شاڵاو حه‌بیبه، شاعیری فه‌زا جوایه‌زه‌کان..1
به‌شی یه‌که‌م
یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئیش‌کردنی شالاو حه‌بیبه له شیعردا، دروستکردنی فه‌زایه‌کی شیعرییه. له‌لایه‌کی دیکه ئه‌م شاعیره وه‌کوو پڕۆژه کار له شیعردا ده‌کات. بۆ نموونه له کتێبی (که‌سێک لێره‌وه تێپه‌ڕی) وه‌کوو پڕۆژه‌یه‌ک بوو و یه‌ک فه‌زای شیعریی هه‌بوو. هه‌روه‌ها له پڕۆژه‌ی ( کتێبێک له‌باره‌ی ئه‌و گولله‌یه‌وه، که هه‌زار ساڵه ته‌قێندراوه و هه‌زار ساڵه لێم ده‌گه‌ڕێ)، {هێشتا بڵاو نه‌کراوه‌ته‌وه} فه‌زایه‌کی دیکه‌ی شیعریی خوڵقاندووه، له‌م پڕۆژه‌یه‌یدا فه‌زای ئیش‌کردنی ته‌واو جوداوازه له کتێبی یه‌که‌م. چه‌ندین وێنه‌ی شیعریی له گولله و په‌یڤ دروستکردووه. دوا پڕۆژه‌ی ( میسرناسیی نوێ، کتێبی سه‌له‌به‌ری کۆیله‌کان)، که به‌شیكی له ژماره (358)ی ڕێکه‌وتی (22-4-2013)ی پاشکۆی (ڕه‌خنه‌ی چاو‌دێر) بڵاوکراوه‌ته‌وه.
فه‌زای شیعریی بۆ زێتر به هونه‌ریکردنی وێنه شیعرییه‌کانه. هه‌موو پڕۆژه شیعرییه‌که یێک فه‌زای کارکردنی ده‌بێت، وه‌کوو ئه‌م پڕۆژه‌ی دوایی شاعیر( میسرناسیی نوێ…) هه‌موو شیعره‌کانی نێو کتێبه‌که باس له کۆیله و سه‌رده‌می میسری کۆن ده‌که‌ن، به‌ڵام وێنه‌ی شیعریی تازه و سه‌رده‌میانه‌ی لێ دروستکردوون. هه‌موو شیعره‌کانی نێو کتێبه‌که‌یش بێ ناوونیشانن، هه‌ر شیعره‌یش فه‌زا و وێنه‌ی سه‌ربه‌خۆی خۆی هه‌یه، هه‌مووشیان له‌سه‌ر هێڵێکی گشتیی تێمه و فه‌زا‌یه‌ک ده‌ڕۆن.
بۆ ئیش‌کردن له نێو یه‌ک فه‌زادا، شاعیر خه‌یاڵ و هه‌سته‌کانی خۆی وه‌گه‌ڕ ده‌خات. وشه‌یه‌کی ساده بۆ وشه‌یه‌کی سیمبولی هونه‌ریی ده‌گۆڕێت. بۆ نموونه له‌کن (( سیمبولییه‌کان هه‌موو وشه و شوێنێکی واقیعیی له نێو فه‌زای شیعرییدا ده‌لاله‌تێکی قووڵ وه‌رده‌گرێت، وه‌کوو (کات، شوێن، ئاو، ئاژه‌ڵ…)، یان واقیعیی جوگرافی، کۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌روونی…تاد.))1 لێره‌وه ته‌نێ ئه‌و شتانه‌ی به چاو هه‌ستیان پێده‌کرێت، نابنه فه‌زا، به‌ڵکوو زۆر چتی دیکه‌ی مادیی و نامادی بۆ دروستکردنی فه‌زا سوودیان لێوه‌رده‌گیرێت. شاڵاو حه‌بیبه بۆ دروستکردنی فه‌زا له پڕۆژه‌ی شیعریی ( میسرناسیی نوێ…) سوودی له مێژووی میسریی کۆن به هه‌موو پێکهاته‌کانییه‌وه وه‌کوو ڕووباری نیل، کۆیلایه‌تی، یووسف…تاد وه‌رده‌گرێ.
