Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
هەڵبژاردنەکانی ئێران بەرەو کوێ ؟

هەڵبژاردنەکانی ئێران بەرەو کوێ ؟

Closed

 

 

 

 

 هەڵبژاردن لە ئێران دەرگیری چەندین کۆسپ و تەگەرەی جدیە . ئەمەش لە کاتێکداتیە کە سەدان هەڵسوڕاوی سیاسی و ژۆرنالیست تا ئێستاش لە بەندیخانەکاندا گیریان خواردووە بە هۆی چالاکیەکانیان لە دوای هەڵبژاردنەکانی 2009 دا . دوو کاندیدی سەرۆکایەتی ئەو تا ئەمڕۆش  لە ژێر مانەوەی زۆرەملێدان لە ماڵەکانی خۆیان و بۆیان نیە نەک تەنیا ئێران جێ بێڵێن بەڵکو ناتوانن ماڵەکانی خۆشیان جێبێڵن . ئێستاش حکومەتی ئێران تەنیا بە تەسک کردنەوەی بوارەکانی دەست ڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت وازی نەهێناوە ، بەڵکو ڕەفتارەکانی دوورخستنەوەو سڕینەوەی ناو و مافی خۆ کاندید کردنی لە زۆربە سەندۆتەوە وچڕی کردۆتەوە بۆ لیستێکی 8 کەسی کە زۆربەیان لە هێڵی مورشیدو کۆنسێرڤەتیڤەکان نزیکن .

لە کۆی لیستێکی 680 کەسی کە ناوی خۆیان تۆمار کردبوو بۆ خۆ کاندید کردن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تەنیا 8 ناو مۆڵەتی پێدرا بمێنەوە لە نێو پڕۆسەکانی هەڵبژاردن . لەو خەڵکانەی کە دوورخراونەتەوە لە هەڵبژاردن چەند کەسایەتیەکی گرنگی تێدایە کە پێشوتر لە هەرەمی دەسەلاتی حکومەتدا پۆستی گەورەیان لە دەست بووە ، لە وانە : هاشمی ڕەفەسنجانی ( یەکێک لە سەرۆکە پێشوەکان ) ، ڕەحیم مەشائی ( ڕاوێژکاری ئەحمەد نەژاد) ، عەلی فەلاحیان ( وەزیری پێشووی  ئیتڵاعات ) ، مەنوشەهر موتەکی ( وەزیری پێشووی وەزارەتی دەرەوە) .

ڕەفسەنجانی توانی سەرنجی جەماوەرێک بۆ خۆی ڕابکێشێت کە لە ئەسڵدا جەماوەری ئەو نەبوون ، لە دوو ناوەندی جیاواز ، بەشێک لە نێوەندی ئاینی ، بەشێک لە قوتابیان و عیلمانیەکان . خامنەئی نایەوێ شەقامی ئێرانی ئاراستەی هەڵبژاردن بقۆزێتەوەو بەرەو لایەکی ببا کە هەڕەشە لە سەر ڕژێم دروست بکات ، لابردنی ڕەفسەنجانی لەو ڕوانگەوەیە کە ئەو دەتوانێ شەقام ببزوێنێ . نموونەیەک لە پشتگیری دوای ڕاگەیاندنی دوورخستنەوەی خۆی نیشاندا کە کچی ڕابەری پێشووی ئێران خومەینی نامەی نارد بۆ موڕشید ووتی : ئیمام خومەینی دەنگی داوە بە ڕەفسەنجانی .

