
گه‌ڕانه‌وه بۆ نێو كۆڵانه‌كانی منداڵی
دنیای مناڵیی زۆر جوانه، چه‌ند باریكه هێنده‌ش پانه. تا ته‌مه‌ن ده‌ڕواته سه‌رۆ دونیات لا بچووك ده‌بێتۆ. به منداڵی ئه‌و خانووه‌ی ئێستا سه‌د دوو سه‌د مه‌ترێكه به هه‌زار مه‌تر ده‌تبینی, ئه‌و مرۆڤه‌ی تۆزێ ورگی ده‌رپه‌ڕیوه به دێ‌و ده‌هاته به‌رچاوت. ئیدی جیهانی مناڵی له كه‌سمان شاراوه نییه, هه‌ر هه‌موومان به‌وێدا هاتووینه ئه‌مبه‌ر.
ئه‌و خواردنه‌ی له منداڵییدا خواردوومه ئێستاش تامه‌كه‌ی هه‌ر ماوه, له دوای ئه‌وه چیم خواردووه جێی ئه‌ویان له‌ق نه‌كردووه.
وای خودایه ئه‌وه بۆ وا زوو گه‌وره بووین؟
خۆشترین ساتی ته‌مه‌نم ئه‌و وه‌خته بوو كه له شه‌وانی هاوینا, له‌ناو حه‌وشا له‌سه‌ر پشت لێی ڕاده‌كشام, ئه‌ستێره‌كانم ده‌ژماردن, یه‌ك و سێ و ده، دووسه‌د، هه‌زار… لێم تێكدهچوون, دووباره ناوی خوا بێنه و له‌سه‌ره‌وه ده‌ست به ئه‌ژماردن كه‌ره‌وه. ئه‌وه ئه‌ستێره‌كه‌ی منه, ئه‌وه‌ی تریان هی دایكمه, ئه‌وه‌ی ئه‌ولاتر هی تۆیه. من ئه‌وه‌ی خۆم ناده‌م به كه‌س, ها چه‌ند جوان دهبرسكێتهوه!
هه‌ندێ شه‌وان كه ده‌چووینه شه‌ونشینی، له‌گه‌ڵا مناڵی هاوسینحا له ده‌وری یه‌ك گرد دهبووینۆ. زۆر جار وه‌ها ده‌هاته پێش یه‌كێك له كۆنه ساڵه‌كان چیرۆكی بۆ ده‌گوتین و ئێمه‌ش قڕوقپ و بێده‌نگ هه‌موو له‌شمان ده‌بوو به گوێ, ده‌ممان وه‌ها داده‌چه‌قاند دوایی بیرمان ده‌چوو دایخه‌ین! له گه‌رمیانا (هه‌بوو نه‌بوو) له سه‌ره‌تای چیرۆكه‌وه نه‌ده‌گوترا، (ئه‌وێت و ناوێت)یان ده‌گوت. به چیرۆكیان ده‌وت مه‌ته‌ڵ. هه‌ر كه ئامۆژنم دهیكوت: (بێن با مهتهڵتان بۆ بێژم), ده‌بوو به قاو و قیژه‌یه‌ك، سوێندت خواردبا كه‌ڕه‌نای كۆتایی دونیا لێدرا. خوله‌كی چی, تۆ بڵێ ده‌گه‌شته چركه؟ گۆشت له‌بان گۆشت له ده‌وری پیرهئامۆژن ڕیزمان ده‌به‌ست. هه‌ندێجاریش كه ده‌یزانی وه‌خته ڕووحمان بۆ مه‌ته‌ڵێ له لوتمانۆ دێته ده‌رێ، ئامۆژن وا بێده‌نگ ده‌بوو، دوور له گیانی وامان ده‌زانی مردووه. سه‌بریش سنوورێكی هه‌یه، ده‌قه‌یه دوو، خۆ وا گه‌یشته نیو سه‌عات، ئامۆژن ده‌م ناكاته‌وه. نه‌خێر نابێ ده‌ی هیممه‌تێ.. له‌پڕ یه‌كێ به ده‌نگی به‌رز ده‌یگوت: “توخوا دڵمان ته‌قی، ده یاڵڵا وا نیمهشهوه”، “مه‌ته‌ڵه‌كه‌ی مه‌رد و نامه‌رد”. یه‌كێكی تر ده‌هاته جواب: “ئه‌وه‌ی دوێكهشهو بۆمان وت، هین بهختهكهمان بۆ بێژه”، “نا نا، توخوا بهردهتهڵاش و ورچه‌كه”… ئامۆژن وه‌ختێ ده‌یزانی ته‌واو ته‌واو تامه‌زرۆ بووین، تامی ده‌می خۆش ده‌كرد و به په‌نجه‌ی لووتی ده‌سڕی و ناوی خودای لێده‌هێنا: “مام عه‌مین ڕۆژێ له ڕۆژان له‌سه‌ر دالـێ، ته‌نگاویی زۆری بۆ هاورد، ڕۆیی خۆی به‌تاڵ كاته‌وه، ورچێ له دوور چاوی لێی بوو، ته‌ماحی جووته‌ی گونی كرد، په‌لاماری دا و توند گرتی، باوكت خاس و دایكت خاس، دادی نه‌دا….”. ئیدی چیرۆك به‌م جۆره ده‌ستی پێده‌كرد، هه‌ر كه ده‌گه‌شته كۆتایی، به یه‌ك ده‌نگ هاوارمان ده‌كرد: “هه‌م بیژیوه هه‌م بیژیوه”، یانی دووباره‌ی كه‌ره‌وه. ئیسه و ئه‌وساش تێنه‌گه‌شتم چیرۆكێ گشت شه‌وێ دوو جار بیبیستی چۆن بێزار نابی؟!
