سانسۆر ،سه‌رچاوه‌ی داهێنان وشک ده‌کات
وه‌رگێڕ و چه‌ند په‌یڤێک: به سه‌رنج به‌و ڕه‌وش و دۆخه هه‌ره‌هه‌ستیار و ناسکه‌ی باڵی به‌سه‌ر ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین و خاسما ده‌ڤه‌ره‌که‌ی بن حوکمی ئێمه‌ی کورد(هه‌رێمی کوردستان)دا کێشاوه و ناحه‌زانیش هه‌رده‌م هه‌وڵی تێوه‌گلاندن و قۆستنه‌وه‌ی که‌مایسی و لادانهکانمان ده‌ده‌ن و به‌زه‌قی چاویان له هه‌ر چه‌شنه که‌م و کوڕیی ده‌سته‌ڵاته ساواکه‌ی هه‌رێمه،پێویسته کورد و ده‌سته‌ڵاتی کوردی سه‌رده‌مییانه‌تر و دیمۆکراسییانهتر هه‌نگاو بنێ و هه‌موو هه‌وڵ و ته‌قه‌لای خۆی بخاته گه‌ڕ بۆ دروستکردنی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی مه‌ده‌نییانه‌تر و کراوه‌تر که له‌گه‌ڵ پێوه‌ره‌کانی مرۆی سه‌رده‌میشدا بگونجێ . ڕه‌نگه له‌و پێناوه‌دا حوکوومه‌ت تووشی کۆسپ و ته‌گه‌ره‌ش بێت و کێشه و ئارێشهیش چێ بێت؛به‌ڵام کردنه‌وه و ئاوهڵاهێشتنهوهی ده‌لاقه و ده‌روازه‌یه‌ک بۆ ڕه‌خنه و ڕه‌خساندنی هه‌له‌که بۆ خه‌مخۆرانی گه‌ل و نیشتیمان و ڕووناکبیران،گه‌وره‌ترین ڕاژه و خزمه‌تی حوکوومه‌ت و ده‌سته‌ڵاتی کوردیی ده‌کات و کۆمه‌ڵگه‌یش له په‌نابردنه به‌ر زمانی زبر و ئاوێته به توند و تیژی لا ده‌دات. ڕه‌خنه و زمانی ڕه‌خنه گه‌ر پشت ئه‌ستوور به بنه‌ما بنچینه‌ییه‌کانی خۆی بێت،هه‌رده‌م کۆمه‌ڵگه به‌ره‌و تازه‌گه‌ری و گۆڕان و به‌خۆداچوونه‌وه پاڵ پێوه ده‌نێ و نه‌ک به‌حاڵی کۆمه‌ڵ زیانمه‌ند نابێت بگره ڕاست له خزمه‌ت قازانج و به‌رژه‌وه‌ندیی کۆمه‌ڵگه‌دایه و به‌رگی نوێ مانه‌وه‌یش بهوهریدا ده‌کات.به‌پێچه‌وانه‌وه،داخستنی ده‌رکه‌ی ڕه‌خنه و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڕه‌خنه ،سانسۆر له ناو ده‌سته‌ڵاتدا دروست ده‌کات و به وته‌ی گه‌وره‌نووسه‌ری کوردی فارسینووس “ئه‌لی ئه‌شره‌فی ده‌روێشیان”، “سانسۆر،سه‌رچاوه‌ی داهێنان و تازگه‌ری وشک ده‌کات”. بۆیه ده‌سته‌ڵاتی کوردی که هێشتاکه‌یش ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ کۆنترۆڵی زۆر ده‌زگه و ناوه‌ند و که‌ناڵی چاپه‌مه‌نی،میدیایی و ڕاگه‌یاندن ده‌کات و جارێ ده‌نگی سه‌ربه‌خۆ و که‌ناڵی بێ لایه‌ن به مانا و واتا ڕاستینه‌که‌ی بوونی نییه ،با هه‌میشه ڕۆچنه‌یه‌ک بۆ ڕه‌خنه ئاوه‌ڵا بهێڵێته‌وه و حسێبی دوژمنایه‌تیکردن بۆ ڕه‌خنه‌گر نه‌کات و ترسی له ڕه‌خنه‌گرتن نه‌بێت ته‌نانه‌ت گه‌ر ڕهخنهکهیش په‌رده له‌سه‌ر زۆر ڕاستیی تاڵی ناو کۆمه‌ڵگه و که‌ین و به‌ینه‌کانی ناو بازنه‌ی ده‌سته‌ڵات