کێ برا گەورەیە ؟
گۆڤاری شەپۆڵ :
یهكێتی نیشتمانی كوردستان له غیابی مام جهلال بهرێز كاك كۆسرهت رهسوڵی دهستنیشان كردوه وهك سهرپهرشتیار و برا گهوره تا ئهو كاتهی مام جهلال دهگهڕێتهوه. بهلاَم ههندێك له سهركردهكانی یهكێتی دهڵێن برا گهوره دژی پهیڕهوی یهكێتیه؟ یان ههندێكی تر كۆسرهت رهسوڵ قبوڵ ناكهن و دهیانهوێ هێرۆخان كهسی یهكهم بێت. به بڕوای ئێوه ئهم ململانێیه نابێته هۆی لاوازبوونی پێگهی یهكێتی؟
ڕزگار عومەر :
” برا گەورەیی” ئێستای بەڕێز کۆسرەت ڕەسوڵ لە یەکێتی نیشتیمانی ، دیکۆڕ کردنی بارودۆخێک بوو نەک بارودۆخەکە خۆی . ئەم بارودۆخە بۆ ئەوەی کەمتر وەکو قەیران دەرکەوێ یان کەمتر وەکو زۆرانبازی دەرکەوێ پێویستی بە دۆزینەوەی لەقەبێکی فەخری بێ زیان بوو . کە زیاتر لەقەبێکە ڕووی لە دەرەوەی دونیای یەکێتی نیشتیمانیەو لە واقیعدا لە توانای ئەم لەقەبە نیە دەست ڕۆێشتویی و بارستایی سیاسی و سنوری نفوزی کاک کۆسرەت نە زیاد نە کەم بکات ، جا بەیانی ئەم لەقەبە بدرێ بە کەسانی تریش وەکو بەڕێزان : بەرهەم ساڵح ، مەلابەختیار ئەوانیش هیچ سودێک لەم لەقەبە نابینین .
چونکە ئەو کلتورەی لە ناو یەکێتی نیشتیمانی جێگیر بووە بریتیە لە تەوازونی کوتلەکان ، مام جەلال بە درێژایی ڕێبەری کردنی ئەم حیزبە خۆی ئەندازیاری سەرەکی ئەم میکانیزم و کلتورە سیاسیە بووە کە جەمسەرەکانی تەرازوەکە تەنیا لە دەستی خۆی بێت . مام جەلال کە ئێستا لە نەخۆشخانەیەو ڕۆژلە دوای ڕۆژ ئیحتیمالی کۆتایی سەردەمی سیاسی ئەو ڕوو لەسەرە ، لە دوای خۆی ئاسانکاریەکی وای جێ نەهێشتوە لە نێو ئەم حیزبە کە یەکێک شوێنی بگرێتەوە بێ بەرەنگاری و ڕکابەری کەسێکیتر یان کوتلەیەکیتر ، جا بەو گریمانەی کە کەس باسی لەقەبی براگەورەشی نەکردبا .
دەست بردنیش بۆ پەێرەوەی ناوخۆی یەکێتی نیشتیمانی وەکو چارەسەرێک لە ڕوکەشدا عەقڵانی دێتە بەرچاو ، لەگەڵ ئەوەی لە دونیای واقیعدا جێ بەجێکردنی کردنی مەحاڵ نیە. بەڵام ، زۆر زەحمەت بووە . چونکە بەڕێز تاڵەبانی بە درێژایی ژیانی حیزبی و وەستانی لە لوتکەی هەرەمی دەسەڵاتی ئەو حیزبە ، لە دەرەوەی دیسپلینی ئەو پەیڕەو پڕۆگرامە ئیشی کردووەو حیزبی بەڕێوەبردووە . ئەو پەیڕەو پڕۆگرامێکی تری ” نەنوسراو “ی جێگیرکرد لە تەمەنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان .
بۆیە ئێستا گەڕانەوە بۆ پەیڕەو پڕۆگرامە نووسراوەکە ڕەنگە بکرێ قاعیدەی حیزبەکە بیکا بە پەرچەمی داوکاری و خواستی چاکسازی نێو ئەم حیزبە ، یان لەهەرەمی ئەو حیزبە بکرێ بە پرۆتۆکۆلی سەرپەنایەک بۆ ” دەقی یەکگرتوو ” بەڵام ، هێشتا وەڵامی یەکجارەکی گرفتەکە ناداتەوە . بە کورتی دەرچوون لە پەیڕەو پڕۆگرام ڕەگێکی دێرینی هەیەو لەو کاتەوە دەست پێ ناکا کە کاک کۆسرەت لەقەبی براگەورەی پێدراوە ، مێژوی لاچوون لە پەیڕەو پڕۆگرام لەگەڵ یەکەم ڕۆژی دروست بوونی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەست پیدەکا .
ئابوری حیزب ، فەرمانڕەوایی هێزی چەکدار ، بەرزترین پۆستی سیاسی لە حیزب ، ئەو سێ گۆشەن کە مام جەلایان دروست کرد . هیچ کام لە سەرکردەکانیتری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەستیان نەگەیشتۆتە هەرسێ گۆشەکە بە تایبەتی ئابوری .
سەرکردەی سەربازی هەیە ڕۆڵی گەورەی هەیە لە دروست کردنی مێژویی یەکێتی بەڵام پۆستێکی سیاسی بەرزی نیە . سەرکردەی سیاسی هەیە لە ڕووی پێشەوەی کاراکتەرەکانی ناسنامەی سیاسی یەکێتیە بەڵام دەستی نە لە کایەی هێزی چەکدار نە لە ئابوری حیزب هەیە . تەنانەت باشترین نموونەش ڕەنگە کاک نەوشێروان موستەفا بێت ، ئەو تا لە ناو یەکێتی بوو لە دوای مام جەلال بەرزترین پۆستی حیزبی وکاریزمای هەبوو ، فەرماندەیەکی سەربازیش بوو ، بەڵام دابڕاو بوو لە ئابوری حیزب .
ئەم سێ کوچکەیەی کە دەسەڵاتی ڕەها دروست دەکا بۆ هەر سەرکردەیەک کە دەستی پێ بگات لە نێو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ، دەبوایە بە پێ ی پەیڕەوی ناوخۆ لە دەستی ئۆرگانەکانی حیزب بوایە . ئەم ئۆرگانانەش دەبوایە لە ڕێ ی کۆنگرەکانەوە گۆڕانیان بە سەرهاتباو هەمیشە لە تازەبونەوە دابوان .
بەڵام ، کۆنگرەکان و کۆبونەوە چارەنوس سازەکان بە پێچەوانەی ئەوە پرەنسیبە ، ئارایشت دانەوەو پێناسەکردنەوەی وەزعی باو بوو . لە ئەنجامدا لە مێژویەکی نزیک بە نیو سەدە مام جەلال سەرکەوت ، پەیڕەو پڕۆگرامی نووسراویش تا ئێستا دیار نیە بەدەستی کێ وکەی مێژو هەلی سەرکەوتنی بۆ دروست دەکات ؟ ئەم گەڕانەوەیە بۆ پەیڕەوی ناوخۆ مەحاڵە بە دەم وچاوە باوەکان دروست بکرێت ، کارێکی لەم بابەتە : گەڕانەوە بۆ ئەرسەدۆکسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و ” تازە کردنەوە ” دەکرێ قاعیدەی یەکێتی بیکا ، وەکو فراکسیۆنێکی تازە دوور لە کوتلە باوەکان ، وەکو ڕێنیسانسێکی بوژانەوە بە دەستی نەوەی تازەی ئەم حیزبە .
ئەمریکا ، تورکیا ، ئێران ، پارتی ، بزوتنەوەی گۆڕان هەرهەموویان لە یەک کات و بە شێواز و کەرستەی جیاواز فشارن لە ئارایشت دانی ئێستای یەکێتی و ئایندەکەی . مەرج نیە یەکێتی ئەو فشارانەی قبوڵ بێت . بەڵام ، هاوتەریب بوونی هەریەک لەم فشارانە لەسەر یەک هێڵی دیاری کراو ، ڕەنگە کوتلەیەک بەسەرکەوتویی بگەیەنێت و ئەگەر بۆ دەورەیەکی کاتی یان ئینیتقالی بێت یەکێتی بە “یەکگرتویی ” بپەڕێنێتەوە بۆ دەست پێکردنی قۆناغی دوای مام جەلال .