سه‌ره‌تا نیل هه‌بوو
نیلیش تۆ بوویت
شاعیر بۆ ده‌ربڕینی وێنه‌یه‌کی شیعریی، ڕووباری نیل وه‌کوو سیمبولێک ده‌هێنێته‌وه. له مێژووی کۆندا ئه‌فسانه‌ی ئه‌وه‌ی سه‌ره‌تا ته‌نی نیل هه‌بووه و هه‌موو چتێک له نیله‌وه دروست بووه له‌لای میسرییه‌کان به سه‌ره‌تای بوون داده‌نرێت. ڕه‌نگه سه‌ره‌تا وشه هه‌بووهی نێو ئینجیل له‌م ئه‌فسانه‌یه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبێ، که‌واته نیل وه‌کوو سیمبولێکی نه‌مریی ئه‌و وڵاته ماوه‌ته‌وه. له جیهاندا تاکه ڕووبارێکه له باشووره‌وه بۆ باکوور ده‌ڕوات. شاعیر له ڕێی مێژووی نیله‌وه مێژوویه‌ک به یار ده‌دات. که‌واته هه‌موو خاسیه‌تێکی نیل به یار ده‌به‌خشێت. مێژوویه‌کی ئه‌زه‌لی، نه‌مریی، جوایه‌ز بوون وه‌کوو پێچه‌وانه ڕێکردنی نیل، به پیت و به‌ره‌که‌تی ( چونکوو له‌کن میسرییه کۆنه‌کان نیل پیتوبه‌ره‌که‌تی ئه‌و ناوچه‌یه بووه. ئه‌گه‌ر ئێمه وه‌کوو سیمبولێک له‌م وێنه شیعرییه بنۆڕین، نیل وه‌کوو دالێک خۆی نیشان ده‌دات، خوێنه‌ر له ڕێی نیل وه‌کوو دالێک، ده‌توانێ کۆمه‌ڵێ مه‌دلوول بۆ ئه‌م وشه‌یه دابنێت. شاعیر کاتێک وشه‌یه‌ک له چوارچێوه‌ی زمانیی شیعریی به کار ده‌هێنێت، ڕۆڵێکی دالی پێده‌دات، ره‌نگه هه‌ر خۆی له شوێنێکی دیکه وه‌کوو مه‌دلوولێک به کاری بێنێت. لێره‌وه سیمبولییه‌کان له‌گه‌ڵ ده‌ق وه‌کوو بونیادێکی سۆسیۆڕۆشنبیریی مامه‌ڵه ده‌که‌ن. واتا خوێنه‌ر له ڕێی ئه‌و ڕۆشنبیرییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی هه‌یه‌تی پرۆسێسه‌ی دال ده‌کات، له‌وێوه پێوه‌ندییه‌کی گه‌ڕانه‌وه‌یی هه‌ڵکۆڵین و ئارکیۆلۆژیانه بۆ مه‌عریفه و ڕۆشنبیریی به هه‌موو پیرۆزییه‌کانی نیو کۆمه‌ڵگه دروست ده‌کات. بۆیه‌یش فه‌زا (( ئه‌و شته نییه، که به‌ڕێکه‌وت به‌ری ده‌که‌وین، به‌ڵکوو ئه‌و شته‌یه به‌ری ده‌که‌وین و به شێوه‌یه‌کی دیکه‌ی ده‌به‌ستینه‌وه.))2 خوێنه‌ر کاتێک به‌ر فه‌زای ئه‌م دێره ده‌که‌وێت، مێژوویه‌ک و شارستانییه‌تێکی گه‌وره‌ی وه‌کوو میسریی دێته به‌رچاو، که‌واته شاعیر له‌ڕێی ئه‌م ڕسته‌یه‌وه فه‌زای شارستانییه‌تێک بۆ خوێنه‌ر ده‌خولقێنێ.
