
بیره‌وه‌رییه‌ك بۆ له بیر نه‌كردن
هاوینی (ته‌مموزی) ساڵی (1991)، له خۆپیشاندانێكی خه‌ڵكی هه‌ولێر، به پێشه‌نگ و ڕێكخه‌ری ڕه‌وتی كۆمۆنیست، ئاراس – ی كوڕه لاوی ئه‌ندامی چالاكی ئه‌م بزووتنه‌وه و ڕێكخراوه ڕادیكاڵه چه‌پڕه‌وه، به گولله‌ی به‌عسییه‌كان، له نزیكی ( بازاڕی هه‌ولێر ) ی ئێستا و له به‌رده‌م مزگه‌وتی ساڵح ده‌بباغ، كه نزیك به بینایه‌ی پارێزگان، شه‌هید كرا. ئه‌و كاته زوو – زوو ڕه‌وتی كۆمۆنیست، خۆپیشاندانی دژ به ده‌سه‌ڵاتی گه‌ڕاوه‌ی به‌عس ڕێك ده‌خست و ساز ده‌كرد. خۆپیشاندانه‌كه‌ی تهمموز توند و تیژیی لێ كه‌وته‌وه و پێشمه‌رگه ئاساییه‌كانی به‌ره‌ش – كه وا بزانم ئه‌وه‌ی له بیرم مابێ پێشمه‌رگه‌كانی به‌ره‌ش له بینایه‌ی قشڵه‌ی كۆن بوون – هاتنه سه‌ر خه‌ت و به‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ری خۆپیشانده‌ر كه‌وتن؛ كه ئه‌وه بوو له ئاكامدا پێكدادان و شه‌ڕێكی توند له نێوان پێشمه‌رگه و پیاوانی به‌عس ڕووی دا ( بێگومان ئه‌و كاته سه‌رانی به‌ره به‌م بار و دۆخه‌ی شه‌قامی كوردی یه‌كجار ناڕه‌حه‌ت بوون؛ ئه‌وان ئه‌وسا له‌ناو برینی به سوێی خه‌ڵكی كوردستان خه‌ریكی دانوستان بوون له‌گه‌ڵ سه‌دام و ڕژێمه‌كه‌ی؛ ئا له‌وێدا ئه‌و قاره‌مانانه‌ی بزووتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی، له باوه‌شی خوێناویی به‌عسدا و بۆ موجامه‌له‌ی ئه‌م ڕژێمه دیكتاتۆره نه‌گریسه، له ڕادیۆ جیهانییه‌كانی وه‌ك مۆنتیكارلۆوه، لێدوانیان دژ به هه‌ڵوه‌ستی مه‌ردانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان ده‌دا و به خۆپیشانده‌رانیان ده‌گوت ئاژاوه‌گێڕ و ئاژاوه‌چی). به‌هه‌رحاڵ، هه‌ر كه بار و دۆخه‌كه هێور بۆوه و شه‌ڕه‌كه نه‌ما، من و كاك جه‌مال كۆشش و كاك جه‌مال كرێكار و … ( له بیرم نه‌ماوه ، كه كێی دیكه‌شمان له گه‌ڵدا بوو )؛ یه‌كسه‌ر چووین بۆ ئه‌وه‌ی سۆراخی ته‌رمی دیار نه‌ماوی ئاراس بكه‌ین: پاش ئه‌وه‌ی، كه به درۆ پێیان گوتین له نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتن نییه، یه‌كسه‌ر چووین بۆ باره‌گای سه‌ره‌كی به‌ره، تا له‌وێ سۆراخێك به ده‌ست بهێنین، چونكه گومانمان له‌وه هه‌بوو، كه ئه‌وان ته‌رمه‌كه‌یان شاردبێته‌وه ( ئه‌وسا وا بزانم باره‌گای كارگێڕی سه‌ره‌كی به‌ره، له به‌رانبه‌ر یاریگای ئێستای هه‌ولێر بوو ). هه‌ر كه گه‌یشتینه ئه‌وێ، كاك جه‌مال كۆشش به ته‌نیا چووه ژووره‌وه و ئێمه‌ش له ده‌ره‌وه چاوه‌ڕوان ماینه‌وه. پاش كه‌مێك ئه‌و به دڵشكاویی و چاو به گریان هاته ده‌ره‌وه؛ تومه‌ز ئه‌وان له‌وێ نه‌ك هه‌ر وه‌ڵامیان نه‌دابۆوه، به‌ڵكو