Skip to Content

Friday, September 20th, 2024
کەمینە دینیەکان لەبەردەم هەڕەشەی پاکتاوی جەستەییدا

کەمینە دینیەکان لەبەردەم هەڕەشەی پاکتاوی جەستەییدا

Closed
by May 31, 2013 گشتی

 

 

 

 

 

لە پێنجی ئەم مانگەدا پێنج کوردی ئیزیدی لە بەغداد کوژران، لە هەفتەی دووەمی هەمان ئەو مانگەدا ٩ کوردی ئێزیدی دی درانە بەر دەستدرێژی گوللـە و کوژران. دیارە لەو هێرشانەدا کوردە ئیزیدیەکان بەشێوەیەکی تایبەت بەئامانج دەگیرێن. پێشتریش چەند هاوڵاتیەکی سابیئی کرانە ئامانج و لەو سالانەی دواییشدا هاولاتیە کریستیانەکان لە بەغدا بە شێوەیەکی بەربڵاو بوونە ئامانجی گروپە توندڕەوەکان. 

بەپێی ڕاپۆرتە هەواڵەکان، کوشتنی ئەم کوردە ئێزیدیانە بەبەرچاوی پۆلیس و پیاوانی ئاسایش ئانجام دەدرێن بێ ئەوەی هەوڵی ڕێگرتن لەو کارانە بدەن. لەهەمووش سەیر تر، حەوزەی دینی نەجەف و ناوەندە سوننیەکان و سیاسیەکان بە دەرفەتی دەزانن لەو جۆرە ڕووداوانەدا سەرکۆنە و پرۆتێستی توندڕەوەکان بکەن، بەڵام لەسەر زەوی هیچ کردەوەیەکی جیددی نابینین بۆ ئەوەی بەر لەو ڕووداوانە بگیرێت. ئایا ئەو ڕووداوانە دەچنە چوارچێوەی پاکتاوی ڕەگەزی و جینۆساید؟ مەگەر بەپێی بنەماکانی دینیش کوشتنی کەمینەکان و فشاری دەروونی و جەستەیی قەدەغە نیە؟ ئەو کوردە ئێزیدیانە کارێکی وایان کردووە بەو جۆرە خوێنیان بڕژێنرێت؟ ئەو گروپە دینیانە چیان لە ناموسوڵمانەکان دەوێت و بۆ ڕێزیان لێ ناگرن؟

دیارە جینۆساید چوارچێوەیەکی دیاریکراوی خۆی هەیە، هەر کردەیەك بکەوێتە ئەو چوارچێوەیە دەچێتە خانەی جینۆسیادەوە. بەپێی ماددەی دووی ڕێککەوتننامەی نێودەولەتی نەتەوە یەکگرتووەکان 

“هه‌ر کارێک‌ بە نیەتەوە ئه‌نجامبدرێت به‌ مه‌به‌ستی له‌ناوبردنی ته‌واوی یاخود به‌شێکی هه‌ر گروپێکی نه‌ته‌وه‌یی، نه‌ژادی، ره‌گه‌زی یان دینی)، ئه‌و کارانه‌ی ده‌چنه‌ خانه‌ی جینۆساید:

أ‌. کوشتنی ئه‌ندامانی گروپێک.

ب‌. گه‌یاندنی زیانی به‌رچاوی جەستەیی و عه‌قڵی به‌ ئه‌ندامانی گروپه‌که‌.

ت‌. به‌ ئه‌نقه‌ست سه‌پاندنی بارودۆخ و‌ گوزه‌رانێکی وه‌ها به‌سه‌ر ئه‌ندامانی گروپه‌که‌دا‌ که‌ ره‌نگ بێت ببێته‌ هۆی له‌ناوچوونی هه‌موویان یان به‌شێکیان.

ث‌. سه‌پاندنی هه‌ندێک رێوشوێنی وا به‌سه‌ر گروپه‌که‌دا که‌ رێگر بێت له‌ پڕۆسه‌ی له‌‌دایکبوون و نه‌وه‌خستنه‌وه‌.

ج‌. به‌زۆر گواستنه‌وه‌ی منداڵانی گروپه‌که‌ بۆ ناو گروپێکی دی.