شوێن و فه‌زا دوو چه‌مکن، ڕه‌خنه‌گران گرینگی و بایه‌خیان زۆر پێداون. شوێن بونیادێکی هه‌وه‌ڵینه، که ده‌بێته بابه‌تی هه‌موو شێوه و بوونه‌وه‌رێکی جوایه‌ز، له چوارچێوه‌ی ئه‌ودا کار و چالاکی مرۆڤه‌کان ڕووده‌ده‌ن. دروستکردنی فه‌زا به یارمه‌تی شوێن، وێنه‌یه‌کی بیندراو به خوێنه‌ر نیشان ده‌دات. ده‌توانین ناو له‌و ده‌قه بنێین (ده‌قی بیندراو). ئه‌و ده‌قه پێوه‌ندیداره به وێناکردنه زهنییه‌کان. ئه‌و وێناکردنه زهنییانه فه‌زای ده‌قی شیعریی، به‌و سیفه‌ته‌ی ڕیکخستنێکی زمانه‌وانییه، که شێوه و ئێستاتیکا و ده‌لاله‌ته‌کانی به پله‌ی یه‌که‌م به مرۆڤه‌وه له بوون ژیاندا به‌نده، ده‌به‌خشن. ئه‌گه‌ر له فه‌زای ئه‌م ده‌قه‌ی شاعیر بنۆڕین هه‌ر پارچه‌یه‌کی وێنه‌یه‌کی زهنیمان ده‌داتێ. ئه‌و وێنانه شوێن ڕۆڵی سه‌ره‌کیی تێدا ده‌بینن.
گوندییه‌کانی سه‌رووی نیل
په‌نایان بردووه‌ته به‌ر
جادووبازان و فاڵگره‌وان
من خۆشم ویستی
ئه‌ڤینت چونکه
ئاسایش و هێمنییه
گوندییه‌کان چونکه
په‌رژین و ته‌وێڵه‌کانیان
له مه‌ترسیدان
نیل ده‌ستی هه‌ڵهێناوه
ده‌ستی شه‌پۆلان و خرۆشان
شوێن له‌م وێنه شیعرییه‌دا به‌رچاوه. (گوند) و (نیل) وه‌کوو دوو شوێن ئاماده‌ییان هه‌یه. ئه‌م پارچه‌یه، هه‌مان فه‌زای پارچه‌ی یه‌که‌می هه‌یه، چونکوو مادام سه‌ره‌تا نیل هه‌بووه و نیلیش یار بووه. که‌واته یار وێنه‌ی خواوه‌ندێک ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی به‌سه‌ر نیلدا هه‌یه. به‌ستنه‌وه‌ی دوو زه‌مه‌ن، و شوێن له ڕێی ئه‌و ته‌کنیکه‌ی (باختین) به (کرۆنۆتۆپ) ناوی ده‌بات، بۆ دروستکردنی فه‌زایه‌کی تازه، وێنه‌یه‌کی شیعریی تازه. واتا گواستنه‌وه‌ی جیهانێک، که له نێویدا هه‌موو ئه‌زموون و خه‌ون و پێوه‌ندییه‌کانمان به جیهانی ناوه‌وه‌ی زمان، شاعیر له چوارچێوه‌ی فه‌زای ده‌قدا، له ڕیی کیمیای شیعریی له نێوان چێژ و بابه‌ت گوزارشتی لێده‌کات. خوداوه‌نده‌کان نیلیان خرۆشاندووه، ئه‌مه بۆ ئه‌فسانه‌کانی یۆنان ده‌مانگه‌ڕێننه‌وه. له‌وێدا زۆرجار خوداوه‌نده‌کانی یۆنان بۆ کۆنتڕۆڵکردن، یان سزادانی