ژن كوژی له‌سه‌ده‌ی میدیادا… به‌نگین پیرۆت نوری
” مرۆڤ كاتێك ده‌مرێ كه بتوانێ بمرێ،نه‌ك ئه‌وكاته‌ی كه ده‌بێ بمرێ “
نیكۆس كازانتزاكیس
ژیان بۆچی دوباره‌یه؟دوباره بونه‌وه‌ی ژیان چیه؟ئایا هێشتا ماویه‌تی مرۆڤه‌كان له‌ئاوێنه‌ی فه‌لسه‌فه‌وه له‌ژیان بڕوانن؟جیاوازی ڕه‌نگ و ده‌نگه‌كان له‌پێناو چیه؟ هاتن و ڕۆیشتنی هه‌ریه‌ك له مرۆڤه‌كان و ته‌لیسمی كابوسی دۆگما كه‌لتوریه‌كان تاكه‌ی توڕ فڕێنادرێن،باپیرم ڕۆیشت باوكم هات، دوابه‌دوای باوكم من هاتم منیش ده‌ڕۆم یه‌كێكی تر دێت،ئه‌ویش ده‌ڕوات ئه‌ویتر دێت،كه‌چی كه‌لتوری مرۆڤ كوژی هه‌ر هه‌یه،وه‌ك ئه‌وه‌ی تا كه‌سێك بمێنێت میراتی توند‌و تیژی نه‌وه دوای نه‌وه هه‌ر ده‌مێنێت،ئه‌رێ ئه‌ی مرۆڤ ئه‌م تاوانه ئیتر به‌سه تاكه‌ی! ئایا ئێمه مرۆڤ نین؟ ئایا بۆ كوشتنی مرۆڤ پیشه‌ی منه!ئایا پێویسته ژیان به‌م شێوه‌یه بێت كه له‌شێوه‌ی ناوه‌كان خۆی دوباره بكاته‌وه؟ وه‌كو “سه‌رهه‌نگ ئائۆرلیانۆ” و “خۆزه ئاركادیۆ” ی ڕۆمانی “سه‌د ساڵ ته‌نیای”ی “گابرێل گارسیا ماركز” هه‌مویان كه چه‌ند كوڕه‌گه‌لێك بوون ئه‌و دوو ناوه‌یان هه‌بوو.
چاره‌نوسی مردنێكی ئاخنراو له نهێنی ژیانی زۆربه‌یانی به‌مردن قوتدا،یه‌كێكیان باپیری وون بوو له‌حه‌وشه دوو پاسه‌وانه‌ڕاپێردراوه‌كه دوای 20ساڵ له‌گونده‌كه‌ی “ماكۆندۆ” كوشتیان.
ئه‌ی ژن،جیاوازی مردنی تۆ و ئه‌وان نێر و مێ بوون نی،ئه‌وان به‌فیشه‌ك تۆ به‌بلوك باران نیه،ئه‌وان له‌سه‌ده تاریكه‌كانی مێژوو تۆ له‌سه‌ده‌ی 21 نیه، ئه‌وان له‌گوندێكی ڕیالیزمی سیحریی،وه‌كو گوندی ماكۆندۆ،تۆ له‌نێو روداوه‌كانی واقعی كوردستان نیه،ئه‌وان له‌حه‌وشه دور له‌چاوه‌كان كه خاوه‌ن سێبه‌ری براكان بوون،تۆ به به‌ر چاوی سه‌دان ڕێكخراوی ژنان و ئافره‌تان و خوشكان و هه‌زاران چاوی بێ هه‌ستی ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م و میدیای ئازاد و سه‌ربه‌خۆ نیه،جیاوازیه‌كه ئه‌وه‌یه تۆ ده‌بیت به قوربانی عه‌شق .
تۆ هه‌ستت هه‌یه لای ئه‌وان نیه،تۆ سێبه‌رت هه‌یه بۆ خۆشه‌ویستی لای ئه‌وان نیه،تۆ دڵت هه‌یه بۆ ژیان لای ئه‌وان نیه.
ئه‌ی ژن،”ئائۆرلیانۆ”مار و مێرو له‌ناو پێخفه‌كه‌ی له‌سه‌ر خۆشه‌ویستی جه‌سته‌یان خوارد،”خۆزه‌ئاركادیۆ”یش “پلارتێرتێره”ی خۆشده‌ویست وه‌ك چۆن تۆ ژیانت خۆش ده‌وێت. ئه‌ی ژن بیری تۆ و ژن كوژان جیاوازه،ئه‌وان بیری خێڵه‌كی،تۆ عه‌شق به‌ئازادی،ئه‌وان مه‌رگ دۆست تۆ ژیان دۆستی.
