شاڵاو حه‌بیبه، شاعیری فه‌زا جوایه‌زه‌کان…2
تۆیش خۆشه‌ویستم!
چه‌شنی خواژنه‌کان
یووسفێکت له دڵدایه و
من، به‌رده‌کان ڕاده‌کێشم له پێناوت
تۆیش خۆشه‌ویستم!
چه‌شنی که‌نیزه‌که‌کان
ده‌سماڵ به یادی نه‌هاتووان ته‌ڕ ده‌که‌یت و
من، ئاره‌قه ده‌تکێت له نێوچه‌وانم
تۆیش بێ‌ئاگا له خۆت
به‌ردی خۆت ڕاده‌کێشیت خۆشه‌ویستم!
تۆیش بێ‌ئاگا له خۆت
ئاره‌قه ده‌تکێت له نێوچوانت خۆشه‌ویستم!
چیرۆکی (یووسف و زوله‌یخا) وه‌کوو لێکچوونێک هێنراوه‌ته‌وه، به‌ڵام ته‌نێ به ئاماژه‌یه‌کی کورت و ورد ئاماژه‌ی بۆ کراوه. چیرۆکی (یووسف و زوله‌یخا) له سه‌رده‌می میسرییه‌کانه‌وه ڕوویداوه. له‌وێوه شاعیر بۆ چوواندنی خۆشه‌ویستی خۆی ئه‌م چیرۆکه‌ی هێناوه‌ته‌وه، له هه‌مان کاتدا فه‌زایه‌کی له‌گه‌ڵ پارچه شیعره‌کانی دیکه دروستکردووه. پێشتر به کورتی ئاماژه‌مان به کات و شوێن کرد. کات له‌م پارچه‌یه‌دا ره‌هه‌ندێکی دیکه‌ی هه‌یه، به واتای دوو زه‌مه‌نمان هه‌ن. زه‌مه‌نێکی ڕابردوو (زه‌مه‌نی چیرۆکی یووسف و زوله‌یخا) و زه‌مه‌ن ئێستایی، که زه‌مه‌نی خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه. گێڕانه‌وه له رێی ئاماژه‌دان به وشه‌گه‌لی وه‌کو : یووسف، خواژن، که‌نیزه‌ک، ڕاکێشانی به‌رد…تاد، ئاماده‌یی هه‌یه. جوایه‌زه‌ی له‌نێوان درککردن به کات و درککردن به شوێن هه‌یه. کات لێره‌دا پێوه‌ندی به ده‌روونه‌وه هه‌یه، به‌ڵام شوێن به هه‌سته‌وه. زۆرجار درککردنی ده‌روونی شکست به درککردنی هه‌سته‌وه‌ری بۆ گوزارشت کردن له خۆی ده‌هێنێت. خوێنه‌ر له ڕێی زه‌مه‌نی چیرۆکی یووسفه‌وه درک به وێنه‌گه‌لێک، که له ڕێی میتافۆڕ و لێکچوواندنه‌وه ده‌ربڕدراوه ده‌کات. بۆیه‌یش (( فه‌زای ده‌ق و گێڕانه‌وه‌یی له زماندا هه‌یه، پشت به هه‌ستی بینین و بیستن نابه‌ستێ هه‌روه‌ک له فه‌زای سینه‌ما و شانۆدا هه‌یه.))4 زمان له ڕێی سیمبوله‌کانییه‌وه فه‌زایه‌ک ده‌خولقێنێت، خوێنه‌ر بۆ کردنه‌وه‌ی کۆدی شیعره‌که، ده‌بێ ئه‌ودیوی وشه‌کان لێک بداته‌وه. بۆ نموونه شاعیر دوو وێنه بۆ گوزارشتکردن له یه‌ک تێمه ده‌هێنێته‌وه. (تۆیش خۆشه‌ویستم! چه‌شنی خواژنه‌کان) و (تۆیش خۆشه‌ویستم! چه‌شنی که‌نیزه‌که‌کان). بۆ خۆشه‌ویستی هه‌موو پله‌وپایه‌یکی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌سڕێته‌وه. هه‌موویان یێک ئازاریان هه‌یه، ئه‌ویش چاوه‌نۆڕی و قوربانی دانه. خواژن عاشقی کۆیله‌ی خۆی ده‌بێت، که‌نیزه‌ک چاوه‌نۆڕی خۆشه‌ویسته‌که‌ی ده‌مێنێته‌وه. لێره‌وه گرینگی فه‌زا بۆ خوێنه‌ر به‌ستنه‌وه‌ی ڕایه‌ڵه گشتییه‌کانی هه‌موو پارچه شیعره‌کانه. واتا خوێنه‌ر له ساتی خوێنه‌ندنه‌وه‌ی هه‌ر پارچه شیعرێک هه‌ست ده‌کات، ئه‌و پارچه‌یه فه‌زایه‌کی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ پارچه‌کانی پێشوودا هه‌یه.
