که‌رکووکه‌خه‌م … سێ
له به‌ندی 13یه‌می جاڕی گه‌ردوونیی مافی مرۆڤدا، هاتووه، که”1. هه‌موو که‌سێک ئازادیی هاتن و چوون و هه‌ڵبژاردنی شوێنی نیشته‌جێبوونی له نێو سنووری هه‌ر ده‌وڵه‌تێکدا هه‌یه. 2. هه‌موو که‌سێک مافی به‌جێهێشتن و بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌ر وڵاتێکی، ته‌نانه‌ت وڵاته‌که‌ی خۆیشی، هه‌یه.” . ئه‌وه‌ی له‌و به‌نده‌ی ئه‌و جاڕنامه‌یه‌دا هاتووه، باس له وڵاتێک ده‌کات، که مرۆڤ چ وه‌ک تاک و چ وه‌ک کۆمه‌ڵ، تێیدا ئازاده. وڵاتێک، مرۆڤ تێیدا مرۆڤه و هه‌موو مافێکی ژیان و ڕاده‌ربڕین و هه‌ڵبژاردن و جووڵانه‌وه و کار و ته‌واوی مافه‌کانی دیکه‌ی هه‌یه. باس له کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک ده‌کات، که خه‌ڵکه‌کانی له‌به‌رده‌م قانوون‌دا چوونیه‌کن و له هه‌موو ماف و ئه‌رکه‌کانیاندا یه‌کسانن. وه‌ها مافێک، که جاڕی گه‌ردوونی مافی مرۆڤ، بۆ ته‌واوی مرۆڤی سه‌ر ئه‌م زه‌وییه‌ی ده‌سته‌به‌ر کردووه، هه‌رگیز له وڵاتێکی وه‌ک کوردستاندا، که به ده‌ست چوار ده‌وڵه‌تی داگیرکاره‌وه ده‌یناڵاند و ده‌ناڵێنێت، له لایه‌ن ئه‌و داگیرکارانه‌وه، ناخوات و به پووڵێکی قه‌ڵبی ناکڕن.
دیرۆکی کۆن و نوێی کورد و خه‌ڵکی کوردستان، بارگاوییه و تژییه له کۆچ و کۆچپێکردن و بارکردن و وه‌ده‌رنان. ئیدی هه‌ر له وه‌ده‌رنان و به تۆبزی کۆچپێکردنی کوردانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌وه بۆ خوراسان و کۆچپێکردنی کوردانی ئه‌رمه‌نستانه‌وه بۆ ئازه‌ربایجان و گورجستان و کۆچپێکردنی کوردانی باکووره‌وه بۆ نێو تورکیا، تا ده‌گاته وه‌ده‌رنان و کۆچپێکردنی کوردانی فه‌یلی به‌غدا بۆ ئێران و کوردانی که‌رکووک، بۆ هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆک.
