
ئۆفیسه‌که‌ی کافکا … حه‌مه مه‌نتک
ئاشکرایه له‌نێو ئه‌ده‌بیاتی جیهانییدا، شێوازێکی گێڕانه‌وه‌یی، که به شێوازی کافکایی ناسراوه چه‌ندین ساڵه په‌یدابووه. کافکا به ڕۆمانه‌کانی شێوازێک و فه‌زایه‌کی تازه‌ی بۆ گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌کانی نێو ڕۆمان داهێنا. ته‌نانه‌ت چه‌مکی ( کافکاییزم)، که واتای ڕێبازی کافکایی ده‌گه‌یه‌نێ هاتۆته ئاراوه. که‌م ڕۆماننووسی دنیا هه‌یه، به جیهانبینی و دنیای کافکا سه‌رسام نه‌بووبێت.
یه‌کێک له‌و ڕۆماننووسانه‌ی به شێوه‌یه‌کی سه‌یر به کافکا و جیهانبینییه‌که‌ی سه‌رسامه، (میلان کۆندێرا)ی چیکییه. ئه‌م ڕۆماننووسه هێندێک شتی له‌و دنیا سه‌یره‌ی کافکا دۆزیوه‌ته‌وه، که‌م ڕه‌خنه‌گر هه‌یه، له‌وێوه دنیای کافکای دیبێت. له ڕێی ئه‌م بۆچوونانه‌ی (میلان کۆندێرا)وه خوێنه‌ر زێتر به ته‌کنیک و جیهانبینی کافکا له‌نێو ڕۆمانه‌کانیدا ئاشنا ده‌بێت. ئه‌م ڕۆماننووسه(کۆندێرا) چه‌ند کتێبێکی بۆ کوردیی وه‌رگێڕدراوه. چه‌نده له نووسینی ڕۆماندا شاره‌زایی هه‌یه، هێنده‌یش له بواری تیۆریی ڕۆماندا شاره‌زایی هه‌یه، بێگومان ئه‌ویش له ئه‌نجامی وردبوونه‌وه و تیڕامان له ڕۆمانه نایابه‌کانی جیهان، به تایبه‌ت ڕۆمانه‌کانی کافکا و ڕابیلێ. ئه‌م خوێندنه‌وانه‌ی کۆندێرا هێنده‌ی دیکه، شاره‌زایی ئه‌و له ژانری ڕۆمان ده‌رده‌خه‌ن. ڕه‌خنه‌گرانی ئه‌ده‌بی بۆ ڕاڤه‌کردنی جیهانبینی و ته‌کنیکی ڕۆمانه‌کانی کافکا، زێتر پشتیان به ده‌قی ڕۆمانه‌کانی به‌ستووه، به‌ڵام کۆندێرا له ڕێی گه‌ڕانه‌وه بۆ نامه‌کانی کافکا بۆ باوکی، میلینیا، فلیس…تاد. هه‌وڵی ڕاڤه‌کردنی جدیهانبینی کافکای داوه.
یه‌کێ له‌و سیمایانه‌ی تایبه‌ت به دنیای ڕۆمانه‌کانی کافکایه، ئه‌و ئۆفیسه‌یه‌تی، که کاری تێدا کردووه. کۆندێرا چه‌ند سیمایه‌کی جیهانبینی کافکا دیاری ده‌کات. وه‌کوو هه‌میشه کاره‌کته‌ری ڕۆمانه‌کانی کافکا سزادراون به‌بێ ئه‌وه‌ی تاوانێکیان کردبێ، ناچار ئه‌و کاره‌کته‌ره له ڕێی بیرکردنه‌وه له‌و سزایه‌ی بۆی دانراوه هه‌وڵده‌دا تاوانێک، گوناهێک بۆ خۆی بدۆزێته‌وه. ئه‌مه سیمایه‌کی دیاری کافکاییزمه. ئه‌و ئۆفیسه‌ی بۆ نموونه کاره‌کته‌ری ڕۆمانی ( به‌دگۆڕان)، یان ڕۆمانی (دادگایی) وه‌کوو فه‌رمانبه‌ری میریی کاری تێدا ده‌کات. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه ئۆفیسی کارکردنی کاره‌کته‌ری نێو ڕۆمانه‌کانی کافکا چ واتا و ده‌لاله‌تێکی هه‌یه؟ کۆندێرا وه‌رامی ئه‌م پرسیاره‌مان ده‌داته‌وه، ده‌نووسێت: (( ده‌توانین وه‌ڵامه‌که له نامه‌یه‌کدا بدۆزینه‌وه که بۆ میلینای نوسیووه { ئۆفیس دامه‌زراوه‌یه‌کی گه‌وج نییه، زیاتر له سه‌مه‌رییه‌وه نزیکه تا گه‌وجی.} ئه‌م ڕسته‌یه یه‌کێک له گه‌وره‌ترین نیهێنییه‌کانی کافکای تێدایه، ئه‌و توانیویه‌تی ئه‌وه ببینێت که هیچ مرۆڤێک نه‌یبینیوه. ئه‌و ته‌نیا هه‌ر دیارده‌ی بیرۆکراتی به نیسبه‌تی مرۆڤه‌وه نه‌بینیوه، به نیسبه‌تی مه‌رجه‌که‌ی و ئاینده‌که‌یه‌وه و هیچی تر، به‌ڵکو ئه‌و هێزه شیعرییه‌یه په‌نهانه‌شی بینیه‌وه که له مۆرکی تارماییانه‌ی ئۆفیسه‌کاندا هه‌یه، که ئه‌مه‌ش زۆر سه‌رساممان ده‌کات.))1 به بۆچوونی کۆندێرا ئۆفیسی کارکردنی کاره‌کته‌ر له ڕۆمانه‌کانی (دادگایی، کۆشک، به‌دگۆڕان)دا به شێوه‌یه‌ک وێنا ده‌کات، که ته‌نێ شوێنێک بۆ کارکردن نییه، به‌ڵکوو ده‌لاله‌تی دیکه‌ی هه‌یه. ئه‌و ده‌لاله‌تانه‌ی که‌م خه‌ڵک د‌رکی پێده‌که‌ن. ته‌نانه‌ت بۆچوونی کافکا له‌مه‌ڕ ئۆفیسی کارکردن، که به دامه‌زراوه‌یه‌کی سه‌یروسه‌مه‌ره‌ی ده‌داته قه‌ڵه‌م ده‌هێنێته‌وه. ئۆفیس له‌کن کافکا شوێنێکه بۆ کوشتنی تواناکانی مرۆڤ، شوێنێکه بۆ داگیرکردنی مرۆڤ. کاتێک ( گریگۆری سامسا)ی کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کیی ڕۆمانی ( به‌دگۆڕان) به‌یانی خه‌به‌ری ده‌بێته‌وه و خۆی به ده‌عه‌جانی ده‌بینێت، تاکه خه‌می ئه‌و ئه‌وه‌یه چۆن بۆ ئۆفیسی کاره‌که‌ی بچێت. ئۆفیس ئه‌و سیسته‌مه‌یه مرۆڤ له‌سه‌ر یه‌ک هێڵی ژیانکردن ڕاده‌هێنێت. به‌یانی له خه‌و هه‌ڵسه وه‌کوو فه‌رمانبه‌رێک ده‌چیت بۆ ئۆفیسی کارکردن، دوای ته‌واوبوونی کار، یه‌کڕاست بۆ ماڵه‌وه، به‌یانیش هه‌مان شێوه‌ی سیسته‌م پاته ده‌بێته‌وه. ئه‌م شێوه ژیانه، له‌کن کافکا له ژیانی واقیعیی خۆیدا بوونی هه‌بوو، به‌ڵام ڕۆماننووس به شێوه‌یه‌ک گوزارشتی له‌م شێوه ژیانه‌ی خۆی کردووه، که ئۆفیس به هه‌مان شێوه‌ی سیسته‌می باوکی ( سیسته‌می باوک له ماڵه‌وه) کاریگه‌ری له ژیانی کافکادا کردووه. که‌واته ڕۆماننووس له ژیانی واقیعیی خۆیدا له‌ژێر باری دوو سیسته‌مدا ژیاوه. ئۆفیس به دیوێکی دیکه‌دا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی سیسته‌می کۆمه‌ڵگایه. دامه‌زراوه‌یه‌که سیسته‌مه حوکمڕانییه خۆسه‌پێن و دیکتاتۆرییه‌کان له ڕێیه‌وه تاکه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگای پێ کۆنتڕۆڵ ده‌که‌ن. کۆندێرا له‌باره‌ی ئه‌مه‌وه له ڕۆمانی (دادگایی) کافکا نموونه‌یه‌کمان بۆ ده‌هێنێته‌وه. (( له کاتدرائییه‌که‌دا کاهینه‌که به جۆزیف.