ئه‌و چه‌مکه‌ی پێی ده‌گوترێ ( فه‌زای ده‌ق) له بواری توێژینه‌وه و ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیدا ئاماده‌ییه‌کی ته‌واوی هه‌یه، چونکوو کاغه‌زی شاعیر ئه‌و شوێنه‌یه، وێنه‌گه‌لی شیعری له ڕێی وشه‌کانه‌وه له‌سه‌ر ده‌نووسێت. که‌واته شاعیر له ڕێی فه‌زای ده‌قه‌وه، ده‌یوێ هه‌یمه‌نه‌ی ده‌ق به‌سه‌ر خوێنه‌ردا زاڵ بکات. خوێنه‌ر بۆ نێو فه‌زایه‌ک ڕابکێشێ و له واقیعی داببڕێت.
خۆش‌ویستنت
کۆنترین ڕووداوی
کۆیلایه‌تییه
شاعیر له سه‌ره‌تای شیعره‌کانییه‌وه، خۆی به کۆیله زانیوه. به‌مه‌یش فه‌زایه‌کی هاوبه‌شی له نێوان هه‌موو پارچه شیعره‌کان دروست کردووه. کۆیلایه‌تی به سه‌رده‌می میسرییه‌کان پێوه‌ند کردووه. بۆ؟ پاشاکانی میسر سیفه‌تی خواوه‌ندییان هه‌بوو، له هه‌موو ئایینێک خواوه‌ند ده‌بێ کۆیله‌ی هه‌بێ. ئه‌م کۆیلانه ملکه‌چی خواوه‌ندن، چونکوو کۆیله‌کان هه‌میشه موڵکی خواوه‌نده‌کانن، یان موڵکی خاوه‌نه‌کانیانن. که‌واته کۆیله خاوه‌نی هیچ چتێکی خۆی نییه. ته‌نانه‌ت خاوه‌نی جه‌سته، بیرکردنه‌وه، قسه‌کردنی خۆیشی نییه. پرسیار ئه‌وه‌یه شاعیر بۆ خۆشه‌ویستیی یار به کۆیلایه‌تی ده‌چوێنێت؟ سێسته‌می کۆیلایه‌تی له‌گه‌ڵ دروست بوونی مرۆڤه‌وه هه‌یه، به پێی ده‌قی ئایینی بۆ نموونه له قورئاندا کاتێک خوا مرۆڤ ده‌خولقێنێت، فه‌رمان به فریشته‌کان کڕنووشی ڕێزی بۆ بنوێنن. ئه‌م ڕووداوه له یه‌که‌م چرکه‌ساتی په‌یدابوونی مرۆڤ ڕووده‌دات. که‌واته سێسته‌می کۆیلایه‌تی چ له ئایینه‌کان و چ له ئایدیۆلۆژییه‌کانی زه‌وینیدا هه‌یه. بۆ نموونه کاتێک مرۆڤێک پێڕه‌وی له ئایدیۆلۆژیایه‌ک ده‌کات، به شێوه‌یه‌ک ده‌بێته موڵکی ئه‌و ئایدیۆلۆژیایه، ئاماده‌یه خۆی له پێناویدا به قوربانی بکات. ته‌نانه‌ت ته‌نێ ئه‌و ئایدیۆلۆژیایه‌ی له‌کن ڕاسته. شاعیر له‌م وێنه شیعرییه‌دا ڕاسته‌وخۆ ناڵێت من کۆیله‌ی خۆشه‌ویستی تۆم، یان من کۆیله‌ی تۆم، به‌ڵکوو به هۆی فه‌زایه‌که‌وه، که له وشه‌ی کۆیلایه‌تی دروستی کردووه، ئه‌و وێنه‌یه به خوێنه‌ر ده‌دات، که مێژووی کۆیلایه‌تیی مرۆڤ هێنده‌ی خۆشه‌ویستی ئه‌و بۆ یار نییه. به‌راوردکردنی تاقه خۆشویستنێک به سه‌رله‌به‌ری مێژووی کۆیلایه‌تی هه‌وڵێکه بۆ خوڵقاندنی فه‌زایه‌کی شیعریی، تاکوو بیرکردنه‌وه‌ی خوێنه‌ر به سه‌رله‌به‌ری مێژووی کۆیلاتییه‌وه خه‌ریک بکات، له‌گه‌ڵ به‌ستنه‌وه‌ی ئه‌م مێژووه به سه‌رده‌می شارستانییه‌تێکی گرینگی مرۆڤایه‌تی ئه‌ویش شارستانییه‌تی میسرییه.
