گۆرانی وتن لە لێواری قۆناغێکدا
بەشداری پەرواس خان لە بەرنامە و پێشبڕکێ ی ئەرەب ئایدڵ پشتگیریەکی زۆری بینەرانی کورد و دەرەوەی کوردستانی بە دەست هێناوە . بە چاپۆشین لە ماهیەتی شێوەکانی ئەو پشتگیریە ئێمە لە بەردەم دیاردەیەکی سەیرداین ، کە ڕەنگە لە داهاتوو قوڵتر تێیبگەین وگرنگی زیاتری پێبدەین .
هەندێک لە ئێمە نیشتیمان فرۆشیەکی تاڵ بە سەر ئەم بەشداریە دەکاو چاوەڕوانی لەم خانمە وەکو چاوەڕوانی ئەفسەرە لە سەربازی بەرەکانی جەنگ . هەندێکیترمان زوومی خستۆتە سەر جل و بەرگی لەو ڕێگایەوە شەڕی کلتوری بەسەردا دەسەپێنێن ، لە گەڵ ئەوەشدا ئەوەی ئەو دەیکا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەیسەلمێنێ کە لە دەرەوەی ئەم جۆرە لە چاوەڕوانی و لە هەڵوێست نواندن ، خەریکی جێگیر کردنی چەند بەهاو مانایەکە ، ئەو گۆرانی دەڵێ .
مەغزا مێژویەکانی ئەو بەشداریەو ئەم گۆرانی وتنە بێ( ئەوەی پلانی بۆ کێشابێ ) گۆڕا بۆ دیاردەیەکی گەورەتر کە ڕەنگە فاکتی ” ڕێکەوت ” یارمەتیدەر بووبێ بۆ گۆڕانی ئەو بەشداریە لە جۆرێتی و لە قەبارە ، ئەم جۆرێتیەش گرنگی هەر دەمێنێ تەنانەت ئەگەر لە داهاتودا ئەم خانمە دەریش نەچێ . لە ڕووی هونەریەوە زۆربەمان وەکو کەسانی ئاسایی دەتوانین تەنیا باسی چێژ وەرگرتن لە دەنگ بکەین . لیژنەی هونەریی بەرنامەکەو مامۆستاکانی مۆسیقای خۆشمان پیشەییانەتر دەتوانن خاڵی بەهێزولاوازی دەنگی ئەم خانمە دیاری بکەن . بەڵام ، لەباری ئەنجامەکانی ئەو بەشداریە دەکرێ ئیش لەسەرتێگەیشتنێکی فروانتر بکەین بۆ چنینەوەی عیبرەتەکانی ئەم ئەزموونە ، کە مێژوو زۆر کەم دەرفەت بە دوبارەبونەوەیان دەدا .
لە باری کۆمەڵاتیەوە ئەم بەشداریە بە بێ تێگەیشتن و پاڵپشتی خێزان و کەسانی نزیکی دەوروبەری مومکین نەدەبوو ، کە دەبێ بە خاڵێکی زۆر جوان و بەهادار جێ ی بۆ بکرێتەوە . لەوەش گرنگتر سەپۆرتی ڕاستەوخۆی هاوسەرەکەی هونەرمەند گۆران مانایەکی زیاتری بە تەحەدایەک دا کە پەرواس هەڵیبژارد . کە بەیەکەوە گۆرانی ” ئاشق مەبە ” یان ووت و کاک گۆران ئەوەی درکاند کە کاتی خۆی ئەم گۆرانیەی بۆ ئەو وتووە ، دەرگایەکیتری کردەوە کە ئومێدی ” تازەبوونەوە ” لە عەشق ئامۆژگاری نییە بەڵکو کرداری هاوبەشە کە پیویستی بە خولقاندنی هەڵ و مەرجی تازەیە .
دەق نەگرتن بە دووبارە بونەوە لە ژیانی ژن و مێردایەتی و هێشتنەوەی ئەشقی سەرەتا بە گەرمی پێویستی بە جۆرێک لە داهێنان و موغامەرە هەیە ! ئەوەی پەرواس کردی موغامەرەیەک بوو، بزوێنەرێکی تازەی خستە نێو ژیانی خۆی ، نموونەیەکی نیشان دا لە ژیانی خێزانداری لە دەرەوی چوارچێوە باوەکان و ڕۆتینی دوبارەبوونەوە .
