Skip to Content

Thursday, July 25th, 2024
ئەگەر کۆمەڵگای کراوە هەبێت، مام جەلال نە تەقدیس دەکرێت وە نە بێزراو دەکرێت!

ئەگەر کۆمەڵگای کراوە هەبێت، مام جەلال نە تەقدیس دەکرێت وە نە بێزراو دەکرێت!

Closed
by May 25, 2013 گشتی

 

 

 

یەکێک لە قەیرانە سەرەکیە بۆ ماوەییەکان لە کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتیەکاندا کە تا ئەم ساتەش گیرۆدەیە پێوەی، نەبونی کۆمەڵگای کراوەیە. کاتێک کۆی هەنگاوەکان و ئاڵوگۆڕە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان بەرتەسک دەکرێتەوە بۆ نێو توانای تاکە کەسێک، لەوێدا، مردنی ئیرادە و توانای کۆمەڵگا دەردەکەوێت. چونکە هەردەم توانا و ئیرادەی کۆمەلگا بە کۆ، ئەو پرەنسیپە سەرەکیەیە کە ئاڵوگۆڕەکان دێنێتە مەیدان. ئەکرێت لەو واقیعە حاشا هەڵنگرە تێبگەیەن، کە خودی کۆمەڵگا لەلایەن چینێکی چەوسێنەر و دژە کرانەوە هەردەم لە نێو دەسەڵاتدا هەن، کە لەو ڕێگەیەوە، کار لەسەر بێئیرادە کردنی تواناکانی کۆمەڵگا دەگرن. چونکە بونی دەسەڵات بەمانای بونی چەوساندنەوە دێت و کۆمەڵگا واهەڵدەسوڕێنێت کە لەبەرژەوەندی خودی دەسەڵات و سەرۆکەکەیدا لەکاردا بێت، نەک لە پێناو بەرفراوان کردنی ئیرادەی کۆمەڵگادا. یەکێک لەو قەیرانە بۆماوەییانەی نێو کۆی کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتیەکان، ئەو ئاستە بەرزەیە لە مانەوەی سیستەمی دیکتاتۆری و تەقدیس کردنی سەرۆک لە نێو ئەو دەسەڵاتەدا. کوردستانیش وەک هەریەک لە وڵاتەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات، لەنێو هەمان بازنەی داخراوی فەرهەنگی و کەلتوری سیستەمە  دیکتاتۆریەکاندایە، وەک چۆن لە وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتدا بونی هەیە.

تەقدیس کردنی سەرۆک لەنێو خواستی بەرژەوەندی گروپێک یان چینێکدا، کاریگەریەکی وا نەگەتیفیانەی بنیات ناوە لە کۆمەڵگادا، هەردەم ئاستی ڕق و تۆڵەسەندنەوە لە نێو بەرەی نەیاراندا، بەرەیەک کە خۆی بەهەڵگری هەمان خواست و بەرژەوەندی ئەوی یەکم نابینیت، زیاتر دەکات. لەم کاتەدا، بەرەی یەکەم، تەنها لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیە تایبەتەکانی خۆیدا، چاوی خۆی کوێر دەکات لە بەرانبەر شیکاریکردنێک لەمەر سەرۆک و ئەوەی ئەوی سەرۆک دەیکات ئەمی بەرژەوەند خواز بە ڕاستی دەبینێت و ئیتر ئاگایەکی لە کۆی بەرژەوەندی کۆمەڵگا نامێنێت. گەر وانەبوایە، دەبوا کۆی بزوتنەوە سیاسیەکانی هەڵگری چەمکی کوردایەتی، هەلومەرجێکیان بنیات بنایە لەنێو کۆمەڵگادا، کە ئاستی وشیاری کۆمەڵگا و تاکیان بەجێگایەک بگەیاندایە، کە نەسەرۆک دەبێت تەقدیس بکرێت وە نە بێزراویش بکرێت لە نێو پەروەردەی کۆمەڵایەتیدا. ئەو نەخۆشیە کوشندەیەی کە لەنێو کەلتوری سیاسەت مەدارانی کوردستان و وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتیدا بونیان هەیە، هەروەک نەخۆشی ژێرپەنجە خۆیان خستۆتە نێو جەستەی کۆمەڵگاو تا دێت ئاستی ئیرادە و تواناکانی کۆمەڵگا سست و لاواز دەکەن، ئەمەش تەنها بۆ ئەو پێوەرە دەگەڕێتەوە کە ئەم جۆرە دەسەڵاتانە، تەنها خواستی تەقدیس کردنی خۆی هەیە بەسەر کۆمەڵگادا، نەک بەپێچەوانەوە خواستی بەرزی بونیادی کۆمەڵگا بخەنە سەرو تواناو بەرژەوەندیەکانی دەسەڵاتەوە.

