
نامه‌یه‌ک له مامۆستا فه‌رزادی که‌مانگه‌ری زیندانییه‌وه بۆ قوتابییه‌کانی
….. وانه وتنه‌وه له زیندانه‌وه
وه‌رگێڕانی له فارسییه‌وه: س. ماکوان……
ئه‌وه‌ی له بنج و بناوانه‌وه، مامۆستایه، هه‌موو شتێک له په‌یوه‌ندی له گه‌ڵ قوتابییه‌کانیدا به هێند وه‌رده‌گرێ. (نیچه)
بیر له‌و ڕۆژانه ده‌که‌مه‌وه، که ده‌بوو مامۆستای ئه‌و منداڵانه بوومایه که له ته‌مه‌نی منداڵییدا ده‌بوو، ده‌رد و ڕه‌نج و کۆڵه‌مه‌رگی گه‌وره ساڵان هه‌ڵگرن و له ته‌مه‌نی گه‌وره ساڵیدا، ئاواته وه‌دینه‌هاتووه‌کانی سه‌رده‌می منداڵیان له منداڵه‌کانیان وه‌شێرن. مامۆستای ئه‌و کچانه بوومایه، که به ده‌سته ڕه‌نگینه‌کانیان، سۆمای چاوه‌کانیان له بن پێی داری فهرشکردندا بڕوا هه‌تا هونه‌ره‌کانیان ڕازاندنه‌وه‌ی ماڵی خه‌ڵکانی دیکه بێ و مزگێنی نان بۆ سه‌رخوانی بنه‌ماڵه بێ.
مامۆستای منداڵانێک که زاده‌ی ده‌رد و ڕه‌نج بوون، به‌ڵام هیواو ڕاچه‌نین سروودی هه‌میشه‌ییان بوو، که‌سانێک که تێکۆشانی سه‌خت و دهستئاواڵهیی له سرووشته‌وه بۆیان به میرات گه‌یشتبوو. ئه‌وان که‌سێکیان ده‌ویست، له خۆیان بێ و بۆنی خاکی ئه‌وان بدا. که‌سێک که مانای هه‌ژاری و نایه‌کسانی بزانێ. هه‌ڤاڵێک که تێکه‌ڵ به گهمهکهنیان بێ و متمانه به هیواکانیان بکا. له گه‌ڵیان پێبکه‌نێ و له ته‌کیان بگری. ئه‌وان، دۆستێک، به‌ردی سێبوورییهک و هاوڕازێکیان ده‌ویست که هه‌روه‌ک خۆیان بێ قه‌رار، تامه‌زرۆی کرانه‌وه‌ی قوتابخانه بێ، که‌سێک که به مانه‌وه بیر بکاته‌وه نه‌ک به چوون. زۆری پێنه‌چوو له ته‌نیشت ئه‌واندا، خۆم نه‌ک وه‌ک مامۆستا، به‌ڵکوو وه‌ک قوتابییه‌ک که زۆر دره‌نگ ڕێگه‌ی قوتابخانه‌ی گرتۆته به‌ر، دیته‌وه.
