
حیزب و نوخبه‌و نه‌ته‌وه!
شوانه‌ی عه‌لی حاجی……
له‌بابه‌تێكی پێشووتردا به‌درێژی باسی به‌رپرسیارێتی نوخبه‌ی ڕۆشنبیرم كرد، ئه‌گه‌ر ئێمه توانیبێتمان تاڕاده‌یه‌ك توێژی ڕۆشنبیرو به‌رپرسیاری ئه‌و توێژه له‌ئاست نه‌ته‌وه دیاری بكه‌ین ئه‌وا گه‌له‌ك گرنگه كه هۆشیاری نه‌ته‌وایه‌تی وه‌كو بیر، وه‌كو حه‌قیقه‌تێكی ڕه‌ها، هه‌روه‌ها تێڕوانینی نوخبه‌ی سیاسی بۆ ئه‌م چه‌مكه بخرێته ژێر لێكۆڵینه‌وه‌وه و نوخبه‌ی سیاسی كه له كۆتاییدا ده‌بێ مانا‌و فۆرمێك به‌م چه‌مكه بدا (چه‌مكی نه‌ته‌وه) بۆ خۆشی وه‌كو داینه‌مۆی گۆڕانكارییه‌كان ده‌بێ شه‌نوكه‌و بكرێ. بۆ زیاتر به‌عه‌قڵانیكردنی بابه‌ته‌كه‌و دووركه‌وتنه‌وه له هه‌موو جۆره تهوهینێك، هه‌روه‌ها تاكو بتوانین خۆمان دووربگرین له‌هه‌موو ژاوه‌ژاوێكی بازنه سیاسییه‌كان، كه له‌ئاستێكی نزمدایه، ده‌كرێ وه‌كو سه‌ره‌تایه‌ك له‌ده‌رگای ئه‌و تێئۆریستانهوه بچینه ژووره‌وه كه بابه‌تیانه بۆ چه‌مكی نه‌ته‌وه ده‌روانن. دوو فه‌یله‌سوفی ئه‌ڵمانی (هێرده‌رvon Herder ) و (فیختهJohann Gottlieb Fichte )
(فیخته) وه‌كو زۆره‌كی تر، له بیرمه‌ندانی ناسیۆنالیستی ئه‌وروپی، سه‌ره‌تا بیری نه‌ته‌وایه‌تی خۆی وه‌كو كاردانه‌وه‌یه‌ك به‌ڕوی داگیركاری فه‌ره‌نسای ناپلیۆندا به‌رجه‌سته كرد،ئه‌و واته فیخته له جه‌نگی "ژێنا" كه له ئۆكتۆبه‌ری 1806 ڕوویدا به شێوازێك بیر‌و بۆچونی گۆڕی كه‌وا له نوسراوێكیدا به‌ناوی "وتارێك بۆ نه‌ته‌وه‌ی ئه‌ڵمانی" گه‌یشته لوتكه. فیخته نه‌ته‌وه‌ی ئه‌ڵمانی به‌وه شوبهاند كه‌وا هه‌ڵگری تۆوی كامڵبونی به‌شه‌ریه‌ته.
له به‌رانبه‌ردا (هێرده‌ر) هه‌موو ئه‌و تێزانه‌ی كانت داینابو له‌سه‌ر تاك، ئه‌و واته هێرده‌ر لهكایهیهكی سیاسی و فیكریدا گواستیه‌وه بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر بوونی ده‌سته‌جه‌معی و بۆ ئاستی قسه‌كردن له‌سه‌ر نه‌ته‌وه. هێرده‌ر ئه‌مه ده‌كات به‌خاڵی ده‌سپێك كه تیایدا باس له ڕۆحی ڕه‌های نه‌ته‌وه‌و سه‌ربه‌خۆبوونی نه‌ته‌وه ده‌كا و هه‌روه‌ها ئازادی بێوێنه‌ی نه‌ته‌وه باسدهكا كه له شتێك له‌خۆیدا ده‌گۆڕێت بۆ شتێ بۆ خۆی. ئه‌م شێوه‌یه له تێفكرینی بیری هێرده‌ر هاوته‌ریبه له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕایه‌ی هێگڵ كه ده‌ڵێ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه گه‌ر بیه‌وێ جێگایه‌كی هه‌بێ له كایه‌ی مێژوویدا ئه‌وا له‌سه‌ریه‌تی كه له پشتی مێژووه‌وه بێته نێو مێژوو.ئه‌م ڕۆحی نه‌ته‌وه‌یه كه فیختهو هێرده‌ر باسی لێوه ده‌كه‌ن له‌ناو ههرنهتهوهیهكدا سه‌به‌خۆ له‌نێو كولتوور، ئه‌فسانه و مێژووی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌دا ده‌ژی و گه‌وره‌ده‌بێ.
