
باخ ده‌ژه‌نێ سوله‌یمان … عه‌لی پێنجوێنی
*(سێ‌و پێگه‌یی نه‌هاتی
ته‌نیایی زه‌رد بوو وه‌ره
نهخۆشكهوتم نه‌هاتی
كه‌ی باخ ده‌ژه‌نی…؟ وه‌ره)
سوله‌یمان شه‌رابی ده‌خوارده‌وه
كه مه‌ست ده‌بوو باخی ده‌ژه‌ند
ئێمه شه‌رابمان ده‌خوارده‌وه
كه مه‌ست ده‌بووین شه‌قمان له‌به‌رد هه‌ڵئه‌دا
به تف ئاومان له شیرین خه‌ودا خه‌به‌ر ده‌كرده‌وه
خودا شه‌رابی له ئێمه حه‌رامكرد، نه‌ك له سوله‌یمان
زۆر زۆر زوو دڵمان لێ ونبوو, چاویشمان هه‌ر له خه‌ودایه
حهشیمهتێ به‌بێ دڵ مه‌گه‌ر هه‌ر خوا بزانێ چه‌ند ترسناكه…!
كه دڵیشمان نه‌مابێ باخ له كوێدا نیشته‌جێ بكه‌ین؟
كه چاویشمان هه‌میشه هه‌ر له خه‌ودا بێ
ره‌نگ به كوێدا پیاسه بكات؟
ده‌بوو هه‌ر تۆ بتبینیایه، ته‌نیا هه‌ر تۆ
كه، هه‌تاو كوڵمی هه‌رمێ ماچ ده‌كات
ئاخر تۆ باخ ئه‌ژه‌نی… باخ … ئێمه چی…؟
یه‌كه‌مجاره ،هه‌سته‌كه‌م گێڕانه‌وه‌ی گۆرانی ئازاربه‌خشه
به‌تایبه‌ت ،گێڕانه‌وه‌ی سوله‌یمان
قورس نییه بزانین باخ سه‌فا به‌خشه
سه‌ختتر له‌وه ،ئه‌وه‌یه كه نه‌زانین سوله‌یمان باخ ده‌ژه‌نێ
سههلو بێپه‌روا دڵمان دایه ده‌ست سووتان‌و به‌بێ دڵا ماینه‌وه
بۆیه ئێستا نه هه‌ست به گریانی به‌ردو نه هه‌ست به تهنیاییو بێكه‌سی جوانیی ده‌كه‌ین
تۆ هه‌موو گیانت دایه ده‌ست سووتان دڵت نه‌بێ
ئاخر گۆرانیت له دڵتا هه‌ڵگرتبوو بۆیه ده‌توانی باخ بژه‌نی
ماوه‌یه‌كی درێژه ،درێژتر له‌م دهستبهتاڵییهم
ماوه‌یه‌كی ئێجگار سه‌خته سه‌ختتر له‌م وهڕزبوونهم
سه‌ختترین له جووڵه‌ی میلی سه‌عاته‌كه‌م، له‌مندا ده‌گه‌ڕێم بۆ ئه‌و
له تووناوتوونترین پێچه‌كانی دنیادا له‌هه‌ركه‌سێك گه‌ڕابم دۆزیومه‌ته‌وه
كه‌چی له پێچی حیكایهتێكدا زه‌حمه‌ته ئه‌وم بۆ بدۆزرێته‌وه
به تایبه‌ت كه ئه‌و باخ ده‌ژه‌نێت
ئه‌وه‌نده‌ی سۆراخی ئه‌وم كردووه له مندا
سۆراخی خۆمم بكردایه
به برینداریش بووایه دڵم ئه‌دۆزیه‌وه
گیرفانه‌كانی شهڕواڵهكهمم هه‌ڵته‌كاند
پهلكێ پونگه‌ی به مردویی لێكه‌وته خواره‌وه
گیرفانه‌كانی دڵمم هه‌ڵته‌كاند … به‌ردێكی لێكهوتهخوارهوهو پێی‌ووتم:
نه‌كه‌ی هه‌رگیز ههڵمبگریتهوه
له‌وه زیاتر ناتوانم له دڵێكی وا ره‌قدا بمێنمه‌وه
هه‌ردوو ده‌ستم وه‌ك هه‌نار ههڵوهرانده ،ناو شپرزهییمهوه
منم بینی گریانی داگیرساندبوو
ئه‌وم بینی تیژتێپه‌ڕ زه‌نگیانه‌ی ده كرد به ده‌زووی گه‌ڵاكانه‌وه
ئه‌و ملوانكه‌یه‌ك له گه‌ڵای هۆنیبۆوهو له تاریكی‌دا باخی ئهژهن
ئاخر ئێمه چی……..؟
چ كڕێوه‌و تۆفانێكی گۆرانییه، له‌ناو كه‌لله‌ی سه‌ری سولهیمانا!