کتێبه‌کانم به‌ست که نه‌کا مردن و هیوابڕاوی له دووتوێی لاپه‌ڕه ڕه‌شه‌کانیان به بازنه‌ی شادی و جیهانی هیواکانیان دزه بکا. هه‌موو ڕۆژێک کلاسه‌کانمان ده‌سپارده ده‌ستی ئومید و خه‌یاڵه‌کان و به خوێندنه‌وه‌ی چیرۆکه‌کان که‌یفمان ده‌کرد. هاوڕێ له گه‌ڵ "ماسییه ڕه‌شه بچکۆڵه‌که" به‌ڵام ئه‌مجاره نه له ڕێگه‌ی ئاراس به‌ڵکوو له ڕێی سیروانه‌وه، توێژینه‌وه‌ی ده‌ریای ژیان و ڕاستیمان ده‌کرد. هاوڕێ له گه‌ڵ چیرۆکی "ڕیبواره بچکۆڵه‌که" بۆ دیتنه‌وه‌ی دۆست ده‌چووینه سه‌فه‌ر، هه‌تا ئه‌وان خۆشی سه‌فه‌ر لانیکه‌م له خه‌یاڵه‌کانیاندا ته‌جرووبه بکه‌ن و راهێنانی "من له ته‌ک خهڵکبووندا" بکه‌ن. هه‌ر چیرۆکێکم که ده‌خوێند، ڕۆڵی قارهمانهکانیانم به ئه‌وان ده‌سپارد بێ ئاگا له‌وه که ئه‌وان هه‌ر کامه‌یان قاره‌مانی داستانی پڕ له ده‌رد و کۆڵه‌مه‌رگی ژیانی خۆیان بوون. هه‌موو ڕۆژێک چه‌ند کاتژمێرێک، ره‌نجی نایه‌کسانییه‌کان و ده‌ردی ناخۆشییه‌کانمان، له پشتی دیواری قوتابخانه له بیر ده‌کرد و پێکه‌وه داده‌نیشتین. گه‌رمای کلاسه‌که‌مان، بۆنی نانی گه‌رم بوو که به‌رهه‌می دهستقڵهشیووی باوک بوو و دایک له له‌و په‌ڕی پاکی و سانایی، نیوه‌ڕۆیه دهیهێنانهیه قوتابخانه، ئێمه‌ش تێر له هه‌ڤدیتنی یه‌کتری، کۆڵانه‌کانی پڕ له هه‌وراز و نشێوی ژیانمان بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌رکه‌کانی قوتابخانه ده‌پێوا و هه‌تا دیداری دووباره‌ی سبه‌ی وه دووی مه‌شق و ئه‌رکه‌کانی دیکه‌ی ژیان ده‌که‌وتین.
کاوه به‌و له‌شه لاوازه به‌ڵام خۆڕاگره‌وه، به بێ نانی نیوه‌ڕۆ خواردن له جێگه‌ی باوکی نه‌خۆشی ده‌بووه شوان، ئێواره کاتێک مه‌ڕه‌کانی به‌ره‌و گوند ده‌هێنایه‌وه، دایکی به زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌که‌وه ده‌چوو پێشوازی نان ده‌رهێنه‌ری بنه‌ماڵه هه‌تا ماندوویه‌تی کاوه ده‌ربکا، مه‌ڕه‌کان بدۆشێ و بۆ فرۆشتنی شیر بچێته شار، کاوه مه‌ست و شاد له ڕازی بوونی دایکی زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌کی ده‌هاتێ، به‌ڵام کاتێک چاوی ده‌بڕیه کیفی قوتابخانه و ئه‌رکه‌کانی سبه‌ینێی، زه‌رده‌خه‌نه شیرینه‌که‌ی ده‌ڕه‌ویه‌وه.
….. له‌یلاش به‌و چاوه پر له پرسیارانه‌وه و نیگایه‌ک که هه‌تا قوڵایی بیر، بڕی ده‌کرد، مرۆڤی، وه‌دوای وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خه‌یاڵه بێ بنه‌کانی ده‌خست، کیفی قوتابخانه‌ی داده‌نا و ته‌شییه‌که‌ی هه‌ڵده‌گرت هه‌تا یارمه‌تییه‌کی گچکه بۆ په‌یداکردنی نانی سبه‌ی به دایکی بکا، ته‌شیه‌که‌ی هاوکات له گه‌ڵ هیوا گه‌وره و بچووکه‌کانی له ده‌ستیدا هه‌تا کۆتایی ده‌سووڕاند، هه‌تا خورییه‌که وه‌ک تاڵه جوانه‌کانی خه‌یاڵی خۆی باریکتر و باریکتر ده‌بوو و دیسان ته‌شیه‌که‌ی خول ده‌دا و خول ده‌دا هه‌تا ڕه‌نگه ڕۆژێک سووری دنیاش به دڵی ئه‌و و دایکی خول بخوا.
