ناسیۆنالیزم و په‌رواز …عه‌زیز ڕه‌ئووف
ده‌ركه‌وتنی خانمه گۆرانیبێژ په‌رواز حسێن له به‌رنامه‌یه‌كی پێشبڕكێی عه‌ره‌بیدا به هه‌ر پێودانگێك وه‌ری بگرین مایه‌ی هه‌ڵوێسته له‌سه‌ركردنه. ده‌ركه‌وتنی ئه‌م خانمه له‌سه‌ر شانۆیه‌كی عه‌ره‌بی، پێگه‌ی ئێمه‌ی سه‌لماند كه له چ قه‌یرانێكی هونه‌ری و ناسیۆنالیستیدا ده‌ژین و چۆن سه‌رجه‌م بوونمان ده‌به‌ستینه‌وه به خانمێكه‌وه كه جوان و زیره‌ك سه‌رنجی ئه‌وی دی بۆ خوی و هونه‌ری كوردی ڕاده‌كێشێت.
ئه‌وه‌ی له‌م به‌شداریكرنه‌دا ده‌یبینم ڕۆحی هونه‌ر نییه به‌ڵكو شتێكی تره. ده‌نگدان له‌ڕێی مه‌سجی مۆباله‌كانه‌وه وه‌ك كوردێكه نه‌ك هونه‌رمه‌ندێك. ئه‌گه‌ر شه‌قامی عه‌ره‌بیش به‌م شێوه‌یه‌ی كورد بیری بكردایه‌ته‌وه، ئه‌وا ده‌مێك بوو په‌رواز كرابووه ده‌ره‌وه‌ی شانۆكه. ئه‌مه به‌ڵگه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی كه ئێمه تا ئه‌م چركه‌ساته له ڕۆحی هونه‌ر نه‌گه‌یشتووین، ئه‌مه به‌و مانایه نیه كه ئه‌م خانمه ده‌نگی خۆشه یان نا، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی ده‌یبینم ئه‌وه‌یه كه كورد وه‌ك بوونێك له‌سه‌ر شانۆی عه‌ره‌بی ده‌نگ به‌م خانمه ده‌دات نه‌ك وه‌ك هونه‌رمه‌ند، ئه‌گینا زۆرن ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی كه كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی بۆته زیندانێكی گه‌روه‌یه بۆیان. ئه‌وه چییه واده‌كات خانمه هونه‌رمه‌ندێكی وه‌ك نازك نیروه‌یی خۆی فڕێ بداته ناو زێی گه‌وره‌وه و ماڵئاواییمان لێ بكات، به‌ڵام په‌رواز حسێن له شاشه‌یه‌كی عه‌ره‌بییه‌وه ده‌بێته هونه‌رمه‌ندێكی گه‌وره. ئه‌مه ئه‌و ڕاستیه ده‌سه‌لمێنێت ئێمه له‌ناو جیهانداین و دابڕاو نین، ده‌یسه‌لمێنێت كه شاشه‌ی كوردی چ سكرینێكی بێئومێدكه‌ره بۆ خانمانی ئێمه.