له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌ستی شۆڕشگێڕانه‌ی ڕه‌وت و خه‌ڵكی خۆپیشانده‌ر، تێر سووكایه‌تیشیان پێكردبوو ( كاك كۆشش خۆی بۆی گێڕاینه‌وه، كه چۆن ڕێباز – ی به‌رپرسی یه‌كیه‌تی قوربانیی سه‌ره‌تای شه‌ڕی ناوخۆ، قسه‌ی پێ گوتووه و سووكایه‌تی پێكردووه و ته‌نانه‌ت شهقازللهیهكیشی له بنا گوێی دا بوو ). ئێمه بۆ جاری دووه‌م چووینه‌وه بۆ نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتن، كه ئه‌م جاره پێیان گوتین ته‌رمه‌كه لێره‌یه ( هه‌ڵبه‌ت هه‌موو كه‌سێك ده‌زانێ، كه ده‌بێ ته‌رم له ساردگهدا هه‌ڵبگیرێ ). دیاره پاشان – به هه‌ر جۆرێك بوو – ته‌رمه‌كه كه‌وته‌وه ده‌ست كه‌س و كاره‌كه‌ی و له گۆڕستانی – وا بزانم – شێخ ئه‌حمه‌د ناشتیان. ئێمه دواجار نابێ ئه‌وه‌ش له بیر بكه‌ین، كه چالاكی ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ی ئه‌وسا ڕه‌وت و چه‌پڕه‌وه‌كان ڕوو به ڕووی ده‌سه‌ڵاتی داگیركه‌ری به‌عس ئه‌نجامیان ده‌دا ( بێگومان شه‌قام به ته‌واویی له‌گه‌ڵ ئه‌م خۆپیشاندانانه‌دا بوو و به‌شدارییه‌كی كارا و فراوانیشی تێدا ده‌كرد )، بوونه فشارێكی یه‌كجار گه‌وره و سه‌ره‌كی، كه ئه‌م ڕژێمه ده‌سه‌ڵاتی ئیداری خۆی له كوردستان بكێشێته‌وه ( ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ی، كه تا ئه‌مڕۆش له لای زۆربه‌ی خه‌ڵكی كوردستان بزره و كه‌س باسی ناكا ). لێره‌ش به‌ره ( له ڕاستیدا پارتی و یه‌كیه‌تی)، به‌ری ڕه‌نجی خه‌ڵكی شۆڕشگێڕ و زه‌حمه‌تكێشی كوردستانی خوارد و خۆی به ته‌نیا بووه ( یان با بڵێین خۆیان به ته‌نیا بوونه ) فه‌رمانڕه‌وای ڕه‌های مێژووی سیاسی ( 22 ) ساڵه‌ی باشووری كوردستان. لێره ده‌توانم بڵێم: به‌رهه‌می خوێنی شه‌هیدان، نه‌ك هه‌ر به‌های ئازادیی نه‌بوو، به‌ڵكو ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی نابه‌رپرسانه‌ی تا سه‌ر ئێسقان نقوومی ناو گه‌نده‌ڵیی بوو. هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌مڕۆ زۆربه‌ی خه‌ڵكی كوردستان ( ته‌نانه‌ت ڕۆحی نه‌ته‌وه و وڵاته‌كه‌شمان )، گه‌وره‌ترین باجی گه‌نده‌ڵیی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته دزه بنه‌ماڵه‌یی و خێڵه‌كییه ده‌دا… به‌هه‌رحاڵ من ئه‌و ده‌مه له یادی شه‌هید بوونی ئاراس – ی جوانه‌مه‌رگ، پارچه پهخشانێكم نووسی و له‌سه‌ر گۆڕه‌كه‌ی خوێندمه‌وه. ئه‌م په‌خشانه تراژیدیایه‌كه، كه نزیكه‌ی ( 22 ) ساڵ به‌ر له ئه‌مڕۆ له‌ناو تراژیدیا‌كان له دایك بوو: تراژیدیای ژیانی من و باوكم ( كه ئێستا له ژیاندا نه‌ماوه ) و خێزانه‌كه‌م و سه‌رله‌به‌ری واقیعی ژیانی