گه‌نج و خوێندنه‌وه … هاوكار عه‌بدوڵڵا
وتراوه: “خوێندنه‌وه خۆراكێكه بۆ گه‌شه پێكردنی بیری مرۆڤ” دیاره ئه‌گه‌ر جه‌سته پێویستی به خۆراكێكی ماددی بێت بێگومان عه‌قڵ و ژیریشمان پێویستی به خۆراكێكی مه‌عنه‌وییه, دیاره ئه‌م خۆراكه‌ش به‌شێكی زۆری خوێندنه‌وه‌یه. له مه‌وه بۆمان ده‌ر ده‌كه‌وێت كه خوێندنه‌وه چه‌ند گرنگه بۆ ژیانی مرۆڤ.
من پێم وایه ئه‌گه‌ر مرۆڤ له ژیانی دا كه‌سێكی زۆر خراپ و به‌دكاریش بێت ده‌توانێت له ڕێگای خوێندنه‌وه گۆڕنگاریێكی جه‌وهه‌ری له ژیانی دا دروست بكات, له‌و په‌ڕی دڵ ڕه‌قی و سه‌رسه‌ختییه‌وه، بۆ ئه‌وپه‌ڕی ئارامی و خۆشڕهفتاری بگۆڕێت. ده‌شێ له ڕیگای خوێندنه‌وه گه‌وره‌ترین وه‌رچه‌رخان و گۆڕان له ژیانی خۆیدا به‌رپا بكات.
ئه‌و چینه‌ی ده‌مه‌وێت لێره‌دا كه‌مێك له‌سه‌ری بدوێم گه‌نجانن، به‌داخه‌وه زۆربه‌ی گه‌نجانی ئێمه نه‌ك هه‌ر ناخوێنه‌وه به‌ڵكو هه‌ر بیریشی لێناكه‌نه‌وه، كه ڕۆژێك بێت دوو لاپه‌ڕه له كتێبێك هه‌ڵده‌نه‌وه, ئه‌وه‌ی له ژیانیاندا ته‌واو فه‌رامۆش كراوه و هیچ باهایهكی نییه خوێندنه‌وه‌یه.
براده‌رێكم له یه‌كێك سه‌نته‌ره‌كانی ڕووناكبیری كار ده‌كات بۆی گێڕامه‌وه وتی: ئێمه هه‌موو كارمه‌نده‌كانی سه‌نته‌ره‌كه‌مان گه‌نجن، كتێبخانه‌یه‌كی مام ناوه‌ندیمان هه‌یه, هه‌موو ڕۆژێك كتێبه‌كان هاواریان لێ هه‌ڵده‌ستێت له ئازاری ئه‌و تۆزه‌ی له‌سه‌ریانه، چونكه له‌م هه‌موو گه‌نجه كه‌سێك نییه لاپه‌ڕه‌كانی كتێبێك هه‌ڵبداته‌وه و تۆزی سه‌ری بته‌كێنێ، له كاتێكدا ناویان ناوه سه‌نته‌ری ڕووناكبیری! به‌داخه‌وه ئه‌گه‌ر ڕه‌وشی سه‌نته‌ره‌كانی ڕۆشنبیری و لاوانمان ئاوا بڕوات, ده‌بێت فاتیحه بۆ ده‌زگاو سه‌نته‌ره‌كانی تر بخوێنین.
زۆر سه‌یره قوتابی زانكۆكانیشمان نازانم بۆ هێنده ڕقیان له خوێندنه‌وه‌یه، به داخه‌وه زۆربه‌ی گه‌نجانی زانكۆكان نه خۆیان توانیویانه خوێندنه‌وه وه‌ك كه‌لتوور بناسن, نه مه‌نهه‌ج و پڕۆگرامهكانیشیان هانیان ده‌دات بۆ خوێندنه‌وه.
من كاتێك له زانكۆ بووم له گۆڤارێكی مانگانه كارم ده‌كرد، له كاتی ده‌رچوونی گۆڤاره‌كه چه‌ند ژماره‌یه‌كم بۆ هاوڕێكانی كۆلێژم ده‌برد، به‌داخه‌وه هه‌ندێك هاوڕێم ئه‌وه‌نده دژه خوێندنه‌وه بوون ئاماده نه‌بوون گۆڤارهكهشم لێ وه‌رگرن.
من نازانم ئێمه خوێنده‌واریمان بۆچی هه‌یه، ئه‌گه‌ر بۆ ئه‌وه‌یه نووسینی سه‌ر لهوحهو شوێنه‌كان بخوێنینه‌وه ئه‌وا به دڵنیاییه‌وه كه‌سێك هه‌ر ئه‌بێت ئه‌م نووسینانه‌مان بۆ بخوێنێته‌وه, ئه‌گه‌ر بۆ ئه‌وه‌یه ته‌نیا بڵێین: خوێنده‌واره‌و به‌س ئاواش ده‌توانین بڵێین ئه‌مه نه‌خوێنده‌وارییه، چونكه له‌گه‌ڵ نه‌خوێنده‌وار جیاوازیێكی ئه‌وتۆ نییه له ژیانمان. كه‌واته خوێنده‌واری مه‌به‌ستێكی زۆر گه‌وره‌ی له پشته‌وه، دووڕومهرجانێكی گران به‌های له خۆ گرتووه، ئه‌ویش له ده‌ریای خوێندنه‌وه ده‌ست ده‌كه‌وێت.
من ته‌واو له‌گه‌ڵ ئه‌م وته‌یه‌ی (مارك تواین)م كه ده‌ڵێت: “ئه‌و كه‌سه‌ی كه ناخوێنێته‌وه، هیچی زیاتر نییه له‌و كه‌سه‌ی كه خوێنده‌واری نییه”
به داخه‌وه، یه‌كێ له هه‌ڵه‌كانی گه‌نجی ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌یه كاتێك خوێندن ته‌واو ده‌كات وا ده‌زانێت خوێندنه‌وه‌ش ته‌واو، ئیتر ئه‌وه‌ی ناوی كتێبه حه‌زناكات به‌لایه‌وه بچێت چ جای خوێندنه‌وه‌ی. من پێم وایه ده‌بێت خوێنده‌واری بۆ ئه‌وه بێت بخوێنینه‌وه نه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی بخوێنین, چونكه زۆر كه‌س خوێندیان، به‌ڵام نه‌یان خوێنده‌وه! بۆیه نه‌یانتوانی كه‌سێكی چالاك و پڕ زانیاری‌یان لێ ده‌رچێت. زۆر كه‌سیش نه‌ی خوێند، به‌ڵام خوێندییانهوه ئێستا بیرمه‌ندی مه‌زنیان لێ ده‌رچووه.
هاوكار عه‌بدوڵڵا
به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنی كۆمه‌ڵه‌ی كتێب دۆستانی كوردستان
Hawkar_ash@yahoo.com