Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
شێتبوونێکی به‌ په‌له …. زانا سامان

شێتبوونێکی به‌ په‌له …. زانا سامان

Closed
by April 3, 2013 ئەدەب

 

 

 

 

خۆم تێکوپێک ده‌شکێنم

 وا ده‌که‌م که‌س نه‌مناسێته‌وه‌،

 گووزه‌ری تێپه‌ڕینه‌کانم ده‌گۆڕم

 له‌سه‌ر سه‌ر

رێگاکان ده‌برم،

 له‌ جیاتی چاوم

 پشتم له‌سه‌ر عیشق داده‌نێم،

 عه‌جیب خۆم ئاڵۆزکاو ده‌که‌م

 وه‌ک بڵێی ته‌نها پۆرترێتێک بم،

 خۆم توند توند ڕاده‌کێشم و

 که‌وانه‌یه‌ک بۆ ته‌نیایی درووست ده‌که‌م،

 

ده‌قم گرتووه‌ به‌م وتنانه‌وه‌

 شه‌قامه‌کان ده‌پێچمه‌وه‌و

 کێڵگه‌کان سه‌ره‌و بن ده‌که‌م،

 توڕه‌م مه‌که‌ نا

 ده‌نا چمکی کراسه‌که‌ت هه‌ڵده‌ده‌مه‌وه‌و

 ته‌ماشای پاشه‌ڵت ده‌که‌م.

 جیقه‌ له‌ حه‌سه‌ن زیره‌ک هه‌ڵده‌ستێنم و

 ماملێ ده‌که‌م به‌ گۆرانییه‌کانی دا

 له‌ تۆ په‌ست نیم

 ،خۆم ئه‌م شێتییه‌م گه‌ره‌که‌

 

دڵ هه‌تا له‌من ده‌رنه‌چێت

 مه‌حاڵه‌ من لێی ده‌رناچم

 بۆم بهێننه‌وه‌

 واده‌ی ویساڵی

 ئه‌وێی مه‌ستی نوزوه‌ نوزه‌کانی عیشق

 بۆم بگێڕنه‌وه‌

 که‌من له‌ ناو خانه‌کانی ته‌نیایی دا بزربووم

 کێ بوو کێ

 ببووه‌ جێنشینی قه‌سیده‌کانم،

 کێ وه‌ک خۆم

 ئه‌دای شیعریی زێده‌ جوانتر بوو

، مه‌یلی بۆن کردنی گوڵێکم هه‌یه‌

 

ئیتر وا ده‌که‌م

 ده‌یکه‌مه‌ شه‌ڕه‌ شه‌ق له‌گه‌ڵ مانگ،

 هه‌تاو ده‌کێشم به‌ باخ دا و

 ڕووناکی شه‌قامه‌کان خامۆش ده‌که‌م،

 ده‌یکه‌مه‌ چه‌نه‌بازی له‌گه‌ڵ قه‌سیده‌

 نایه‌ڵم خه‌یاڵه‌کانی بسره‌ون،

 شار بچووک ده‌که‌مه‌وه‌

 به‌قه‌د بارستایی گوندێکی لاچه‌په‌ک،

 هه‌رچی ناخۆشیه‌کان هه‌یه‌ من ده‌یانکه‌م و

 جانتای پڕ له‌ مه‌کری کچێک فڕێ ده‌ده‌م،

 ترس ده‌خه‌مه‌ شیعره‌وه‌و ئارامی تێدا ناهێڵم

 هه‌ر به‌ ئه‌نقه‌ست

 ده‌نگی خالقی گڕ ده‌که‌م و

  هاوار ده‌که‌م

 هه‌ی یاری نه‌ نازدار

 ده‌ردم له‌ تۆ.

 

ده‌م و چاوم له‌ سه‌ره‌وه‌

تێک تره‌نجاوه‌

خواره‌وه‌م پڕ بووه‌ له‌ بۆگه‌نیی

شه‌ق .. شه‌ق

دره‌خته‌کان پیس ده‌شکێنم

ئێڵنج ده‌خه‌مه‌ باخه‌کانه‌وه‌،

توڕه‌م مه‌که‌ نا

ده‌نا جوانیت ده‌شێوێنم و

مه‌که‌کانت

له‌ بنه‌وه‌ ڕا ده‌بڕمه‌وه‌و

به‌ مناڵانی کۆڵان ده‌ڵێم:

تۆپ .. تۆپێنی پێبکه‌ن ،

،

 

نا نا قسه‌ له‌سه‌ر شه‌هیده‌کان ناکه‌م نا

چونکه‌ ئه‌وانیش وه‌کو من شێت بوون

من له‌ پێناوی شیعرداو

ئه‌وانیش نیشتیمان

خۆمان بزرکردووه‌،

من و ئه‌وان دووانه‌ی یه‌ک شێتبوونین … به‌خوا،

توڕه‌م مه‌که‌ نا

ئه‌گینا به‌ سووراوه‌کانت

تراژیدیا درووست ده‌که‌م و

هه‌موو دنیا سوور ده‌که‌م به‌ خوێن،

هه‌یله‌وه‌

زۆر سه‌یره‌ ئه‌م شێتبوونه‌

حوکمی هه‌ردوو دنیاکه‌ ده‌که‌م،

 

حه‌یران .. حه‌یرانه‌

ئه‌و بۆشاییه‌ گه‌وره‌یه‌ چییه‌

مرۆڤه‌کان نایبینن

ئه‌و هه‌موو به‌جێمانه‌ نه‌وتراوانه‌

چون کۆبکه‌مه‌وه‌،

ئه‌و دنیا وتراوانه‌

هۆقه‌یه‌ک له‌وان ناهێنن،

توڕه‌م مه‌که‌ نا

ده‌نا له‌ جیاتی سه‌ر سینه‌ت

تاوڵه‌و دۆمه‌

له‌سه‌ر سمته‌کانت ده‌که‌م و

خه‌ڵک فێری قومارچێتی ده‌که‌م و

ئیتر له‌ خۆشییاندا

شێتبوونه‌که‌م ڕاده‌گه‌یه‌نم،

 

تێبینی/ له‌ ژماره‌ ’86’ گۆڤاری هه‌نار بڵاوبۆته‌وه‌

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.