نەخۆش کەوتنی بەڕێز (تاڵەبانی) کە پلەی سەرۆک کۆماری هەیە لە نێو دەوڵەتی نوێی عێراقی تائیفی و قەومیدا، ناکرێت تەنها بە تەقدیس کردن یان بە بێزراو کردن خوێندنەوەی بۆ بکرێت، ئەو وەک هەر مرۆڤێکی دی، پێکهاتەیەکە لەنێو پێکهاتەی مرۆڤ بون. کەواتە لێرەدا دەکرێت بۆ هەر ساتێک چاوەڕێی ئەو چرکە ساتەش بین کە سەرۆک دەمرێت و بۆ هەتایە کۆمەڵگا بەجێ دێڵێت، لێرەدا هەلومەرجێک دروست کراوە، کە گەر سەرۆک مرد، ئیتر جەهەنەمی تەواو لە وڵاتدا دەرگا لەسەر خۆی دەکاتەوە(وەک ئەوەی تا ئیستا و لە کاتی دەست بەکار بونی سەرۆکدا جەهەنم هێشتا دەرگاکانی خۆی بەتەواوەتی واڵانەکردبێت بە ڕوی جەماوەرە خەسێنراوەکەیدا) ئەم تێگەیشتنە بۆخۆی پڕاو پڕ نیشانەی نەخۆشی سیاسی سیستەمە دیکتاتۆریەکانە لە مێژودا، چونکە گەر سەرۆک توانست و کاریگەریەکانی بەو ئەندازەیە بوایە تا ئەوەی لایەنەکانی دیکە بەرەو پەروەردەیەکی دوور لە پەروەردەی بەرژەوەند خوازی و لە خزمەت کۆمەڵگا هەڵسوڕانیان ببەنە پێشەوە، دەکرا تا ئەم ساتە بەرهەمێکی هەبوایە. بەڵام لە ڕاستیدا گەر خۆ خەڵەتاندن نەبێت، هەریەک لە سیاسیەکانی عێراق و کوردستان، لە نێو بازنەیەکدا گەمەکانیان دەبەنە پێشەوە کە سەد دەرسەد بە دژی خواستی کرانەوەی کۆمەڵگاوەن. مام جەلال، بۆخۆی مێژویەکی هەیە لەنێو سیاسەت کردندا، بەڵام من وەک خۆم وای نابینم کە سیاسەتەکانی لە پێناو وەرچەرخانی جدی  کۆمەڵگادا بێت بەرەو ئاڵوگۆڕ پێکردنی ئەو پێگە نەگەتیفیانەی لە دەورانی ڕابردودا پێوەی ناڵاندوە، بەڵکو کار و سیاسەتی مام جەلال و پارتەکەشی، هەڵگری ئەو چەمک گەلەن کە لە پێناو بردنە پێشی بەرژەوەندی ئایدۆلۆژیای سیاسی لیبراڵیزمی بازاڕی ئازادان، ئەو لیبراڵیزمەی کە تەنها بەرژەوەندی چینێکی هەژمونگەر و خۆسەپینەر دە ئافرێنێت و دەیسەپێنێت بەسەر کۆی کۆمەڵگادا.

 تەواوی ئایدۆلۆژیەکان و کۆی ئاین و مەزهەبەکان، لە نێو کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتیدا بە ئاستێک گەیەنراون، کە تەنها بێزراو بوون بوە بە مایەی لێ ورد بونەوەیان، چونکە کۆی ئەو ئایدۆلۆژیا و بەرژەوەندیانە لە پێناو خواستی کۆمەڵێک و لایەنێکدا کاری پێکراوە، بەبێ ئەوەی ئەو دەرئەنجامانە لە بەر چاو گیرابێت کە ئاخۆ لە بنەڕەتدا کامە ئایدۆلۆژیا و کامە ئاین دەتوانێت لە سەرو ناوەڕۆکی کۆمەڵگا بونەوە بێت؟ ئاخۆ کاتێک ئایدۆلۆژیایەک وا لە کۆمەڵگا بکات کە کۆمەڵگا ببێت بە کۆیللەی، ئیتر ئەو کات دەبێت خێر و بەرەکەتی ئەو ئایدۆلۆژیایە لە کوێدا بێت؟ گەر مێژوی ئێستا و ڕابوردوی کۆی ئەحزابی کوردی و دینی بخوێنینەوە، هەڵگری تەنها ئەو ڕێچکە داخرانی و دیکتاتۆریانەن، کە هەمیشە خۆیان بە ڕاست و بەرانبەر بە هەڵە دەبینن. لەو کاتەشدا ئەوەی لەبەرچاو نەگیرێت خودی کۆمەڵگایە. لە نێو ئەو کۆمەڵگایەنەشدا هەردەم هەلومەرجێک دەخوڵقێنرێت، کە بەهای مرۆڤ بوون هێند ڕیسوا دەکرێت، ئەوەی کەبەرهەمی دەستی خودی مرۆڤە دەخرێتە شوێنێکەوە لە خولقێنەرەکەی بەبەها تر بێت. ئەمەیە کارەساتی تێک شکاندنی ئیرادەی کۆمەڵگا.