لەو پێناسەیەدا، نیەت ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت، بەڵام زۆرێك لە زانایەکان پێیان وایە ئەستەمە نیەت دەسنیشان بکرێت مەگەر بە دەلالەتەکانی بیناسینەوە، لەوانەش بەئامانجگرتنی گروپێك بە شێوەیەکی بەرچاو و لەناوبردنیان بەجۆرێكی ڕێکخراو. هەروەها ئەوەی ئێمە لێرەدا مەبەستمانە، گروپە دینیەکانن، کە بەشێوەیەکی بەرچاو، جگە لەوەی کە ڕێکخراوەیی پێوە دیارە، بەئامانج دەگیرێن و ئەندامەکانیان دەکوژرێن، زیانی جەستەیی و ئەقلی لێ دەکەوێتەوە.

ئایا ئەنجامدانی تاوانەکە یەکلایەنەیە؟ دیارە ئەو کەمینە دینیانە، لەلایەك هیچ ڕەفاترێکی توندوتیژیان پێڕەو نەکردووە بۆ ئەوەی ببێتە هۆی کاردانەوەی لایەنی لەناوبەر. ئەوان ئەگەر لە دوکانێکی مەیفرۆشیدا کار بکەن، ئەمە لەلایەك لەڕووی قانونیەوە قەدەغە نیە، ئەگینا خودی دوکانەکە نەدەکرایەوە و نەیدەتوانی سەرپێچی قانون بکات. لەو چوارچێوەیەشدا هەر کرێکارێك لەو شوێنانە کار بکات مانای وایە کارێکی ناقانونیان نەکردووە، پاراستنی سەر و گیانی ئەوانەش لەو دۆخەدا دەکەوێتە ئەستۆی حکومەت، ئەوا ئەگەر خودی حکومەت بۆخۆی بەرپرسیار نەبێت لەو جۆرە هەڕەشانە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەو هێرشانە یەك لایەنەن لەدژی بەئامانج گیراوەکان. 

لەلایەکی دیکەوە، مەرج نیە وەها ئەکتێك لەلایەن حکومەتەوە پێڕەوی لێ بکرێت، بەڵکو ئەگەر هاتوو گروپی زۆرینە بەجۆرێکی یەکلایەنە پێڕەوی لەهەر رەفاترێك کرد کە بچێتە چوارچێوەی ئەو پێناسەی سەرەوە، چ کوشتن بێت یا سەپاندنی دۆخێکی وەها کە ئەو کەمینانە نەتوانن ژیانێکی ئاسایی بژین، ڕەفتارەکان خۆیان لە قەرەی جینۆساید دەدەن.  کەواتە جینۆساید ڕێکخراوە و یەك لایەنەیە لەسەر هەر یەکێك لەو ڕەگەزانەی کە لە پێناسەکەدا هاتوون. لێرەدا مەبەست گروپە دینیەکانن، لەوانەش کوردە ئێزیدیەکان کە ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی بەردەوام دەبنەوە. هەروەها بەشێوەیەکی گشتی مەرج نیە لە کردەکانی جینۆسایددا هەموو گروپەکە قڕ بکرێت و لەناو ببرێت، وێڕای ئەوەش مەرج نیە ئەندامانی ئەو گروپە لەهەموو شوێنێكدا بەئامانج بگیرێن. ئەگەر هاتوو لەچەند شوێنێکی تایبەت بەئامانج گیران ئەوا پێشێلکاریەکان و لەناوبردنەکە دەچێتە قالبی جینۆساید.

مۆتیڤەکانی جینۆساید ئەنجامدان زۆرن. لە نەتەوەیەکەوە بۆ نەتەوەیەك، لە حکومەتێکەوە بۆ حکومەێکی دی، لە ئایدیۆلۆیایەکەوە بۆ ئایدیۆلۆژیایەکی دی دەگۆڕێن. دیارە ئێزیدیەکان لەلایەن خەڵکێکی زۆرەوە بە شەیتان پەرست ناوزەد دەکرێن. بەم هۆیەشەوە لێ نزیککەوتنەوەیان، دەستەوایان، هاوڕێیەتیان بەپیس و مەترسیدار دەزانرێت. ئەم تۆمەتانە بەسن بۆ ئەوەی کەسێكی مێشك ئاودراو بە ئایدیۆلۆژیا ئێزیدیەکان بکەنە ئامانج. جگە لەوەش بەلای تێڕوانینی گروپە توندڕەوەکانەوە فرۆشتنی مەی و کارکردن لەهەر کارێکی وەها پێچەوانەی شەریعەت و دەقەکانی دینە. توندڕەوەکان لەو دۆخانەدا گرنگی بە قانون نادەن، ئەگەر بۆیان بچێتە سەر تاوانی خۆیان ئەنجام دەدەن.