مە شائی ، دەتوانین بڵێین درێژە پێدەری هەمان تێڕوانینیەکانی ئەحمەد نەژادە ، کە نێوەندە کۆنەپارێزەکانی ئێران بە دەوو سەری یەک مار ئێستا ناویان دەبەن . ئەویش تا ئاستێک لە توانایدا هەیە شەقام ببزوێنێ بە تایبەتمەندیەکانی ئەو هەڵمەت و بانگەشانەی دەیکا . شێوازی مەشائی پشت بەستنە بە تێرم و فۆرمی ( ئیسلامی ئێرانی ) کە وەکو مۆدیلێکی تێکەڵاو لە دین و لە ناسیۆنالیزمی ئێرانی دەیەوێ ئەو سەرخانە ئایدیۆلۆژیە دروست بکا بۆ بزوتنەوەیکی گەشەکردوویی ناسیۆنالیزمی ئێرانی لە نێو گەنجانی ئێران ، ئەو خیتابە سیاسیە بە کاری دێنێ بریتیە لە گەڕاندنەوەی بەها بۆ سیمبولەکانی شارساتنیەتی ئێران .

لەو هەشت کەسەی کە ماون(سەعید جەلیلی) یەکێکە کە بە لێکدانەوەی نێوەندە سیاسیەکان چانسی بەرزە وەکو سەرۆک دیاری بکرێت بە لە بەرچاو گرتنی ئەوەی کە باڵی موڕشیدو پارێزگارەکانی هەرەمی دەوڵەت بە هەر نرخێک بێت ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بە جۆرێ ئاراستە دەکەن و دەیگۆڕن کە دەبێ کەسێکی سەر بە هێڵی خۆیان دەربچێت . کورت کردنەوەی لیستی 680 کەسیس بۆ هەشت کەس تەنیا هەنگاوی یەکەمی عەمەلی کردنەوەی ئەم خواستەیە . سەعید جەلیلی چانسی بەرزە چونکە کەسیان بە قەدەر ئەو  جێگەی متمانەی مورشیدو موحافەزەکاران نین . چونکە یەکێک لە قوتابیە دێرینەکانی خامەنەئی و مورشید خۆی دەرسی ئاینی پێ وتووە . بۆ ماوەیەکی زۆر بەڕێوەبەری بەشی دەزگای هەواڵگریی بووە لە ئۆفیسی مورشید . شان بەشانی جەلیلی ( باقر قالیباق) یەکێکە لەو کەسانەی کە چانسی ئەوەی دەبێت براوە بێت لەم هەڵبژاردنانە ، چونکە لە سوپای پاسداران و پۆلیس پۆستی گەورەی هەبوەو جێگای متمانەی مورشید و پارێزگارانە بە هۆی ڕۆڵ و سور بوونی لەسەر سەرکوتی بزوتنەوەی قوتابیان و ناڕازایەتیەکانی نێو زانکۆکانی ئێران بە تایبەتی ساڵانی 1999 و 2003 .