نه‌ته‌وه وه‌كو دیارده‌یه‌كی نێو مۆدێرنه‌یه، كه‌چی له قۆناغی پۆستمۆدێرنه‌دا ده‌كه‌وێته به‌ر فشاری گۆڕانكارییه‌كان و له‌م سه‌رده‌مه‌شدا ده‌یانه‌وه ناو وه ناوه‌رۆكێكی دیكه‌ی بۆ بدۆزنه‌وه.
ئه‌گه‌ر (ڕۆسۆ) چه‌مكی هاونیشتمانی بون وه عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌كو كایه‌یه‌كی گرنگ به‌هه‌ند وه‌ربگرێ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بۆ خه‌ڵكی و هه‌روه‌ها ئه‌و ڕێكه‌وتنه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی له‌سه‌ری ڕهكهوتوین، ئه‌وا پۆستمۆدێرنه ئه‌م به‌هایه‌ی لێ دهستێنێتهوهو مرۆڤ له هاونیشتمانییه‌وه ده‌كا به كه‌سێكی به‌كاربه‌ر. Antony Giddens 2003:57
ناسیۆنالیزمی كوردی وه‌كو ته‌ڤگه‌رێكی ڕیاكشونیست به‌ڕووی ده‌وڵه‌تی ئێرانی و عوسمانی‌دا ده‌ركه‌وت. به هه‌مان شێواز نوخبه‌ی ڕۆشنبیری كورد ده‌گه‌رێته‌وه بۆ كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م، كه یه‌كه‌مین ڕۆژنامه‌ی كوردی دێته به‌رهه‌م. (د.ره‌فیق سابیر كولتورو ناسیۆنالیسم ل ١٢٣)
شێخ عهبیدوڵای نه‌هریش وه‌كو یه‌كه‌مین هه‌وڵی ناسیۆنالیستی كورده بۆ دیاریكردنی قه‌واره‌یه‌كی سیاسی بۆ سنووری كولتوور و زمانی كوردی.
لێ له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی زه‌مه‌ن ئه‌مڕۆكه ئه‌م ته‌ڤگه‌ره خۆی ته‌سلیمی ده‌ستی قه‌ده‌ر كردووه‌و له‌سه‌ر پارچه‌یه‌ك له لاشه‌ی جوگرافیای كوردستان نیشتۆته‌وه‌و پرۆژه‌ی ناسیۆنالیستی یاخود نه‌ته‌وایه‌تی خۆی خهپاندۆته نێو كۆمه‌ڵێ پرۆژه‌ی خهسێنراوهوه. له‌هه‌وڵدایه بۆ به گشتیكردنی شته لاوه‌كییه‌كان. ئێمه له‌باشووری وڵات ده‌توانین ئیشاره بۆ بابه‌تێكی د. جه‌مال نه‌به‌ز بكه‌ین كه له "سایتی سبه‌ی"دا بلاویكردبوهوه له ژێر ناوی (یه‌كێتی و پارتی نه‌ته‌وه‌یی نین) دیاره حاڵی پارته سیاسییه‌كانی پارچه‌كانی تری كوردستان باشتر نییه.
