نه‌جمه‌دینی غوڵامیی و دیاریی قه‌ره‌داغیی
وه‌ک مراوییه ناشیریینه‌که
وه‌ک بیره‌وه‌رییه‌کی تاڵ و
ناڵه‌ی ئاگردانه ئاسنینه‌که،
وه‌ک گریه‌ی ته‌نیایی هۆ سی ئه‌نده‌رسن و
خه‌مباریی کیرکه‌گۆ
هه‌ناسه‌ی گله‌ییم درێژه و
که‌چیی هێشتا ده‌نگم ناگات به تۆ،
ڕۆژێک دێت وه‌ک قوڵنگێکی شۆخ دێمه‌وه
پرچ و ڕیش درێژ و سپیی
ڕاسیۆناڵ به ده‌نگێکی نه‌ویی
بیره‌وه‌ریی خۆم ده‌گێڕمه‌وه،
ده‌شێت زۆر تاکی کورد خاوه‌نی باکگراوندێکی تر بن وه‌ک له من، بۆ گه‌شه‌پێدانی هه‌ستی نیشتیمانیی، بۆ نموونه پاڵه‌وانه‌کانی مێژووی میرنشینایهتیی کورد، یان پاڵه‌وانه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگارییخوازی کورد له سه‌ده‌ی بیستدا. ده‌شێت من یه‌کێک بم له‌و نووسه‌رانه‌ی، که له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست و یه‌کدا وتارێکی زۆرم له‌سه‌ر مێژووی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگارییخوازی کورد نووسییبێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیچ یه‌کێک له پاڵه‌وانه‌کانی مێژووی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه باکگراوندی هه‌ستی نیشتیمانیی من نه‌بووه. ده‌شێت سه‌رسام بووبم به هه‌ندێک له که‌سایه‌تییه‌کان، به‌ڵام نه‌یانتوانیوه ببنه نموونه‌ی ڕێگایه‌کی ئیدیاڵیی بۆ من.
له ته‌مه‌نی پانزده بۆ شانزده ساڵییدا، کاتێک بۆ یه‌که‌مجار گوێم له گۆرانیی “ئارام”ی نه‌جمه‌دینی غوڵامیی بوو، ته‌زوو به له‌شمدا ده‌هات، ئیدی لێره‌وه هیچ به‌یانییه‌ک نه‌ده‌چووم بۆ قووتابخانه ئه‌گه‌ر گوێم له ئارامی غوڵامیی نه‌بوایه. نه‌جمه‌دین نه‌ک به‌ته‌نها بووه قووتابخانه‌یه‌ک بۆ هه‌ستی نیشتیمانیی من، به‌ڵکوو بوو به قووتابخانه‌یه‌ک بۆ گۆڕیینی ڕه‌وتی ژیانم. هه‌ندێک سه‌رقاڵی ساڵح دیلان بوون به دزییه‌وه فێری جگه‌ره‌کێشان و ئاره‌ق خواردنه‌وه ده‌بوون. ئه‌وه‌ی ئه‌وسا تێنه‌ده‌گه‌یشتم، ئه‌وه بوو، که بۆچیی ساڵح دیلان ببووه ئیمپولسی ئاره‌زووی خواردنه‌وه‌ی ئه‌لکهۆل و جگه‌ره‌کێشانی گه‌نجان؟! ئه‌وه‌ی هاوڕێکانی ئه‌وسای منیش تێنه‌ده‌گه‌یشتن، که بۆچیی من ئاره‌زووی جگه‌ره‌کێشان و ئالکهۆل خواردنه‌وه‌م نییه وه‌ک ئه‌وان.