چاوەڕوان دەکرێت هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ بە هەمان شێوەی ساڵی 2009 کێشمەکێشمێکی سیاسی توند وخوێناوی بە دوای خۆێدا ڕابکێشێت . چونکە سەرەڕای مێژووی هەڵبژاردنەکانی ئێران چۆن بووەو چۆن بەڕێوە چووە ، بەڵام هێشتا جەماوەر و شەقامی ئێرانی دەیەوێ سودی لێ ببینێ بۆ چاوەڕوانیە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی خۆی لە ئایندەی ئەم ووڵاتە . لەم بوارەدا سەرەڕای ئەوەی مادەی 115 دەستوری ئێران ڕێگە بەوە نادات ئافرەت ببێتە سەرۆک لە ئێران لە گەڵ ئەوەشدا 30 دانە ئافرەت ناوی خۆیان تۆمارکردبوو بۆ خۆ کاندید کردن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ! لە لایەن خۆشیەوە دام و دەزگا تایبەتیەکانی دەوڵەت بە تایبەتی ئەوانەی پەیوەندیان بە پارێزگاری لە دەسەڵاتی سیاسی هەیە وەکو ئیتیڵاعات و پاسداران لە ژێر کۆنترۆڵی مورشید و موحافەزەکاراندان خەریکی توندکردنەوەی بارودۆخی ئێستان دژ بە هەر هەوڵێک کە بیەوێ هەڵبژاردن بە جۆرێک لە جۆرەکان دژ بە بەرژەوەندی ئەوان بەڕێوەبێت یان بە قازانجی ڕیفۆرمی زیاتر سودی لێ ببینرێت . لە ناوەڕاستی مانگی چواری ئەمساڵ وەزارەتی ئیتیڵاعات بانگی بەڕێوەبەرو نوێنەرانی سەرجەم ڕۆژنامەکانی ئێران ی کردبو و کۆبوونەوەیەکیان لە گەڵیان سازدابوو. ئەم کۆبوونەوەیە زیاتر تەئکید کردنەوەو تازە کردنەوەو بیرهێنانەوەی ( هێڵە سورەکان ) بوو لە هەڵبژاردنی ئەمساڵ کە نابێ لێ ی دەربچن ، ئەوەی جێگای سەرنج دەبێ لەو کۆبوونەوەیە نوێنەرانی وەزارەتی ئیتیڵاعات بەڕۆژنامەنووسەکان دەڵێن : هێرش کردنە سەر سەرۆکی ئێستای ئێران ئەحمەد نەژاد هێڵی سور نیەو ئازادن لەوەی هێرشی بکەنە سەر !  لە گەڵ ئەوەشدا مەوداکانی ئەم هێڵە سورە بێ پێچ وپەنا پێیان وترابوو کە بڵاوکردنەوەی هەر بانگەوازێک یان وتارێک کە بانگەشە یان بۆنی هاندانی بایکۆت کردنی تێدابێت هێڵی سورە ، بڵاوکردنەوەی بانگەواز یان ئاماژە دان بەهەر جۆرێک لە کۆبوونەوەو خۆپیشاندان چ لە کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن چ لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکای هەڵبژاردن هێڵی سورە ، بڵاوکردنەوەی هەر بابەتێک کە ڕق و بوغزی چینایەتی یان نەتەوایەتی ببزوێنێ و هانی بدات دەچێتە خانەی هێڵی سورو وەکو هێرش بۆسەر ئاسایشی وڵات مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت . ئەم فشارە تەنیا ڕاگەیاندنەکانی ناوخۆی نەگرتۆتەوە بەڵکو کەس وکاری نزیکەکانی ئەو کارمەندانەشی گرتۆتەوە کە بۆ بەشی فارسی میدیا جیهانیەکان کار دەکەن وەکو CNN  BBC ، وەکو لێسەندنەوەی پاسپۆڕتی سەفەر لە کەس وکارەکانیان و هەڕەشەکردن تا ئەو کارمەندانە واز لەو پیشەیە بێنن  . 

ئاماژەکان هەمووی لەسەر ئەوە کۆکە ، کە هیچ ڕیفۆرمیستێک چانسی ئەوەی نابێت لەم هەڵبژاردنانە دەربچێت و بە دڵنیایی کەسێک دەردەچێت کە سەر بە هێڵی مورشیدو موحافەزەکاران بێت . بەڵام ، ئەمە مانای ئەوە نیە کە ئەم کارە بە بێ دەنگی و بەبێ توندوتیژی و ناڕازەیەتی تێپەڕ دەبێ ، ژیان وگوزەرانی خەڵکی ئێران و بارودۆخی کرانەوەی سیاسی زۆر نالەبارترە لەچاو هەڵبژاردنەکانی 2009 ناوەندە سیاسیەکان پێیان وایە موڕشیدو لایەنگرانی سەردەکەون لە دانانی کەسێک لە سەرۆکایەتی کە نوێنەری بەرژوەندیەکانی ئەوان بکا . بەڵام ، مەرج نیە سەربکەون بە بێ دانی باجێکی گەورە لە تەقینەوەو دەنگ هەڵبڕینی شەقامی توڕەو پەنگ خواردوی ئێران .

 

 

ڕزگار عومەر

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.