 ئیستا لە کوردستاندا کۆی پەیوەندیە کۆمەڵایەتی و ئاستی ڕێز و خۆشەویستیەکان بەجێگایەک گەیەنراوە، لەبری داهێنان و وەرچەرخان بەرەو بنیات نانی کۆمەڵگایەکی کراوە و ئازاد، جیهان بینی خیانەت کردن و گیرفان پڕ کردن جێگای هەموو کایە پەروەردەیەیی و ڕەوشتیەکانی گرتۆتەوە. لەنێو ئاوا هەلومەرجێکیشدا، کۆمەڵگا بەئاستێک دەگەیەنرێت هەموو شتێک بکات تەنها لە پێناو ئەوەی پارەیەکی زیاتر وەدەست بێنێت. چاندنی ئەم بیرە شوڤێنیە ترسناکترین ناعەدالەتیە بۆ تێک شکاندنی ئیرادەی کۆمەڵگا و بنیات نانی تاکی ئازاد. کام کونجی کۆمەڵگا دەگریت، تەنها بێزراو بون و بۆنی نەخۆشی و پەتای بۆماوەیی لێدیت. وتەیەکی جوانی ئۆج ئالان وە بیر دێنمەوە کە لە پەرتوکی (مانیفێستۆی شارستانێتی دیموکراتیک، بەرگی چوارەم) دەنوسێت؛گەورەترین کارەسات بۆ کۆمەلگایەک لەوەدایە هێزی ئەفراندنی هزر و چالاکی دەرهەق بەخۆی لە دەستدابێت’، ئەم وتەیە بۆ نێو فەرهەنگ و کەلتوری کۆمەڵگای کوردی گونجاوە، چونکە لەلایەن دەسەڵاتی پاوان خوازەوە، کۆمەڵگا بە جێگایەک گەیەنراوە، ئاستی تواناو ئیرادەی خۆی نەبینێت، لەوەی ئەوە تەنها خودی کۆمەڵگا خۆیەتی دەتوانێت لە جێی سەرۆکێکی تەقدیس کراو ،کەسێکی خاوەن بەرپرسیاریەتی و لە جێگای کڕنۆش بردن و ترس،  ڕێز، لەجێیدا بونی هەبێت، و هەر کاتیش بە بەرژەوەندی کۆمەڵگا کاری نەکرد لەو بەرپرسیارێتەی بهێنرێتە خوارەوە، بەبێ ئەوەی کۆمەڵگا چاوەڕێی ئەوە بکات لەو کاتەدا ڕوبەڕوی جەنگ و کاولکاری دەبێتەوە. ئەوە خودی ئەو بەرهەمە ناتەواوەی سیاسەتی بە تەقدیس کراوی دەوڵەت نەتەوەی سەر بە بەرژەوەندی چینایەتی چینی سەروی کۆمەڵگایە، وا دەکات دەبێت سەرۆک تامردن هەر سەرۆک بێت و گەر لاش برا، نابێت بەخواستێکی ئازادانە و دیموکراتیانە بێت، بەڵکو لەهەرساتدا دەبێت کۆمەڵگا لە چاوەڕوانی خوێن ڕشتن و جەنگی کاولکردنی خۆیدا بێت. ئاخۆ لەم نێوەدا ئاستی ئیرادەی کۆمەڵگا بونی هەیە، یان لەم ڕەوشەدا شتێک هەیە بەناوی پێگەی دیموکراسی و پاراستنی بەرژەوەندی گشتی کۆمەڵگا؟. بەڵام ئاخۆ لەنێو کۆمەڵگای ئێمەدا، خانە دیکتاتۆریەکان هێشتا لە گەشە سەندندا نین؟ کەواتە کاتێک کۆمەڵگای کراوە هەبێت، هەر لەوێشدا سەرۆک یان هەر بەرپرسێک نە جێگای تەقدیس کردن دەبێت وە نە جێگای بێزراو بوون، بە پێچەوانەوە تەنها ڕێز دەتوانێت ئەو جێگایانە پڕ بکاتەوە. کاتێک دەسەڵاتی کوردی و پێکهاتەکانیان دەتوانن، شانازی بە خۆیان و خەباتەکەیانەوە بکەن، کە چیتر سیاسەتی  چەوساندنەوە و ترساندنی کۆمەڵگا لە ئارادا نەبێت، ئێستا و لە ماوەی ئەم بیست و دوو ساڵەی ڕابردودا، بۆ جارێکیش نەمان بینی لە دادگایەکی ئاشکرادا، سەرۆک یان بەرپرسێک ڕوبەڕوی دادگا بکرێتەوە لەسەر کارە نابەجێکانی. ئاخۆ کاتێک دەڵێن گەندەڵی لە وڵاتدا بونی هەیە، نەتان پرسی لە خۆتان کێ بەرهەمهێنەر و سەرچاوەی هێنانی فەلسەفەی گەندەڵیە بۆ نێو کۆمەڵگا؟ ئاخۆ گەر ئێوە لە خزمەتی کۆمەڵگادان بۆچی لەبری بەرهەمهێنانی زۆرترین سوپا، خەریکی ئەوە نابن ئەو ئیرادە بەتوانایەی مرۆڤ لە خزمەتی داهێنان و بەرەوپێشچونی بەرژەوەندی گشتی کۆمەڵگادا، بەکار بهێنرێت؟ کامە جێگا ماوەتەوە لە بەرخاتری قازانجی کۆمپانیا ناوچەیی و جیهانیەکاندا نەخرابێتە ژێر ڕەحمەت و چاوچنۆکی ئەوانەوە؟ ئایا لێرەدا ئاستی ژینگە پارێزی چۆن ڕەچاو دەکرێت؟.. بۆنموونە( ئاوی دەریاچەی دەربەندیخان تا ئێستاش بەکەڵکی خواردنەوە نایەت و هەر بەزۆر دەڵێن ئاوەکەی پاقژە و خەڵکی هەژاریش ناچارن بەکاری بهێنن و تا ئێستاش  هیچ هیوایەک بەدی ناکرێت لەلایەن دەسەڵاتەوە تا ئەوەی ئەو ئاوە پاک بکرێتەوە و بەکەڵکی بەکارهێنان بێت.(ئەم دێڕە بەدەر نیە لە ناوەڕۆکی ئەم باسە، چونکە لە کۆمەڵگایەکی کراوە و ئازاد و دیموکراسدا، کۆی کەم و کورتیەکان بەرەو چارەسەر کردن دەبرێن، نەک وەک ئەم مێژوەی کە ئەحزابی سیاسی لەم تەمەنەی خۆیاندا بەخشیانەوە بەنێو کۆمەڵگادا و تەنها بەڵێنی زل و قەبە دەدەن و لە بواری کرداریشدا کەمترین جێبەجێ دەکرێت) بەڕاستی جێگای مەهزەلەیە بەو دەسەڵاتە دڵخۆش بین و بڵێین ئەمیان لەوی تریان باشترە!. ئەوانە کۆ دەسەڵاتێکن و هەلومەرجێکی وایان دروست کردوە لە نێو دیدی کۆمەڵگادا، کە سەرۆک لە سەرو هەموو پێگەیەکەوەیە و تەنها ئارامی و خۆشی ژیان بە تەمەن درێژی سەرۆکەوە بەندە! ئەمەیە فەلسەفەی سیاسەتی کوردی و دینی لە نێو ئەحزابی سیاسی لە کوردستان و عێراقدا. کەواتە کۆمەڵگا لە دوای مردنی سەرۆک دەبێت چاوەڕوانی کامە هەڵدێری تربێت و دەرگاکانی جەهەنم بە چ شێوەیەکی سوتێنەرتر بەڕویدا دەکرێتەوە. گەر ئەو شێوازە لە سیاسەت کردنە دیکتاتۆریانە نەبێت، ئیتر دیکتاتۆریەت چ مانایەکی هەیە؟!!!.

 

تاهیر حاجی حەسەن

٢٤/٥/٢٠١٣

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.