لەگەڵ تۆدا ….ئای ئای كامینگیز
Closed
بە زەردەخەنەوە
قسەم بۆ دەكردی
تۆ وەڵامت نەدامەوە
لێوت تۆنی مۆسیقایە
مۆسیقایەك بە رەنگی خوێن
وەرە لامەوە
ئاخ: تۆ پێم بڵێ
ژیان زەردەخەنەیەك نیە؟
بە ئاوازەوە قسەم بۆ دەكردی
تۆ گوێت نەگرت
چاوەكانت گلێنەی بێدەنگیەكی خوداین
وەرە لامەوە
ئاخ: تۆ پێم بڵێ
ژیان ئاوازێك نیە؟
بەرۆحەوە قسەم بۆكردیت
بەس تۆ گوێت نەدا
نیگاكانت خەونێكن پڕ پڕ لە عەترێكی خۆش
وەرە لامەوە
ئاخ: تۆ پێم بڵێ
ژیان عەشق نیە؟
بە شمشێرەوە قسەم بۆكردی
تۆ بێدەنگ بویت.
سینەت مێرگێكە جوانتر لە مێرگی گوڵان
وەرە لامەوە
ئاخ: تۆ پێم بلێ
عەشق، مردن نیە؟..
” ئای ئای كامینگیز”
” وەرگێرانی: نەبەز گۆران “
-ئەدوارد ئیستلین كامینگیز. ناسراوە بە ( ئای ئای كامینگیز) یەكێكە لەشاعیرەكانی ئەمریكای سەدەی بیستەم. لە ساڵی ( 1894 ) لە بۆستن لەدایك بوە. لەساڵی ( 1962) كۆچی دوای كردوە