هه‌ڵبداته‌وه. حوکوومه‌ت و ده‌سته‌ڵات گه‌ر به چه‌کی گوشار و زه‌خت و زۆر به‌ره‌نگاری ده‌نگی ڕه‌خنه‌گر ببێته‌وه ،ڕۆژ له دوای ڕۆژ خۆی زێتر له ملهوڕییهت و دیکتاتۆرییه‌ت نزیک ده‌کاته‌وه و هه‌ر به‌دوای ئه‌وه‌یشدا که‌لێنێکی گه‌وره له نێوان ده‌سته‌ڵات و جه‌ماوه‌ردا دروست ده‌بێت و سه‌ره‌نجامیش ئه‌و ده‌سته‌ڵاته به‌ره‌و ملشکان و له‌ناوچوون په‌لکێش ده‌کات. بۆ ئێمه‌ی کورد و حوکوومه‌ته ساواکه‌ی هه‌رێمی کوردستان که هێشتاکه خاوه‌نی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی نه‌ریتین و تازه ده‌مانه‌وێ یه‌که‌مین هه‌نگاوه‌کان به‌ره‌و تێپه‌ڕاندنی نه‌ریت و خۆنزیککردنه‌وه له مۆدێڕنیته بهاوێین، با به گیانێکی سه‌رده‌مییانه و یهکترقهبووڵکردنهوه کار بۆ ئه‌م گرینگه بکه‌ین و یه‌که‌مین خشته‌کان به جوانیی و ڕێک و پێکی و سفت و سۆڵی دانێین و قه‌ت خۆ له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ڵات و حوکوومه‌ته‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین هه‌ڵنه‌سه‌نگێنین و له ده‌ستکه‌وت و ئه‌زموونی توێژی ڕۆشنبیری ناوخۆ و ده‌ره‌وه و گه‌لانی خاوه‌ن سیسته‌می دیمۆکراسییه‌ت که‌ڵک وه‌ربگرین.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی نووسه‌ری مرۆخۆشهویست و کوردپه‌روه‌ری فارسینووس “ئه‌لی ئه‌شره‌فی ده‌روێشیان” له ناوه‌ڕاستی هه‌فتاکانی هه‌تاوییدا (نێوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌کانی زایینی)بۆ دۆخی ڕۆشنبیری و چاندیی ئێران وێنای ده‌کات و ده‌یخاته پێش چاو،ڕاست هه‌ر بۆ ئه‌مڕۆکه‌یش پاش تێپه‌ڕینی نزیکه‌ی 20 ساڵان و له نه‌وه‌ده‌کانی هه‌تاوی(2013 )دا هه‌ر هه‌مان ڕه‌وت و ڕه‌وش به ڕاست ده‌گه‌ڕێ و هه‌تا دێت له ناو ڕژێمی ئیسلامیی بن حوکمی وه‌لایه‌تی فه‌قێدا فره‌تر په‌ل و پۆ ده‌هاوێژێ و هه‌ر ئه‌م ڕه‌وشه ساڵانه ده‌رکه‌ی ده‌یان ناوه‌ندی ڕۆشنبیریی و چاپ و بڵاوکردنه‌وه و په‌خشکار تووشی داخران و سه‌دان نووسه‌ر و ڕووناکبیریش زیندانیی و ئاواره و په‌ڕیوه‌ی هه‌نده‌ران ده‌کات. سانسۆر،ڕۆژ له دوای ڕۆژ زێتر باڵ به‌سه‌ر هه‌موو بواراندا ده‌کێشێ و ته‌نانه‌ت هه‌تا قسه‌ی سه‌ر زاری ناو ماڵانیش ده‌چێته پێش. خوێندنه‌وه‌ی من بۆ ڕه‌وشی ئێستای چاندیی و فه‌رهه‌نگیی ئێران ئه‌و ڕاستییه‌مان لا ئاشکرا ده‌کات که زۆر زه‌حمه‌ته له بن نسێی ئه‌و هه‌وا مژاوییهدا کراوهنهوهیهک ڕوو بدات.