هه‌موو به‌دیار سكرینێكی عه‌ره‌بییه‌وه واقمان وڕماوه بزانین ئه‌م خانمه تا چ ڕاده‌یه‌ك ته‌عبیر له ئێمه‌ی كوردی ده‌كات. ئاخر ناسیۆنالیزمێك ئه‌وه‌نده هه‌ژار بێت چاوه‌ڕێی خانمه هونه‌رمه‌ندێك بكات به دنیای بناسێنێت له مێژه له ناسیۆنالیزم كه‌وتووه. ناسیۆنالیزمی كوردی له قه‌یرانی قوڵ و له پارچه‌پارچه‌بوونێكدایه، به‌شداری خانمێك له پێشبڕكێیه‌كدا ناتوانێت كۆمه‌كی بكات. ناسیۆنالیزم له‌وه قوڵتره كه كه‌سێك به گۆرانیه‌ك بتوانێت خزمه‌تی بكات. ئه‌م خانمه وه‌ك هونه‌رمه‌ندێك به‌شداره و ته‌واو، هه‌ڵواسینی چه‌مكه‌كانی له‌مه‌ڕ كوردبوون و ناسیۆنالیزم به‌م به‌شداریكردنه‌وه هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه. تێڕوانین له جل و به‌رگی په‌رواز كه تا چ ڕاده‌یه‌ك حه‌یامان نه‌بات، ده‌ركه‌وتنی گۆران سالحی هاوسه‌ری له‌پاڵیدا، تا بیركردنه‌وه‌ی به‌شێك له تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی بۆ شوێنێكی تر نه‌چێت، له‌و ده‌ركه‌وتانه‌ن كه فه‌قیری كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیمان بۆ ده‌رده‌خات وه‌ك بوونێكی ئاماده له ناوچه‌كه و ده‌وروبه‌ردا. ئه‌وه ئه‌وێیه‌كه ئازاد، كه‌س چاوی له‌سه‌ر جل و به‌رگی په‌رواز نیه، به‌ڵام ئه‌م خانمه ده‌بێت له‌وێوه مه‌سجێك بنێرێته‌وه بۆ ئێره‌و داوای لێبوردن بكات له‌وه‌ی به‌ئاره‌زووی خۆی نه‌بووه له هه‌ڵبژاردنی جله‌كانی، ئاخر ئازادی جل و به‌رگ له سه‌ره‌تاییترین ئازادیه‌كانی ئینسانن كه پێویستی به‌وه نیه داوای لێبوردن له‌كه‌س بكرێت، به‌ڵام ئه‌م خانمه ڕوح شیرینه له‌وه گه‌یشتووه كه ئێره چ ئێره‌یه‌كه.
سه‌رده‌می نێوان قاله مه‌ڕه‌ی شمشاڵژه‌ن و په‌رواز حسێن دوو سه‌رده‌می ته‌واو جیاوازن. قاله مه‌ڕه له شه‌قامه‌كاندا پێوستی به شانۆ و شاشه نیه، شانۆی قاله مه‌ڕه كۆڵانه‌كانه. ئه‌و به خۆی و شمشاڵه‌كه‌یه‌وه پێویستی به كه‌س نیه تا بیسه‌لمێنێت هونه‌رمه‌نده یان نا، پێویستی به كه‌س نیه ده‌نگی بۆ بدات تا ببێت به هونه‌رمه‌ند.
به‌ڵام سه‌رده‌می په‌رواز حسێن سه‌رده‌مێكی تره. سه‌رده‌می به‌كاڵابوونی هونه‌ره. سه‌رده‌مێكه ڕوخساریش كاریگه‌ری هه‌یه له‌سه‌ر هونه‌ر. سه‌رده‌می په‌رواز سه‌رده‌مێكه خۆت نایسه‌لمێنیت كه هونه‌رمه‌ندی، به‌ڵكو ده‌بێت چاوه‌ڕێی ئه‌وی تر بیت به مه‌سجی مۆبایله‌كه‌ی بتكات به هونه‌رمه‌ند. ئه‌وه‌ی ئێستا تۆ ده‌رده‌خات شاشه‌یه. سه‌رده‌می په‌رواز سه‌رده‌می شاشه‌كانه، په‌رواز و ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی ده‌رناكه‌ون نا نه‌چنه سه‌ر شانۆیه‌ك، تا شاشه‌یه‌ك خۆی و ده‌نگه‌كه‌ی نه‌گوازێته‌وه بۆ ناو ماڵه‌كانمان. به‌ڵام سه‌رده‌می قاله مه‌ڕه جیهان خۆی شاشه‌یه.
به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك وه‌ریبگرین ده‌ركه‌وتنی په‌رواز حسێن له‌سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنێكی عه‌ره‌بیدا و به‌رامبه‌ر چوار مامۆستای هونه‌ری عه‌ره‌ب و جه‌ماوه‌رێكی عه‌ره‌بی، وا له په‌رواز ده‌كات گۆرانیه‌كی كوردی و عه‌ره‌بی به‌یه‌كه‌وه تێكه‌ڵ بكات تا بتوانێت هه‌م كورد له‌خۆی ڕازی بكات هه‌م ئه‌وی تر. به‌ڵام ده‌بێت لێگه‌ڕێین په‌رواز خۆی بێت و به‌س، خۆی و كه‌سی تر نا.
Azizrauf75@yahoo.com