
بە داخەوە … نەوزاد بەندى
-1-
ساندرێلا ،
لاى ئێمە ،
مێروولە تێى دا ..
خۆشەویستى
وەک محەلەبى کرایە قاپى فەخفوری ،
مێزى بێ سەرەتا و
بێ کۆتایى ،
جەردەکانى پێ ڕازێنرایەوە ..
( ژو تێمى لارا فابیان ،
لاى ئێمە کەڕوو تێى دا ..
فارئە وەى -دینسرۆس ،
توشى ئەکزیما بوو ،
درا بە لیژنەى سوتاندن و
لە جیاتى ئەو ،
داوەتنامەى فەرمى هەیفا وەهبى کرا ..
ئومکەلسوم و هایدە ،
توشى تالاسیمیا بوون و
لەبەردەم بانکى خوێنى سیاسەتا،
سواڵى پاینتێک خوێنیان کرد ..
حەسەن زیرەک و ماملێ لە بنکەیەکى دابەشکردنى موچەى خانەنشینیدا ،
هێندە هەتاو داى لە تەپڵى سەریان ،
بورانەوە و ..کەسیش نەیبردن بۆ ئیسعاف فەورى ..
لە جیاتى ئەوان ، نیو کیلۆ زێڕ درایە عادل ئیمام ،
لە جیاتى ئەوان ،
نانسى عەجرەم ،
لەسەر شانۆیەکى هەولێر ،
پەلامار درا … )
شیعرەکانى ئەلیزا و ئەراگۆن
لاى ئێمە
دەسکارى کران ،
بۆ ئەوەى لەگەڵ داشبوڵى
ناوزەردى
رانجرۆڤەرا بگونجێن ..
-2-
شەقامەکانى ئەدەب ،
پێویستیان بە دامەزراندنى کۆمەڵێ پۆلیسى مرورە ..
(هەزارەها شیعر پێویستیان بە وەسڵى سزادانە ..
هەزارەها چیرۆک پیویستە حیجز بکرێن ..
سەدان شاعیر ،
پێویستە مۆڵەتى شۆفێرییان لێ بسێنرێتەوە ..)
پێویستە خولى شۆفێرى
پیت و
وشە و
ڕستەیان بۆ بکرێتەوە ..
تیایاندا هەیە حەق وایە زیندان بکرێن ..
لێبوردنى گشتیش نەیانگرێتەوە ..
-3-
لە ئیسپانیا
لە مەیدانى زۆرانبازى گا ،
زۆرانبازێک بە ناوى ئەلڤارۆ مۆنێرا ، هەرچەند تیرى کرد بە پشتى گاکەدا ،
تووڕە نەبوو ..
نەوروژا ..
بەڵکو بە هێمنى و بە چاوى بەزەییەوە ،
بۆ ئەلڤارۆى ئەڕوانى ..
(ئەلڤارۆ مۆنێرا خۆى پێ ڕانەگیرا ..
لەبەردەم گاکەدا چۆکى دادا و
لە پڕمەى گریانى دا )
من ئەڵێم ئەو گایە شاعیر بووە ..
ئەى ئێوە ئەڵێن چى ؟؟
-4-
خودا ،
بۆ وشکە ساڵى ناخى پیاو ،
ئافرەتى نارد ،
وەک ڕووبار ..
وەک گەواڵە هەور
وەک دەریا …
( من سەرم ڕووبارێ بردى ..
دڵم هەورە بروسکەى گەواڵە هەورێ سوتاندى ..
داهاتویشم ،
لە دەریایەکدا نقوم بوو .. )
-5-
لە سێبەرى گوێسەوانەى ماڵێکى ڕووە و کەرکوک ،
دادەنیشتین ..
یاریەکانى مناڵیمان بڵاو ئەکردەوە ،
هەموویان دەسکرد بوون ..
خۆمان دروستمان ئەکردن ..هەر لە گلۆر ..
هەر لە عەرەبانەى تەل ..
هەر لە هەلوکێن ..
( ئێمە مناڵیى خۆمان دروست کرد ،
بۆیە لە یادمان ناچێتەوە ..
لاویمان چەتیوێ فڕاندى ..)
ئەسەفم تەنها بۆ مناڵییە ..
ئەو دوڕە گرانبەهایەى کە ڕۆژگار لێى دزیم ..
-6-
چەند کاربەدەستێ ،
لە کەلاوەیەکدا ،
دەرپێى شیعرێکیان داکەندبوو ..
خ ە ر ی ک ى بون ..
-7-
خودا غەفور و رەحیمە
هەروەها شەدیدولعیقابە ..