مرۆڤه‌کان کاتێک له یاساکانی خوداوه‌نده‌کان ده‌رده‌چن، سزایان ده‌ده‌ن. خوێنه‌ر جودا له‌وه‌ی له ڕێی فه‌زایه‌که‌وه کۆمه‌ڵێک زانیاری ڕؤشنبیریی ده‌ره‌کیی و نه‌سه‌قه تایبه‌ته‌کانی شاعیر ده‌خوێنێته‌وه، جیهانبینییه‌کی بۆ وێنه و شته‌کانی نێو شیعره‌که له‌کن دروست ده‌بێت. لێره‌دایه گرینگی فه‌زا، که له‌سه‌ر واتای شیعریی و دیاریکردنی بونیادی ده‌لالی کار ده‌کات، ده‌رده‌که‌وێت. ئه‌و زانیاریانه‌ی له فه‌زای ئه‌م پارچه شیعره‌دا به‌ری ده‌که‌وین، بریتییه له ئاشنابوونمان به ئه‌فسانه، واقیعێکی دیکه‌ی شیعریی، پێدانی وێنه‌یه‌کی دیکه له‌لایه‌ن شاعیره‌وه. نه‌سه‌قی شاعیر بریتییه له گوزارشتکردن له پرۆسێسه‌ی خۆشه‌ویستی، چه‌مکی به‌زه‌یی. شاعیر هه‌ر له‌م پارچه‌یه‌دا ده‌لێت:
گوندییه‌کان چاویان له ئه‌ڤینی منه
که خۆش‌ویستنت
نهێنیی ڕووباره‌کانی ئه‌زبه‌ره
ئه‌ڤینت پیلی نیلی له مسته
نیلێک که خودایان خرۆشاندوویانه
به گۆرانیی تۆ
ئه‌هوه‌ن ده‌بێته‌وه
ئه‌م گۆرانییه
له‌به‌ر گوندییه‌کان و
په‌رژین و ته‌وێڵه‌کانیان
تۆ بچڕه
چڕینی تۆ
دلۆڤانی و به‌زه‌یییه
گۆرانی مێژوویه‌کی درێژی هه‌یه. ته‌نانه‌ت به‌شێک له مێژوونووسانی ئه‌ده‌ب سه‌ره‌تای په‌یدابوونی شیعر بۆ ئه‌و گۆرانییانه‌ی مرۆڤه‌کان له کاتی شوانکاره‌یی، یان کشتوکاڵییدا گوتوونی، ده‌گه‌ڕێننه‌وه. له گۆرانییدا هه‌ست و سۆز ڕۆڵێکی گه‌وره ده‌گێڕن، به شێوه‌یه‌ک کاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌روونی به‌رانبه‌ر ده‌کات. بۆ نموونه دایک بۆ خه‌وتنی منداڵه‌که‌ی، یان له کاتی گریانی منداڵه‌که‌ی په‌نا وه‌به‌ر گۆرانیی گوتن ده‌بات. شاعیر پرۆسێسه‌ی خۆشه‌ویستی نیوان خۆی و یار به گۆرانییه‌ک ده‌چوێنێت. میتافۆڕ به شێوه‌یه‌کی قووڵ کاری له‌باره‌وه کراوه. له ڕێی میتافۆره‌وه شاعیر وێنه‌یه‌کمان به هاوکاری زمان ده‌داتێ. چڕینی گۆرانی یه‌کسانه به دلۆڤانی و به‌زه‌یی، ئه‌م دوو خاسیه‌ته له بوونه باڵاکان هه‌ن. (ئه‌دۆنیس) بۆچوونی (جورجانی) له‌مه‌ڕ میتافۆڕه‌وه ده‌هێنێته‌وه و ده‌ڵێت: (( وێنه‌ی زمانی مه‌جاز