ئایا مرۆڤ كوژ خۆی وه‌ك مرۆڤ مرۆڤه یان مۆڕاڵی دره‌نده‌كانی جه‌نگڵستانه؟
پێم وایه مرۆڤ كوژی به‌دڕندانه ترین شێوه له‌شێوازی كوشتنی “دوعا” و دوعاكانی تر به “نمونه” كه‌لتوری نێو كۆمه‌ڵگای كوردی نیه له ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردی هێنراوه،له عه‌قڵی تاكه شه‌ڕه‌نگێزه‌كانیه‌وه ته‌شه‌نه‌ی سه‌ندوه بۆ ناشیرین كردنی ڕوخساری كۆمه‌ڵگاكه‌مان به دونیای ده‌ره‌وه به‌ده‌ستی نه‌وه‌كانی،له‌نێوان باوه‌ڕی ئاینی و عه‌قڵیه‌تی خێڵه‌كی،كامیان كارپێكه‌ر و بكه‌ری ده‌رهاویشته توندوتیژیه‌كانی نێر سالاریه بۆ كوشتنی ژنان به‌ناوی شه‌ڕه‌ف پارێزی؟ بۆ ژنه به‌شه‌ڕه‌فه‌كانی ئه‌م وڵاته ئایا پێویست به‌م نه‌ریت پارێزه بۆگه‌نه هێنراوه ده‌كات؟ بێگومان نه‌خێر.
ئه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ڕێكخراوه مرۆیه‌كان ده‌وری چیه كه مێینه له‌سایه‌یدا نه‌پارێزرێت و به‌ئه‌ركی كێی ده‌زانن بكوژانی ژن سزای تاوانه‌كه‌یان بنۆشن؟ له‌كاتێكدا به‌مردنیش سوكایه‌تی به‌جه‌سته شێواوی ژنان لێره و له‌وێ ده‌كرێت.
پاراستنی مافه‌كانی گه‌نج ئایا ته‌نها ئه‌وانه‌ن كه‌نێرن،ئایا ڕێكخراوه‌كانی لاوان و خوێندكاران و سه‌نته‌ر و كۆمه‌ڵه و ناوه‌نده ڕۆشنبیریه‌كانی ژنان
ئه‌ركیان چیه؟كه نه‌توانن مافی مێینه بپارێزن. دیاره “ئایا”كان زۆرن و “وه‌ڵام”كان كه‌من،یان هه‌ر نین كه‌س نازانێت له‌و ساوه ئێستاش له‌كوێن و لای كێن.بۆیه دواجار “ده‌سه‌ڵات” ده‌بێته‌وه به به‌رپرسیاری یه‌كه‌م،بۆیه هه‌مومان ڕووی پرسیاری ده‌ممان ده‌كه‌ینه ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و ناوچه‌یه و لێیی ده‌پرسین،ئه‌ی ده‌سه‌ڵات به‌ر له‌دروست بوون و گه‌وره بوونی كێشه‌كان ئایا تۆ له‌كوێیت؟ به‌پێی باسه مێژوویه‌كان سه‌رده‌مێك مرۆڤه‌كان ده‌چه‌وسانه‌وه‌و ئه‌تك ده‌كران،له‌ناو تابوتی وه‌حشگه‌راكان ده‌توانه‌وه و له‌ناو ده‌بران كه پێی ده‌وترا سه‌رده‌می به‌ربه‌ریه‌ت،به‌ڵام ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستا كه به‌حیسابعه‌قڵانیه‌ت و فره بیر و باوه‌ڕه،فره ئازادی و فره ئاین و ته‌كنه‌لۆژیا باڵاده‌سته،به‌پێچه‌وانه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی هه‌موو بیریاره‌كان كه پێیان وایه كوشتار و مرۆڤ كوژی و مێژوی كاره‌ساته جه‌رگ بڕه‌كان و خوێن ڕشتنی به‌ناهه‌ق و كوشت و بڕی بیر و باوه‌ڕی ئایدیای تاكه‌كان و سه‌ربڕینی مرۆڤ به‌ده‌ستی مرۆڤ دوباره نابێته‌وه.كه‌چی زۆر دڕندانه تر وه‌حشگه‌راكانی سه‌ده ملیان ناوه له‌خوێن ڕشتن،ڕووی هه‌مو سه‌ده خوێناویه‌كانی پێشویان به ژن كوژی سپی كردۆته‌وه،ناسك ترین بونه‌وه‌ر كه مرۆڤی مێینه‌یه بلوك باران و گولله باران ده‌كه‌ن،وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆیان دایك و خوشك و خۆشه‌ویستیان نه‌بێت.
دیاره ئه‌وه‌ی زیاتر چاوی كۆمه‌ڵگا له چاوی نه‌ریته سواوه‌كانه‌وه ژن بخوێنێته‌وه،تاوانبار كردنیه‌تی هێشتا له‌وه نه‌گه‌یشتوین كه “كه‌سێك تا تاوانه‌كه‌ی نه‌سه‌لمێنرێت تاوانبار نیه تۆمه‌تباره به‌تۆمه‌تێك” بۆ نمونه كاره‌ساتی كوشتنی دوعا گریمان،ئه‌گه‌رچی كاره‌ساتی وا گریمانه ناكرێت،دوعا تۆمه‌تبار بو به‌تاوانێك “هێشتا پێم وانیه دوعا تۆمه‌تباریش بێت نه‌ك تاوانبار” زمانی ڕاگه‌یاندن بۆ ڕووداوی له‌و چه‌شنه ده‌بێ ده‌وری چۆن و چی بێت؟ ده‌بێ بیوروژێنێت و هه‌ستیاری بكات یان ده‌بێ هێوری بكاته‌وه و وێنه‌ی كاره‌ساته‌كه به چ زمانێك ئاراسته‌ی جه‌ماوه‌ر بكات!