( چەند غەفور و ڕەحیم بوو کە منداڵیى پێ بەخشین ..
چەند شەدیدولعیقاب بوو ،
کە منداڵیى لێ وەرگرتینەوە .. )
خوداى ڕەئوف و ڕەحیم ،
داواکارم هەتا منداڵیى لە منداڵەکانم ئەسێنیتەوە ،
ڕۆحم لێ وەرنەگریتەوە ..
خۆیشت باشتر دەزانى ..
ئینەکە ئەڕحەمو ڕاحیمین …
-8-
لە بازاڕ
پارە یاریمان پێ ئەکا و
سەعاتەکانمان ئەمژێ ..
لە مەیدانى جەنگ ،
پارە شەڕمان پێ ئەکا و
خوێنمان ئەڕژێ ..
( پێشنیار ئەکەم ،
هەوڵێ بدەین بۆ نەهێشتنى پارە ..
هێزی دژە پارە و
هێزى نەهێشتنى پارە ، بخرێتە لیستى هێزەکانى ناوخۆوە ..
با وەکو خالخاڵۆکە و
پەپولە و
شینە شاهۆ بژین ..)
ئەرێ ژیانى کاممان جوانترە ،
مراویەکى کێویى
یان مرۆڤێکى سەودا سەرى وەرەقەى دۆلار ؟
گوڵ ئەستێرەیەک ،
یان ئێشکگرێکى توڕەى فریاکەوتنى خێرا ؟
-9-
فرۆید لاى ئێمە بووایە ،
بە جۆرێکى تر پێناسەى مرۆڤى ئەکرد ..
ئەیوت : مرۆڤ بە دوو کەرتە دابەش بوون زیاد ئەکا ،
وەک خومرە ..
وەک بەکتریا ..
ئیسحاق نیوتن خەڵکى ئەحماوا بوایە ،
سێوەکە لە جیاتى ئیلهامى تیۆرى ڕاکێشانى زەوى لا دروست بکردایە ،
تووڕە و دەهریی ئەکرد و
دار سێوەکەى ئەبڕیەوە و
ئەیوت : دەى فەرموو ! سەگبابخێو !بزانم ئێستا ئەتوانی سێومان تێبگری ؟
ئانیشتاین خۆماڵى بووایە ،
تیۆرى نیسبى نەئەنوسى
بەڵکو ئەبوو بە ڕاوێژکارى وەزیرى دارایى ..
پۆشکین و مایکۆفسکى و ئێدگار ئاڵن پۆ ،
کوڕى سابونکەران بوونایە ،
ئەبوون بە سێ شێتى ناودارى شار ..
یەکەمیان لەبەردەرگاى مزگەوتێک ڕەق ئەبۆوە ..
دووەمیان حاجییەکى دوکاندار کیلۆیەکى ئاسنى ئەماڵى بە تەوێڵیا و خپى ئەکرد ..
سێیەمیان ئوتومبیلێک ئەیشێلا ..
هەرسێکیشیان ( بە پێى ڕاپۆرتى پزیشکى دادوەریى )دەستدرێژى سێکسییان کرابووە سەر ..
ولیەم شکسپیر لە سەرکارێز چاوى بەدونیاى فانى هەڵهێنایە ،
ئاڵودەى قۆچەقانى ئەبوو ،
دواجار لە شەڕى براکوژیى نەعلەتیدا ،
شەهید ئەکرا و
لە مەشهەدێکى (گەردەلولدا ) نیشان ئەدرا ..
ئەوسا ئەو هەزاران هەزار خێزانەى کە لەسەر شانۆکانى ئەو ئەژین ،
لە برسانا ئەمردن !!
ولیەم فۆکنەر لە زەرگەتە بانگ بە گوێچکەیدا بدرایە ،
چوار جار سنوورى ئەبەزاند و
هەر چوار جارەکە سنورداش ئەکرایەوە ..
سوپاس بۆ خوا ،پێنجەم جار بۆى دەرئەچوو ..!!
مۆلێر لە پیرمەسوور لەدایک بووایە ،
ئەبو بە تۆبەکارى شێخ و
لە ژێر دارتووەکەى حاجى حاندا ،
عومرى درێژى بۆ ئێوە بەجێ ئەهێشت ..
شەماڵ سائیب لە پاریس بووایە ،
بیتهۆڤنێکى تر ..
ڤاگنەر و باخێکى تر پەیدا ئەبوو ..
قوبادى جەلیزادە لە کۆڵانێکى لەندەن ڕۆحى بکرایە بە بەرا ،
بایرۆنێکى تر ..
نیرۆدایەکى تر ، لە پایتەختى تەم و مژ پەیدا ئەبوو ..