دایده‌هێنێ. ئه‌وه‌یه، که گومان ده‌ینوێنێ ته‌نها به غه‌ریزه‌ی عه‌قڵ و نیگای دڵ نه‌بێ ناچێته عه‌قڵه‌وه- ده‌زرنگێته‌وه و نه‌رمی ده‌نوێنێ و چاو ده‌تروکێنێ و ئاوا ده‌بێ، وه‌ک ئه‌وه‌ی که ته‌نها به جۆرێک له ته‌ئویل- که پشت به لێوردبوونه‌وه‌ی قول و دنیابینی و نه‌رمی فیکره‌وه ده‌به‌ستێت- نه‌بێ ده‌رکی پێناکرێت.))3 شاعیر ته‌واو پشتی به میتافۆڕ به‌ستووه، به به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌و وێنه زمانییه‌ی دایهێناوه له ڕێی مه‌جازه‌وه بووه. توڕه‌یی خوداوه‌کان له ڕێی نیله‌وه، ته‌نێ له ساتی پرۆسێسه‌کردنی خۆشه‌ویستییه‌وه ئارام ده‌بێته‌وه. ئه‌گه‌ر ئه‌م پرۆسێسه روونه‌دات، ئه‌وا توڕه‌یی خوداوه‌نده‌کان به‌رده‌وامی ده‌بێت. شاعیر به‌هانه‌ی گوندییه‌کان ده‌هێنێته‌وه تاکوو یار ئه‌م پرۆسێسه‌یه ده‌ست پی بکات. ئامانج له‌م پرۆسێسه‌یه به‌رهه‌مهێنانی به‌زه‌یییه، ئه‌م چه‌مکه‌یش هێنده‌ی ژماره‌ی مرۆڤه‌کان بۆ مرۆڤ پێویسته. مامه‌ڵه‌کردنی شاعیر له‌گه‌ڵ وشه‌گه‌لی وه‌کوو: نیل، خوداوه‌ند، گوندی، ڕووبار…تاد له زۆربه‌ی پارچه شیعره‌کانی ئه‌م پڕۆژه‌یه ئاماده‌ییان هه‌یه، به‌ڵام له هه‌ر پارچه‌یه‌ک فه‌زایه‌کی جوایه‌زی له فه‌زای پارچه شیعرێکی دیکه دروست کردووه.
پێشتر گوتمان شاعیر بۆ دروستکردنی فه‌زای شیعریی، سوود له سه‌رچاوه‌گه‌لی ڕۆشنبیریی جوایه‌ز وه‌رده‌گرێت. ئایین و مێژوو وه‌کوو دوو کایه‌ی مه‌عریفی مرۆڤ، دوو سه‌رچاوه‌ن شاعیره‌کان سوودی زۆریان لێ وه‌رده‌گرن. هه‌رچه‌نده ئه‌م دوو کایه‌یه ڕه‌گیان به‌نێو یه‌کدیدا ڕۆچووه. شاعیر بۆ خولقاندنی فه‌زای شیعریی پارچه شیعرێکی دیکه، که له‌گه‌ڵ فه‌زای شیعره‌کانی دیکه تێکبکاته‌وه، سه‌رچاه‌ی ئایینی و مێژوویی به‌کاردێنێ. ئه‌وه‌ی لێره‌دا گرینگه ئاماژه‌ی بۆ ده‌م، ئه‌و چیرۆکانه‌ی شاعیر چ له ده‌قه ئایینیه‌کان، یان سه‌رچاوه مێژووییه‌کان بۆ خولقاندنی فه‌زای شیعریی وه‌ریگرتوون، به هه‌مان شێوازی خۆی به‌کاری نه‌هێناوه، به‌ڵکوو وێنه‌ی شیعریی و ده‌قێکی شیعریی دیکه‌ی لێ دروست کردوون.
حه‌مه مه‌نتک