تاوان……….داستان غهمناک
بۆ بە تاوانم دەسپێرى و
ڕەوانەى مەملەكەتى بىَ هودەى و
نیشتمانى گریانم دەكەى
خۆمن لەمێژە ڕاڤەى گریانم كردووە و
زۆر شەوانیش
لە قوڵایى تەنیایەوە
گەیشتومەتە وەرزى خۆكوشتن
وەرە بەر لەوەى بمرم
بەرلەوەى ڕێگاكانى سەرابم پىَ ببڕى
بۆ دوا دیدار ئاوڕێك لە بوون بەرەوە و
بڕوانە چەند كەسیر
لە بەردەم ڕەشەباى دۆزەخدا
چاوەكانى پڕبوون لە تەپ و تۆزى مردن و
ملى ڕێگەى گرتووە بەرەو مەنفا…
وەرە بەر لەوەى بمرم
بە نێو دیرۆكمدا گەشتێك بكە
ئەوسا دەزانى من ئۆقیانوسێكم لە ئازار و
ئاسمانێكى سەرتاپا لێڵ و
كانییەكى وشك هەڵاتووى بیابانم
وەرە بەرلەوەى بمرم
لەنیگاى چاوەڕوانیمەوە
نهێنی عەشقێكى ناكام و
ژیانێكى پڕ بێئۆقرەى بخوێنەوە
ئاى..لە دڕەندەیى تۆ !!
ئاى..لە تاوانى ژیان!!
تۆ هێشتا نازانى
من كێم ؟
لەكوێوە هاتووم ؟
چیم پێیە؟
بە بینینم شێت دەبیت و
بەشمشێرى ئایدیا ڕزیوەكان سەرم دەبڕى
تۆ ناتەوىَ بمخوێنیتەوە و لێم تێبگەى
كەچى بىَ باكانە لاپەڕەى تەمەنم دەسوتێنى و
بەر نەعلەتى شەیتانم ئەدەى
توَ كە لە مۆسیقا ناگەیت و
پێت شەرەمە سەما بكەیت بۆ سپێدە و
هیچ كام لە شەوەكانى خۆت نا بەخشیتە گریان
چۆن دەتوانى ڕەش لە سپى جیاكەیتەوە و
فێربیت لەگەڵ دارچنار پێبكەنیت و
دروود بۆ ڕۆحى ئەستێرەى كوژراوى شەو بنێریت
تۆ كە نازانى پەپولە بۆچى دەسوتىَ و
كۆڕستان بۆ بىَ دەنگە و
شار لە بەرچى خامۆش
ئیدى چۆن دەتوانى پەى بە جوانى بوون بەریت و
لە نێو دێرێكى *(بێكەس)دا بتوێیتەوە
تۆ بۆچى تاوانبارم دەكەى
من ئێستاش لە ماناى تاوان نەگەیشتووم
چۆن دەمسپێرى بە تاوان
ل ە ك ا ت ێ ك د ا
م ن
ل ە ت ا و ا ن
ب ىَ ب ە ر ی م