خاڵێکی گرنگی دی کە لەوانەیە لەو هێرشانەدا جێگای خۆی بگرێت، ئەویش کۆنترۆلی کۆمەڵایەتیە. سۆسیۆلۆگی ئەمریکی برادلی کامبپێڵ پێی وایە جینۆساید بەشێکە لە کۆنترۆلی کۆمەڵایەتی  و بەو مەبەستەش ئەنجام دەدرێت. جا ئەگەر جینۆساید لەو ساتانەدا ڕووبدات کاتێك زۆرینە دەکەونە منگەمنگ و سەخلەت بوون بەوەی کە لایەنێكی لەڕووی دینیەوە جیاواز، بەهاکان و پێوەرە کۆمەڵایەتیەکانیان پێشێل دەکەن، لەناو پێکهاتەکانی زۆرینەدا ئەو منگەمنگە و سەرکۆنەکردنە دەپەڕێتەوە و سروشتی کۆکبوون و ڕێککەوتن وەردەگرێت، ئەوکاتە مەترسی ڕاستەقینە لەسەر ژیانی ئەو کەمینانە دروست دەبێت. لەو دۆخەی ئێستای بەئامانج گیرانی ئێزیدیەکان لە بەغدا و ناوچە عەرەبنشینەکاندا، بۆی هەیە ئەم  بەئامانجگرتنە وەها بنەمایەکی هەبێت، بۆ ئەوەی لەچوارچێوەی کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتیدا ڕێگا نەدرێت بەها دینیەکانیان پێشێل بکرێن.

دیارە یەکێك لە هۆکارەکانی جینۆساید جیاوازی کولتوریە، چەند لەڕووی کوتوریەوە پێکهاتەکان جیاواز بن، ئەو دوورکەوتنەوە لەیەکدی زیاتر دەبێت، واتە چەند جیاوازیە کولتوریەکان زەق بن پەویەندیەکانیش لاواز تر دەبن. هەڵبەت یەکێکیش لەهۆکارە سەرەکیەکانی ئەو جیاوازیە کولتوریە دینە. دین بەجۆرێكی ترسناك جیاوازیەکان زەق دەکاتەوە. ئەم جیاوازیانە لەسەر بنەمای دین ڕۆدەچن بۆ ناو ڕەفتاری ڕۆژانە، خواردن و خواردنەوە، پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان، تەنانەت مەسەلەی جلوبەرگ و ڕوخساری دەرەوەی مرۆڤەکان، دەبنە هۆکارێك بۆ بەجیاناسین. زۆربەی جاران کەمینەکان بەشانازیەوە جیاوازیەکانی خۆیان دەردەخەن. لەوێدا هۆشیاری کۆمەلایەتی ڕۆڵی ئارامی و ئاشتی کۆمەڵایەتی لەنێوان پێکهاتەکندا دەبینێت. بەلام ئەگەر ئەم وشیاریە نەبێت جیاوازیەکان دەبنە دەروازە بۆ جیاوازی گەورە تر و ترسناک تر.

دیارە ئەو گروپانە بەدرێژایی مێژوو، لەکات و سەردەمی جیاوازدا ووبەڕووی ئازار و ئەشکەنجە و ناڕەحەتی بوونەتەوە، بەڵام  لێکدانەوە دینیە نوێیەکان، ئەم دیاردەیەی زەق تر و گەورە تر کردوون. دروستبوونی یەکدەنگی لەسەر سڵەمینەوە لە کەمینەکان و بەپیس و شەیتان زانینیان، بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەچێتە چوارچێوەی ستراکتۆری کۆمەڵایەتی. لەو دووریانەشدا کارلەیەککردنی کۆمەڵایەتی ڕۆڵێکی بەرچاو دەبینێت لە بڕەودان و بەردەوامبوونی ئەم بەکەم بینین و تێڕوانینە ڕقدارە لە ئاستی کەمینەکان. ئەم جۆرە پەیوەندیە لە مەودای درێژەوە کاریگەری نێگەتیڤ و مەترسیداری دەبێت. وێڕای ئەوەش کە ئاراستەکانی فیکر و لێکدانەوەکان دەسنیشان دەکات. 