ئایا ده‌بێ گه‌وره بكرێت یان بچوك بكرێته‌وه،بێگومان نابێ ده‌وری خۆی له‌هیچیان له‌گه‌وره كردن و بچوك كردنه‌وه بنوێنێ.
زمانی ڕاگه‌یاندن ده‌بێ به‌ده‌ر بێت له‌ده‌ربڕینی وروژاندن و گه‌وره و بچوك كردنه‌وه،ئه‌ركی ئه‌و ئه‌وه‌یه ڕاستیه‌كان وه‌كو خۆی بگه‌یه‌نێت،بارودۆخه‌كه به‌بێ لایه‌نی و به‌هێمنی شیبكاته‌وه،ئه‌گه‌ر ده‌وری بێ لایه‌نی پێ ناكرێت نابێ ناوبژیوانیش بێت،نه‌ك پاڵپشتی لایه‌ك كه به‌دژایه‌تی لایه‌كه‌ی تر ته‌واو ده‌بێت.
ئه‌وه‌ی ئێمه بینیمان زمانی ڕاگه‌یاندن به‌گشتی و رَاگه‌یاندنی ئیسلامگه‌راكان به‌تایبه‌تی هاوشان ڕاگه‌یاندنی جیهانی عه‌ره‌بی ئیسلامی،له‌روداوی كوشتنی دوعا ده‌وریان له‌گه‌یاندنی هه‌واڵه‌كه نێگه‌تیڤ بوو،ئه‌وه‌نده‌ی به‌خوشكه دوعا روی لایه‌كیان بۆ مه‌رامی لایه‌ك ناشیرین كرد،ئه‌وه‌نده‌ی له‌جوغزی ئاینیه‌وه بۆیان كرا وه‌كو فرۆشتنی ده‌سكه كه‌ره‌وز و پیاز له‌هه‌ڕاج خانه‌ی ڕاگه‌یاندنه‌وه هاواریان كرد و كوشتنی كچێكی به‌ئێمه‌ی كورد فرۆشته‌وه،وه‌ك ئه‌فغانستان و عێراق و جه‌زائیر و میسر و جیهانی عه‌ره‌بی ئیسلامی،به‌ده‌ستی ئیماراتی ئیسلامی،دونیا فه‌نتازیای به‌هه‌شت بێت.
مه‌ر و گورگ له‌یه‌ك سه‌رچاوه ئاوبخۆنه‌وه و نه‌مه‌ڕ له‌گورگ بترسێت و نه گورگ له‌شوان.
ئائه‌مه‌یه سه‌رده‌م كه له‌سایه‌ی بۆره پیاوان،ژنان نابێ له‌سێبه‌ری هیچ دره‌ختێكی خۆشه‌ویستی پشو بده‌ن،چونكه لێره له‌م مه‌مله‌كه‌ته خۆشه‌ویستی و خۆشویستنی مرۆڤ بڤه‌یه،ئائه‌مه‌یه سه‌رده‌م كه پڕه له‌مرۆڤی ده‌روون نه‌خۆش كه له‌سایه‌ی چه‌ند خوڕافاتێك عه‌شق له‌م وڵاته‌دا ده‌كوژرێت.
هێشتا له‌وه نه‌گه‌یشتوین و وا زووش تێناگه‌ین و ڕاپه‌ڕین و شۆڕشێكی فكریمان پێویسته تاكو تێده‌گه‌ین عه‌شق و جوانی و به‌هاری خۆشه‌ویستیمان خۆش بوێت،بكوژانی ژن ڕووی هاوشێوه تیرۆریسته‌كانی ئه‌وسا و ئێستای سپی كردۆته‌وه،وای لێهاتوه كوشتنی ژن له‌شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆن بووه به بابه‌تێكی سه‌ره‌كی و هه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌مه پێش وه‌خت له‌كڵاو رۆژنه ڕه‌شه‌كه‌یانه‌وه ڕیكلامی بۆ بكرێت.
دوا جار به بكوژانی ژن و هاوكارانیان ده‌ڵێم :ئه‌ی بۆره پیاوان و مرۆڤ كوژان،كوشتنی ژنانی نزیكی خۆتان بهێنه به‌رچاوی خۆتان،ئایا كوشتنی خۆشه‌ویست و دایك و خوشكانی ئێوه به‌ده‌ستی مرۆڤێكی هاوشێوه‌ی وه‌كو خۆتان كاره‌سات نیه بۆ ئێوه؟ ئه‌ی بۆ بیر ناكه‌نه‌وه كه كوشتنی مرۆڤی مێینه با به‌س بێت،ده ئیتر به‌سه.