ک ده‌ڵێت: ( من سه‌ر به دادگام.) هه‌روه‌ها لای کافکا پارێزه‌ره‌کان خزمه‌تی دادگا ده‌که‌ن.))2 ده‌وڵه‌ت له ڕێی دامه‌زراوه‌کانییه‌وه، هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دا تاکه‌کان خزمه‌ت به‌و سیسته‌مه بکه‌ن، که خۆی دایناوه. ده‌بینین کاره‌کته‌ر (ک) له ڕۆمانی (دادگایی)دا پارێزه‌ره‌کان خزمه‌تی دادگا ( وه‌کوو دامه‌زراوه‌یه‌کی حکومی) ده‌که‌ن، نه‌ک تاوانبار. کۆندێرا له ڕێی ئه‌م ڕاڤه‌کردنانه‌یه‌وه هه‌وڵی ڕاڤه‌کردنی داگیرکاری چیک له‌لایه‌ن ڕووسیاوه ده‌کات. ڕووسیا سیسته‌مێکی کۆمنیستی بۆ چیکییه‌کان هێنا. له‌ڕێی دامه‌زراوه‌کانی خۆیه‌وه هه‌وڵی سه‌پاندن و پێڕه‌وکردنی ئه‌م سیسته‌مه‌ی به‌سه‌ر تاکی چیکییدا ده‌دا. کافکا له ڕێی ئۆفیسه‌وه سیسته‌مێکمان نیشان ده‌دات، که هه‌موو تاکه‌کان به نائاگایی پێڕه‌وی ده‌که‌ن. ڕۆمانه‌کانی ناوبراو ده‌قگه‌لێکن زه‌مه‌نیان بڕیوه. ئه‌ویش به هۆی ئه‌و خوێندنه‌وه نوێیانه‌ی به پێی سه‌رده‌کان بۆ ئه‌و ڕۆمانانه ده‌کرێت. له‌کن (بارت) (( بنه‌ڕه‌تترین تایبه‌تمه‌ندی هه‌ر ده‌قێک، سریشتی فره‌لایه‌نێتی ئه‌و ده‌قه‌یه: ده‌ق خه‌سڵه‌تی کورت نه‌بوونه‌وه‌ی هه‌یه و هه‌ڵگری خوێندنه‌وه‌ی په‌یتا په‌یتا و ڕاڤه‌ی سه‌ر له نوێیه.))3 ئه‌مه خه‌سڵه‌تی ده‌قه‌یلی کافکایه. ئاماژه‌دان به ئۆفیسێک ئه‌و ڕاڤه‌ی لێ ده‌بێته‌وه، هه‌میشه ئه‌و چه‌مکانه‌ی ڕۆماننووس له نێو ڕۆمانه‌کانیدا هێناویه‌تییه‌وه، به پێی سه‌رده‌مه‌کان ڕاڤه‌ی تازه‌یان بۆ ده‌کرێت. که‌واته ده‌قه‌کانی ئه‌م ڕۆماننووسه، ده‌قه‌یلی زه‌مه‌نبڕن. ئه‌و تێمانه‌ی ڕۆماننووس وه‌کوو تێمه‌ی به ده‌عه‌جانبوون، تاوانبارکردن، سیسته‌می حکومکردن، گه‌ڕانی کاره‌کته‌ر بۆ ئه‌وه‌ی گوناهێک بۆ ئه‌و سزایه بدۆزێته‌وه، که دراوه‌ته پاڵی. ئه‌م تێمانه به درێژایی ساڵانی دوای مردنی کافکا، هه‌میشه کاریان له‌باره‌وه ده‌کرێت، هه‌موو کارکردنه‌کانیش شتی تازه‌ی لێ به‌رهه‌مدێنن. ئه‌و تێمانه هه‌مووی له ژیانی واقیعیی ڕۆماننووسدا ڕوویانداوه، به‌ڵام ڕۆماننووس له ڕێی ته‌کنیکی گێڕانه‌وه‌وه واقیعێکی دیکه‌ی دروست کردووه. ڕاستگۆییه‌کی ته‌واو له ڕۆمانه‌کانی کافکادا هه‌یه، به‌ڵام ڕاسته‌گۆییه‌ک جودا له واقیعیی ژیانی. ڕاستگۆیی کافکا ((دۆزینه‌وه‌ی ئاسه‌واری ژیانی له ڕۆمانه‌کانیدا ده‌ری ده‌خات، که شێوه ژیانی ڕۆماننووس دواجار چه‌نده له به‌رهه‌مه‌کانیدا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه.))4 کافکا نایه‌ت واقیعێکی ڕووتمان بۆ بگێڕێته‌وه، یان ڕووداوه‌کانی ژیانی هێنده فانتازی بگێڕێته‌وه له درۆ نزیک بێ.
