌خا
نان بهشدهكا
بیبسی بهشدهكا
باخی گشتی بهشدهكا
شوربی كۆكه ڕه‌شه بهشدهكا
رۆژی ناو نوسین به‌ش ده‌كا
حه‌بی نه‌خۆشخانه به‌ش ده‌كا
جزمه‌ی لاستیكی به‌ش ده‌كا
سینه‌مای فه‌ردین به‌ش ده‌كا
دره‌خته‌كانی كچه‌كه‌ی سه‌ید جه‌واد بهشدهكا
هه‌رشتێ ئاوسابێ به‌شی ده‌كا و
به‌شی ئێمه‌ش ده‌دا.
من خه‌ونم دیوه….
” فروغی فروخزاد “
” وه‌رگێڕانی : نه‌به‌ز گۆران “
– له‌دیوانی ” باوه‌ڕ بێنن به سه‌رتای وه‌رزی سارد “..