
گه‌شته‌كه‌ی گوڵێ … عه‌لی حه‌مه‌ره‌شید به‌رزنجی
گوڵێ هه‌روه‌كو چۆن باوكی بڕیاری پێدابوو هه‌ر كه پشوو ده‌ستی پێكرد،به‌ره‌و گونده‌كه‌ی ماڵی باپیره‌ی به ئوتومبیله‌كه‌ی خۆیان كه‌وتنه ڕێ و دوای ماوه‌یه‌ك گه‌یشتنه ئه‌وێ، به‌خۆشییه‌وه دابه‌زی و خۆی گه‌یانده لای داپیره و باپیره‌ی كه ماوه‌یه‌كی زۆر بوو نه‌یبینیبوون، ئه‌وانیش یه‌كه یه‌كه له ئامێزیان گرت و تێر ئه‌ملاولایان ماچ كرد،ئه‌میش هه‌ریه‌ك له‌و دیارییانه‌ی مه بۆی دیاری كردبوون پێی‌دان..چه‌نده خۆش بوو گونده‌كه‌ی ماڵی باپیره‌ی ،چونكه ساڵی پێشوو كه له‌گه‌ڵ باوكی هاتن ته‌نها چه‌ند ماڵێكی كه‌م بوو، كه‌چی ئێستا زیاتر ئاوه‌دانه و خانووی زیاتری تێدایه و قوتابخانه و بنكه‌ی تهندروستیشیانبۆ كردوون،چه‌ند ڕۆژێك له‌وێ مانه‌وه و گوڵێ سه‌رسام بوو به‌و دیمه‌نه سروشتی و جوانانه‌ی چیا و دۆڵ و كانی و سه‌رچاوه‌ی ئاوی دێ،ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری دێ گه‌ڕا و به ئاره‌زووی خۆی كۆمه‌ڵێك وێنه‌ی جوانی گرت و باپیره‌شی به‌رخۆله‌یه‌كی جوان و سپی كرده دیاری بۆی.ئه‌مه‌نده دڵی خۆش بوو له خۆشی‌دا نه‌یده‌زانی چی بكات، ئه‌و چه‌ند ڕۆژه‌ی له‌وێ بوو وا هۆگری به‌رخۆله‌كه بوو بوو به‌جێی نه‌ده‌هێڵا، له هه‌مان كاتیش‌دا به‌رخۆله‌كه هۆگری گوڵێ بوو بوو و بۆ هه‌ر لایه‌ك بچوایه دوای ده‌كه‌وت،بۆیه چه‌ند وێنه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ به‌رخۆله‌كه‌ی و به ته‌نها گرت.دوای ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌ك له‌وێ بوون خۆیان ئاماده ده‌كرد كه بگه‌ڕێنه‌وه ،چونكه كاتی ده‌ست پێكردنی ئه‌و خوله نزیك بوو بووه‌وه كه گوڵێ ناوی خۆی تێدا نووسیبوو،ئه‌وه بوو به‌یانی سواری ئوتومبیله‌كه‌یان بوون و باپیره‌ی به‌رخۆله‌كه‌ی كرده باوه‌شی و پێی وت: گوڵێ بهرخۆلهكهت بیر نه‌چێت .به‌ڵام گوڵێ وتی: باپیره گیان من حه‌ز ناكه‌م له هاوڕێكانی بكه‌م ،با لای خۆتان بێت و ئاگاداری بكه‌ن ،ئیتر به خۆشییه‌وه گه‌ڕانه‌وه…