Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
وانە پەروەردەییەکان بۆ کۆمەڵگای کوردستان! ..2

وانە پەروەردەییەکان بۆ کۆمەڵگای کوردستان! ..2

Closed
by April 13, 2013 گشتی

 

 

بەشی دووەم

 

کوشتنی جیهان بینی ترس و ڕەها کردنی ئیرادە، پەروەردەی تەندورست لە قوتابخانەکانەوە دەست پێدەکات.

لەبەشی یەکەمدا، تیشکم خستە سەر کوشتنی ژنان لە نێو کۆمەڵگای کوردیدا، کۆمەڵگایەک خەریکە تەواو جیاوازتریش وەدەر دەکەوێت لە کۆمەڵگا دراوسێکانی خۆی کە بە ئەندازەیەک هەڵگری هەمان جۆرە فەرهەنگ و کەلتورن. لەم نێوەدا بۆیە دەخوازم دیدم زیاتر لەسەر خەڵکی کوردستان بێت، چونکە هەنگاوەکان بۆ دواوە زیاترن لەوەی بۆ پێشەوە بهاوێژرێن. ئاخۆ لێرەدا نابێت بە وردی بچینە نێو ئەو چەمک و ڕەهەندانەوە کە بونەتە هۆکاری چەق بەستویی لە نێو کۆمەڵگای ئێمەدا؟ ئاخۆ گەر پەروەردە لە بنەڕەتەوە گیرۆدە نەبێت و چۆک دادەر نەبێت لە بەردەم ئەو چەمک و بەها دواکەوتوییانەی کە بە ئاسانی ڕێگا دەدەن بە کوشتنی ژنان  و جیاوازی خستنە نێو ڕەگەزی نێر و مێوە، ئێستا نەدەبوا پەروەردەی کۆمەڵایەتی لە جێگایەکی بەرزتر لەو کۆ چەمک و بەها دواکەوتوانە بوایە تا ئێستا ماونەتەوە و کاریگەریی نێگەتیفیان هەیە لەسەر ڕەوشتی دروستی کۆمەڵگا؟

بنیاتی کۆمەڵگا، هەروەک لەشی زیندوی مرۆڤ یان هەر گیان لەبەرێک  وایەو، تێک هەڵکێشێکی یەک تەواو کەرن، بۆ ئەوەی ئەو زیندەوەرە بتوانێت بە زیندوی بمێنێتەوە دەبێت ئەو جێگایەی نەخۆشی تێ دەکەوێت چارەسەری تەواوی بۆ بکات و نەخۆشیەکە لە ڕەگەوە دەرکێشێت، جومگە سەرەکیەکانی کۆمەڵگاش بەهەمان شێوە پێکهاتەیەکی بەو شێوەیەن، واتە گەر کۆمەڵگا خاوەن ئەو ئیرادەیە بێت، بتوانێت خۆی بداتە بەر ڕەخنە و سەرجەم ئەو چەمک و بەهایانەی لای پیرۆزن و لە بنەڕەتیشدا بۆی بوون بە نەخۆشی ژێر پەنجە، نەتوانیت لە ناویان بەرێت و بەسەریدا زاڵ ببێت، ئەو کات، دەبینین، هەمان خولانەوە لە نێو بازنەی بێهودەییدا دوبارە دەکرێتەوە. لە کۆمەڵگای ئێمەدا، تا دەگات بە کۆی کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتیەکان و ئەو کۆمەڵگایانەی تا ئێستا کار بە چەمکی ئاین دەکەن لە نێو یاسا و ڕێسای گشتیدا، دەبینین، ترس، وەک بایە قوشێک هەمیشە بەسەر ژیانی مرۆڤەکانەوە باڵا دەست دەکرێت، ترس ئەو وەهمە بێمانایەیە، هەر لەسەرەتایی کەمێک وەئاگا بونی مرۆڤ لە خۆی و چواردەوری، بەرانبەر بە دەوروبەری خۆی کە سروشت و گەردون دەکات، دایهێناوە. داهێنانی ترس، وەک ئەو دیوارە بەرزەی کە نە دەتوانێت بیڕوخێنێت وە نە دەشتوانێت ئەو دیوو دیوارەکە ببینێت، وا خۆی نیشان دەدات بەرانبەر بە دیدی کۆمەڵگا. ترس، لە کۆمەڵگا دواکەوتوەکاندا، هەمیشە خراوەتە جێگای ئیرادەی داهێنەرانەی مرۆڤەوە، چونکە خودی ئەو فەرهەنگ و چەمک گەلەی کە زاڵە بەسەر دیدی کۆمەڵگاوە، بەشێکن لەو فەزا زاڵەی لەلایەن دەسەڵاتەوە دەسەپێنرێت، ئەو دەسەڵاتەی خۆی هەمیشە دەبێتە ئەو کارخانەیەیی کە ترس بەرهەم بهێنێت، تا ئەوەی تاک تا دەگات بە کۆ، لەبەردەم چۆک دادان و تەسلیم بوندا خۆی ببینێتەوە.