… فهریادیش به دیتنی په‌ڵه هه‌ورێک ده‌چووه سه‌ر بان و کاگڵهکهی خۆشه ده‌کرد هه‌تا دڵۆپه باران فه‌رشه کۆنه‌که‌یان کاڵتر و کاڵتر نه‌کا. له‌م کاره‌دا وه‌ها بلیمه‌تێکی لێدهرهاتبوو که له ته‌ک باوکییدا سه‌ربانی هه‌موو ماڵه‌کانی گوندیان بانه‌ناو ده‌کرد و به‌و شێوه‌یه دڵۆپه بارانه‌کان مزگێنی نانی سبه‌ینێیان بوون. ته‌نیا وه‌ختانێک له نێو چزووی سه‌رما و نانی سبهیناندا ڕاده‌ما که بۆ بارینی به‌فر و باران بپاڕێته‌وه یان نا؟
… یاسریش پاش مردنی باوکی کاری ده‌کرد هه‌تا جێگه‌ی به‌تاڵی ئه‌و پڕ بکاته‌وه و بتوانێ بۆ براکه‌ی قه‌ڵه‌م ڕه‌نگ و ئاوڕه‌نگ بکڕێ هه‌تا ڕه‌نگه، هیوای بوونه نیگارکێشی خۆی له سه‌ر ئه‌و وه‌دیبێنێ.
… ئیدریسیش که له وه‌رزی به‌هاردا نه‌ده‌هاته قوتابخانه، هه‌موو ڕۆژێک کۆڵێک به کۆڵه‌وه، خۆشحاڵ له‌وه که سرووشت له خوانی فراوێنی خۆی بێبه‌ش نه‌کردووه، چه‌ند کیلۆیه‌ک گیای له شار ده‌فرۆشت و ده‌گه‌ڕایه‌وه ئاوایی.
منیش که تاوانبار بووم هه‌ر ڕۆژ ئۆقره لێبڕاو له نایه‌کسانی و بێزار له هه‌رچی ئه‌وه که چاره‌نووسیان ناو ڵێنابوو، له به‌رانبه‌ریان ڕاوه‌ستم و مه‌یلی به‌رته‌سکی هومێد له چاوه‌کانیاندا به‌دی بکه‌م، به‌ر سه‌ر کاوه‌دا، شۆڕ ده‌بوومه‌وه و دهفتهرهکهیم له ژێر ده‌موچاوی له به‌ر تاوسوورهوهبوویدا، که به سه‌ریدا خه‌وی لێکه‌وتبوو، ده‌ردێنا و له ژێر دیکته نهنووسراوهکهیدا ده‌منووسی: " شوانه بیچکۆڵانهکه، نمره‌ی بیستیش بۆ تۆ هه‌ر که‌مه". له ته‌نیشت له‌یلای شه‌رمێون له ماندوویه‌تی دوێنێی، ده‌سته زبر و قڵهشیووهکانیم، له نێو ده‌ستم ده‌نا هه‌تا نه‌رمی ده‌ستی فریشته ئاساکه‌ی هه‌ست پێبکه‌م، به‌ر له‌وه‌ی شتێک بڵێم، ڕووانینی قووڵ و پڕبهزهییانهی هه‌زاران پرسیاری له مێشکمدا ده‌ورووژاند و منیش بێده‌نگ ده‌مام، له نزیک ئیدریسی دووره‌په‌رێز له ئه‌رکی دووپاتکراوه‌ی دوێنێی، له ده‌سته بلۆقهکراوهکانیم ده‌ڕوانی و هاوڕێ له گه‌ڵ ئه‌و له په‌نجه‌ره‌وه له دوور دوورم ده‌ڕوانی، ئه‌و له به‌سه‌ر چوونی به‌هار دڵته‌نگ ده‌بوو و منیش له ڕه‌نگ و رووی زه‌ردهه‌ڵگه‌ڕاوی ئه‌و.