به‌ڵام لایه‌نێکی تری نووسینه‌که‌ی ده‌روێشیان ڕووی له په‌ره‌سه‌ندن و بڵاوبوونه‌وه‌ی کتێب و به‌رهه‌می بێ ناوه‌ڕۆک و که‌م بایه‌خ و نامۆیی کۆمه‌ڵگه به‌رامبه‌ر نووسه‌ر و ڕووناک‌بیری ڕاستینه و به‌رهه‌می گرانبایی و زه‌نگینی ئه‌و توێژه‌ی کۆمه‌ڵه که ئه‌مه‌شیان دیسان سه‌رچاوه‌که‌ی هه‌ر بوونی هه‌مان سانسۆری توند و تۆڵ و هه‌مه لایه‌نه‌یه که جگه له بازنه‌ی “خودی” و نووسه‌ری خودی ئیزن به که‌سی تر نادات و به‌داخه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌وسار و کۆنترۆڵی هه‌موو ده‌زگه‌کانی ڕاگه‌یاندن و چاپه‌مه‌نی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ له‌بن ده‌سته‌ڵاتی ڕژێمدایه، زۆرینه‌ی کۆمه‌ڵ له خه‌و کراوه و باری هه‌ره‌گران(قورس)ی ئابووریی و ڕه‌وشی ژیان و گوزه‌رانی جه‌ماوه‌ریش ئه‌و باره ناهه‌مواره‌ی ئه‌وه‌ندی تر قورس‌تر و گرانتر کردووه و جه‌ماوه‌ر به‌دست ئه‌و دۆخه سهخڵهتهوه ناڵانه و ته‌نانه‌ت گه‌ر نووزه و توانا و تاقه‌ت و ورهیهکیش مابێته‌وه، ئه‌وه‌نده کزه،به‌رگوێ نایه و ناوێرێ خۆی ده‌ربخات چوونکه چه‌کی سه‌رکوت و داپڵۆسین ئه‌وه‌نده به‌زه‌بره که‌م که‌س ده‌وێرێ ده‌نگی هه‌ڵبڕێ و دادێک بکات. له‌به‌ر گرینگیی ئه‌و بابه‌ته و بایه‌خی بۆ ئه‌مڕۆی ئێمه‌ی کورد ،له خواره‌وه ده‌قی وه‌رگێڕدراوی نووسینه‌که‌ی مامۆستا”ده‌روێشیان”تان ده‌خه‌مه به‌ر دیده.ڕاسته بابه‌ته‌که زێتر په‌یوه‌ندی به دونیای ئه‌ده‌به‌وه هه‌یه به‌ڵام له‌و ڕۆژهه‌ڵاته‌ی ئێمه‌ی تیا ده‌ژین،هه‌موو شتێک به سیاسی کراوه؛چوونکه ئازادیی ڕاده‌ربڕین سنوورداره و تابۆکان زۆر.
****
زۆر جار له لایه‌ن هۆگر و داژدارانی چیرۆک و ڕۆمانه‌وه ئه‌م پرسیاره دێته ئاراوه که بۆچی به‌م ڕۆژانه چیرۆک یان ڕۆمانێک که بتوانێ هه‌ژان و ته‌کانێک بخاته ناو دڵی خوێنه‌ر ،حه‌ز و شۆقێکی پێ ببه‌خشێ و تووشی تێڕامان ،هزرین و بیرکردنه‌وه‌ی بکات،به‌رچاو ناکه‌وێ. هه‌ندێجار چیرۆکێکمان به‌ردیده ده‌که‌وێ که ده‌ڵێی به‌ش و پارێکی قرتێندراوه و مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی تێدا بزره و ڕوون نییه به‌دوای چیدا ده‌چێ. هۆکار چییه که چیرۆک و ڕۆمانه بێ ناوه‌ڕۆک و ساده و ساکاره‌کان که باس له بێ بایه‌خترین و سووک و چرووکترین پرسه‌کانی ژیانی مرۆ ده‌که‌ن،تا دێت زێتر جێی خۆ ده‌که‌نه‌وه و گه‌نج و لاوی هۆگری ئه‌ده‌ب و هونه‌ری ئێمه به خۆوه مژول و سه‌رقاڵ ده‌که‌ن؟ بۆچ بڕێک چیرۆک ئه‌وه‌نده بێ سه‌ر و به‌ره و جاری وایه به‌رگی خوازه و میتافۆری ئاڵۆزی ده‌کرێته به‌ر که ئیتر تێگه‌یشتنی زۆر چه‌توون و زه‌حمه‌ت ده‌بێت؟ ئایا پاره خه‌رجکردن ئه‌ویش له ڕه‌وش و دۆخی ئێستادا و به‌و داهاته‌ی ئێستێ هه‌مانه، بۆ کڕینی کتێبی ئه‌وتۆ که دیار نییه لای خودی نووسه‌ر هه‌مان ده‌قی سه‌ره‌کیی بێت یان نا،کارێکی شیاو و گونجاوه ؟