لە کوردستاندا، قوتابخانە، دەکرێت ئەو جێگایە بێت، کە نەوەی نوێی تێدا پەروەردە بکرێت، بەوەی کە نەک وەک نەوەی پێش خۆی ترس زاڵ بکرێت بەسەر دیدیدا، بە پێچەوانەوە، دەکرێت، ئەو شێوازە پەروەردەییە  تەندروستە بخرێتە بەردەم وشیار کردنەوەی، هەم خۆی وەک تاکێکی بە ئیرادە ببینێت، هەم واش پەروەردە بکرێت کە لەگەڵ ئەوی نێردا یان ئەوی مێدا، جیاوازی نیە، بەڵکو دەکرێت وەک یەک مرۆڤ ببینرێن و فێربکرێن. خودی پەروەردە، ئەرکی گەورە و مەزنی لەسەر شانی مامۆستایانە، لە کۆی قۆناغەکانی خوێندندا. گەر هاتوو، مامۆستا، لە ئاست ئەرک و بەرپرسیاریەتە مەزنەکەی خۆی تێ گەیشت، ئەوکات، بڕوا ناکرێت، کە نەبێت بەو مرۆڤەی ، هەم فەیلەسوفێکی بەرهەمهێنەری بواری پەروەردە  ببێت و، هەمیش، ئەو کەسایەتییەیە، کە دەتوانێت لە ڕێگای پەروەردەیەکی تەندورستەوە، کە دەیگەیەنێتە، خوێندکارەکانی، نەوەیەکی وا پەروەردە بکات کە دەتوانێت، چۆک بەو توێژە دواکەوتووە، چەق بەستوە دابدات، کە لە کۆمەڵگادا بونی هەیە. ئێمە گەر بە دیدێکی ڕاستگۆیانەوە، ئەو بەشە لە کۆمەڵگا، هەڵبسەنگێنین، دەبینین، تا ئێستا، ئاستی ئەو وشیاریە  پەروەردەییە کە لە قوتابخانەکاندا بونی هەیە، هێشتا لە ژێر کاریگەری ئەو کۆ چەمک و فەرهەنگە دواکەوتوانەدایە کە لە ناو کۆمەڵگادا باوە و بونی هەیە. خۆ گەر وا نەبوایە، ئێستا ئاستی چەمکی ترس و دروست بونی دەسەڵاتی دیکتاتۆرەکانیش لە کوردستاندا بەم ئەندازەیە درێژەی نەدەکێشا.  هەڵوێستە کردن لەسەر چەمکی پەروەردە، جێگایەکی بەرفراوان داگیر دەکات لەنێو ئەو هەلومەرج و بارودۆخەی، کە دەتوانێت بمان گەیەنێتە ئەنجامێکی دروست. لە کوردستاندا، هێشتا خۆبەستنەوە بە شێوە ژیانی کوردەواری، و خۆ دور خستنەوە لەو چەمک و بەهایانەی کە کۆمەڵگاکانی دیکەی پێچونەتە پێشەوە، دیسانەوە دەبنەوە بەو هۆکارانەی، کە پەروەردە، لەبری ئەوەی ببێتە ئەو ئاسۆیەی ئایندەیەکی گەشی لێوە ببینیت، دەبینین، هێشتا بوە بەو کارخانەیەی کە ترس و تێک شکاندنی تاکەکان درێژە پێدەدات. ڕەها کردنی ئیرادەی بەتواناو ئازاد بونی مرۆڤ، لە ژێر ستەمی چەمکی ترساندن و چۆک داداندا، ئەو دەرگا مەزنەیە، کە دەتوانێت کۆمەڵگای ئێمە ڕزگار بکات، لە نێو ئەو کۆت و بەندانەی تا ئێستا پێوەی دەناڵێنێت لە زۆرترین لایەنەوە. هەمیشە، گوێبیستی چەمکی گەندەڵی و فەسادی ئیداری و خۆزاڵ کردنی دەسەڵاتین لە کوردستاندا، کە خودی ئەو چەمکانە بە شێوازێکی زۆر تایبەت و بەرنامە داڕێژراو خۆی شۆڕ کردۆتەوە بۆسەر دیدی کۆمەڵگا، ئاخۆ گەر کۆمەڵگای کوردستان لێرەدا بۆخۆی نابێتە ئەو هۆکارەی کە دەبێتە ئەو دەرئەنجامەی وا دەسەڵاتی گەندەڵ و فاسد و دیکتاتۆر بەرهەم بهێنێت، چۆن ئەو دەسەڵاتە کوردیە ملیاردێرە دەیتوانی لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە؟ ئاخۆ گەر وەڕێخستنی چەمکی ترساندن و پیرۆز کردنی ئەو بەها، داڕزیوانە نەبێت کە خودی دەسەڵاتدارانیش دەبن بەبەشێک بۆ درێژە دانی، دەکرا تا ئەم ساتە کۆمەڵگای کوردی لە نێو ئەو نایەکسانی و بارە لەرزۆکەی خۆیدا بێت و هەرچی  جەستەیەتی لە نەخۆشیدا بناڵێنێت؟ خۆ کوردستان لە ڕوی باری ئابوریەوە سەیر بکەین، دەتوانین بەیەکێک لە شوێنە دەوڵەمەندەکان بێتە ئەژماردن، لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا ئاستی بژێوی ناڕێکی لە قۆناغێکی زۆر گەورەدایە. ئاخۆ گەر ئەو سامانە مەزنەی لە کوردستاندا هەیە، بخرایەتە ژێر دەستی کۆمەڵگایەک کە لە ئیرادە و توانای خۆی تێبگات، ئەوکات،  لەبری بەرهەم هێنانی ئەو چەمکی گەندەڵی و فەسادی ئیداریە، دەتوانرا، کۆمەڵگایەکی خاوەن ئیرادە و بەتوانای وا بەرهەم بهێنرێت، کە لە هیچ ڕویەکەوە خاوەن کەم و کورتی نەبێت.