ئیمڕۆ له ته‌ک دنیایه‌کدا شانازی، شادی، قین و داخ و کۆڵێک بیره‌وه‌ری تاڵ و شیرین، بیر له‌و ڕۆژانه ده‌که‌مه‌وه. له ڕۆژی مامۆستا بوو که پڕ بایه‌خترین دیارییه‌کانی ژیانم له مامۆستایانی گه‌وره وه‌رگرت: له له‌یلا 3 دانه هێلکه، له ئیدریس دوو کیلۆ که‌نگر ده‌سڕه‌نجی ڕۆژێک، له فریشته دوو چڵ گوڵی هه‌ڵاڵه، له نیدا بوکه‌ڵه‌یه‌کی له دار‌و په‌ڕۆ چێکراو و له یاسریش نهقاشییهک.
بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕۆژانه له یاده‌وه‌رییه‌کانماندا زیندوو ڕابگرین، قه‌رار درا که هیواکانیان به قه‌ڵه‌م ڕه‌نگه‌کانیان بنه‌خشێنن. کاوه له کاتێکدا بیری له باوکی ده‌کرده‌وه، نه‌خۆشخانه‌یه‌کی کێشا و له بنی نووسی ئه‌م نه‌خۆشخانه‌یه هه‌موو نه‌خۆشه هه‌ژاره‌کانی جیهان ده‌رمان ده‌کا.
فه‌ریاد که هه‌موو کاتێک ئاسمانی ساف و بێ هه‌وری نه‌خش ده‌کرد هه‌تا ئیتر ده‌ست و پێی که‌سێک له سه‌رمادا نه‌ڕچێ، دیسان ئاسمانێکی کێشا و هه‌تا توانی ماڵی بچکۆڵانه و جوانی له بن کێشا و له ژێری نووسی ئه‌م ماڵانه بۆ ئه‌و که‌سانه‌یه که خانوویان نییه، ئاسمان هه‌م گه‌وره و هه‌میش به‌ربڵاوه، وه‌ک عه‌رز بچووک نییه که هه‌تا ناچار بین بۆ ژیان له سه‌ری، پاره بده‌ین، له ئاسماندا جێگه بۆ هه‌موو که‌سێک هه‌یه و من ده‌توانم دیسان خانووی تێدا بکێشمه‌وه.
فریشته‌ش که هه‌میشه بۆ خۆی و خوشکه‌کانی برایه‌کی بچکۆلانه‌ی ده‌کێشایه‌وه، ئه‌م جاره پێموت که فریشته‌ی جیهان سه‌ر له نوێ بکێشه‌وه له به‌ر ئه‌وه که‌سێک تۆ له به‌ر کچ بوونت به‌که‌م نه‌زانێ، تۆ وه‌ک خۆت و له ته‌ک خۆت بتبینێ، ئه‌ویش کۆمه‌ڵێک زۆر بووکه‌ڵه‌ی کێشا که به ده‌روری گۆی زه‌ویدا ده‌ستیان گرتبوو و گۆرانیان ده‌خوێند. یاسریش هه‌میشه هیواکانی باوکی ده‌کێشایه‌وه، وانێتبارێکی ڕه‌نگ شین که ئه‌و له کۆڵبه‌ری ڕزگار بکا. قه‌رار درا یاسر سه‌ر له‌نوێ وڵاته‌که‌مان به بێ هه‌ژاری و نایه‌کسانی، به بێ ئه‌وه کۆڵبه‌ره بانهییهکان، مه‌ریوانییه‌کان و کامیارانییهکان ناچار بن بۆ گوێستنه‌وه‌ی 10 کیلۆ چای له بری دوو هه‌زار تمه‌ن، گیانی خۆیان بخه‌نه مه‌ترسییه‌وه، بکێشێته‌وه، ئه‌و نیگارێکی جوان و ڕازاوه‌ی سرووشتی کێشایه‌وه که خه‌ڵک تێیدا خه‌ریکی کارکردن بوون و له ژێری نووسی: " بۆ ڕۆژێک که ئیتر مردن له بۆسه‌ی ناندا دانه‌ده‌نیشت".
به‌شی 5، زیندانی ڕه‌جایی شاری که‌ره‌ج
8ی گوڵانی 2008
تێبینی! ئێستا مامۆستا فه‌رزادی که‌مانگه‌ر له زیندانی ره‌جایی شاری که‌ره‌جه، رژێمی ئێران بڕیاری له سێداره‌دانی بۆ ده‌رکردووه.