ئه‌وه‌نده قورس بووه به گۆرانی بڕوانه چۆن له‌پێ كه‌وتووه؟!
له‌سه‌ر گازهرای پشت له‌و باخه‌دا خۆیداوه به ئه‌رزا
هه‌رچی ته‌یرو تواڵی دونیا هه‌یه، ده‌نووكیان ژه‌نیوه‌ته رۆحی‌و
هه‌ركه‌س به‌شی خۆی گۆرانی لێئهخواتهوه
سوله‌یمان مێوی فێركردبوو, كه مه‌قامی ده‌وت به‌رسیله‌ی ده‌گرت
كه ده‌یكرد به به‌سته‌و گۆرانی هێشوو هێشوو ترێی ده‌گرت
كه سوله‌یمان فووی ده‌كرد به كونی ده‌نكه ترێكانا.. هۆن هۆن شه‌راب له چاویه‌وه
بۆناو دڵی من جۆگه‌له‌ی ده‌به‌ست
هیچ شوێنێك هێنده‌ی باخه‌كان جه‌نازه‌ی مانگه‌شه‌ویان له‌خۆیاندا نه‌شاردۆته‌وه
بۆیه كه سوله‌یمان باخ ده‌ژه‌نێ خوڕ خوڕ ده‌گری
ئێمه‌ش ته‌قه‌ی سه‌رمان دێت‌و له‌و گریانه حاڵی نابین
تۆ ئاوا باخ دهژهنیتو ئێمه‌ش ئاوا حاڵی ده‌بین؟!
كچه‌كانی ئۆرشه‌لیم به سینه‌ی داچهكاوهوه
به زمانی وشكه‌وه, روو به كه‌لكه‌تا سواڵی گۆرانی ده‌كه‌ن
ده وه‌ره‌وه, توو ئه‌و پهرهسێلكانهی به رۆنی زه‌یتون قوڕگت بۆ چه‌ور ده‌كردن
سوێندت ده‌ده‌م وه‌ره‌وه … ئاخر ئه‌گه‌ر تۆ باخ نه‌ژه‌نی
كچه‌كانی ئۆرشه‌لیم ته‌نیایی به‌نی دڵیان ده‌پچڕێنێ
خودایه تا گه‌نج بوویت سوله‌یمانت فێری باخ ژه‌نین كرد
كه پیر بوویت‌و تاقه‌تیشت نه‌ما ئێمه‌ت فێری مه‌راق ژه‌نین كرد
من هیچ ناڵێم تۆ خۆت بڵێ؟ چۆن وا ده‌بێ؟
خودایه تۆ، یه‌كه‌مجار وه‌ك یه‌ك سه‌یری مناڵه‌كانی خۆت ده‌كرد له‌سه‌ر زه‌وی
به سولهیمانا، گۆرانیت بۆ ده‌ناردین
ئه‌ویش له‌ڕێی ژه‌نینی باخه‌وه ،ئه‌یگه‌یانده، دڵی هه‌موومان
ئیلاهی له دوای سوله‌یمانه‌وه بۆچی گۆرانییه‌كانت
له‌ناو حهرفو وشهكانا سه‌ربڕی؟
خودایه ئه‌وه‌نده رقت لێمان هه‌ستابوو، وا جۆگه‌ی گۆرانیت لێ وشككردینو سوله‌یمانت لێونكردین؟
گۆرانیه‌كانی سوله‌یمانت لێونكردینو كتێبه خوێناویه‌كانت بۆ ناردین
من نازانم به‌س ئه‌پرسم
ئیلاهی لایه‌قی ئه‌م هه‌موو نه‌فره‌ته بووین….؟
ئێمه كه‌ڕ بووین یان باخ لاڵ بووه یان نزای كچه دڵتهنگهكانی ئۆرشه‌لیمه
سوله‌یمان گۆرانی بیرچۆته‌وه؟