له ڕێگای نه‌جمه‌دینی غوڵامییه‌وه ئاره‌زووی خوێندنه‌وه‌م تێدا دروستبوو، یه‌که‌م ڕۆمانی ژیانی خوێندنه‌وه‌ی من “دایک”ی مه‌کسیم گۆرکیی بوو، ئیدی له‌وه به‌دواوه ئاره‌زووی خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌کانی تریشم تێدا په‌یدا بوو. کاتێک حسین عارف “شار”ی بڵاوکرده‌وه به هه‌مان خۆشحاڵیی “دایک”ه‌وه خوێندمه‌وه. چه‌ند له نه‌جمه‌دین نزیکبوومایهتهوه هێنده‌ی تر ده‌چوومه جیهانی خوێندنه‌وه‌وه. له “به‌هاره بولبول”ه‌وه خولیای “حه‌مه‌دۆک”ی یه‌شار که‌مال بووم … هتد. ده‌مه‌وێت له ڕێگای ئه‌م نووسیینه‌وه مه‌دالیای سووپاس بکه‌مه گه‌ردنی ئه‌م مامۆستایه. ده‌مه‌وێت پێیبڵێم: که من سه‌ره‌تا وامده‌زانی گۆرانی “ئارام”ی بۆ شه‌هید ئارامی یه‌کێتیی گووتووه، به‌ڵام خولیام بۆ گه‌یشتن به‌م ڕاستییه له‌و سه‌رده‌مه‌دا گه‌یاندمی به‌وه‌ی، که ببیستم گۆرانی ئارام بۆ شه‌هیدێک نووسراوه، که ئه‌ویش ناوی ئارام بووه، که ئه‌ویش پێشمه‌رگه‌ی کۆمه‌ڵه بووه، به‌ڵام کۆمه‌ڵه‌ی خۆرهه‌ڵات. هۆنراوه‌ی ئه‌م گۆرانییه خوشکی شه‌هید ئارام نووسیوویه‌تیی و ئه‌ویش کردوویه‌تی به گۆرانیی. خۆشحاڵ ده‌بم، که له ئاینده‌دا له شوێنێکدا بخوێنمه‌وه، که نه‌جمه‌دینی غوڵامیی بیره‌وه‌ریی خۆی له‌سه‌ر ئه‌م گۆرانییه و چه‌ندیین گۆرانیی تر بگێڕێته‌وه.
ده‌شێت بڵێم، که نه‌جمه‌دینی غوڵامیی به‌و هه‌موو توانا گه‌وره‌یه‌ی خۆیه‌وه، که‌چیی هێشتا هه‌قی خۆی پێنه‌دراوه، که‌چیی هێشتا هونه‌ری ئه‌و به‌و جوانییه‌ی خۆیه‌وه په‌ی پێنه‌براوه. ده‌توانم بڵێم، که ڕه‌وتی سیاسیی نه‌جمه‌دینی غوڵامیی به‌شێک بووه له نه‌هێشتنی گه‌یشتنی ئه‌و به لوتکه. له‌و باوه‌ڕه‌دام ئه‌گه‌ر بهاتبا و ڕێگایه‌کی باوی گرتبایهتهبهر، ئه‌وا به‌وشێوه‌یه به شیشی غه‌دری مێژوو نه‌ده‌سووتا. ماوه‌ته‌وه بڵێم: سووپاس، که هه‌یت.
ئه‌و بناغه‌یه‌ی، که من له‌سه‌ر زه‌ویی کاریگه‌رێتیی نه‌جمه‌دینی غوڵامیی دروستمکردبوو، له دوای ڕاپه‌ڕیین به‌تاڵییه‌کی گه‌وره‌ی تێکه‌وت. فاکتۆری گه‌وره و گرانی ئه‌م به‌تاڵییه، ڕه‌وتی ناله‌باری سیاسیی ئێمه بوو له‌و نیشتیمانه‌دا. من له هاویینی ساڵی ١٩٩٤ دا کوردستانم به‌جێهێشت و هاتم به‌ره‌و ئه‌وروپا. دوو ساڵی یه‌که‌مم له خه‌مۆکیی و هه‌ستی نامۆییدا برده‌سه‌ر.
ئیدی لێره‌وه له‌ناو قوڵایی ئه‌م سکاڵا گه‌وره‌یه‌ی مندا دیاریی قه‌ره‌داغیی وه‌ک خۆر ده‌رکه‌وت. دیاریی قه‌ره‌داغیی پشکۆی ئاگره‌که‌ی نه‌جمه‌دینی غوڵامیی بوو، که سه‌رله‌نوێ کڵپه‌ی له مندا هه‌ڵسانده‌وه. له دیارییه‌وه من درێژه‌م به ژیانی ڕاپه‌ڕییندا و هه‌تا ئێستاش من له ڕاپه‌ڕییندا ده‌ژییم، هه‌تا ئێستاش له جوڵهدام و نامه‌وێت بوه‌ستم. ئه‌وه‌ی له نه‌جمه‌دین نزیک ده‌بێته‌وه، نزیکبوونه‌وه‌یه‌کی ڕۆحیی نه‌ک فیزیکیی چاوێکی تری بۆ بینینی جیهان پێده‌به‌خشرێت، ئه‌وه‌ی له دیاریی نزیکبێته‌وه ده‌بێته که‌ڵه‌پشکۆ و ڕووناکیی به جیهان ده‌به‌خشێت. سووپاس، که هه‌یت دیاریی.
17.05.2013
*مراوییه ناشیریینه‌که: چیرۆکی مراوییه ناشیریینه‌که‌ی “هانس کرستیان ئه‌نده‌رسن”.
*ئاگردانه ئاسنینه‌که: چیرۆکی ئاگردانه ئاسنینه‌که‌ی برایانی گرمیس