چاڕلس دیکنز لە شەهیدانى ئازادى لە دایکبووایە ،
بەڕووى ئەفرۆشت و
ڕۆژێکیان کوڵەوەیبابێکى دار بەڕووەکان پێوەى ئەدا و
مەلا بە یاسیندا نەئەگەیشت ..
فرانز کافکا لە ئیسکان بهاتایەتە دنیاوە ،
هەلى خوێندنى بۆ نەئەڕەخسا و
ڕۆژێکیان لەگەڵ پۆلیسى بەردەرگاى نەخۆشخانەى سنگ ،
ئەیکرد بە شەڕ و
ئەیانکرد بە قوربانى دوو فیشەکى ڕوسى ..
بڕوانن بۆ دارا حەمە سەعى ،
وازى لە پەیکەر تاشیى هێناو
بە شەڕواڵێکى تاکەوە ،
بە نێوەندى سەوزە فرۆشەکانى مزگەوتى گەورەدا ،
زۆر جار ئەیبینم ..
ئەو لە ڕۆما ناوکییان ببڕیایە ،
مایکل ئەنجیلۆیەکى تر لە دایک ئەبوو ..
( وەکى دەرێن )خودا بە خۆیشى دەیزانێ …
-10-
لە پۆلى دووى ناوەندى ،
لە موعەدەلى پێش نیوەى ساڵ ،
سێ سفرم تیا بوو .. ؟
(ئەى ئێوە چەند سفرتان تیا بوو ؟؟)
عومەر شاڵى بەڕێوەبەرمان بوو ،
وتى : باوکت بانگ نەکەى ، ناهێڵم دەوام بکەى ..
(ئەى ئێوە ؟؟ )
بە بلوسێکى توکنەوە ،
لە نێوان باوکم و عومەر شاڵیدا ڕاوەستا بووم ..
( ئەى ئێوە ؟؟ )
عومەر شاڵى ئەیوت : داناڕزێى ؟ باوکت ئەو هەمو خزمەتەت ئەکا ..
نانت ئەداتێ
جلت بۆ ئەکڕێ ..
(ئەى ئێوە ؟؟ )
ویستم بڵێم : کە مریشک ئەکوڵێنن ،
پشتە ڕەق و تەقەکەى ئەدەن بە من ..
بڕوانە جلەکانیشم ، لە پەڕۆى کاشى سڕین ئەچن ..
(ئەى ئێوە ؟؟ )
بەڵام نەموێرا قسە بکەم ..
( ئەى ئێوە ؟؟ وێراتان ؟؟ )
باوکیشم ئەیوت : مامۆستا گیان !
داواکارم هەتا ئەتوانن فەلاقەى بکەن ..
منیش لە ماڵەوە قسوورى لێناکەم ،
بەڵکو ببێ بە بەشەر ..
(ئەى ئێوە ؟؟ )
لە موعەدەلى نیوەى ساڵدا ،
سێ سفرەکەم کرد بە پێنج ..
ئیتر بەڕێوەبەر بە هێواشى پێى وتم :تەواو !
ئارەزووى خۆتە .. !!
( ئەى ئێوە ؟؟ )
لە موعەدەلى سەعى سەنەوى هەموو سفرەکانم پڕ کردەوە ..
سەرى ساڵ دەرچووم ..
باوکم نەیوت : ئافەرین ..
( ئەى ئێوە ؟؟ پێى وتن ؟؟ یان نا ؟؟ )
-11-
یەکەم کچ خۆشم ویست ،
نەخۆش بوو ..
دووەم کچ ، مەدفەعێکى ئێران لێیدا ،
(کاتێ برادەران پاسداریان گەیاندبووە جێیەک ،
بتوانێ سلێمانى لە نیعمەتى
مەدفەع بێبەش نەکا )
سێیەم کچ ،
هەرچەندم کرد بۆم نەخرایە ناو چوارچێوەیەکى شیعرەوە ،
ئیتر شوى کرد بە بازرگانێ ..
دواجار بۆم دەرکەوت ،
خۆشەویستى تەنها لە کتێبەکاندا خۆشە ،
نە ناز هەڵگرتنى ئەوێ ..
نە دەست ماچکردن ..
نە ئاڵتون هەڵگرتن ..
نە خانوو ..
نە قەنەفە و بەفرگرە و کەوچک ..
نە مناڵى تێ دەکەوێ ..
نە شەڕ ..
نە تەڵاق ..
نە پیربوون و چرچ و لۆچ بوون ..
وەکو ئاناکارنینا و
دێزدەمونا و
جەمیلە ..