Skip to Content

Wednesday, May 1st, 2024
ئایدڵی توندڕەوان … ‌سیروان عەبدول

ئایدڵی توندڕەوان … ‌سیروان عەبدول

Closed
by June 4, 2013 گشتی

 

 

 

«کە کورد ئایدڵ پێش عەرەب ئایدڵ هەڵبژێردرا»

 

کەسێک لینکی گۆرانیی ئەم هەفتەیەی کچە گۆرانیبێژ «پەرواز حسێن»ی لە عەرەب ئایدڵ لە فەیسبووکەکەی خۆی داناوە و لەژێریدا نووسیویەتی: «خۆشیش نەبێت لە داخی مەلا هەر خۆشە». یەکێکی تر دەنووسێت: «قەت سەیری عەرەب ئایدڵم نەکردووە و قەت دەنگم بە پەرواز نەداوە، بەڵام ئەم هەفتەیە دە جار دەنگی بۆ دەدەم».

حەقە ئەم جۆرە پەرچەکردارانە لە هاوڵاتییانی کوردستانەوە جێگەی سەرنج بێت بۆ پیاوە ئاینییە ڕادیکاڵەکان و حەقە ئیتر ئەوە ببینن کە چۆن توندڕەویی ئەوان، گوتاری دژەبەر لەبەرامبەر خۆیدا دروست دەکات. حەقە تەکفیرییەکان ئیتر ئەو میکانیکییەتە بەرچاوە و ئەو هاوکێشە سادەیە ببینن کە هەوڵی توندڕەوانە بۆ نەفرەتدروستکردن لەبەرامبەر کەسانی تردا، نەفرەت لەبەرامبەر توندڕەوییدا دروست دەکات. حەقە ئەو مەلایەی هەولێر ئەوە ببینێت کە چۆن هاتوهاواری ئەو بەسەر مینبەرەوە، هاودڵیی خەڵکی بۆ ئەو کچە گۆرانیبێژە جوڵاند. حه‌قه‌ ئه‌و ڕاستییە ببینێت که‌ ئەو ڕۆحە تاڵەی ئەو بەسەر مینبەرەوە پیشانی دەدات، تەنانەت بەرلەوەی عەرەب ئایدڵ تەواو بێت، ئەو کچە ڕۆح-شیرینەی لەناو خەڵکی کورددا کرد بە ئایدڵ.

 

«کۆنەخوازیی پاتریارکیی نەک تەشهیر»

 

ئەو پەرچەکردارە زۆرەی خەڵکی کورد لە فەیسبووک و لە میدیاکاندا لەئاست هاتوهاواری ئەو مەلایە هەیانبوو، وە ئەو پاڵپشتییە زۆرەی خەڵک، دوای زیادەڕۆیی ئەو مەلایە بۆ سەری، بۆ ئەو کچە گۆرانیبێژەیان پیشان دا، دەبێت جێگەی دڵخۆشیی خەڵکی کورد بێت، چونکە ئەوە پیشانی دەدات کە کۆمەڵگای ئێمە ئەوەندە زیندوویی تیا ماوە کە بتوانێت لەبەرامبەر عەقڵییەتی پاتریارکییانە و دژەژنانەدا پەرچەکردار پیشان بدات و داکۆکیی لە مافی ژنانی کورد بکات بۆ دەرچوون لە ماڵەوە بۆ ناو کۆمەڵگا.

شانازیی کۆمەڵگای کوردیی دەبێت بەوەوە بێت کە تا چەند ڕێگەی داوە ئافرەتانیش وەک کائینێکی هاوبەها لەگەڵ پیاواندا لە کۆمەڵگادا ئامادە بن، نەک ئەوەی تا چەند توانیویەتی ژن لە ئینسانییەت بخات و بیکات بە کەرەستەی موتعە و بە مەتاعی پیاو، وەک عەقڵی ترادیشیۆناڵ دەخوازێت.

ئەو هێرشەی ئەو مەلایە دەیکاتە سەر ئەو کچە گۆرانیبێژە، هەوڵی پیاوێکی کۆنەخوازە بۆ سەغلەتکردن و تەنگهەڵچنین بە کچێک کە لەو ڕۆڵە تەقلیدییە لایداوە کە عەقڵی پاتریارکیی چاوەڕوانیی هەیە لێی لانەدات. ئەمە هەر ئەو جۆرە کارکردنەی ئیسلامیستە کۆنسەرڤاتیڤەکانە کە ئەم ڕۆژانە لە هەواڵەکاندا ووترا گوایە ئێستا لە سەعودییە دەستیان داوەتە هەڵمەتێکی بەرفراوان بۆ سەغڵەتکردنی ئەو کچانەی کە وەک کاشیەر لە مارکێتەکاندا دەستیان کردۆتە کارکردن، لەپێناو گێڕانەوەیان بۆ ناو چواردیواری ماڵەوە.