سه‌یره نه‌ته‌وه‌ی كورد‌و بزووتنه‌وه‌كه‌ی به‌درێژایی سه‌ده‌ی ڕابردوو لهههوڵدابووه بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه ڕه‌واكانی كه‌چی ئه‌م پرۆژه‌یه له‌كۆتاییدا به‌نیوه‌چڵی ده‌مێنێته‌وه و هه‌موو ئه‌و هه‌ڵه كوشندانه‌ی بزووتنه‌وه‌كه‌ی گه‌یاندووه‌ته بنبه‌ست و سیاسه‌تی ئه‌مری واقیع جێبه‌جێ ده‌كا. به پێی كۆمه‌ڵناسی ئینگلیس (ئێرنست گێللنهر) ناسیۆنالیسم وك‌و یه‌كه‌یه‌كی هاوبه‌ش دروست له قۆناغی شارنشینی و پیشه‌سازیدا هه‌موو چین و توێژه‌كان له ده‌وری ئایدۆلۆژیای ده‌وڵه‌ت خڕ ده‌كاته‌وه. كوا كه‌ی ناسیۆنالیسمی كورد له‌باشووری وڵات ئه‌م ڕۆڵه‌ی گێڕاوه؟ كامه‌یه ئه‌و هه‌وڵانه‌ی حیزبی كوردی داویه‌تی له ٢٠ ساڵی ڕابردوودا بۆ دامه‌زراندنی قه‌واره‌یه‌كی سیاسی بۆ سنووری كولتوور و زمانی كوردی؟ كوا كه‌ی حیزبی كوردی به‌تایبه‌تی دوو زلحیزبهكهی باشوور خاوه‌نی پره‌نسیپی نه‌ته‌وایه‌تی خۆیانن؟ ئه‌وه‌تا له دوای ڕاپه‌ڕینی ساڵی ٩١ دوو زلحیزبهكهی باشوور نه‌یانتوانی یاخود باشتر بڵێم نه‌یانزانی كه له ڕێگای داموده‌زگاكانی خۆیانه‌وه وێنه‌ی سیاسیی خۆیان بكێشن، كه‌سێتی خۆیان و نه‌ته‌وه‌كه‌یان بونیاد بنێن، بگره هه‌ندێ جار دروست وه‌كو ڕژێمی به‌عس هه‌ڵسوكه‌وتیان له‌گه‌ڵ تاكو كۆمه‌ڵی كوردیدا ده‌كرد.
ئه‌م دوو زلحیزبه به‌درێژایی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، به‌و گێرمهوكێشانهی له شه‌ڕی ناوخۆدا دروستیان كرد، سه‌لماندیان كه هیچی له‌سه‌ر جیاوازی بیر‌و ڕا نه‌بووه به‌ڵكو هه‌ر زۆرانبازی گروپه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه دژی ئه‌وی تر له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و نفوزی سیاسی، ئیتر ئه‌مه نه‌بوونی جیاوازییه‌كی فیكری و ئیدۆلۆگی ناو گرووپه‌كانی ده‌رخست.
ئێمه نامانه‌وێ قه‌تماغه‌ی زامی شه‌ڕی ناوخۆ هه‌ڵبه‌ینه‌وه به‌ڵكو وه‌كو هه‌ڵسه‌نگاندنێك به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ سه‌دساڵی پێشوو، تاكو بزانین ململانێی بیر‌و دیدگای جیاواز بۆ ژیان و كۆمه‌ڵ له چ ئاستێكدا بووه، ده‌كرێ له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌و ململانێ فیكرییه‌ی نێوان مه‌ولانا خالیدی نه‌قشبه‌ندی و هه‌ڵگرانی بیری قادری به نموونه بێنینه‌وه كه وه‌كو دوو دیدگای جیاواز بۆ ژیان و كۆمه‌ڵگا، كۆمه‌ڵگای كوردی‌یان خستبووه نێو گێژاوێكه‌وه تا به سه‌فه‌ری مه‌ولانا بۆ شام كۆتایی پێهات. ئه‌مانه‌وێ بڵێین كه نه‌بوونی دامه‌زراوه‌یه‌ك به‌ناوی ده‌وڵه‌ت، كه بتوانێ گه‌رانتی یاخود زامنی كۆی كایه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی كۆمه‌ڵگای كوردی بێت، ئه‌و بۆشاییه گه‌وره بووه كه دوو زلحیزبهكه پڕیان كردۆته‌وه‌و تیایدا یاری حیزبی‌یان كردووه. واته حیزبیان له ئامرازه‌وه كردووه به ئامانج. جه‌سته‌ی مێژووی حیزب جه‌سته‌یه‌كی په‌رته‌وازه‌و شه‌ڕانگێزه. حیزب خۆی له‌مپه‌ر بووه له‌به‌رده‌م ئه‌و فاكته‌ره ناوخۆییانه‌ی كه ده‌بنه پاڵنه‌رێك به كێشه ڕه‌واكه‌ی. سه‌رئه‌نجام زیاده‌ڕۆییمان نه‌كردووه گه‌ر بڵێین فاكته‌ره ده‌ره‌كییه‌كان بوونه هۆی درووستكردنی ئه‌م ئه‌زموونه. هه‌ربۆیه ئه‌ركی ئه‌مڕۆی ڕۆشنبیری كورد گه‌له‌ك له‌وه سه‌ختتره كه له چوارچێوه‌ی ته‌نها به‌رنامه‌یه‌كی دیاریكراودا چه‌نده به‌هێزیش بێ بتوانێ كۆمه‌ڵگایه‌كی مه‌ده‌نی دروستبكا.