تابهوێ په‌یوه‌ندی به زانیاریی من و ئه‌و لقه‌وه هه‌بێت که هۆگریم پێوه هه‌یه،وهرامهکه به‌م چه‌شنه‌یه: تارمایی دزێوی سانسۆر سێبه‌ری خستۆته سه‌ر سیمای ناسک و له‌رزۆکی ئه‌ده‌بی چیرۆک و ڕۆمانی مه. ئه‌و به‌ره و جیله‌ی منیشی تێدا جێ ده‌بێته‌وه (منیش ده‌گرێته‌وه)،له بن نسێی شووم و ڕه‌شی ئه‌و تارماییه‌دا له‌دایک بووه و پێگه‌یشتووه. ساڵه‌های ساڵه که به‌رگوێمان ده‌که‌وێ: ” چه‌ند ڕسته‌یه‌کی ناو ئه‌م کتێبه‌یان لا بردووه.”،”ئێره خاڵ چن کراوه.”، ” ئه‌م چه‌ند ڕووپه‌ڕه‌ی ناو کتێبه‌که‌یان قرتاندووه،شوێنه‌که‌ی دیاره.” ، ” فڵانه کتێبیان له ناو بازاڕی کتێب‌دا خڕ کردۆته‌وه و په‌ڕ به په‌ڕیان له ناو بردووه؛به‌ڵام خۆ ده‌کرێ نووسخه‌ی کۆپیکراوی به نرخێکی زۆر گران ده‌ست بخه‌یت.”
هه‌موو مێژووی هزرین و بیرکردنه‌وه‌ی ئێمه به په‌رژین و چوارچێوه‌یه‌کی نادیار و ته‌ماوی ده‌وره دراوه و به‌زاندنی ئه‌و سنووره، ئیزنپێدراو نییه و سزای له شوێنه. ڕوون و خویایه هۆکاری سه‌ره‌کیی نه‌بوونی فره ده‌نگیی و فره‌ڕه‌نگیی له تێڕامان و هزرین له هه‌موو بوار و به‌ستێنێکدا ،هه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌مان پرس.
باشه ئێمه خاوه‌نی بیرمه‌ند و هزرمه‌ندی ئه‌وتۆ بووینه که ئه‌و سنوور و تخووبهیان به‌زاندبێت؟ وه‌ڵام ئهرێیه؛ به‌ڵام زۆربه‌یان به تاوانی به‌رزه‌فڕیی له هزر و ئه‌ندێشه‌دا ،تووشی چاره‌نووسێکی تاڵ هاتوون و به شێوازی جۆربه‌جۆر تا به‌مڕۆ وه‌به‌ر سانسۆر و پشتگوێخران که‌وتوون و دژ به‌وان له‌لایه‌ن هۆکاره‌کانی سه‌رکوت و ملهوڕییه‌وه پڕۆپاگه‌نده‌یه‌کی زۆر کراوه. یه‌کیان به هه‌ڵه ،به سهناگۆی پاشا و ده‌سته‌ڵاتداران ناساندووه(فیرده‌وسی). ئه‌ویتریان به لیبۆک و قه‌شمه‌ری لای ئێمه ناوزه‌د کردووه(عوبه‌یدی زاکانی) ،ئه‌وی دیکه‌شیان به دنیاپهرست و مه‌ست و سه‌رخۆش و ئه‌هلی ڕابواردن ناو بردووه(خه‌ییام).
عهینولقوزاتی هه‌مه‌دانی(زانای سه‌ده‌ی پێنج و شه‌شه‌می کۆچی) که بۆ ده‌ربڕینی ڕا و بۆچوونی خۆ زۆر بوێر و نه‌ترس بوو،که‌وته به‌ر به‌دگومانی و دڕدۆنگی مۆتهشریعه1. به کافر و له دین ده‌رچوو ناویان ده‌برد .ماوه‌یه‌ک خرایه زیندان و به‌ندیخانه و سه‌ره‌نجامیش له ته‌مه‌نی 33 ساڵاندا له هه‌مان خوێندنگه که وانه‌ی تیا ده‌گوته‌وه،له سێداره درا و پاشانیش ته‌رمه‌که‌یان به نه‌وت و بۆریا(حه‌سیر) سووتاند.