گه‌لێ جار، که له‌گه‌ڵ سوێدییه‌کاندا، باسی کۆچپێکردن و وه‌ده‌رنانی کوردانی که‌رکووک و ناردنی عه‌ره‌ب بۆ که‌رکووک و عه‌ره‌باندنی که‌رکووکم کردووه، سوێدییه‌که پێی سه‌یر بووه، که من به‌و جۆره ده‌نۆڕمه ئه‌و باسه و ئه‌وه به کێشه و کاره‌سات ده‌زانم. ئه‌و پێیوابووه، بارکردن و گواستنه‌وه و گۆڕینی شوێنی نیشته‌جێبوون، مافی هه‌موو که‌سێکه. ته‌واوی ئه‌و کۆچپێکردن و وه‌ده‌رنانی کورده‌ی له که‌رکووک و ناردنی عه‌ره‌به‌ی بۆ که‌رکووک و عه‌ره‌باندنه‌ی، به لاوه، وه‌ک گواستنه‌وه و بارکردنی کابرایه‌کی خه‌ڵکی ستۆکهۆڵم بۆ شاری مالموێ یا یۆته‌بۆری یا به پێچه‌وانه‌وه بووه. بۆ سوێدییه‌ک، مه‌سه‌له‌که ته‌نێ گۆڕینی جێگه‌ی ژیان و ناوونیشانه‌که‌یه و هیچی دیکه. دیاره، سوێدییه‌کی مێشک داخراوی چوارسووچه بیرکه‌ره‌وه‌ی ته‌سکبین، هه‌رگیز ناتوانێت له‌وه تێبگات، که له ده‌رێی ئه‌و به‌ندی سێزده‌یه‌مه‌ی جاڕی گه‌ردوونی مافی مرۆڤه، قانوونگه‌لی دیکه هه‌ن، که قانوونی جه‌نگه‌ڵن و خه‌ڵکانێکی دڕنده، له جه‌نگه‌ڵستانێکدا، که ناوی وڵات و ده‌وڵه‌تی لێنراوه، کاری پێ ده‌که‌ن. سوێدییه‌ک و ئه‌وروپاییه‌کانی دیکه‌ش، دیاره خه‌ڵکه ئاساییه‌کانیان، له خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و به‌ندی سێزده‌یه‌مه‌وه، ده‌نۆڕنه کێشه‌که و نازانن عه‌ره‌باندن، تورکاندن و فارساندن، چین و چ واتا و ئه‌نجامێکیان هه‌یه! لێ زله‌نه‌هه‌نگه‌کانیان، ئه‌وانه‌یان، که له هه‌موو کاسه‌یه‌کدا که‌وچکن و خودانی پاره و به‌رژه‌وه‌ند و سه‌رمایه و ده‌سه‌ڵات و پێوه‌ندی نێوده‌وڵه‌تین و کاریگه‌رییان له سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تیدا هه‌یه و کاری سیخوڕی و کۆمپانیا ده‌که‌ن و هه‌زارویه‌ک فێڵ و ته‌ڵه‌که و ته‌ونی داگیرکردن و تێکدان ده‌چنن، ئه‌وانه زۆر باش له‌و ڕه‌وشه‌ی کوردستان تێده‌گه‌ن، لێ ئه‌گه‌ر خۆیان پشکێکیان له کێشه‌که‌دا هه‌بێت و به‌رژه‌وه‌ندی خۆیانی تێدا بێت، ئه‌وا چاوی لێ ده‌نووقێنن و هیچ نابینن و ناژنه‌فن.
ئه‌گه‌ر له‌نێوان 1963 – 2003دا و تا ئه‌و ڕۆژه‌ی ڕێژیمی به‌عسی تێدا ڕووخا، پاساوێک بۆ وه‌ده‌رنانی کورد له که‌رکووک و ته‌واوی ده‌ڤه‌ره‌کانی دیکه‌ی داگیرکراوی کوردستان(که من هه‌موویان له ژێر ناوی که‌رکووکدا کۆ ده‌که‌مه‌وه) هه‌بێت، ئه‌وا له دوای 2003وه هیچ پاساوێک نییه. پێش 2003، به‌عس سیاسه‌تی عه‌ره‌باندن و به‌عساندنی