خودایه ئه‌گه‌ر پێتوایه له‌ناو حه‌رفی كتێبه‌كانته‌وه
درێژه به ناردنی گۆرانی ئه‌ده‌ی بۆ ئێمه
ئاخر گۆرانی له‌ناو حه‌رفا چۆن ساكن ئه‌بێ؟
له‌ناو حه‌رفا ،كوانێ هه‌وا، تا گۆرانی پێبژی؟
گۆرانی ناوترێ ئه‌گه‌ر شمشاڵی باخ نه‌گریت به لێوته‌وه
كه سوله‌یمانت لێونكردین ئیتر كێ باخ بژه‌نێ؟
من هیچ ناڵێم خۆت بیڵێ
یه‌كه‌م پاچ وهشاندمان بۆ دانانی بناغه‌ی ئه‌م شاره، به‌ر گلێنه‌ی سوله‌یمان كه‌وت
ئاخر ئه‌و ،كه پشتی تێكردینو رۆشت موستیله‌كه‌ی بۆ جێهێشتینو وتی:
با بێ گۆرانی نه‌بن نه‌وه‌ك له تینوانا بخنكێن
له‌و رۆژه‌وه‌ی گلێنه‌ی موستیله‌كه‌ی سوله‌یمانمان خوێناوی كرد
له‌و رۆژه‌وه هه‌رچی گۆرانی ئێمه هه‌یه به زریكه ده‌ستپێده‌كات
مهقامهكانمان ئه‌ڵێی برینه‌و ته‌نیایی دهرزیئاژنی كردوه
ئه‌گه‌ر یه‌كه‌م پاچمان له گلێنه‌ی موستیله‌كه‌ی سوله‌یمان نه‌دایه
سیاچه‌مانه ئه‌و له‌رزی بێكه‌سییه‌ی چۆن ئه‌ژه‌نی؟
كه گوێ له سیاچه‌مانه ئه‌گرم
ئاو ده‌بینم به‌ده‌م چ له‌رزێكی ترسناكهوهیهو له حاڵی گیانكهنشتایه
ئه‌گه‌ر یه‌كه‌م پاچمان له گلێنه‌ی موستیلكهی سوله‌یمان نه‌دایه
حه‌یران پڕ نه‌ده‌بوو له‌و قرچه قرچی گه‌رمای چاوه‌ڕوانییه
تازه سوله‌یمان له‌گه‌ڵمان ئاشت نابێته‌وه
تازه سوله‌یمان دڵخۆش نییه به‌وه‌ی
شارمان ناو ناوه سلێمانی
سوله‌یمان ده‌یوت ده‌نگی ئه‌و هه‌موو ته‌یرو تواڵهم له‌ناو موستیلهكهمدا بۆ جێهێشتن
نه‌وای ئه‌و هه‌موو باخه‌م له گه‌ڵامێوی قوڕگمه‌وه پێچاو له‌ناو موستیلهكهمدا بۆم جێهێشتن
ئێوه بناغه‌ی ئاوه‌دانیتان لێدا، كه‌چی ئه‌و هه‌موو باخهتان وێران‌كرد
ئێوه په‌نجه‌ره‌ی تازه‌تان كرده خانوهكانهوه
كه‌چی مینای ده‌نگی ئه‌و هه‌موو ته‌یرو تواڵهتان له‌ناو موستیله بهجێماوهكهی مندا
په‌راش په‌راش كرد‌و هاڕه‌ی كرد
تازه ئێوه هیچ گۆرانییهكتان بۆ ناوترێت به زریكه دهستپێنهكان
تازه ئێوه دهستودهمی ژه‌نینی ئه‌و شمشاڵهتان نابێت
كه جاران باخی ئهژهنیو ئێسته جه‌نگ
ئاخر خاوكه‌ر، مقامه یان پڕمه‌ی گریان؟