شێخ شه‌هابه‌دینی سۆهره‌وه‌ردی(پیتۆڵ و فه‌یله‌سووفی سه‌ده‌ی شه‌شه‌می کۆچی)دامه‌زرێنه‌ری حیکمه‌تی ئیشراق. ئه‌و سه‌ره‌تا فێری حیکمه‌ت و بنه‌ماکانی شه‌رع بوو. پاشان که‌وته تێفکرین و خهڵوهکێشان. له حه‌ڵه‌ب دا که‌وتنه دژاێتیکردنی و هه‌مه جۆره تۆمه‌تێکیان دایه پاڵ و به فه‌رمانی سه‌لاحه‌دینی ئه‌ییووبی ،گیرا و له‌به‌ر جه‌خت و مکوڕبوونی شه‌رعناسان له ته‌مه‌نی 36 ساڵاندا به کوشتیان دا .
له سه‌رده‌می هاوچه‌رخدا وا له ناو خه‌ڵکدا جاڕیان ده‌دا که هه‌رکێ دووی به‌رهه‌م و کتێبه‌کانی “سادقی هه‌دایه‌ت”2 بکه‌وێ ،سه‌ره‌نجام په‌نا ده‌باته به‌ر خۆکوژی. “غوڵامحسێنی ساعیدی “3 که له پێشه‌نگه‌کانی ڕێبازی ڕیالیزمی سیحری له جیهاندایه(له کتێبی تازیه‌بارانی به‌یل دا)خسته به‌ندیخانه‌وه و هه‌وڵیان دا به بۆته‌ی فه‌رامۆشی بسپێرن و له‌بیر بکرێ.
کاتێک هه‌ستی خه‌یاڵ ،توانای فڕینی نه‌مێنێ،ئه‌و ده‌مه‌ی هزرین کۆت و به‌ند بکرێ،سه‌رچاوه‌که‌ی وشک ده‌بێت،ئیدی بیری نوێ و به‌رهه‌می نوێ ناخوڵقێ(سه‌رهه‌ڵنادات). له هیچ بوار و زانستێکدا داهێنان نامێنێ و دوا به‌دوای ئه‌وه‌ش هه‌مووان دووی به‌رهه‌می بیانی ده‌که‌ون و په‌نا بۆ به‌رهه‌می بێگانه و نامۆ ده‌به‌ن. ده‌ست وه‌ئه‌ژنۆ داده‌نیشین، به چاو و ده‌می داچهقیوهوه چاوه‌ڕوان ده‌مێنینه‌وه تا له ڕۆژاواوه کتێب و به‌رهه‌مێکی نوێمان پێبگات و دابینی پێویستیی جه‌سته‌یی و ده‌روونیی خۆمانی پێ بکه‌ین. زۆربه‌ی ئێمه چه‌ندین جۆره مامۆستامان تاقی کردۆته‌وه. دیاره ئه‌و مامۆستایه‌ی که پۆله‌که‌ی ڕۆحی دیمۆکراسییه‌تی به‌سه‌ردا زاڵ بێت،قوتابیش دوای نوێگه‌ری و داهێنان ده‌که‌وێ؛که‌چی له‌و پۆله‌ی که مامۆستاکه‌ی که‌سێکی تاکڕه‌و و دیکتاتۆر و ملهوڕ بێت و به چه‌کی زۆر و ملهوڕی هه‌موو کارێک به‌ره‌و پێشه‌وه ببات، له کاروان و قافڵه به‌جێ ده‌مێنێ. له وا بار و ڕه‌وشێکدا قوتابی په‌نا ده‌باته به‌ر مهراییکاری و گزیکاری ،له تاقیکارییه‌کاندا له ڕووی ده‌ستی یه‌کتر ده‌نووسنه‌وه،دزی و مهراییکاری فێر ده‌بن. به‌رتیل به قوتابی زیره‌ک و وریاتر ده‌درێ تا هاسانکاری بۆ ته‌مه‌ڵه‌کان بکرێ و ئه‌رکه‌کانیان بۆ جێ به‌جێ بکرێ،فێره درۆ ده‌بن، ڕوو ده‌که‌نه خه‌یانه‌تکردن و به زمانلووسی و فێڵبازی نمره به‌ده‌ست دێنن،یان نه‌خێر ئاژاوه ده‌نێنه‌وه و به‌لای خوێندندا ناچن. کاتێک داهێنان له مێشک و زه‌یندا هه‌وسار بکرێ،دیاره لاساییکردنه‌وه سه‌ر هه‌ڵده‌دات.