لای هەموومان ئاشکرایە کە فەرمانڕەوای ئێستای بەغدا حکومەتێکی زۆرینە شیعەی ئیسلامین. لەناو پێکهاتەی ئەو ستراکتۆرەی کە وەها دەستەڵاتێك دروستی دەکات، گروپی دینی جیاواز دروست دەبن، زۆرجار ئەو گروپە دینیانە لەلایەن دەستەڵاتەوە مۆبیلیزە دەکرێن، لەپێناو ئامانجی هەنوکەییەوە هاوکاریان دەکرێت و و پەروەردە دەکرێن. بەمەبەستی کەمکردنەوەی کاریگەری لەبوارێکی تایبەت کە خۆیان لەسات و کاتی دیاریکراودا دەسنیشانی دەکەن. لەو دۆخانەشدا ئەو گروپانە پەنا بۆ ئەوەی سەرنجی هاوڵاتیان لەسەر بوویەرێك یا ڕووداوێك کەمبکەنەوە، پەنا بۆ ئەنجامدانی تاوانێکی دی دەبەن لەچاورچێوەی هەلومەرج و مۆتیڤی تازەوە. لەئێستادا سوپای موختار و حیزبوڵای عێراقی بەشێکن لەو یاریەی کە پێناچێت دەستەڵاتی بەغدا هیچ کاردانەوەی توندی لەدژیان هەبێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە بۆی هەیە هاوکاریەکی تەواو لەنێوان حیزبی سەرۆك وەزیران و ئەو گروپانەدا هەبێت. لەلایەکی دیکەشەوە قاعیدە و گروپەکانی ژێر باڵی قاعیدە دەست لەهیج کەمینە و پێکهاتەیەکی کۆمەڵگا ناپارێزن. ئەم جۆرە تاوانانەش لەنێوان ئەو دوو پێکهاتە دینیە توندڕەوانەدا رەهەندی تازە وەردەگرن و تاوانەکان خوێناوی تر دەبن.

لەئێستادا حکومەتی عێراق بەرپرسیارەتی ڕاستەوخۆ هەڵدەگرێت لە هەموو جۆرە گرژی و ئاڵۆزیەك کە ڕوبەڕووی کەمینە دینیەکان ببێتەوە. ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر کوردە ئێزیدیەکان بە مۆتیڤی دینی و لەچوارچێوەی جەنگی تائیفیدا جێبەجێ دەکرێن. حکومەتی عێراق ئەگەر سنوورێك بۆ دوبارە نەبوونەوەی ئەو جۆرە تاوانانە دانەنێت، خودی حکومەتیش دەکەوێتە ژێر بەرپرسیاریەتی قانونی و ماددیەوە لەئاستی کەمینەکاندا. چونکە ئەوان لەلایەك دڵنیاکراونەتەوە کە ژیانیان دەپارێزرێت، لەلایەکی دیکەشەوە ئەو کەمینانە هیچ توندوتیژیەکیان ئەنجام نەداوە. ئەوان هەمیشە قوربانی یەک لایەنەن بەئامانج دەگیرێن تەنها تەنها بەهۆی جیاوازی دینیانەوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان وەکو نوێنەری هەموو کوردەکانی باشوور، هەڵگری بەرپرسیاریەتێکی ئەخلاقی و قانونیە، لەسەریەتی ژیان و گوزەرانی ئێزدیەکان لەو ناوچانەی کە ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە بپارێزێت و هەرچی زووە کار بۆ گەڕانەوەی ناوچەکانیان بۆسەر هەرێمی کوردستان بکات. هەروەها نوێنەرانی کورد لە بەغدا لەسەریانە فشار لەسەر حکومەتی بەغدا دروست بکەن بۆ ئەوەی سنوورێك بۆ ئەو دەستدرێژیە دینیانە دابنێن.

 

ئیبراهیم مەلازادە

 

تێبینی: ئەم بابەتە لە ژمارە ٤٢٢ ی رۆژنامەی چاودێر بڵاوکراوەتەوە

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.