ئاخر ئای ئای نوزه‌ی پشیله‌یه‌كی تازه زاوه
یان دڵته‌نگی موستیله‌یه‌كی غه‌ریب كه ئێمه بریندارمان كرد
سوله‌یمان پشتی تێكردینو رۆیشت
گشت ته‌یره‌كانی له‌گه‌ڵا خۆی برد
دڵمان خۆش بوو وامانده‌زانی گهرمیانو كوێستان ده‌كه‌ن
شه‌وێك ههڵووچهیهك به‌سه‌ر سنگی موستیله‌كه‌ی سوله‌یمانه‌وه
ئه‌وه‌نده سه‌مای كردبوو، قاچی عه‌رزی نه‌ده‌گرت
موستیله‌كه ههڵووچهكهی برده‌وه بۆ سه‌ر دارێك
له هاتنه خوارهوهداو له باوه‌شی دوو به‌ردا
خه‌وی لێدهكهوێو موستیله‌كه جێده‌مێنێ
به‌ده‌م یه‌كه‌م پاچی بناغه‌ی ئه‌م شاره‌وه چاوی خه‌ڵتانی خوێن كرا
ئیدی لۆمه‌ی سه‌ید عه‌لی ئه‌سغه‌ر بۆ ده‌كه‌ن خوێن له قوڕگی ده‌چۆڕێ؟
گلێنه‌ی موستیله‌كه‌ی سوله‌یمانمان خه‌ڵتانی خوێن كرد
كه‌چی هه‌ستمان به گوناه نه‌ده‌كرد
له‌و رۆژه‌وه، ئه‌م شاره ئۆقره‌ی نه‌گرتووه
ئێمه بۆیه پێ نانێینه حهرامسهراكانی ئاسووده‌ییه‌وه
ئێمه بۆیه ته‌نیایی بۆته كێلێكمانو چاوه‌ڕوانیش كێله‌كه‌ی تر
ئێمه بۆیه بووینه‌ته باخه‌وانی برین‌و خوێن
چوونكه ئێمه به قووڵی هه‌ست به گوناه ناكه‌ین
هه‌رێزی هه‌ستكردن به گوناهباری هه‌رگیز له ئێمه‌دا سه‌وز نابێ
كچه كراس مۆره‌كانی ئۆرشه‌لیم
كچه هه‌وری لهكۆڵهكانی ئێره
هه‌ر ئه‌وه ده‌زانن كه سه‌مایان بیرچۆته‌وه ،هه‌ر ئه‌وه ده‌زانن له ونبوونت بگه‌ڕێن
تازه جگه له سوله‌یمان كێ ئه‌زانێت ده‌م بنێ به لێوی باخهوهو بیژه‌نێ؟
تازه كێ ده‌زانێ
شه‌و بگوشێتو قه‌تره قه‌تره گۆرانی لێبچۆڕێ؟
تازه كێ ده‌زانێ
ئه‌و هه‌موو گۆرانییه بئاخنێته ناو موستیلهیهكهوه؟
جگه له ئێمه‌ش كێ جه‌ساره‌تی كوفری وا ده‌كات؟
چاوی موستیله‌یه‌ك بریندار بكه‌ین‌و ئه‌و هه‌موو گۆرانییه خه‌ڵتانی خوێن بكه‌ین؟
جگه له سوله‌یمان كێ ده‌زانێ
به رۆنی زه‌یتوون قوڕگی په‌ڕه‌سێلكه‌یه‌ك چه‌ور بكات
تا به نه‌غمه‌یه‌كی سازگار گۆرانییه‌كانی خودا بچڕێ؟
كێ ده‌زانێ …………….؟
*له فۆلكلۆره‌وه وه‌رگیراوه به ده‌ستكاریكردنه‌وه…
عه‌لی پێنجوێنی
6/5/2013 سلێمانی