ساڵانی ده‌یه‌ی ( 90 ) ی سه‌ده‌ی ڕابردووی وڵاتی ئێمه: تراژیدیای جه‌نگ و برسیه‌تی و كوشتن و بڕین. من ئه‌وسا ئه‌م په‌خشانه‌م له ژماره ( 2 ) ی حوزه‌یرانی ساڵی ( 92 ) ی گۆڤاری نی‌نا – كه گۆڤارێكی زۆر خاكه‌ڕای ئه‌ده‌بی كرێكاریی بوو و خۆمان ده‌رمان ده‌كرد – بڵاو كرده‌وه. وا ئێستاش لێره جارێكی دیكه، به بۆنه‌ی له بیر نه‌كردنی ئه‌م بیره‌وه‌رییه، ده‌قا و ده‌ق وه‌ك خۆی بڵاوی ده‌كه‌مه‌وه ( ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێم، ئه‌وسا من به ناوی بێ‌دار شته‌كانی خۆم بڵاو ده‌كرده‌وه ) :
{ گوته‌یه‌ك
وه‌ختی پاش نیوه‌ڕۆیێ بوو، له نزیك په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌كه‌م به ته‌نها دانیشتبووم. خه‌ریكی هه‌ڵڕشتنی یاد و بیره‌وه‌ریی شه‌هید بوونی ئه‌م هاوڕێیه بووم، كه باوكم موده‌تێكه بێكاره، له ده‌ره‌وه گه‌ڕایه‌وه ماڵێ، باوكم وورد وورد، له سه‌ره‌خۆ، له ده‌رگای حه‌وشه‌كه به‌ره‌و سه‌رێ ده‌هات و هه‌ڵده‌كشا. منیش تاژی سه‌رنجم تاو دایه له‌ش و لاری قهتێیانهی، دیار بوو زۆر بێ تاقه‌ت بوو، له‌ش داهێزراو، ده‌تگوت تازه له یه‌كێك له زیندانه‌كان ئه‌شكه‌نجه دراوه. به ڕاستی ده‌بێ بڵێم، سه‌ر و سیمای خه‌مۆكی باوكم، ته‌واو نیگاكانمی وه‌كوڵ هێنا. به تاسه‌وه تێم ده‌ڕوانی، تا هێمن هێمن هات له په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌كه‌م نزێك بۆوه، ئه‌نجا زۆر به كزی تێمی ڕوانی، هه‌ر وه‌ك بڵێی تاوانێكی ده‌رهه‌ق به من كردبێ و چاوه‌ڕوان بێ لێی ببوورم. دوایی ته‌ماشای ئه‌و ژووره‌ی كرد، كه دایك و خوشك و براكانمی لێ پاڵ كه‌وتبوون. باوكم بێ ورته، هه‌ناسه سارد، گه‌ڕایه‌وه. دیار بوو نه‌یویست كه‌سیان وه‌ئاگا بێنێ. بۆیه چوو له بن دیواری خوار باخچه‌كه له‌به‌ر هه‌تاو لێی هه‌ڵتروشكا. ئاگام لێ بوو هه‌موو گیانی خه‌م و په‌ژاره و ناكامی لێ ده‌تكا، باوكم بۆ ماوه‌یه‌ك هه‌روا مایه‌وه، كڕ و كپ، نێوچه‌وانی خستبووه سه‌ر له‌په‌كانی، نه‌مده‌زانی بیر له چی ده‌كاته‌وه، به‌ڵام له‌وه دڵنیا بووم، كه بێ ده‌رامه‌تی و هه‌شت نۆ ده سه‌ر خێزان، مرۆڤی ئه‌وها نابووت ده‌كه‌ن. له ژیانی خۆمدا باوكم هێنده په‌رێشان و به‌سته‌زمان نه‌دیتبوو، قه‌ت هێنده‌ی ئه‌مجاره‌ش دڵم پێی نه‌سووتا بوو، لێره‌دا سۆزی باوكایه‌تی له هه‌موو جار زیاتر بزواندمی، بۆیه منیش به ده‌ست خۆم نه‌بوو به دیتنی ئه‌م دیمه‌نه‌ی باوكم، به‌زه‌ییم گه‌یشته ته‌وقی سه‌رم ناخم قوڵپ قوڵپ كوڵا، سه‌ربانی گلێنه‌ی چاوه‌كانم تك تك دڵۆپه‌ی كرد، بای یه‌ك دوو دڵۆپ فرمێسك گریام، ئه‌وه بوو گۆماوی ئه‌م پهخشانۆكهی لێ بۆوه….