که‌رکووکی به نه‌خشه و به هێز و هه‌موو جۆره ئامراز و شێوه‌یه‌ک، پێڕۆ ده‌کرد و بۆیشی ده‌چووه سه‌ر. ئه‌و سیاسه‌ته، که له هه‌ناردنی عه‌ره‌ب بۆ که‌رکووک و وه‌ده‌رنانی کورد له که‌رکووکدا ده‌رده‌که‌وت، له هیچ که‌سێکی کورد و تورکمانی که‌رکووک و ته‌واوی کوردستان، شاراوه نه‌بوو. له دوای 2003 و ڕووخانی ڕێژیمی به‌عسه‌وه، سیاسه‌تی به‌عساندن له که‌رکووک به ئاشکرا نه‌ماوه، به‌ڵام سیاسه‌تی عه‌ره‌باندن درێژه‌ی هه‌یه و زۆر به ڕێکوپێکی و به نه‌خشه و به‌به‌رچاوی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستان و هه‌موو حیزبه کوردستانییه‌کان و کورده‌وه، پیاده ده‌کرێ. ڕۆژنامه‌کانی کوردستان(هه‌رێم) و ته‌له‌ڤیزیۆن و جۆره‌کانی دیکه‌ی میدیاکانیان، بۆ خۆیان به‌رده‌وام گه‌واهی ئه‌وه ده‌ده‌ن و ئه‌و باسانه، نه‌ک وه‌ک شیکردنه‌وه و وه‌دوای چاره‌سه‌دا گه‌ڕان و ئه‌نجامگریی، به‌ڵکه ته‌نێ وه‌ک هه‌واڵێکی خوێڕیله، دێننه گۆڕێ. باس له فراوانتربوونی کۆچی کوردانی که‌رکووک ده‌که‌ن و باس له‌وه ده‌که‌ن، که به جۆرێکی ڕێکخراو و به بڕیار هه‌ڕه‌شه له کوردی که‌رکووک ده‌کرێ و باس له‌وه ده‌که‌ن، که شه‌وانه ته‌قه له ماڵه کورده‌کانی که‌رکووک ده‌کرێ. ئه‌م باسه وه‌نه‌بێ ته‌نێ نێو شاری که‌رکووک بگرێته‌وه، به‌ڵکه به‌رده‌وام هه‌واڵی کۆچکردنی کوردانی دانیشتووی خورماتوو، قه‌ره‌ته‌پپه، جه‌له‌ولا(قه‌ره‌خان)، مه‌نده‌لی، سه‌عدییه(قزلڕه‌بات)، مووسڵ، شنگال، ته‌له‌عفه‌ر و ده‌یان شوێنی کوردنشین و کوردستانیی دیکه، ده‌بیسرێت.
کۆچکردنی کوردی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه، ئه‌گه‌ر له سه‌رده‌می ڕێژیمی به‌عسدا به تۆبزی بوو، وه‌ده‌رنان و کۆچپێکردن بوو، ئه‌مڕۆ هه‌ر ئه‌وه نییه، به‌ڵکه به‌شێک له‌و خه‌ڵکه، به ئاره‌زووی خۆیان کۆچ ده‌که‌ن و زێد و ده‌ڤه‌ره‌که‌ی خۆیان جێده‌هێڵن. ئه‌و ده‌ڤه‌رانه، که خاکێکی دابڕێنراون له کوردستان و داگیرکراون، له ڕه‌وشێکی زۆر تایبه‌تدا ده‌ژین. حوکوومه‌تی عیراق، وه‌ک یه‌که‌یه‌ک، خۆی به خاوه‌نی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه ده‌زانێت و له هه‌مان کاتیش‌دا، حوکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانیش، وه‌ک یه‌که‌یه‌ک، خۆی به خاوه‌نیان ده‌زانێت. له که‌رکووک و ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌دا یه‌ک حوکوومه‌ت و یه‌ک ده‌سه‌ڵات نییه، به‌ڵکه