بۆیە ئەو هێرشەی ئەو مەلایە دەبێت لەم ڕوانگەیەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و پەرچەکرداری لێوەربگیردرێت، نەک وەک تەشهیر لێک بدرێتەوە و هەوڵ بدرێت بدرێتە دادگا و دادگا سزای بدات.

وەک دەردەکەوێت ناڕۆشنییەکی زۆر لەناو ناوەندی ڕۆشنبیریی و سیاسیی و تەنانەت یاساییشدا لە کوردستان هەیە سەبارەت بە ماهییەتی ”تەشهیر”. هەر ئەم ناڕۆشنییەیە کە وادەکات ئەو مەلایە وابزانێت تەنها ئەگەر ناوی خەڵکێک بەشەخسیی نەهێنیت، ئیتر هەرچییەک بڵێیت نابێتە تەشهیر. 

 

«لە تەشهیر خەتەرناکتر، قبوڵنەکردنی جیاوازیی و فرەیی»

 

هەرچییەک بێت ئەو قسانەی کە ئەو مەلایە تا ئێستا کردوونی تەشهیر نین، وە نابێت وەک فیعلێکی تاوانکارانە یان یاساشکێنیی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت؛ بەڵام ئەو قسانەی ئەو فیعلێکە کە لە تەشهیر زۆر خەتەرناکترە.

ئەگەرچی من پێموایە بەشی زۆری ئەو قسانەی ئەو مەلایانە دەیکەن ئازادیی بیروڕادەربڕین دەیانگرێتەوە، بەڵام لەبەرامبەردا دەبێت ئەوە بزانین کە ئەو تەکفیر و ڕقڕێژییەی ئەوان پیشانی دەدەن لادانە لەو پەیامە ئایدیاڵە کە بڕیارە ئاین لە کۆمەڵگادا هەیبێت کە دروستکردنی تەبایی و ژیانی ئاشتیانەیە لەنێوان خەڵکدا. لەمەش خراپتر ئەوەیە کە ئەوە دەزگایەکی دەوڵەتییە کە لەلایەن ئەو مەلایانەوە بۆ دروستکردنی ڕق و لێکترازان لەناو کۆمەڵگادا بەکار دێت.

لێرەوەیە کە لەم دۆزانەدا دەبێت ڕەخنە بە پلەی یەکەم و بە پلەی سەرەکیی ڕووبەڕووی دەسەڵات ببێتەوە نەک مەلایەک کە هیچ باکی بەوە نییە وەک توندڕەوێکی جیقەڵدانەتەنگ دەرکەوێت.

ئەم دۆزە ئەوە پیشان دەدات کە هێزە کۆنسەرڤاتیڤە ئایندارە تەکفیرییەکەی ناو کۆمەڵگای ئێمە، کراون بە کارمەندی حکومیی و کاری ئەوەیان گرتۆتە ئەستۆ ڕۆژانی هەینیی دەیان هەزار هاوڵاتیی کوردستان کۆبکەنەوە و هانیان بدەن بۆ نواندنی کەمتەحەمولیی و بێتۆڵێڕانسیی لەئاست ئەو هاوڵاتیانەدا کە وەک ئەوان بیر ناکەنەوە. ئەم هاندانانە زۆرجار دەگەیەننە ئاستی هاندان بۆ توندوتیژیی و هەڕەشەی ڕاستەوخۆش، کە ئەمانەیان خەتەرناکترن و دەبێت وەک تاوان سەیر بکرێت و لەسەری ببرێنە بەر دادگا.

هەرچییەک بێت نابێت ڕێگە بدرێت کارمەندی دەوڵەت هەبێت کاری ئەوە بێت فەزڵی ئاین و جیهانبینییەک بدات بەسەر ئاین و جیهانبینییەکانی تری ناو کۆمەڵگادا. ئەمە بنکۆڵکردنی بەهاکانی ئازادیی بیروڕا و ئازادیی ئاینیی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە و بنکۆڵکردنی پرۆسەی دیموکراتییەتە لە کوردستاندا. بنکۆڵکردنێک کە دەوڵەت لە موڵکی گشتیی و لەڕێگەی دانی مووچەی پیاوانی توندڕەوی ئاینییەوە تەمویلی دەکات. ئەم ڕووەی مەسەلەکەیە کە دەبێت ڕەخنە بکرێت، نەک ئەوەی داوا بکەین دادگا مافی دەربڕین لە توندڕەوەکان بسەنێتەوە و سزایان بدات.