ئێمه ئه‌مڕۆ له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵگایه‌ك ڕاوه‌ستاوین كه تاكه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه هه‌مووی كه‌م تا زۆر ئاشنان به مێژوویه‌كی پڕ شه‌ڕه‌نگێزی و توندوتیژی، بهخێوكهرهكی دڵڕه‌ق، فێركارێكی به زه‌برو زه‌نگ، فه‌رمانبه‌رێكی بهرتیلخۆرو بیرۆكرات وه فرۆشیارێكی شه‌ڕانی و مه‌لای بێ ته‌حه‌مول و فه‌توا دهركهر. ئایین وه‌كو لایه‌نێكی كولتووری له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی حیزبی درێژه‌پێده‌ر و جوڵهری عه‌قڵی جه‌ماعی ئێمه‌بوون. عه‌قڵێك كه پڕه له سزا‌و سوكایهتیپێكردن و ئه‌م كایه هه‌ر به‌رده‌وامه و گه‌وره‌ده‌بێ. …
له‌به‌رامبه‌ردا نوخبه‌ی سیاسی له‌كاردایه بۆ كوشتنی هه‌موو هه‌وڵێك كه تاكی ڕۆشنبیری كوردی ده‌یدا بۆ لێدانی زه‌نگی ئاگاداركردنه‌وه، چونكه تاكی ئازاد به‌بڕوای من ئه‌و تاكه‌یه كه كاتێك ده‌بینێ بارودۆخی كۆمه‌ڵگا ناله‌باره زه‌نگی ئاگاداركردنه‌وه لێ‌بدا. ئه‌م دوو زلحیزبه وه‌كو دوو دامه‌زراوه‌ی له‌خۆبایی و بوغرا ده‌یانه‌وێ بڵێین هه‌موو شتێ به‌باشی ئه‌ڕوا و به‌هه‌موو تاریكییهكیان بڵێین ڕووناكی و به هه‌موو تێشكانێكیان بڵێین سه‌ركه‌وتن. ئه‌وان ڕێگرن له‌وه‌ی تاكی كورد پرسیار له‌سه‌ر ئه‌و وێنانه بكا كه له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای كورد كێشاویانهو دنیای كوردمان نیشان ده‌ده‌ن. ئه‌م دوو نوخبه (سیاسی و ڕۆشنبیر] به‌درێژایی مێژووی تێكۆشانی گه‌لی كورد دابراوبوون له یه‌كتری. شێخی نه‌مرو پیره‌مێردو هاوه‌ڵه‌كانی له‌ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ده‌سه‌ڵات حه‌سر كردبوو. به‌هه‌شتی بارزانی وه‌كو دواهه‌مین سه‌ركرده‌ی كلاسیكی كورد هه‌موو هه‌وڵێك له‌و پێناوه‌دا بێههدهر بوو.
ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له ستراتیژی سیاسی حیزبی كوردیدایه، چونكه ئه‌فسوس ئێمه تاكو هه‌نووكه ئه‌و ڕه‌هه‌نده سیاسییه‌مان نییه كه كار بۆ ستراتیژی نه‌ته‌وه بكه‌ین، ته‌نهاو ته‌نها پاشاگه‌ردانییه؛ به‌و مانایه‌ی لۆژیكی كاركردنی حیزبی كوردی چ له نێوخۆ و چ له ده‌ره‌وه‌ی ماڵی كورد لۆژیكی جوانكردنێكی درۆینه‌یه. ئه‌وه‌تانێ له‌گه‌ڵ ئێراقی عه‌ره‌بی شه‌رمن و خهجول و ڕازیكهره. هه‌موو ئه‌و تێشكانه یهكلهدوایهكتریانهی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی كوردی له‌سه‌ر ناوچه دابراوه‌كانی هه‌رێم به‌ڵگه‌ی ئه‌و ڕاستییه‌ن كه هیچ كاتێك به‌رنامه‌یه‌كی سیاسیی پێشوه‌ختیان نه‌بووه بۆ خوه‌ندنه‌وه‌ی ڕووداوه‌كان، به‌ڵكو سیاسه‌تی "له‌هه‌ركوێ پسا گرێی بده‌وه" به‌ڕێوه ده‌به‌ن، ئه‌مه وه‌كو جه‌برێكی سیاسی خۆی خزاندۆته نێو زیهن‌و بیری نوخبه‌ی سیاسیه‌وه. وه‌ك نموونهبڕوانه دروستكردن و مردنی ماده‌ی سه‌دوچل. هه‌ركاتێكیش ڕای گشتیی فشاریان بۆ دێنێ خودیانه٭ سوبیهكتیڤ٭ بۆ شته‌كان ده‌چن له‌بری ئه‌وه‌ی بابه‌تیانه بڕواننه كێشه‌كان. وه‌ك نمونه بڕواننه كه‌ركووك، لێره‌و له‌وێ به‌قه‌ولی كاك مه‌ریوانی وریا قانع ده‌ڵێ ختوكه‌ی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تیمان ده‌ده‌ن، ئه‌وان كوردیان كرد به هه‌موو شتێ دروست به‌هه‌موو شتێ جگه له‌خۆی واته كوردبوون. كه‌س وه‌كو نه‌ته‌وه سه‌یرمان ناكا ده‌سه‌ڵاتی سیاسی وێنه‌یه‌كمان بۆ ده‌كێشێ خاڵیه له‌هه‌موو ستراتیژێكی سیاسی و فیكریی نه تهوهیی له‌كاتێكدا ئێمه ئێستا له‌هه‌موو كاتێ زیاتر پێویستمان به وتاری نه‌ته‌وه‌و ڕۆحی نه‌ته‌وه هه‌یه، هه‌تا بتوانین مانایه‌ك به‌بوونمان بده‌ین و خۆمان بكه‌ین به‌نه‌ته‌وه‌ی مێژووكرد، واته ببین به خودانی مێژوو.
فه زای گشتی ته‌ماوی و نادیاره وه‌كو دوێنیی پێش ڕاپه‌ڕین. به‌ومانایه‌ی هه‌رێمی باشووری وڵات، وه‌كو لاشه‌یه‌كی جوگرافیی سیاسی چاره‌نووسی نادیاره، هه‌لومه‌رجی پێشڕاپهڕین به‌هه‌مان شێواز داگیركراو و نادیار بوو؛ ئه‌و ده‌مه كۆمه‌ڵگا له‌باتی مانای پێكه‌وه ژیان و كۆبونه‌وه‌ی تاكه‌كان بێ كه‌چی داگیر كرابو. راپه‌ڕین وه‌كو ته‌قینه‌وه‌یه‌ك به‌ڕووی ئهوداگیركارییهدا هاته چێبون به‌ڵام چونكه به‌رهه‌می حیزبی كوردی نه‌بوو جاریكی تر به‌سترایه‌وه به‌و فه‌زا داگیركراوه‌ی پێش ڕاپه‌ڕینه‌وه؛ چونكه حیزبی كوردی وه‌كو وتمان هیچ خوێندنه‌وه‌یه‌كی بۆ ده‌سه‌ڵات و هیچ تموحێكی به ئینتمای نه‌ته‌وه نه‌بوو. وه‌كو وتم لای حیزبی كوردی حیزبایه‌تی ئامانجه نه‌وه‌ك ئامراز، واته حیزببوون خۆی بۆخۆی كۆتایی كاروانه‌كه‌یه، ئه‌ی نابینن ده‌زگاكانی به‌ناو ده‌وڵه‌ت به‌هه‌موو بواره‌كانییه‌وه چه‌ند له‌ئاستی دوو زلحیزبهكهدا لاواز‌و بێتوانایه.
ئه‌م كایه سیاسییه ناسیاسییه‌ی باسمان كرد مێژووی چل سال تێكۆشانی بزووتنه‌وه‌ی گه‌له‌كه‌مانه له باشوور. هه‌ربۆیه زێده‌ڕۆییمان نه‌كردووه گه‌ر بڵێین ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد له باشوور وه‌كو نووسه‌رێك له‌وه‌سفی یه‌كێ له سه‌ركرده‌كانی كورددا ده‌ڵی "به زه‌ین مه‌نگۆلی و به ڕه‌وشت تهتهرین."