چه‌ندین حوکوومه‌ت و چه‌ندین ده‌سه‌ڵات هه‌یه و ده‌کرێ ده‌سه‌ڵاتی دوو حوکوومه‌تی به‌غدا و کوردستان، ورد بکه‌ینه‌وه بۆ چه‌ندین ورده‌ده‌سه‌ڵات و چه‌ندین ده‌سه‌ڵاتی تریشیان بخه‌ینه سه‌ر. عه‌ره‌بی سوننه، عه‌ره‌بی شیعه، عه‌ره‌بی که‌ونه‌به‌عسی، تورکمانی سوننه، تورکمانی شیعه، کۆمه‌ڵیک حیزبی تورکمانی سه‌ر به تورکیا، کۆمه‌ڵێک حیزبی تورکمانی سه‌ر به ئێران، یه‌کیه‌تیی نیشتمانی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆمه‌ڵێک حیزبی دیکه‌ی کوردستانی( گۆڕان، سۆسیالیست دیموکرات، یه‌کگرتووی ئیسلامی، کۆمه‌ڵی ئیسلامی، شیووعی کوردستانی، شیووعی عیراقی، پارتی چاره‌سه‌ر، زه‌حمه‌تکێشان، کۆمۆنیستی کارگه‌ری..)، هۆز و خێڵ و سه‌رۆکهۆز و سه‌رۆکخێڵی عه‌ره‌ب و کورد، فه‌ڵه، ده‌مڕاستی ئێزدیان، شێخانی ته‌ریقه‌تی ئیسلامی، ده‌مڕاستی یارسانان، مه‌ندائی، سیخوڕان و ده‌ستی تورکیا، سیخوڕان و ده‌ستی ئێران، سیخوڕان و ده‌ستی ئه‌مه‌ریکا، سیخوڕان و ده‌ستی وڵاتانی ئه‌وروپایی، سیخوڕان و ده‌ستی ئیسرائیل و ده‌یان ده‌سته‌ی دیکه، هه‌موو ئه‌مانه ده‌سه‌ڵاتن و کاریگه‌ری و هه‌ژموون و هێزیان هه‌یه و خۆ به خاوه‌نی که‌رکووک ده‌زانن. هه‌ر یه‌کێک له‌مانه ناوه‌ندێکه و که‌مه‌ڵێکی له ده‌وری خۆی خڕکردووه‌ته‌وه. هه‌ر یه‌کێک له‌مانه ده‌سه‌ڵاتێکه و هیچ یه‌کێکیشیان ده‌سه‌ڵاتی ته‌واویان به سه‌ر که‌رکووکه‌وه نییه. هه‌موو ئه‌مانه خۆیان به خاوه‌نی که‌رکووک ده‌زانن و هیچیشیان به ته‌واویی خاوه‌نی که‌رکووک نین. هه‌موو ئه‌مانه پێیانوایه، خزمه‌ت به خه‌ڵکی که‌رکووک ده‌که‌ن و هیچیشیان، هیچ بۆ خه‌ڵکی که‌رکووک ناکه‌ن و زۆرجاران، بار و قورسایین به سه‌ر خاک و خه‌ڵکی که‌رکووکه‌وه.
پێش 2003، به‌عس کوردانی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ی وه‌ده‌رده‌نا و ده‌یناردن بۆ هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆک و شارۆچکه‌کانی سه‌ر به‌و ئوستانانه، ئێستاش کوردی که‌رکووک، که کۆچ ده‌که‌ن، هه‌ر ڕوو له‌و ده‌ڤه‌رانه ده‌که‌ن. کوردی مه‌نده‌لی و سه‌عدییه و جه‌له‌ولا و قه‌ره‌ته‌پپه و خورماتوو، ڕوو ده‌که‌نه، که‌لار و سلێمانی. کوردی که‌رکووک، ڕوو ده‌که‌نه، سلێمانی و هه‌ولێر. کوردی شنگال و مووسڵ، ڕوو ده‌که‌نه دهۆک و هه‌ولێر و سلێمانی. کوردی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه، ڕوو ده‌که‌نه، هه‌رێمی کوردستان.