ئه‌و ده‌فته‌ره سووتاوه‌ی ته‌موز كه جارێكی دیكه لێی ده‌نووسمه‌وه
هه‌ر هه‌ناسه‌یه‌كم، كه دوكه‌ڵكێشی ئاخ بێت، ئه‌وه چرپه‌ی ناسكی دوا هه‌ناسه‌ی سه‌ره مه‌رگی ( ئاراس ) ه. هه‌ر سه‌ر ئێشه‌یه‌كی توند، كه مه‌شكه‌ی مێشكم ڕابژێنێ، ئه‌وه ئازاری زامی ڕوخساری ( ئاراس ) و ژانی هه‌نگاوی قاچه‌كانی ڕۆژ تا ئێواره‌ی سواڵكه‌رانی شاره‌كه‌مه، هه‌ر دڵه ڕاوكێیهكم، ئه‌وه هه‌ژانه‌وه‌ی بێشكه‌ی ئه‌م وڵاته‌یه، كه هه‌میشه تۆپ باران ده‌كرێ. هه‌ر ڕه‌نگ زهردیهكم، ئه‌وه ڕه‌نگی مه‌ره‌زه سووتاوه‌كه‌ی گیرفانی باوكمه. ڕه‌نگی پیوازانهی مه‌مك و لێوه‌كانی دایكمه. هه‌ر ههراسانیهكم، ئه‌وه كۆكه‌ی ئه‌و گوللهیهیه، كه فووی له چرای چاوی هاوڕێكه‌م كرد، زه‌بری ده‌ستی ئه‌و كۆشكه‌یه، كه پرچی خۆشهویستهكهمی له په‌نجه‌ی خۆی ئاڵاند. كه منداڵ بووم گۆڕه‌پانی دڵم له ئێستا گه‌وره‌تر بوو، هێنده‌ی سه‌رمایه باڵه‌خانه‌ی سته‌می لێ دروست كا. ده‌سته‌كانم له ئێستا سه‌وزتر بوون، هێنده‌ی بارانی بێكاری دایبشۆرێ. چاوم باشتر ده‌یدیت، هێنده‌ی بڕوانمه لوتكه‌ی كێوی كوشتاری ئه‌م خه‌ڵكه. ده‌روونم پڕ كانی تر بوو، هێنده‌ی گۆزه‌ی خۆشه‌ویستی خۆی له قوژبنی سه‌رمایه مت كا. هۆ هاوڕێكه‌م ! منیش وه‌ك تۆ قه‌ت چاوه‌ڕوان نیم، ئاهه‌نگی ڕهشبهڵهكم بۆ ساز بدرێ، به‌ڵكو له جیاتی لیكی گه‌رمی زاری دڵداره‌كه‌م، ڕه‌نگه بارووتی گولله‌یه‌ك بڕژێته ناو ده‌مم. یا هه‌ر هیچ نه‌بێ، به‌ر له‌وه‌ی كۆرپهمان ببێ، ئه‌و ده‌ستانه‌م بقرتێنن، كه له‌ناو قه‌دی هاوسهرهكهمی ده‌هاڵێنم. ئۆف هاوڕێكانم، هه‌موو شتێكمان جیاوازیه ! ئه‌وان له‌ناو په‌تۆی ڕه‌نگاڵه‌ی ئاسمان نه‌بێ نانوون، ئێمه له ژێر كه‌پر و سه‌ر شۆسته و كه‌نار جۆگه‌كان. ئه‌وان به شه‌قامی زه‌رد و سوور نه‌بێ ناڕۆن، ئێمه پێڵاوه لاستیكهكانمان، له نێو ته‌پ و تۆز ده‌خنكێ. ئه‌وان كه ده‌دوێن، پۆل پۆل مشكه وشه له كونۆچكهی ده‌میان ده‌رده‌په‌ڕێ، ئێمه گوڵزاری ده‌ممان په‌پووله وشه‌ی