بەڵێ ئەوە جێگەی ڕەخنەیە کە ئەو مەلایانە ئاین و ئۆتۆریتەی ئاینیی خۆیان بەکار دێنن بۆ خستنەوەی ڕق و کینە لەنێوان توێژە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگای کوردییدا. بەڵام ڕەخنە لەم مەسەلەیەدا دەبێت لەوە بێت کە ئەو هێزە تەکفیرییە مینبەر و مایکرۆفۆنی دەزگایەکی دەوڵەتیی بۆ دابین کراوە تا لەوێوە کار بۆ وەستانەوە دژ بەو مافە سیاسیی و مەدەنییانە بکات کە لە دەستوری وڵاتدا پارێزراو کراون و وڵاتی عێراقیش لە ئاستی نێودەوڵەتییدا خۆی مولزەم کردووە بیانپارێزێت.

لێرەوەیە کە لێسەندنەوەی مینبەری مزگەوتەکان لە مەلایانی توندڕەو و ڕادیکاڵ ئەرکی دەسەڵاتدارێتیی دەوڵەتە و نابێت خۆی لەم ئەرکە بدزێتەوە. ئەوە ئەرکی دەسەڵاتە مەلایەک کە بۆ بەهای داڕوخێنەرانە و دژەدیموکراتیی کار دەکات، یەکسەر لە وەزیفەکەی دەریبکات. بۆیە من تەواو ناکۆکم لەگەڵ ئەوەی کە، بۆ نموونە، کاک ڕێبوار سیوەیلی پێیوایە ئەوە کارێکی باشی وەزارەتی ئەوقافە کە داوا دەکات هەر هاوڵاتییەک ناڕەزایی لەبەرامبەر ئەو ڕقڕێژییەدا هەیە کە ئەو مەلا توندڕەوەی هەولێر پیشانی دەدات، بچێت لە دادگا داوا تۆمار بکات. ئەو داواکارییەی وەزارەتی ئەوقاف لە هاوڵاتییان، خۆدزینەوەی حکومەتە لە پیشاندانی بەرپرسیارێتیی. بۆیە ئەوە نەک هەر جێگەی دەستخۆشانە نییە، بەڵکو جێگەی ڕەخنەی زۆرە. 


«توندڕەویی لەپێناو ناوبانگدا»

 

ئێمە ئەگەر ئاگادار نەبین و ئاوا لەم دۆزانەدا دوای سزادانی مەلا ڕادیکاڵەکان بکەوین، بە کارێکی وا هیچ ناکەین جگە لە سازکردنی زەمینەیەک بۆ ئەوەی چەندین و چەندین مەلای تر لەپێناو ناوبانگ و شۆرەتپەیداکردندا هەوڵبدەن توندڕەویی بنوێنن، تا هەرجارەو بۆ چەند هەفتەیەک ناوی خۆیان لە میدیاکاندا ئامادە بکەن.

ئەگەر ئاگادار نەبین و توندڕەوەکان پشتگوێ نەخەین، ئیتر پیشاندانی توندڕەویی لەپێناو شۆرەتپەیداکردندا دەبێتە مۆدێکی باو و چەندین مەلای تر ئیغرای ئەم تاکتیکە دەبن. بە مانایەکی تر، چەندین پیاوی ئاینیی دەکەونە ئەوەی پێشبڕکێ بکەن بۆ بوون بە ئایدڵی ناو ناوەندی توندڕەوان. ئەم پێشبڕکێیە هەر لە ئێستاوە دەستی پێکردووە.

دیارە ئەم تاکتیکە بە تاکتکێکی تر تەکمیلە دەبێت کە تاکتیکی خوێنەرگرتنی میدیاکانە. میدیاکان لەپێناو بردنەوەی خوێنەردا ئامادەن لەناو ئەو هەموو کارەساتەدا کە لە کۆمەڵگای کوردییدا دەگوزەرێت، ڕۆژنامەنووسەکانی بەوەوە خەریک بکات پەیتا پەیتا هەواڵی ئەوە بگوێزنەوە کە بۆ نموونە ئەمڕۆ سکرتێری کەرگەلی کوردستان چی قسەیەکی عەنتیکەی لەسەر کەر کرد و دوێنێ بە کێی ووت چووتەیەکت لێدەدەم. 