ڕۆژانه ده‌یان چیرۆکی پڕ له نه‌هامه‌تی، خه‌ڵکی هه‌ڵاتووی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه، ده‌ژنه‌فین، که له ئه‌نجامی هه‌ڕه‌شه‌لێکردنه‌وه جێگه‌ی نیشته‌جیبوونی خۆیان، جێده‌هێڵن. عه‌ره‌بی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه، به چه‌ک، به ته‌لیفۆن، به نامه، به هاتنه به‌ر ده‌رگه، به سووکایه‌تیپێکردن، به هه‌موو ئامرازێک، ناچاریان ده‌که‌ن، بارکه‌ن و زێدی خۆیان، جێبهێڵن. نازیسته‌کانی ئه‌ڵمانیاش، شه‌وی کریستاڵ، هه‌ر به‌و جۆره‌یان له‌ته‌ک جووله‌که‌کاندا کرد، تاکه جیاوازییه‌ک ئه‌وه‌یه، نازیسته‌کان، ماڵه جووله‌که‌کانیان به بۆیه‌یه‌ک ڕه‌نگ ده‌کرد و دیاری ده‌کرد و ئیدی به‌سه‌ریاندا ده‌دان و وه‌ده‌ریانده‌نان. جووله‌که‌کانیش له‌و ده‌مییه‌وه، که فلستینیان داگیر کرد، توندترین و کاراترین و وردترین و لێزانانه‌ترین و نه‌خشه‌بۆداڕێژراوترین سیاسه‌ت و کرده‌ی وه‌ده‌رنانی عه‌ره‌بی فلستینییان پێڕۆ کردووه. عه‌ره‌به‌کانی که‌رکووک هێشتا ئه‌و ڕه‌نگه‌ی نازیسته‌کانیان به‌کار نه‌هێناوه، لێ ته‌واوی سیاسه‌تی جووله‌کاندنی فلستین و وه‌ده‌رنانی فلستینییان، ئه‌مانیش پێڕۆی ده‌که‌ن و له سه‌ری ده‌ڕۆن. ئه‌مان، نامه‌ی هه‌ڕه‌شه فڕێ ده‌ده‌نه ماڵه کورده‌کانه‌وه و زه‌نگیان بۆ لێده‌ده‌ن و شه‌وانه ته‌قه له ماڵه‌کانیان ده‌که‌ن و دیوار‌یان ده‌ڕووخێنن و دزییان لێ ده‌که‌ن و له ده‌رکه‌یان ده‌ده‌ن و به هه‌موو جۆرێک وه‌ڕسیان ده‌که‌ن و سه‌رئێشه‌یان بۆ ساز ده‌که‌ن. ئه‌و کوردانه‌شی، که تووشی وه‌ها مامه‌ڵه‌یه‌ک ده‌بن، له بێ پشتوپه‌نایی و بێهێزیدا، ئیدی له ترسی گیان و ماڵدا، سه‌ری خۆیان هه‌ڵده‌گرن و ڕوو ده‌که‌نه سێ ئوستانه قوته‌ڵه‌کانی هه‌رێم.
ته‌واوی ئه‌و به‌زمه، ته‌واوی ئه‌و سووکایه‌تیپێکردنه، ته‌واوی ئه‌و عه‌ره‌باندنه، به‌به‌ر چاو و گوێی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی کوردستان و هه‌موو حیزبه کوردستانییه‌کان و له‌شکر و پێشمه‌رگه‌ی کوردستانه‌وه، ڕوو ده‌دات و ده‌گوزه‌رێت، بێ ئه‌وه‌ی لێی بێنه وه‌ڵام و کاردانه‌وه‌یه‌کیان هه‌بێت! هه‌موو کاردانه‌وه و وه‌ڵامێکی ئه‌وان، بۆ ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر کوردی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌دا دێت، ته‌نێ باسکردنێتی وه‌ک هه‌واڵێک، ئه‌ویش نه‌ک هه‌واڵێکی هه‌ژێن و پڕبایه‌خ و گرنگ، به‌ڵکه هه‌واڵێکی ساردوسڕ و هیچ نه‌گه‌یه‌ن و مردوو، له میدیاکانی خۆیانه‌وه!
