پرۆژه‌ی گوندی مۆدێرن و شاری دواکه‌وتوو
جه‌مال حاجی…..
له‌گه‌ڵ یه‌ک له هاوڕێکانما سه‌رمان له یه‌کێ لهگوندهئهوروپییهکانی کوردستان دا ،ئه‌و ئه‌یویست تێم گه‌یه‌نێت بۆچی نرخه‌کانیان له‌باره له‌چاو جوانیی و ڕێکوپێکی دروستکردنیان،ده‌یوت بۆیه به‌و نرخه‌ی ئه‌ده‌ن چونکه ئه‌وان پاره ناده‌ن بهزهوییهکهو …
جاکهوته پیاهه‌ڵدانی جۆری ژیان له‌و گوندانه‌و باسی له ئاوی به‌رده‌وام،کاره‌بای هه‌میشه،خزمه‌تگوزاری چاک ده‌کرد،.ده‌شیوت له‌وێ مناڵه‌کان فێری زمانی …یش ئه‌بن،منیش بۆ ئه‌وه‌ی زوو بیبڕێته‌وه وتم ئا باڵوێزخانه‌ی …یشی لێ ئه‌که‌نه‌وه،به‌ڵام بێگومان من له‌و خه‌یاڵه‌ی ئه‌وا نه‌ئه‌ژیام،.من له‌و تازه دێیه‌وه ته‌ماشای شکڵی شاره حه‌یاته‌که‌م ئه‌کرد ،ئه‌و شاره‌ی ئه‌گه‌ر موه‌لیده‌ی ئه‌هلی نه‌بێت ، ده‌بێته کوێره‌دێ،،،خوانه‌خواسته گه‌ر موه‌لیده‌یه‌ک کێشه‌ی تێ که‌وێت ئه‌وا تاکوو چاک ئه‌کرێته‌وه ده‌بێ قه‌تار بۆ کاره‌با بڵێین ،ناشچمه ناو ته‌ونه‌که‌ی نه‌به‌ز گۆرانه‌وه‌و ده‌ڵێم له‌ئه‌نجامی خوانه‌خواسته سوتانی موه‌لیده‌که‌ی کاک به‌ختیاری سه‌رۆکی حکومه‌تی گه‌ڕه‌که‌که‌مان ،له‌و شاره دێیه ئه‌چین که مناڵ له‌قوڕ دروستیان ئه‌کات.
من ده‌زانم ئه‌و شوقانه ته‌نها پروپاگه‌نده‌ن چونکه له مودێرترین جێگه‌ی دونیاش گه‌ر ئه‌و شوقانه بێسه‌رپه‌رشتی بهێڵرێنه‌وه له‌ماوه‌یه‌کی کورتا ژیان تیایاندا زه‌حمه‌ت ده‌بێ،لێ دیاره خاوه‌ن سه‌رمایه‌کانیش مافی خۆیانه ئه‌و پڕوپاگه‌ندانه بکه‌ن.
که‌چی پرسیارێکی سه‌یر هه‌میشه ئهموروژێنێ ، ئایا سیاسییه‌کان بۆیان هه‌یه له‌کاتی حوکم کردنیاندا ببنه سه‌رمایه‌دار یان بۆ نمونه ده‌ڵێم وه‌زیری شه‌مه‌نده‌فه‌ر ده‌توانێت ببێته خاوه‌نی کۆمپانیای شه‌مه‌نده‌فه‌ر گه‌رچی به‌پاره‌و پوڵی خۆشی بێت ،ئایا ئه‌مه پرسیاری سه‌یر دروست ناکات ،یان له‌نزیک بوونه‌وه‌ی سه‌رمایه‌دارێک له‌گه‌ڵ لێپرسراوێکی حکومییدا هه‌ق نییه ڕوون کردنه‌وه هه‌بێت،یان ئایا که‌سوکارو به‌تایبه‌ت کوڕ‌و کچ و خێزانی لێپرسراوانیش وه‌ک ئه‌وان بۆیان هه‌یه پۆست وه‌ربگرن؟،دیاره هه‌ڵه‌م نه‌کرد که‌وتم وه‌ک ئه‌وان پۆست وه‌ربگرن نهم وت ئه‌وانیش مافی ئه‌وه‌یان هه‌بێت سیاسه‌ت بکه‌ن،وه‌ک چۆن هه‌ندێ جار گوێمان له‌و جۆره پاساوانه ده‌بێت.
گه‌رنا تۆ بڵێی شازاده هاری به‌و چه‌ند مانگه‌ی له ئه‌فغانستان به‌سه‌ری برد،ئیتر شایسته‌ی مه‌لیکی ئینگلستان بێت،یان خاتوو ڤیکتۆریا له‌سوید یان…بێگومان مه‌به‌سته‌که‌م ئه‌وه‌یه
ئه‌گه‌ر بۆ نمونه سه‌رۆک به‌شار به‌و دیسپلینهیا بڕۆشتبا که باوه‌و هه‌موو خه‌ڵکی پیا ئه‌ڕوات ،هه‌روا به‌ئاسانی ده‌بوو به‌سه‌رۆکی وڵاته‌که‌ی ؟ که‌چی جه‌مال موباره‌ک سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌چه‌ندین بۆنه‌یا دوپاتی کرده‌وه به‌نیازی خۆ هه‌ڵبژاردن نییه له‌جێی باوکی(حوسنی
موباره‌ک) ، ههرنهبۆته جێی متمانه بۆ خه‌ڵقی، چونکه هه‌م باوکی لهحوکما ماوه‌و هه‌میش له‌ژیانا،به‌هه‌مان شێوه‌ش سه‌یف ئه‌لئیسلام موعه‌مه‌ر قه‌زافی .
