ڕۆژانە … نەوزاد بەندى
-1-
میکرۆفۆن
کامێرا ..
کاوبۆیەکى کاڵ ..
شەقامێکى قەڵەباڵغ ..
– ( کاکە ! بە ڕاى تۆ برنج خۆشترە یان قەرەخەرمان ؟
– (ببورە ! من نەخۆشى شەکرەمە ، هیچیان ناخۆم ! )
ئینجا ئەچێتە بەردەم پیرەمێردێک و
ئەپرسێ :
-( بەڕاى تۆ سێبەر ڕاومان ئەنێ ،
یان ئێمە ئەو ڕاو دەنێیین ؟ )
-( لە ساحەى تۆپێن ، ئێمە ئەوى ڕاو دەنێیین
بەڵام لە ساحەى شەڕ ، ئەو ، ئێمەى ڕاو دەنێ ..
ئەرێوەڵڵا .. ! )
ئەچێتە بەردەم کچۆڵەیەک و
پێى ئەڵێ :
( بە ڕاى تۆ بە پشتا و پشت بڕۆینەوە بۆ ماڵەوە
یان هەر بە شێوە ڕۆتینیەکە : ڕوو بە ڕوو ؟ )
کچەکەیش قۆشمەچى دەردەچێ و
پێى ئەڵێ :
( ئەگەر دوو ئاوێنەى ڕاست و چەپ
لە خوار گوێچکەکانتەوە داکوتی ،
بە پشتا و پشت بڕۆیتەوە باشترە .. ! )
-2-
پیاوێکى بۆینباخ لە مل ،
مدیر عامێ ئەهێنێتە سەر مێزێک و
ئەیداتە بەر قرچە – قرچى کامێرا و
دواى بە خێرهاتنێکى گەرم ،
جا دەست ئەکات بە جنێو پێدانى ،
بەڵام بە جۆرێکى شارستانى ..
لە کۆتاییدا برادەرێک ،
بە سکایپ ،
هەزار جنێوى سوک ،
ئەداتە دایک و
خوشکى بەڕێوەبەرى گشتى ،
لەگەڵ داواى لێبوردنێکى زۆر لە بەڕێوەبەرەکە و
پێیشى ئەڵێ : زۆر بەڕێز …
-3-
بێژەرێ ،
کە زۆر خۆى ماندوو کردووە لە ڕێکخستنى
ڕەنگى بۆینباخ و
کراس و
چاکەتەکەى ..
دوو کەسى ئامادە کردووە ،
یەکێکیان لاى ڕاست و
ئەوەى تریان لاى چەپ ..
ماوەى پەنجا خولەک ،
هەر سێکیان پێکەوە جنێو بەیەکتر ئەدەن ،
زیاتر لە کۆڕاڵی گۆرانى ئەچن ..
لە کۆتاییدا ،
زۆر بە ڕێزەوە
تەوقە لەگەڵ یەکتریدا ئەکەن و
ئەگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە
بۆ برنج و فاسۆلیا خواردن ..
-4-
پیاوێ ورگى تەنگى بە مایکرۆفۆنەکە هەڵچنیوە و
بەو حاڵە هەناسە ئەدات ،
باسى هونەرى یۆگا ئەکا ..
-5-
بە پیتى گەورە
نوسرا بوو :
شۆفێرى بەڕێز !
ئەگەر ئوتومبیلەکەت بەنزینى تیا نەما ،
لە نزیکترین بەنزینخانە پڕى بکەرەوە لە بەنزین ..
-6-
دواى لێکۆڵینەوەیەکى زۆر
بڕیاریان دا ،
بە هاووڵاتیان ڕابگەیەنن :
پێویستە لە دواى نانخواردن دەست و دەمیان بە سابون بشۆن
-7-
بە جۆرەها شێوە ،
سوێندیان خوارد دەستیان نەبردووە بۆ گیرفانەکانى نیشتمان و
جانتاکەیان نەفڕاندووە ..
دینارەکانیان نەخواردووە و
ناسنامەکانیان نەدڕاندووە ..
دەسنوسەکانیان نەدزیوە و
ناویان لاى خەڵک نەزڕاندووە ..
( ئیتر کەوتنە دابەشکردنى ئەو پارەیەى
کە بۆ لیژنەى سوێندخواردن و
نەزاهە و
شەفافیەت
بە کۆى دەنگ و ڕەنگ ،
پەسەند کرابوو ..)
-8-
ئەى نیشتمان ..
ئەزانى کەى کەسێ نییە دوو شوخت شیرت بداتێ و
دایبیەکەت بۆ بگۆڕێ ؟؟
(ئەو کاتەى نەوتت تیا نەما .. )
-9-
لەو کاتەوەى واقیع پڕ بووە لە دز و
درۆزن و
جەردە و
پیاو کوژ ..
ئاڵودەى خەو بووم ..
حەز ئەکەم زۆرترینى کاتەکانم بدەم بە خەو ،
با ئەو بۆ خۆى کاسبیەکیان پێوە بکا ..
-10-
بەیانیان ،
بە ترسەوە ئەڕۆمە دەرەوە ..
ئەترسم لەسەر سوچى کۆڵانەکە : مردن وەستا بێ ..
یان لە گیرفانما پەپکەى خواردبێ و
کە دەست ئەبەم بۆ کلیلەکانم ،
پەنجەم بگەزێ ..
بە تەنیشت گردى سەیواندا ئەڕۆم ،
چ ئیزدیحامێکى دروستکردووە مردن !
-11-
کەسمان بیر لەوە ناکەینەوە ،
جوجەڵەکان ، هەتیون ..
گوێرەکەکان ، هەتیون ..
کار و بەرخەکان ، هەتیون ..
هیچ رۆژنامەنوسێ بە دوادا چونێ بۆ ئەو
کۆمەڵکوژییە ناکا ..چونکە ئەوانیش
شانازى بەوەوە ئەکەن کە ساڵەهاى ساڵە ،
شلەى بێ گۆشتیان نەخواردووە !
-12-
ئەى نیشتمان،
کە مەمکەکانت نەوتیان تیا نەما ،
ملیاردێرەکان تەڵاقت ئەدەن ..
-13-
کۆڵانەکانت کەسیان تیا نەماو
کران بە زەوى تیجاریى..
کۆترەکانت تەجمیلى دەنوکیان کرد و بون بە هەڵۆ ..
خاڵخاڵۆکەکانت خاڵەکانیان کوژانەوە و
بون بە کەپرى گەشتیاریى..
ئەى نیشتمان !
ملیاردێرەکان کە جاران شەڕە بەڕوویان ئەکرد ،
ئێستا شەڕە تاوەر و
شەرە شارى مۆدێرن ئەکەن ..
-14-
ئەى نیشتمانە قەیرەکەم،
کێ بەم ئاخرى عومرەوە
سکى پڕ کردى .. ؟
–15-
ئەم ئێوارەیە ،
لە هەموو کاتێ زیاتر ،
هەست بە بۆنى دەمى مردن ئەکەم