له‌بری ئه‌وه‌ی کورد، که خاکه‌که‌ی داگیرکراوه، هه‌ڕه‌شه‌ی له عه‌ره‌بی داگیرکه‌ر کردبا و وه‌ده‌ری نابا و خاکه‌که‌ی ڕزگار کردبا، عه‌ره‌به، که هه‌ڕه‌شه له کورد ده‌کات و ڕاوی ده‌نێ و خاکی پێ چۆڵ ده‌کات. ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کورد، ئێستاش شانازی به‌وه‌وه ده‌کات، که هه‌رگیز نه‌چووه‌ته سه‌ر که‌س، به‌ڵکه هه‌ر خه‌ڵک هاتووه‌ته سه‌ر ئه‌م و خه‌ڵک شه‌ڕیان هێناوه‌ته خاکی کوردستان. ئه‌مه چه‌وتترین بیرکردنه‌وه‌یه و ترسنۆکانه‌ترین دید و بۆچوونه. کورد، ئه‌گه‌ر عه‌ره‌بی هه‌نارده و هاورده‌ی که‌رکووکی پێ داگیرکه‌ره، ئیدی چ پاساوێک هه‌یه بۆ خۆکه‌ڕکردن و چاونووقاندن له‌و ڕه‌وشه‌ی کوردی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ی پێدا تێده‌په‌رێ! خۆ ده‌بێ وه‌ڵام و کاردانه‌وه‌یه‌ک، بۆ ئه‌و کۆچه‌ی کورد و جێهێشتنی که‌رکووکه هه‌بێت!
ساڵی 1980 و پێش ده‌ستپێکردنی جه‌نگی عیراق دژ به ئێران و وه‌ک به‌رایی و ڕێگه‌خۆشکردنێک بۆ هه‌ڵگیرساندنی ئه‌و جه‌نگه، له لایه‌ن عیراقه‌وه، ته‌قه و تۆپ وه‌شاندن له‌نێوان هێزه‌کانی عیراق و ئێران‌دا، جاروبار، ڕووی ده‌دا. من ئه‌وده‌می له “باریکه”ی ده‌ڤه‌ری خانه‌قین، سه‌ربازی یه‌ده‌ک بووم. ته‌واوی ده‌ڤه‌ری خانه‌قین، تا ده‌گه‌یشته بناری چیای به‌مۆ، که سه‌ر به خانه‌قین بوو، هه‌موو عه‌ره‌بێنرابوو و بۆ ده‌رمانیش له‌و گوندانه‌دا کوردێکت ده‌ست نه‌ده‌که‌وت. شه‌وێکیان تۆپێکی ئێران، به ڕێککه‌وت، که‌وته سه‌ربانی ماڵێک له قۆره‌توو. ماڵه‌که عه‌ره‌بی هه‌نارده/هاورده بوو و ئه‌وده‌می هه‌موو خه‌ڵکی قۆره‌توو، عه‌ره‌بی هه‌نارده/هاورده بوون. تۆپه‌که له بانه‌وه که‌وته نێو ماڵه‌که‌وه و پێنج شه‌ش که‌سی ماڵه‌که‌ی کوشت، بۆ سبه‌ینێ، تاقه یه‌ک ماڵه عه‌ره‌ب له قۆره‌توودا، نه‌مان و هه‌موو هه‌ڵاتن. له‌گه‌ڵ سه‌ربازێکی هاوڕێمدا، که ناوی فه‌لاح بوو و خه‌ڵکی زاخۆ بوو، ئه‌و ڕۆژه چووینه قۆره‌توو و به چۆڵیی و بێ عه‌ره‌ب، دیتمان.
بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان و حیز ب و چه‌کدار و ئه‌و هه‌موو هێز و به‌زمه‌ی هه‌یانه، گه‌لێک شه‌رمه و گه‌لێک ترسنۆکییه، له ئاست ئه‌و کاره‌ساته‌دا، که به سه‌ر که‌رکووک و ته‌واوی کوردی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌دا دێت، خۆ گێل ده‌که‌ن و بێده‌نگن و چ کاردانه‌وه‌کیان نییه!
داگیرکه‌ر، ته‌نێ یه‌ک زمان تێده‌گات و به یه‌ک جۆر تێده‌گات و له‌گه‌ڵ داگیرکه‌ردا تاکه یه‌ک سیاسه‌ت ده‌خوات، ئه‌ویش”چاو به چاو و ددان به ددان(العین بالعین و السن بالسن)”.
29 – 3 – 2013