لاساییکردنه‌وه بیر و زه‌ین کوێر ده‌کاته‌وه. پێوه‌ر لای ئێمه هێشتا بۆ باشترین نووسینه‌کانمان هه‌مان پێوه‌ره‌کانی بیانیین.فڵانه کتێب شاکاره چوونکه ڕاست له نووسینه‌کانی ڤیلیام فاڵکنه‌ر ده‌چێ. ئه‌مه‌یان هه‌روه‌ک خودی مارکیز ده‌نووسێ به‌ڵام له به‌ختی ڕه‌شی له ئێران‌دا له‌دایک بووه.دڵنیا بن مه‌له‌وانی ناو بواری ڕیالیزمی سیحرییه و زۆر لێزان و شاره‌زایه. گه‌ر ئه‌ویتریان ببینی هه‌ر وه‌ک کانیاوێکی به‌خوڕ هه‌ڵده‌قوڵێ،به‌ڕاستی هه‌ر خودی جێمز جوێزه و …و ڕۆح و ڕوانینی لۆمهئاسای داهێنه‌رانی کولتووری نه‌ته‌وه‌ییمان که غه‌ریبانه له ناو گۆڕدا خه‌وتوون له ده‌ست ئه‌م به‌ره و جیله که یادیان ناکات،به‌رهه‌مه‌کانیان ناخوێنێته‌وه و ڕوانگه و هزر و بیر و بۆچوون و که‌سایه‌تییان به کولتووری بێگانه فرۆشتووه،وه‌ژان ده‌که‌وێ و ئازار ده‌چێژێ. ئه‌مه‌یه لادان و بێ سه‌لیقه‌یی و داته‌پین. کاتێک چاوت له ڕووی ژیان هه‌ڵێنا و تابلۆیه‌کی ڕووتیان له به‌رامبه‌رتدا دانا،سترانی بێ ناوه‌رۆکیان به گوێچکه‌دا چپاند،بیر و زه‌ین و مێشکت پڕ و ته‌ژی کرا له هزر و به‌رهه‌می بێ ناوه‌ڕۆک،هه‌ر له هه‌مان ئاستدا ده‌مێنیته‌وه و زه‌حمه‌ته له به‌رهه‌می چاک تێبگه‌یت.
ئه‌مانه هه‌موو له دواهاته‌کانی سانسۆره. ئه‌سپی یاخی وسه‌رکێشی خه‌نیم،ده‌داته غار و خه‌ڵاته‌کان یه‌ک به‌دوای یه‌کدا ده‌باته‌وه و ئه‌سپی بێ سره‌وت و نائارامی منیش،به بزماری هه‌ره ئه‌ستوور و قایمی سانسۆر له سووچ و گۆشه‌یه‌کی مه‌یداندا به‌ستراوه‌ته‌وه و هه‌ر به ده‌وری خۆیدا ده‌سووڕێته‌وه تا ئه‌وه‌نده شه‌که‌ت و هیلاک ده‌بێت که له جم و جۆڵ و جووڵه ده‌که‌وێ.
به وته‌ی “نیما یوشیج”4 که قسه‌ی دڵی ئێمه ده‌کات:
خشک آمد کشتگاه من
در جوار کشت همسایه
واته: وشک هه‌ڵگه‌ڕاوه بێستانه‌که‌ی من
له په‌نا (نزیک)بێستانی جیرانهکهما
16/10/1374
ئه‌لی ئه‌شره‌فی ده‌روێشیان
وه‌رگێڕ بۆ کوردی : ڕێناس جاف
****
1 قوتابخانه‌یه‌کی ناو ئایینزای شیعه‌یه له سه‌رده‌می قه‌جه‌ردا که خۆی به ڕێبازی ڕاستینه‌ی شه‌ریعه‌ت داده‌نا و به‌ره‌نگاری “شێخییه”5 ده‌بووه‌وه.
2 له پێشه‌نگه‌کانی چیرۆک و ڕۆماننووسیی له ئێران‌دا(1903-1951)
3 گه‌وره‌نووسه‌ری ئێرانی(1936-1985)
4 باوکی شێعری نوێی فارسی(1896-1959)
5 ڕێباز و لقێکی هه‌ره‌ناسراوی ئایینزای شیعه‌ی دوانزه ئیمامییه.
****
سه‌رچاوه: کتێبی “چلۆن و بۆچ”،ئه‌لی ئه‌شره‌فی ده‌روێشیان،په‌خشکاری ئیشاره،چاپی یه‌که‌م زستانی 1381ی هه‌تاوی،لاپه‌ڕه‌ی 35 تا 37
****
تاران
6ی جۆزه‌ردانی 2713