
بووم به ژێر ڕۆژه خێراكانی مۆدێرنه‌وه
نامپه‌رژێت بزانم، كامه ڕه‌نگی جل و به‌رگم لێدێت
چۆن به ڕێگادا بڕۆم، ده‌م وچاوم چۆن بێت
خه‌ڵكی ڕقیان لێم نه‌بێت؟
نامپه‌رژێت سه‌ردانێكی قوتابخانه‌كه‌ی سه‌ره‌تاییم بكه‌م
له دووی ئه‌دره‌سی دڵداره كۆنه‌كانم بگه‌ڕێم
هه‌ناسه‌یه‌ك له باخچه بچوكه‌كه‌ی گه‌ڕه‌كدا هه‌ڵبمژم.
به ناو مانگ و ساڵه نادیاره‌كاندا بڵاوبوومهتهوه
بووم به ژێر ڕۆژه خێراكانی مۆدێرنه‌وه.
له ڕابردوودا زۆر شتم به‌جێهێشت
زۆر شتم له ده‌ستچوو
له دڵه‌وه تامهزرۆیانم و
بیریان ده‌كه‌م.
ڕابردووم خۆش نه‌بوو
له داهاتووشدا هیچ نابینم
ده‌روازه‌یه‌كی مین ڕێژ نه‌بێت، به‌ره‌و ڕیزێك ڕۆژی خراپ
من بانگه‌شه‌ی نائومێدی ناكه‌م
جیهان خۆی ڕه‌شه.
مرۆڤ له هه‌ر شوێنێكی جیهاندا بێت
بوونه‌وه‌رێكی ته‌نیایه
ته‌نیایی سیمای ئه‌م چه‌رخه‌یه.
من هاتوومه‌ته دونیاوه
بۆ ئه‌وه‌ی حاڵم ئاسایی نه‌بێت.
ئه‌وه‌ی وایكردووه بۆچوونم له‌سه‌ر ژیان باش نه‌بێت
په‌ڕپوتی و ناله‌باریی خۆیه‌تی
ده‌نا ئاره‌زووم ده‌كرد ژیان به‌هه‌شت بێت و
به قهمهرهیهكی گاڵتینه پیاسه‌یه‌كی به ناودا بكه‌م.
ئه‌وه‌ی من له‌وانی دیكه جیا ده‌كاته‌وه
بیركردنه‌وه‌یه له جه‌نگه بهدفهڕهكان
له خوێنی ڕژاوی مرۆڤ
له‌و ڕۆژه‌ی زه‌وی ده‌بێته خۆڵه‌مێش.
بیر له خنكانی مرۆڤ ده‌كه‌مه‌وه
له وردوخاش بوونی ئێسكی
له‌و وشانه‌ی ده‌مانكه‌نه ئاسن
له ڕۆژێكی خۆڵبارین
ده‌بینه به‌رد.
بیر له‌و ڕۆگاره ده‌كه‌مه‌وه
دارستان به ڕاستی سه‌وزبوو
شاخ چرچ نه‌كه‌وتبوو ده‌موچاوی
هه‌وا پاكبوو.
بیر له ڕۆژێك ده‌كه‌مه‌وه
ماڵه‌كانمان پڕ نه‌ببوون له سه‌گ
خۆشی به‌مجۆره تاڵ نه‌بوو.
بیر له زۆرشت ده‌كه‌مه‌وه
له‌وشتانه‌ی دهمشێوێنن
له‌و شتانه‌ی بڕستم لیدهبڕن و
ڕێگه‌م ناده‌ن بسره‌وم.
ئه‌م سه‌ده‌یه ناو ده‌نێم
سه‌ده‌ی ته‌فروتوونابوونی مرۆڤ
سه‌ده‌ی گه‌وره‌بوونی تۆ به خوێنی من
سه‌ده‌ی ته‌قینه‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵات
سه‌ده‌ی درزبردنی ژیان
سه‌ده‌ی به‌ربوونه‌وه‌ی زه‌وی
سه‌ده‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی تاعون
سه‌ده‌ی قیامه‌تی خه‌یاڵ
سه‌ده‌ی نائومێدییه قووڵه‌كان
سه‌ده‌ی دیكتاتۆره كۆمیدییه‌كان
سه‌ده‌ی بانكی گه‌وره و
ناوی گه‌وره و
خه‌ونی گه‌وره و
جیهانی وێران
سه‌ده‌ی تێپه‌ڕبوونی تۆ به‌ناو مندا و
ڕووخانی هه‌میشه‌ییم.
هه‌مووان وه‌ك یه‌ك به‌ر ژیان ده‌كه‌وین
هه‌مووان وه‌ك یه‌ك له‌به‌رده‌م كاپیتالیزمدا به‌هامان نامێنێت
وڵاتانی زلهێز به سیاسه‌ت و هونه‌ر و ڕێكخراوه‌كانیان
كردوینیانهته مێش
به چه‌پۆك نا، به چه‌كی كۆكوژ قڕمان ده‌كه‌ن.