یەکگرتنی ئەم ڕۆژنامەگەرییە ناجیدیی و تابلۆیدییە لەگەڵ هەڵپەی شۆرەتپەیداکردنی مەلایان لەڕێگەی کردنی قسەی توندڕەوانەوە، ئەگەر ئاگادار نەبین کۆمەڵگامان بۆ پڕ دەکات لە توندڕەویی ئەو مەلایانەی کە بە حەسرەتەوە چاوەڕوانی هاتنی ڕۆژی هەینیین تا جارێکی تر ناوی خۆیان بکەنەوە بە سەردێڕی هەواڵەکان. 

ئەم سەنعاتە ئەگەر مامەڵەی دروستی لەگەڵدا نەکەیت، زەمینەیەک دروست دەکات کە ئاوا گەنجێکی فشقیی و قسەخۆش کە زیاتر وەک «ستاند-ئەپ کۆمیدیان» دەست دەدات تا پیاوی ئاینیی، لە خۆراسانەوە بێت و لەجیاتی ئەوەی بچێت لە «بەرنامەی بەرنامە»دا تەمسیل بکات، ئیغرای ئەوە دەبێت بکات بەسەر مینبەردا و تەمسیلی مەلایەکی ڕادیکاڵ بکات و دژ بە ڕێکخراوەکانی مافەکانی ژنان و کۆمەڵگای کراوە قسەی توندڕەوانە بکات. 

 

 

«ڕێکخستنی ناوەڕۆکی وتاری مزگەوتەکان بە یاسا»

 

بۆ نەهێشتنی ئەم زەمینەیە بۆ توندڕەویی و ڕیگرتن لە بەرهەمهاتنی ڕادیکاڵیزمی سیاسیی و ئاینیی، گرنگە بە یاسا چوارچێوە بۆ ناوەڕۆکی وتاری مزگەوتەکان دیاریی بکرێت. لێرەدا من باسی دیارییکردنی چوارچێوە دەکەم نەک دیارییکردنی ناوەڕۆکی وتارەکان لەلایەن لیژنەی حکومییەوە و فەرزکردنی بەسەر ئیمامی مزگەوتەکاندا. کارێکی وا هیچ نابێت جگە لە جێگیرکردنی دەسەڵاتی حکومەت بەسەر دەزگای دینییدا و بەکارهێنانی مزگەوتەکان بۆ شەرعییەتدان بە دەسەڵاتدارێتیی گەندەڵانە و سەرکوتگەرانەی دەسەڵاتداران. هەروەها من لێرەدا کە باسی دیارییکردنی چوارچێوە دەکەم، قسە لە هەردوو حاڵەتەکە دەکەم، چی مزگەوتەکان سەر بە دەوڵەت بن یان سەربەخۆ بن؛ لەکاتێكدا دانانی لیژنە، مزگەوتەکان هەر بە دەوڵەتیی دەهێڵێتەوە و ڕێگەیەک بۆ جیاکردنەوەیان یان خۆجیاکردنەوەیان لە دەوڵەت ناهێڵێتەوە.

 

دیارییکردنی چوارچێوە بۆ ناوەڕۆکی وتار و چالاکییەکانی مزگەوتەکان بەو مانایەیە کە ئەو وتار و چالاکییانە پابەند بکرێن بە هەندێک بەهای بناغەییەوە کە بڕیارە بەهای ئاینییەکانیش بن، لە چەشنی بەهای تۆڵێڕانس و ڕێزگرتن لە فرەیی بیروباوەڕ و بەهاکانی دیموکراتییەت و مافەکانی مرۆڤ و گەشەپێدانی هاودڵیی و سۆڵیداریتیی لەنێوان هاوڵاتییاندا. چوارچێوەیەکی وا هەم ڕێگە لەوە دەگرێت مزگەوتەکان بۆ ڕادیکاڵکردنەوە و توندڕەوکردنی خەڵکی موسڵمان بەکار بێت و، هەمیش ڕێگە لەوە دەگرێت مزگەوتەکان ببن بە دەزگای پاکانەکەر بۆ سەرکوتگەرییەکانی دەسەڵات. بە مانایەکی تر، ئەمە هەم ڕێگە دەگرێت لەوەی دەسەڵاتداران بە پاڵپشتیی پیاوانی ئاینیی دەسەڵاتی خۆیان زامن بکەن، وە هەمیش ڕێگە لەوە دەگرێت پیاوانی ئاینیی بە پاڵپشتیی دەسەڵاتداران لە شەڕی ئەوەدا بن خۆیان بکەن بە ئایدڵی توندڕەوان.

 

 

sirwanebdul@yahoo.com

01.06.2013

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.