ده‌مه‌وێت بڵێم له‌کاتێکا هه‌شتا له‌سه‌دی گه‌نجی وڵاته‌که‌م له‌به‌ر بێ جێگه‌یی به‌سه‌ڵتی ده‌مێننه‌وه و ده‌شڵێم به‌داخه‌وه باوه‌شی ئافره‌ته سۆزانییهکانیشیان گه‌رم کردۆته‌وه،تۆ ببیته سهرمایهدارو ئاپارتمان بۆ ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان دروست بکه‌یت،ئیدی کام زمانی چه‌وساوه‌کان بویت،له‌کاتێکا ژماره‌ی ده‌رۆزه‌که‌رانی هه‌ر شاره‌ی کوردستان چه‌ند قات زیادی کردووه، ئه‌مه ته‌نها له‌ناو شار و ته‌نهاش ئه‌وانه که دهرۆزهییان پێ قه‌بوڵ ئه‌کرێ،تۆ پاره‌و پوولێکی زۆر‌و زه‌وه‌ند تهخشانو په‌خشان بکه‌یت،جارێک بۆ ڤیستیڤاڵی فلان و جارێک بۆ فلان به‌عسه‌و ..
ئه‌مه تاڕاده‌یه‌ک وه‌ک ئه‌وه وایه تۆ وه‌زیری بێسه‌رپه‌رشتان بیت که‌چی هه‌موو ڕۆژێ دووجار پێڵاوه‌کانت له‌سه‌ر ته‌خته‌ی مناڵێکی بۆیاخچی دابنێیت و پێشی بڵێیت تۆ ته‌مه‌نی کارکردنت نییه‌و بۆت نییه کار بکه‌یت،ڕه‌نگه لێکچوونهکهم ده‌قاوده‌ق له‌سه‌ر هه‌مان ڕیتم نه‌بن به‌ڵام خۆ هه‌موو له‌وه تێئه‌گه‌ین کهسهرکردایهتیمان چه‌ند شادمان ده‌بێ که گوێ بۆ قسه‌کانمان نه‌گرێ،.یان که‌ئێمه ده‌ڵێین مۆنۆمێنت هیچ مانایه‌کی نییه بۆ خه‌ڵکێک
که‌تۆ خه‌ریکه لهشارۆچکهوه ده‌یکه‌یت به‌کوێره دێ،تۆ به‌پێچه‌وانه‌وه پاره له‌ڤیستیڤاڵێکی ته‌واو ناڕێکوپێکدا سه‌رف ئه‌که‌یت،..یان ئیتر که وتمان شه‌ڕی براکوژی مه‌که‌ن،گاڵته‌تان پێکردین و پاشانیش له‌سه‌رده‌ستی بێگانان ئاشتبونه‌وه‌و ئێمه‌تان تاوانبار کرد،.
هه‌موو ئه‌و ڕاستییه ده‌زانین که‌له‌ڕیزی پێشه‌وه‌ی کێشه‌کانی هه‌موو حکومه‌ته دیموکراته‌کان و نادیموکراته‌کانی دونیاش مه‌سه‌له‌ی بێجێییه،یانی مه‌سه‌له‌ی ئه‌وه‌ی گه‌نجێک نه‌ک له ههژدهیا بگره هه‌تا کاتێکی نادیار هه‌ر له‌وژووره‌یا ئه‌ژی که‌تیا له‌دایک بووه،بڵێی به‌ڕای ده‌رونناسان ئه‌مه چی ئاسه‌وارێکی نێگه‌تیڤ به‌جێ بێڵێت له‌سه‌ر که‌سێک که هه‌رگیز نه‌توانێت ببێت به‌خاوه‌نی ماڵێکی ئازاد بۆخۆی،که‌تیایا وه‌کو تاکێکی ئازاد ،ئازاد له‌بیرکردنه‌وه ،ئازاد له‌گیرفان،ئازاد له‌ئازادییه‌کانی تر بژی.
گه‌ر ده‌می سه‌رمایه‌داره سیاسییه‌کانیش ئه‌که‌یته‌وه گه‌نجی کورد بهدهبهنگترین گه‌نجی دونیا ناو ئه‌به‌ن ،ده‌ڵێن گه‌نجه‌کانمان نایانه‌وێ کار بکه‌ن،ماشهڵلڵا وه‌کو ئه‌م وڵاته پڕ بێت له‌کارو کاسپی ،وه‌کو یاسای کارکردن ئه‌وه‌نده ڕێکوپێک بێت خه‌ڵکێک ئه‌وپه‌ڕی خۆ ماندوو بکات تاکوو له‌ته‌مه‌نێکی ترا بیمه‌ی ئه‌و ماندوو بوونه‌ی بچنێته‌وه.ماشهڵڵاش له‌و حکومه‌ته‌ی پرۆژه تایبه‌تییه‌کانیان له پرۆژه گشتی و خزمه‌تگوزارییه‌کان زیاتره.