مه‌رگ, وه‌ك له‌دایكبونه‌وه‌ی سه‌رده‌شت
له‌و گوته‌یه‌ی فه‌یله‌سوفی گه‌وره میشێل فۆكۆ وه ده‌ستپێده‌كه‌م , ئه‌و ئێژێ : گه‌مژه‌یی ئاماده‌گی مردنه له ئێستا و لێره‌یا . ئه‌وه‌ی ئه‌م بیریاره پێمان ده‌ڵێت ئه‌وه‌یه , مردن هیچ نییه جگه‌له گه‌وجێتی . مردن ئه‌و چركه‌ساته نییه , كه مرۆڤ فیزیكیانه و جه‌سته‌ییانه و بایۆلۆژیانه ده‌مرێ , به‌ڵكه مه‌رگی مرۆڤ لهگهوجێتی و جه‌هلی مرۆڤدایه . هه‌ڵبه‌ت ئه‌م گه‌مژه‌ییه – گه‌مژه‌یی و نه‌زانی و ناهۆشمه‌ندی مرۆڤه له‌ئاست جیهان و بون و , كێشه‌كانی بونی خۆی و , كێشه‌كانی مرۆڤایه‌تی به‌گشتی .
مه‌رگ له‌ڕاستیدا ئه‌وه‌نده‌ی له فه‌رامۆشكردن و نابه‌رپرسیاریه‌تی ئێمه‌دایه له‌ئاست كێشه و ڕووداوه‌كانی دونیا به‌گشتی و , دونیا تایبه‌تیه‌كانی خۆمان , هێنده گرێدراوی مه‌رگێكی فیزیكیانه نییه . مرۆڤ ته‌نها كاتێك ئه‌توانرێ وه‌ك مردوو هێمای پێبكرێت , كه پرسیاره سه‌ره‌كی و بنچینه‌ییه‌كانی له‌باره‌ی مانای بونی خۆیه‌وه به فه‌رامۆشی سپاردبێ.
پرسه هه‌ره بنچینه‌ییه‌كانی ژیان و بونی مرۆیی له‌بابه‌ت پرسی – ئازادبون , دادپهروهربون , جوامێری , به‌رپرسیاربون – ته‌نها ڕێگه‌یه‌كی مرۆڤن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت ژیانێكی ڕاسته‌قینه بژی . ڕاسته‌قینه ژیان ئه‌وانه ئه‌توانن ئه‌زمونی بكه‌ن , كه ڕووبه‌ڕوی سه‌ختیه‌كانی دونیا و , دژوارییه‌كانی مه‌رگ ڕاده‌وه‌ستن .
ڕاوه‌ستانی هۆشمه‌ندانه‌ی مرۆڤ له‌ئاست مردن‌دا , له‌لایه‌كه‌وه –ئاگامهندبونی مرۆڤه به‌بونی گه‌وجێتی و نه‌زانی, كه فۆرمێكی ڕاسته‌قینه‌ی مردنن. هه‌م ڕاوه‌ستانی جوامێرانه‌ی مرۆڤه له‌ئاست مه‌رگ دا به‌مانا هه‌ره سه‌ره‌تایی و بنچینه‌ییه‌كه‌ی , كه ڕووداوێكی حه‌تمی و خۆلێلانه‌دراوه . به‌ڵام ئه‌م مه‌رگه به‌رده‌وام به‌شێوه‌یه‌كی كامڵ و ڕاسته‌وخۆیی ده‌رناكه‌وێ , به‌ڵكه پێشهاته‌كان و دیارده‌كان و هێماكانی مه‌رگ پێش ئه‌وه‌ی مه‌رگ خۆی بگات به‌ته‌واوی , ئه‌وان ده‌گه‌ن . ئه‌وه‌ی زه‌مینه‌ی تاقیكردنه‌وه‌ی ڕه‌سه‌نیه‌ت و ناڕهسهنیهتی مرۆڤ به‌ئه‌نجام ئه‌گه‌یه‌نێ , شوێن و پێگه‌ی مرۆڤه له‌به‌رده‌م ئه‌و ڕه‌هه‌ندانه‌ی مردن دا .
سه‌رده‌شت وه‌ك مرۆڤ خاوه‌ن و هه‌ڵگری ئه‌و پێشمهرجانهیه , كه ناهێڵن مرۆڤ بمرێت . ئه‌گه‌ر نه‌زانی و گه‌وجێتی فۆرمێكی ڕاسته‌قینه‌ی مردن بن , ئه‌وا سه‌رده‌شت هه‌رگیز وه‌ك مردویه‌ك نه‌ژیاوه , ئه‌و ژیانێكی ڕاستهقینهژیا .
ئه‌گه‌ر ڕهسهنبون و ئازادبونی هه‌ر مرۆڤێ گرێدراوی ئاگامه‌ندی و ئاوه‌زمه‌ندی ئه‌و بێت سه‌باره‌ت به كێشه‌كانی و , سه‌باره‌ت به كێشه‌كانی مرۆڤ به‌گشتی , ئه‌وا سه‌رده‌شت له‌م نێوه‌دا وه‌ك مرۆڤێكی به‌ئاگا و هۆشمه‌ند خاوه‌نی بونێكی ڕه‌سه‌ن و سهربهستبوو .
سه‌رده‌شت سه‌رباری ئاگایی ته‌واوی به‌و ترسناكی و تۆقاندنه‌ی به‌توندی هێما و دیارده‌كانی مه‌رگیان پیشانده‌دا , به‌ڵام ئه‌و هێشتا هه‌ر ده‌ژیا و , ده‌ینوسی و بیریده‌كرده‌وه , خه‌یاڵی بره‌و پێده‌دا و , خه‌ونی به ژیانێكی جوانه‌وه ده‌بینی , خه‌ونی به جیهانێكی دادپه‌روه‌رانه‌وه ده‌دیت .
ئه‌و ده‌یزانی هێزه‌كانی سیسته‌می به‌ندایه‌تی و , پاسه‌وانانی سته‌مگه‌ری و نادادپه‌روه‌ری له‌ڕه‌گی بناگوێی نێزیكترن لێیه‌وه , به‌ڵام سه‌رده‌شت هه‌رگیز نه‌یتوانی ژیانكردنی ڕاسته‌قینه فهرامۆشبكا , ئه‌و تائه‌به‌د ویستی ئازادبونی ڕاسته‌قینه‌ی له‌ناو گیان و بیری خۆ‌یا قوڵتر و مه‌زنتر ده‌كرده‌وه .
سه‌رده‌شت وه‌ك ئه‌و مرۆڤانه‌یه كه ته‌نها نامرن و به‌س , به‌ڵكه به مردنیان مانای نوێ و گه‌وره , هه‌م به بون و ژیانی خۆیان ده‌به‌خشن , هه‌م مانای تازه بۆ ژیان به‌گشتی و مرۆڤه‌كانی دیكه به‌رهه‌م ده‌هێنن . ئه‌و به‌مه‌رگی خۆی وزه‌ی مه‌زنی بهههڵپهكانی ئێمه بۆ سه‌ربه‌ستی به‌خشی , ئه‌و به‌گیانه یاخیگهرییهكهی ئه‌و ڕاستییه‌ی بۆ دوپاتكردینهوه , كه یاخیبون ته‌نها پێشمهرجێكه بتوانێ ژیانمان مانادار و , مه‌رگیشمان مانا-به‌خش بكات .