لە پاڵ ئەم لایەنە شەخسیانەی باس کرا ، لایەنی گشتی ئەم بەشداریە پێویستی بە وورد بوونەوەیە . پەرواس خان یەکەم جار بە عەرەبی گۆرانی ووت . ئەوان داویان لێکرد گۆرانیەکی کوردیش بڵێت ، کە گۆرانیەکەی بە کوردی ووت لیژنەکە خۆیان پێشنیاریان کرد کە ئەو دەتوانێ گۆرانی کوردیش لە بەشداریەکانی داهاتویی بڵێت . ئەم هەڵوێستە کراوەیە بە هەموو کەمو کوڕیەکیەوە دەرفەتی بۆ پەرواس کردەوە کە بگا بە جەماوەرێک کە ” خۆمان ” نین بەڵکو ” ئەوانن ” . دەرفەتی کردەوە لەم سەردەمە مێژویەی پڕ لە جەنگ و نادڵنیابوونەی دونیای پفدراوی بەردەم بینەری عەرەب ، بە ئەسپایی و بێ فشار ، لە بەردەم ئیستاتیکای گۆرانی لە گەڵ ” بوون ” ی ” ئەوان ” یتر ، لەگەڵ ئەو دراوسێە ڕابهێنرێ کە هەندێک مینبەری توندڕەو ناویان لێناوە ئیسرائیلی دووەم .
ئەم ڕاهاتنە مەعنەویەی بینەری عەرەب لە ئەنجامی ئەوە بە دەست نەهات کە پەرواس بە ئەرکێکی نیشتیمانی ڕووی لە بەیروت کردبوو ، ئەو تموحێکی هونەری هەبوو . دەستکەوتەکانی تا ئێستای هەوڵ و خۆ ماندووکردنی لەم تموحە هونەریە بلۆکێکی گرنگی لە دیوارێکی سایکۆلۆژی بینەری دونیای عەرەبی جێ لەق کرد .
هونەرمەندی گەورە ” ئەحمەد کایا ” لە هەڵ و مەرجێکی زۆر دژوار و ناهەمواردا کە هەرگیز بەراورد ناکرێت بە ئەمڕۆ، ویستی بلۆکێک لە لایەکیتری ئەم دیوارە بڕوخێنێ و وەکو ئەرکێکیش لە ئەستۆی گرتبوو . لە بارودۆخێک کە دەوڵەت و سوپاو داداگاو هەموو توندڕەوەکانی تورکیا نەک دژی خۆی بەڵکو دژی خێزانەکەی و مناڵەکانی جەهەنەمێکیان دروست کردو بە ناچار ڕایان کرد بۆ فەرەنسا .
جیاوازی نێوان ئەم دووانە لەوەدایە کە ئەحمەد کایا لە لوتکەی خەرمان و داهێناندا وەکو قورساییەکی یەک ئاراستە خۆی کێشا بەم دیوارە ، تا دەرفەتێک بخوڵقێنێ کە ” ئەوان ” هەر لە ڕێگای ئیستاتیکای مۆسیقاو گۆرانی بەم ” بوون ” ە ڕابهێنرێن . بەڵام ، مێژوو دژی ئەو بوو . بە پێچەوانەی ئەمەش پەرواس لەسەرەتای داهێنان دایەو مێژوو دەرفەتی بۆ دروست کرد .
هەردوو ئەزموون دوورن لەوەی لەیەک بچن ، لەگەڵ ئەوەشدا وەکو ئەنجام خزمەت بە یەک ئاراستە دەکەن . دەرفەتی مێژوو بۆ پەرواس جارێکیتر ئەگەر زۆر بە کزیش بێ یونیڤێرسال بوونی زمانی مۆسیقای کردەوە سەرئەجێندای ئەو لیستەی کە دەبێ مرۆڤەکانی ئەم ناوچەیە بەهای بۆ بگەڕێننەوە . پێ ی نیشان داین لە دەرەوەی وادەو بەڵێنی ساختەی یەکتر قبوڵ کردنی میلەتەکان لە پرۆژە سیاسیەکانی ناوچەکە ، هێشتا ئازادی بێ سنوری نێو ئەم جیهانەی کە ناوی مۆسیقایە شوێنی هەمووی تیا دەبێتەوە .
ڕزگار عومەر