Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
مانەوە لە ئاوێنەدا … ڕزگار عومەر

مانەوە لە ئاوێنەدا … ڕزگار عومەر

Closed

 

 

 

        بیرەوەریەکی سەردەمی مناڵیی خۆمم هەیە زۆجار  پەنای بۆ دەبەم ، ساڵانێکی زۆر لەمەوبەر باوکم ئاوێنەیەکی هەبوو بۆ ڕیش تاشین لە بەردەم خۆی دادەنا. ئاوێنەکە لەو بابەتانە بوو کە دیوێکی بە بچوکی نیشانی دەداو دیوەکەیتر زۆر بە گەورەیی . هەموو جاران کە لە ڕووە ئاسایەکە سەیری خۆم دەکردو شانەم لە قژم دەدا وەکو زۆربەی مێردمناڵ و هەرزەکاران خۆم پێ قۆز بوو ! بەڵام کە لە دیوەکەیتر سەیری خۆم دەکرد قەلەق دەبووم ، چونکە بە گەورەکراویی نیشانی دەداو هەستم بە ناشیرینی دەکرد چونکە : زیبکە ، هەندێ جار تامێسکە ، هێڵی بەجێماوی سپی لە سەرپێستی نێوچەوانم هی سەرشکانەکانی پێشوی هەمووی دەردەخست . بۆیە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خۆم لەبەکارهێنانی ئەم ڕووەی ئاوێنەکە دەدزیەوە ، بە پێچەوانەی باوکم کە بەبێ ئەم ڕووەی ئاوێنە وازی لە ڕیش تاشین نەدەهێنا ، ئەم دوو شێوازە لە بەکارهێنان لە لۆژیکی کۆمەڵایەتیدا پێناسەی دوو خیبرەی جیاوازن لە ژیان لە نێوان باوکێک و کوڕێک ، ئەگەریش ئەم دوو شێوازەی لەبەکارهێنان ئیستیعارە بکەین بۆکایەی سیاسی دەبینین دوو میکانیزمی جیاواز لە ئارادایە لە چۆنیەتی خۆبینین . یەکێکیان هەست کردنی بە دڵنیایی تیایەو سیاستەمەدار هەست دەکا دونیا بە دڵی ئەوە ، ئەوەیتریشیان مایە دوودڵی وگومان دەبێ چونکە بە گەورەکراوی عەیب وعاری کردارەکان و مەنهەجی ئیش کردنمان پێ نیشان دەدا .

       لە گەڵ کەسایەتیەکی سیاسی حیزبێکی سەر دەسەڵات مشت و مڕێکی هێمنانەم هەبوو لەسەر قەیرانی تەریک بوونەوەی سیاسی ، کە زۆرجار ماناکەی وون دەبێ لە نێوان  پرسیاری ” کێ لەسەر دەسەڵاتە ؟ ” چونکە عەقڵی پەنای ئەم پرسیارە دەرکی قوڵی مانای تەریک بوونەوە ناکا کە پەیوەندی بە تینی بە دوو کۆنسێپت یان دوو جۆر لە ” مانەوە ” هەیە لە سیاسەت . (مانەوە لە سیاسەت ) لە گەڵ ( مانەوە لە دەسەڵات ) سەرەڕای هاوبەش بوونیان لە زۆر بناغەدا ، بەڵام هەڵگری دووتایبەتمەندی جیاوازن و لە زۆر حاڵەتی مێژوویشدا دوو چارەنوسی جیاواز بۆ ئەو حیزب و بزوتنەوە سیاسیانە دەهێنن کە پیادەی یەکێک لەم دوو شێوازە دەکەن . 

حوسنی موبارەک و ڕژێمەکەی بە ڕوونی و دڵنیایی ( مانەوە لە دەسەڵات )یان هەڵبژاردبوو بۆ نزیکەی نیوسەدە ، ڕەگەکانی تەریک بوونەوەش هەر لە ڕۆژانی یەکەمی ئەم ئیختیارەدا بە هاوتەریبی گەورەدەبوو لەگەڵ ئەزموونەکەیان . گرفتی کرمێ بوونی ئەزمونەکەی ئەوان و هاوشێوەکانیان ئەوەیە کە هەڵگری هیچ جۆرێک لە پلۆرالیزمی سیاسی نین لە جەستەی خۆیان ، واتە نەفەسی ڕەخنەگرتن لە خۆ ئامادەگی نیە ، غرور یان دیماگۆجیەت ڕێگرە لە خۆ بینین وەکو پڕۆژەیەکی ڕوو لەسەری ” تەریک بوون ”  .

 بەر لەوەی حوسنی موبارەک بێتە سەر حوکم ، ئەنوەر سادات خەریکی دانانی ئەو بناغانە بوو کە نەک تەنیا حوسنی موبارەک سودی لێ بینی بەڵکوسەرۆکی ئێستای میسریش محەمد مورسی دەیەوێ ڕیزو دیواریتری بۆ زیاد بکا . ئەنوەر سادات لە ساڵانی یەکەمی دەسەڵات دەیویست ( محەمەد حسنێن هەیکەل )ی ڕۆژنامەنووس دەستەمۆ بکات و کۆنترۆڵی بکاو بیکا بە یەکێک لە حاشیەکانی خۆی ، ئەمەی بۆ نەچووە سەرو بۆ ماوەیەکی کەم خستیە زیندانەوە ، گفتوگۆیەکی کورتی مێژوویی لە نێوان ئەم دوو کەسایتیە ڕووی دا ، ئەنوەر سادات گاڵتەی پێ دەکات و پێ ی دەڵێت چۆن دەبێ تەنیا یەک نووسەر بۆ هەموو میسریەکان بنووسێ ؟ هەیکەل لە وەڵامدا دەڵێ ئەوە باشتر نیە هەموو میسریەکان بۆیان هەبێ تەنیا یەک کەس بخوێننەوە ! ئەوەی هەیکەل کردی نیشاندانی ئەو ئاوێنەیە بوو کە دەکرا کۆمەك بکا بە ڕێگرتن لە نەریتی مانەوە لە دەسەڵات و میسر ئەو باجە گەورەیەی نەدابا ، کە لە دونیای سیاسی خۆشمان وردەبینەوە ئێمە خۆ بە ” هەیکەل ” زانمان زۆرە ، بەڵام ئاوێنە هەڵگرمان نیە ! 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.