ئه‌وه‌نده‌ی خه‌یاڵا ڕێم بدا به كۆڵانی مناڵیما بۆی بگه‌ڕێم، مه‌ته‌ڵه‌كانی ئامۆژن له شه‌شیان تێنه‌ده‌په‌ڕاند، كه‌چی هه‌نووكه‌ش كۆن نه‌بوون، ئێستاش هه‌ڵمیان لـێ هه‌ڵده‌ستێ. ئامۆژن خۆی به‌جێی هێشتین، مه‌ته‌ڵه‌كانی هه‌ر ماون.
ئه‌گه‌ر له‌ده‌ستم هاتبا، تهڵهیهكم به گه‌وره‌یی ئه‌م دونیایه دروست ده‌كرد تا مناڵیمی پێ بگرم. قه‌فه‌سێكم به به‌قه‌د به‌رینی ئاسمانێ له دار و ئاسن چێدهكرد مناڵیی خۆمم تێی ده‌خست.
ئه‌و ئاسمانه‌ی جاران ده‌مدیت هه‌وه‌ی ئێسته‌كانێ نه‌بوو، ئه‌ویان هه‌ر ئێجگار گه‌وره بوو، به ڕۆژا شینێكی تۆخ و به شه‌ویشدا ڕه‌ش ڕه‌ش هه‌ر ده‌توت ده‌واره. له چادرێكی ڕه‌ش ده‌چوو جامێ دۆی پێدا ڕژابێ!
نام ئێوه (چك چك، بیچك)تان ژنه‌فتووه؟ عاده‌تێكی مناڵانه‌ی كه‌مێ بێتام. دوو كه‌س ده‌بوون به هاوه‌ڵ و دژی سێیه‌م ڕاده‌وه‌ستان. یه‌ك له‌و دووانه ده‌چووه هه‌مبه‌ری سێیه‌مین، په‌نجه كه‌ڵه و دووی ناوه‌ڕاستی ده‌نووقاند، ده‌مایه‌وه په‌نجه‌ی شایه‌تمان و بچووك، ئه‌م دووانه‌ی دوایی به‌ره‌و ڕووی ڕاده‌گرت و ده‌یگوت: “چك چك”، ئه‌ویش بێئه‌وه‌ی بپرسێ: ئاخر بۆچی؟ چم كردووه؟ ده‌یگوت: “بیچك”. بیچك یانێ به‌ینمان تێكچوو. ده وه‌ره ده‌ی، ئه‌م كه‌ره له قوڕ ده‌ربێنه!
ماوه‌یه‌ك هه‌ر وا ڕاده‌برا، له‌پڕ كابرای چك چكی كرد هه‌وای ئاشتیی ده‌كه‌وته سه‌ر, له یه‌كێك ده‌پاڕایه‌وه بڕوات به‌وه‌یان بیچكی پێ وتبوو، بڵێت: “وه‌رن ئاشت ببنه‌وه”. ناوبژیوان ده‌كه‌وته ڕێ، عه‌رز و حاڵی پێ ده‌گه‌یاند، زۆر به جوانی تێی ده‌گه‌یاند. ئه‌ویش كه‌مێ خۆی ده‌گرت و پاشان به تۆزی نازه‌وه ده‌یوت باشه، به‌س به مه‌رجێ ناوم بێنێ! ڕه‌نگه ئێوه ئه‌م ناوهێنانهتان له‌لا زۆر ساده بێ. بڕوا بكه‌ن وه‌ك ئه‌وه بوو كچێ به كوڕێ ڕازی بێ، به‌ڵام پێی بڵێ به مه‌رجێ ئه‌و ئاسمانه‌م بۆ داگره!
(ناوم بێره.. نا تۆ بێری) جار هه‌بوو مانگی ده‌خایاند. مه‌ترسییه‌كه له‌وه‌دا بوو هه‌ر كه‌سێ ناوی هێنابا، له‌ناو مناڵی كۆڵانا به (منه‌تبار) ناوی ده‌چوو. ناوهێنانهكهش ئاوهابوو: تۆ ده‌تگوت ئه‌حمه‌د، ئه‌و ده‌یگوت بهلـَێ مه‌حموود. من مناڵێكی چه‌توون بووم بیرم نایه قه‌ت ناوی كه‌سم هێنابێ.