شۆڕش و به‌رابه‌ری تێدا باڵ ده‌بزوێنێ. دڵم با بگریێ، به قه‌د تاڤگه‌ی سوێری ڕه‌نجی ساڵه‌های باوكم ! چاوم با ببینێ، به قه‌د تووكی ڕه‌شی قه‌لی ژیانی باوكم ! ده‌روونم با ڕاكشێ، به قه‌د ئه‌و لهپانهی، كه باوكم نێوچه‌وانی برسێتی ده‌خاته سه‌رێ ! دڵم با توند لێ بدات، به قه‌د دڵی ئه‌و هاوڕێیه‌م، كه شه‌قامه گه‌رمه‌كه‌ی تهمموز خوێنی وشك كرد. ئه‌ی خوا پێداوه نازیلهكان، ڕقم لێتانه ! به قه‌د خۆزگه‌ی چلوره‌ی دایكم. به قه‌د ته‌پۆلكه‌ی پشتی باوكم، كه بێ شه‌ره‌فی ئێوه چهماندیهوه. ڕقم لێتانه ! به قه‌د ئه‌و نیگا گه‌رمانه‌ی خۆشه‌ویسته‌كه‌م، كه دۆلاره‌كانی ئێوه ته‌فره‌ی دا. ڕقم لێتانه ! به قه‌د زۆری ئه‌و لاشانه‌ی، كه له بیابانه‌كان تا ئه‌به‌د ون بوون. به قه‌د به‌ژن و باڵای ئه‌و هاوڕێیه‌م، كه ئێوه له تاقیگای هه‌ڵه‌بجه كردتانه میكرۆب. ڕقم لێتانه ! هه‌تا ئه‌و ڕۆژه‌ی به پاچی شۆڕشی خۆم ده‌تاننێژم. هۆ هاوڕێكه‌م ! هه‌سته‌وه ! له جیاتی خۆت، تیمساحی برسێتی ئه‌م خه‌ڵكه بنێژه. هه‌سته‌وه ! ئه‌وه دایكت هاتووه ئه‌م جه‌ژنه له‌گه‌ڵ خۆی بتباته‌وه، خۆراكی خۆشی له ماڵ نییه، به‌ڵام یه‌ك په‌رداخه شه‌ربه‌تی ( دایه گیان ) ی له تۆ ده‌وێ. هه‌سته‌وه ! ئه‌مڕۆ له هه‌موو ڕۆژ زیاتر، چه‌قه‌ڵ له كۆڵانی شاره‌كان ده‌لوورێنن. ئه‌مشه‌و له هه‌موو شه‌و زیاتر، شه‌مشه‌مه كوێره دیواری ماڵه‌كانیان كردۆته هێڵانه. هه‌سته‌وه ! ئه‌مڕۆ له هه‌موو ڕۆژ زیاتر، شه‌ڕ له نێوان ئاده‌میزادی كوردی باڵه‌خانه و ئاده‌میزادی كوردی كارگه گه‌رمتره. هه‌سته‌وه ! مانگرتنه‌كه‌ی دهواجنیش هاتۆته ئێره، بزانه چی پێیه ! هاوڕێ شه‌هیده‌كه‌م ئه‌مڕۆش نه‌بێ سبه‌ی، ئه‌مجاره له سه‌ركه‌وتنی شۆڕشدا یادت ده‌كه‌ینه‌وه.
(( بێ‌دار ))
هه‌ولێر 29 / 3 / 1992 }.
كه‌واته ئاراس و ( ئاراسییهكان ) قاره‌مان و سه‌ربازی ونن، كه ده‌بێ یادیان بكه‌ینه‌وه؛ ئه‌و قاره‌مانانه‌ی به بێ ده‌نگی مێژووی ئازادیی بۆ ئێمه دروست ده‌كه‌ن.