ئۆفیس لێره‌دا ده‌بێته شوێنێک، که مرۆڤ خۆی تێدا ون ده‌کات. ڕێکوڕاست وه‌کوو ئۆفیسی فه‌رمانگه‌کانی ئه‌م هه‌رێمه‌ی خۆمان. خوانه‌کا ئیشێکت له فه‌رمانگه‌یه‌ک هه‌بێ. له‌م ژوور بۆ ئه‌م ژوورت ده‌به‌ن، وات لێده‌که‌ن خۆتی تێدا بزر بکه‌یت. ئه‌م هێنان و بردنه‌ی مرۆڤه‌کان له ئۆفیسه‌کاندا بۆ کۆنتڕۆڵ کردنیه‌تی، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر کارێکت له شاره‌وانییه‌ک هه‌بێ، جگه له‌وه‌ی ده‌یان ئۆفسیت له‌م شاره‌وانییه پێده‌که‌ن، ده‌تنێرن بۆ فه‌رمانگه‌ی کاره‌با، دواتر بۆ فه‌رمانگه‌ی ئاو…تاد. ئه‌مه بزرکردنی تاکه‌کانه. تێمه و شێوازی کارکردنی کافکا بۆ ئۆفیسی کارکردن له‌گه‌ڵ سه‌رده‌م و سیسته‌می حومکڕانی ئه‌م هه‌رێمه ڕێک دێته‌وه، به‌ڵام له ئه‌ورووپا ئه‌م سیسته‌مه کارگێڕییه هه‌مووی له ڕێی ئینته‌رنێته‌وه ئه‌نجام ده‌درێت. ئه‌و سیسته‌مه‌ی کافکا به‌رباسی ده‌دا تاکێک به‌رهه‌م دێنێت، که هه‌ڵگری هیچ نهێنییه‌ک نه‌بێت. هه‌موو شتێکی ڕوون و ئاشکرا بێ، هیچ شتێک له ده‌وڵه‌ت نه‌شارێته‌وه. تاکێک بێت شتی شاراوه‌ی نه‌بێت. ئه‌مانه هه‌موو له ڕێی ئۆفیسه‌وه ده‌بێت. ئه‌مه ئه‌و شێوازه‌یه ڕۆماننووس کۆمه‌ڵێ لایه‌نی سیسته‌می کارگێڕی و حوکمداریی و ژیانی واقیعیی له ڕێیه‌وه گیڕاوه‌ته‌وه. لێره‌دا پرسیارێک دێته‌پێش، ئایا ڕۆماننووسانی کورد چۆن له‌باره‌ی ئۆفیسه‌وه کاریان کردووه؟ وه‌رامی ئه‌م پرسیاره به توێژینه‌وه له کارێکی تردا ده‌ده‌ینه‌وه.
سه‌رچاوه و په‌راوێزه‌کان:
1. پێکه‌نین و بیرچوونه‌وه، میلان کۆندێرا، و: ئاوات ئه‌حمه‌د، ده‌زگای سه‌رده‌م، سلێمانی، 2002، ل135- 136.
2. سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل137.
3. توێژینه‌وه‌ی تیۆری ئه‌ده‌بی، ڕاجێر وێبستێر، و: عه‌بدولخالق یه‌عقووبی، ده‌زگای موکریان، هه‌ولیر، 2006، ل51.
4. زمان ئه‌ده‌ب و ناسنامه، د.هاشم ئه‌حمه‌دزاده، ده‌زگای ئاراس، هه‌ولێر، 2012، ل364.