 لە کوردستاندا و لە سایەی سەری مێژوی ئەم بیست و دوو ساڵەی دەسەڵاتی  ئەحزابی کوردی، نەک نەتوانراوە ئاستی پەروەردەیی کۆمەڵگا هەنگاوێک ببرێتە پێشەوە، بە پێچەوانەوە،  خودی دەسەڵات و میلیشیاکەی ژێر دەستی، بوون بەو بەربەستەی، دەیانەوێت ئەو ئیرادەیە بکوژن لە کۆمەڵگادا کە دەیەوێت چەمکی ترس لەنێو بەرێت. ئەوە ئاستی ئەو فەرهەنگە دواکەوتویەیی  پیاوسالاری کۆمەڵگای کوردیە، وا دەکات، کە جیاوازی نێوان نێر و مێ، لە قوتابخانەکاندا بونی هەبێت و بەرەی ئیسلامیش، کە بەقازانجی خودی دەسەڵاتی ترس کار دەکەن، بەشێکی سەرەکین، لەو وەگەڕ خستنەی مانەوەی پەروەردەیی تێک شکاو لە نێو قوتابخانە و کۆمەڵگاشدا. خودی ئەو بەرە ئیسلامیە سیاسیە، ئاستی قازانج و وە ئاگاییەکەیان، بۆ پەروەردەی کۆمەڵگا، جیایی کردنی ژنانە لە نێو کار و هەڵسوڕانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا، بە حیجاب کردنی بەرەی مێ، هەر لە قۆناغی منداڵیەوە، ئەو نیشانە دروستەیە، کە دەخوازن بە چ شێوازێک ئاستی ئەو ئیرادە بەرزە لەو مرۆڤەدا بکوژن و دیسانەوە لەبری ڕزگار بوون، چەمکی ترس و ژێر دەستەیی دەدەنەوە بەسەریدا.

 تێک شکاندنی کۆی تا ئێستای پەروەردەیی لە کۆمەڵگای کوردیدا، بۆخۆی ئەو هەنگاوەیە کە دەکاتە خەباتێکی تەندورست بۆ ڕزگار کردنی نەوەکانی ئێستا و ئایندە. خودی ئەو خەباتەش، بۆخۆی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی مەزنە، گەر هات و نەوەکان لە قوتابخانەکانەوە بە وانە پەروەردەییە تەندورستە یەکسانیخوازەکان بەرهەم هێنران و ئاستی وشیاری تێیدا جێگیر بوو، ئەو کات کۆمەڵگا، خۆبەخۆ بەشوێن چاندنی مەیلی ئازادیخوازیەوە دەبێت. ئازادی، ئەو بەها مەزنەیە، کە دەتوانێت کۆی کۆمەڵگا ڕزگار بکات لە هەیمەنەی ترس و ئەو کۆت و بەندانەی لە نێو دیدی کۆمەڵگادا زاڵن. لەنێو کۆمەڵگای پەروەردە کراودا، مرۆڤی خاوەن ئیرادە، دەتوانێت جێگای مرۆڤی خۆ پەرست و بچوک بگرێتەوە، کۆمەڵگای ئێمە پێویستی بە چەسپاندنی ئەو پەروەردەیە هەیە، کە دەتوانێت بنەماکانی ئازادی لە خۆیدا وەدەست بخات و بەسەر کۆی دەسەڵاتی زاڵیشدا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت. ئاخۆ گەر لە کۆمەڵگای ئێمەدا ئازادی دەربڕین و ئازادی وەک چەمک بونی هەبوایە، سەردەشت عوسمان تیرۆر دەکرا؟ لەبەشی ئایندەدا تیشک دەخەمە سەر چەمکی ئازادی و پێویست بونی گرنگی ئەو چەمکە لە نێو کۆمەڵگادا….

 

تاهیر حاجی حەسەن

١١/٤/٢٠١٣

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.