لەبەر خۆمەوە ئەڵێم … نەوزاد بەندى
-1-
کە مەوسیمى هەڵبژاردن نزیک ئەبێتەوە ،
لە جیاتى بیر بکەنەوە ،
مۆڵەتى بیر ئەکەنەوە ..!
( بیرى یەکەم : بیرکردنەوەیە و
بیرى دووەم : بیرى ئاوە ..)
-2-
ژیان گیرفانێکى قوڵە ،
لە ساتێک لە ساتەکاندا ،
کە فشەکەرەکان ناویان لێناوە سەعاتى سفر ،
گیرفانەکە کون ئەبێ و
پارە و ناسنامەکەمان لێ ون ئەبێ ..
-3-
مرۆڤ و جرج لە یەک سیفەتا هاوبەشن ،
کۆکردنەوەى کانزا ڕەق و تەقەکان ،
نایشزانن بۆچى و
بەکارى چى دێ ؟
-4-
تۆم لە کوێ بینى یەکەمجار ؟ نازانم ..
تۆم لە کوێ ون کرد دواجار ؟ نازانم ..
کەى جارێکى تر ئەتدۆزمەوە ؟ نازانم ..
-5-
کەى لەگەڵ کرمێکدا بڕۆین ،
بۆ داگیر کردنى عەرشى سێو ؟
کەى لەگەڵ ماچدا بڕۆین ،
بۆ کەلەپچە کردنى دوو لێو ؟؟
-6-
تەنیایى بە گیانمدا دابەش بوو ..
بەیاننامە یاساغەکانى بە دیوارەکانى ناخما هەڵواسى ..
لە ڕووبارى سوێرى فرمێسکما ،
جلەکانى دا بە ڕەشەبا و
بوو بە ماسى ..
-7-
موعاناتم هەیە ، لێمگەڕێ بە لێوارى ئەم شەقامەدا بڕۆم ،
بزانم ئەڕوا بۆ کوێ ..
( ڕێگا : چیرۆکى پەیوەندى نێوانمانە ،
زەوى ئەینوسێتەوە ..
بۆمان هەیە لە کتێبخانەکەیدا ،
داواى ژمارەى مۆبایلى شوێن پێکانمان بکەین ..
بۆمان هەیە لە ئەرشیفەکەیدا ،
داواى بەشى پیاسەیەک ، هەنگاو بکەین..)
-8-
ڕقم لێتە بە قوربان ،
ئیتر پێویست ناکا شەڕ هەڵگیرسێنى ..
نامەوێ بتبینم .. نا ..
ئیتر پێویست ناکا خۆت بسوتێنى ..
-9-
بۆ دەنکە خورمایەک ،
تەیرێکى خورما خۆرەى زەلیل کرد ،
(چەند بەد ڕەوشتە ، ئینسان ! )
-10-
ئێرەیى بە زوحەل و موشتەرى ئەبا ، زەوى ..
چونکە ئەوان بە مرۆڤ پیس نەبوون ..
چونکە ئەوان تاوانیان لێ ناتکێ ..
پێى وتن : چیم لێ ئەکەن ، سووتام ..
ئەوان وەڵامیان نەدایەوە ..
(ئاخر وەڵامى چى بدەنەوە ؟! )
-11-
هەست بە تینوێتى ئەو سێبەرە ئەکەم ،
کە لە نیوەڕۆى تەموزدا ،
لە تەنیشت دیوارێکەوە هەڵکورماوە ..
( لە تەحەمولى خوا ، بە خوا،
من سەرم سوڕماوە ! )
-12-
هەرچەند ئاوڕت بۆ ئەدەمەوە ، دیار نیت ،
لە چ مزگەوتێ جاڕت بۆ بدەم ،
م ن د ا ڵ ی ی ؟
-13-
بەردەوام ،
لە سەرەتاى هەمو شەقامێکدا ،
مەسکەت و لەبزینە و کونجى فرۆشێ هەیە ..
( ئەمە یەکێک لەم دوو واتایە ئەگەیەنێ :
یان ئەوەتا ئەو خەڵکە لە کونجى و لەبزینە تێر نابن ..
یان ئەوەتا حوکمەت، کونجى فرۆشێکى پێ تێر ناکرێ )
-14-
دوو شەقام ،
بە بێ سڵاو ،
یەکتریان بڕى و
یەکتریان جێهێشت و
ئاوڕیان نەدایەوە ..
چەند خەمگینن مرۆڤەکان ،
بە هەڵەداوان ،
بە دواى نان و دەرمان و دیناردا ئەگەڕێن ..
چەند زیاتریش کۆبکەنەوە ،
دوو ئەوەندە زیاتر تامەزرۆ ئەبن ..
( هەر لەو شەقامەیش پۆلیسێک هەیە ،
بە دەمانچە ئەو خەڵکە ئەکوژێ ،
پێى ئەڵێن :
م ر د ن )