ئه‌گه‌ر له ده‌ستم هاتبا چاڵێكی قووڵم هه‌ڵده‌كه‌ند ئه‌وه‌نده‌ی هه‌موو سه‌ر زه‌وی، سا به‌ڵكو عومری مناڵییم كه‌وته ناوی، ئینجا توند توند ده‌مبه‌سته‌وه و نهمدههێڵا جمه بكا.
تازه ڕۆیی و ئیدی هه‌رگیز نایه‌ته‌وه ئه‌و ڕۆژانه‌ی له‌گه‌ڵا ته‌په‌ی نان پێوه‌دانی دایكما دادهپهڕیم و ده‌ستبه‌جێ له‌گه‌ڵ قانعی براما ده‌ستمان ده‌كرد به شه‌ڕه‌شه‌ق، ماوه‌یه‌ك هه‌ر له‌ناو نوێنا و پاشان بۆ یه‌كتر هه‌ڵده‌ساین، هه‌ندێجاریش به شه‌ق دوای یه‌كتر ده‌كه‌وتین، ئه‌مه‌شمان ناو ده‌نا گه‌مه!
زه‌مانێ كۆترم هه‌بوون، تا ده‌خه‌وتم له‌لایان بووم، شه‌ویش خه‌وم پێوه ده‌ده‌ین، سوبحهینێكهش به‌ر له‌وه‌ی تیشكی خۆر ده‌رچێت به‌ره‌و لایان تاوم ده‌دا. پشتی په‌نجه‌كانی ده‌ستم توند به ده‌ممدا ده‌هێنا و ده‌نگی كۆترم ده‌رده‌كرد!
سه‌رده‌مانێ گشت به‌یانییه‌ك وه‌كو فه‌رز، غارم ده‌دا كن كهروێشكان، تاكو هه‌تاو به ته‌واوی ڕووی ئاسمانی داده‌پۆشی، چاوه‌ڕێ بووم بێنه ده‌رێ.
مناڵیی من كۆترێ بوو ڕۆژێ له شه‌ققه‌ی باڵی دا و ئیتر قه‌ت نه‌مبینییه‌وه، هه‌ركه‌س له ئێوه دۆزیوهی بۆمی بێرێ چه‌نی گه‌ره‌كه ده‌یده‌مێ!
زۆر به‌یانیان كه دونیا هێشتا تاریك بوو، تف به ئاسمانه‌وه ده‌یبه‌ست، چڵكاوهكانی به‌ر ماڵان سه‌رله‌به‌ر ببوونه شه‌خته، من و قانع به دزی دایكموانهوه ده‌ری كولانه‌ی مامرمان ئه‌داوه لا، هه‌ر مامرهی وهلایهكا فڕكه‌ی ده‌كرد، ئای له جوانیی ئه‌و ساتانه‌ی دانمان بۆ ڕۆ ده‌كردن و هه‌موو هوروژمیان بۆ دێنا. لوتكه‌ی ئاواتمان ئه‌وه بوو جووجهڵهیهكی ده‌نگنووساو كه تازه خۆی ده‌دۆزییه‌وه، بقوولێنێ. هه‌تا ماوم قه‌ت هه‌ست به شادییه‌ك ناكه‌م شان بدا له شانی ئه‌وه‌ی له ئه‌نجامی ئه‌و قووله‌وه چنگم ده‌كه‌وت. شهڕهكهلهشێری كۆڵان ئه‌وه ئیدی هه‌ر مه‌پرسه، هه‌رگا كه‌ڵه‌شێری خۆمان په‌لاماری هی دراوسێ ماڵی ده‌دا به چه‌پڵه و دگلدگلدان هانمان ده‌دا و هۆشمان له دوای خۆ ده‌بڕا، وه‌ختێكیش ملی سیس ده‌بوو و له ترسا ڕه‌نگی ده‌په‌ڕی و له مه‌یدانی جه‌نگ هه‌ڵده‌هات، ئێمه له‌و په‌شێوتر ده‌بووین. جاری وا بوو له داخا نانمان نه‌ده‌خوارد، وه‌ك ئه‌وه‌ی كۆستمان كه‌وتبێ، ڕه‌نگمان زه‌رد و لێویشمان توێژاڵی ده‌به‌ست، تف له گهردووماندا ده‌بوو به په‌ڵاس و ڕاده‌وه‌ستا. كه كهڵهشێرێ دهتسا وامانده‌زانی خۆمانین، ئه‌و كاری خێری خۆی ده‌كرد ئێمه چه‌پڵه‌مان لێده‌دا!
مناڵیی من هه‌تیوێكی پێ په‌تیی بوو، ئێوارانێكی زه‌رده‌په‌ڕ به دزییه‌وه له ماڵ ده‌رچوو و ئیدی هه‌ر نه‌گه‌ڕایه‌وه، به‌شكو خوایه ده‌ستی خێرخوازێ كه‌وتبێ و له پیریما بۆم بێرێتۆ!
هێمن خورشید
صمود
28/12/2011
Hemnxurshid79@gmail.com