دیگیتاڵ سه‌ری ئاوساندووین
چاومان پڕبووه له ساندویج
فرمێسكمان بۆته كۆكاكۆلا
ئۆتۆمبێل و ژنه دڵڕه‌قه‌كانی مۆدێرنه سوارمان بوون
ته‌لاره بێتهربێتهكان بینینیان بردووین بۆ ئاسمان
ژیان له مۆدێرنه‌دا بێناموسانه فڕیوه .
ئومێدم به جیهان نامێنێت.
زه‌وی به ده‌ست ته‌كنه‌لۆژیاوه گچكه‌تر ده‌بێت
په‌یوه‌ندییه‌كان بوونه‌ته دوگمه
ده‌ستمان به ڕاستی به‌ر پێستی یه‌كتر ناكه‌وێت
به ڕاستی بۆنی یه‌كتر ناچێت به سه‌رماندا
به‌ڕاستی له‌ره‌ی ده‌نگی یه‌كتر نابیستین
ئومێدم به جیهان نامێنێت.
مۆدێرنه گویكردۆته هه‌ستمانه‌وه
ئێستا كه ئه‌م شیعره ده‌نوسم
به چات سێكس له‌گه‌ڵ هۆمۆیهك ده‌كه‌م له ئه‌مریكا
وێبكامهكهم له‌سه‌ر چوكم داناوه بۆ ژنێكی 70ساڵ له پاریس
ئێمه له یه‌كتر تێناگه‌ین
زمانی سێكس هاوبه‌شه.
ئومێدم به جیهان نامێنێت.
جوانی له شه‌قامه‌كانی مۆدێرنه‌دا فه‌رامۆشه
ته‌نیایی له فه‌وزای ڕۆژه‌كاندا شوێنێك نییه ئۆقره‌ی تێیدا بگرێت
ئه‌خلاق ده‌ستبه‌سه‌ره لای جه‌نگه‌كانی ڕاگه‌یاندن
هه‌ر ساته‌ی ناخمان به جۆرێك ده‌گۆڕین
درۆ ده‌كه‌ین ده‌قیقه‌یه‌ك بڕده‌كات
ماسك نه‌بێت هه‌موو ده‌مرین
تێرۆر له ته‌نیشتماندا وه‌ك ئێمه ده‌ژی و
گوو ده‌كاته ناوه‌ڕاستی ژیانه‌وه.
ئومێدم به جیهان نامێنێت.
تونێل و پرده‌كانی مۆدێرنه به‌ناو ئێمه‌دا ده‌ڕۆن
ماركێته‌كانی له ئێمه‌دا خۆیان ساغ ده‌كه‌نه‌وه
شوشه و نایلۆن و دهبهكانی له ئێمه‌دا نوقم ده‌بن
مه‌لهاكانی جمه‌یان دێت له ڕۆحی كوژراوی ئێمه
كافتریاكانی پڕن له ئه‌ڤینی له‌قوتونراو بۆ ئێمه.
ئومێدم به جیهان نامێنێت.
گریان بوو به شه‌رمه‌زاری
شاعیره‌كان به بازرگان
شۆڕشگێڕه‌كان به په‌ناهه‌نده
مامۆستاكان به شه‌للاتی
ئومێدم به جیهان نامێنێت
له گه‌ردێك ئاو ده‌چین، له ئاسمانێك ته‌مدا
سه‌یركه چه‌نده بچوكین
له ئاهێك ده‌كه‌ین، له گه‌رده‌لولی بیاباندا
سه‌یركه چه‌نده ونیین
كه‌س له كه‌س تێناگات
بوار نه‌ماوه بۆ بێده‌نگی
كهللهمان بووه‌ته ته‌نه‌كه‌یه‌كی به‌تاڵ
له تاو پیسی وه‌خته شه‌ق ده‌به‌ین.
له ڕۆژه‌كانی مۆدێرنه‌دا كه‌س عاشق نابێت
مایه پووچن ئه‌وانه‌ی ده‌سوتێن
كه‌س خه‌ون نابینێت
خه‌یاڵ مایه‌ی به‌دبه‌ختییه
ده‌بێت شه‌و و ڕۆژ له خودا بپاڕێبنهوه
بمانكوژێت خودا بمانكوژێت.
نه به عاره‌ق و ویسكی خواردنه‌وه
نه به جگه‌ره و نێرگهلهكێشان
نه به ئه‌فیون و كۆكاین و هێرۆین
نه به ئارتین و سۆماڵدرین و بیلمۆ
ژیان به‌ڕێوه‌ناچێت.
له مۆدێرنه‌دا تاقه‌تت نییه بژیت
ده‌ته‌وێت تێیپه‌ڕێنیت.
ئه‌م ڕۆژانه بۆ مرۆڤ نه‌كراون
مرۆڤی ڕاسته‌قینه به‌رگه‌ی ئه‌م ڕۆژانه ناگرێت.
بووم به ژێر خێرایی ئه‌م ڕۆژانه‌وه
ماندوو ماندوو ده‌ڕۆم و
تێیناپهڕێنم.
وه‌ك ئه‌م شیعره له جێی خۆمم.
له ژماره (60)ی گۆڤاری (گه‌لاوێژی نوێ)دا بڵاوبۆته‌وه.