بونیادنانی گوتاری شیعریی بۆ توانایی شاعیر له وه‌سپکردنی دیمه‌نه‌کان ده‌گه‌ڕێته‌وه. هه‌ر شاعیرێک بۆ پیشاندانی وێنه‌یه‌کی شیعریی په‌نا وه‌به‌ر ئه‌و شتانه‌ی له نیو واقیعدا هه‌ن ده‌بات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرینگه لێره‌دا چۆن درکیان پێده‌کات. درک پێکردنی شته‌کان و گونجاندنی له‌گه‌ڵ خه‌یاڵ هه‌میشه شیوه‌یه‌ک له شیحرییه‌تمان بۆ به‌رهه‌م دێنێت. پێوه‌ندی نێوان باری شته‌کان و درک پێکردنیان و ئه‌زموونی شاعیر ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئاستی ده‌لالی ده‌ق ده‌بێت. له چوارچێوه‌یه‌کی سینۆگرافیی گوتاری شیعرییدا شاعیر هه‌موو که‌ره‌سه‌کانی کرداری داهێنان به کار ده‌خات. زمان یه‌کێکه له‌و که‌ره‌سانه. شاڵاو حه‌بیبه له‌م پارچه شیحرانه‌دا به‌راوردی خۆشه‌ویستی خۆی (وه‌کوو کۆیله‌یه‌ک) له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویستی خه‌ڵکانی دیکه ( ئه‌وانیش وه‌کوو کۆیله) ده‌کات. خۆشه‌ویستی خۆی وه‌کوو خۆشه‌ویستییه‌کی گه‌ردوونی پیشان ده‌دات. پاساو ده‌هێنێته‌وه، که خه‌ڵکی (کۆیله‌کان) به هۆکارێک ئه‌ویان خۆشه‌ده‌وێ، به‌ڵام ئه‌م وه‌کوو بوونێکی گه‌ردوونی ئه‌وی خۆشه‌ده‌وێت.
سه‌باره‌ت به بۆنی گه‌نم
تۆیان خۆش ویستووه
جووتیاره‌کان
من له‌ناو گه‌نمه‌جاڕه‌کاندا
گریاوم بۆت
یه‌کێک له جوانییه‌کانی فه‌زا پێکهێنانی دیدگه‌لی جوایه‌ز و فره‌یه له پێناو درککردنێکی دیاریکراو. واتا شاعیر له ڕێی فه‌زاوه له کۆمه‌ڵێک دیده‌وه، دیگه‌ی خود بۆ تێڕوانین له جیهان، یان شته‌کان بونیاد ده‌نێت. له‌م چه‌ند دێره‌دا به‌ر دوو وینه‌ی شیعریی ده‌که‌وین. وێنه‌ی یه‌که‌م خه‌ڵک/کۆیله‌کان بۆیه (یار- بوونێکی خواوه‌ندی)یان خۆشده‌وێ، چونکوو پیتوفه‌ڕی ده‌خاته ده‌غڵ و دانه‌وه. به بروای جووتیاره‌کان ئه‌و سه‌رچاوه‌ی هاتنی خێر و بێری گه‌نم له‌وه‌وه‌یه، به‌ڵام وێنه‌ی دووه‌م گوزارشت له وێنه‌یه‌کی گه‌ردوونی ده‌کات. (من)ی نێو شیعر ئاماژه بۆ نیشته‌جێبوونی خۆی له نێو گه‌نمه‌جاڕان ده‌کات، له‌گه‌ل ئه‌وه‌یشدا وه‌کوو زاهیدێک له باری گریاندا بووه. ده‌بینین وێنه‌ی دووه‌م فه‌زایه‌کی گه‌ردوونی هه‌یه. لێره‌دا گه‌نمه‌جاڕ شوێنێک ڕاسته‌قینه نییه، به‌ڵکوو سیمبولێکه، وه‌کوو زاهیده‌کان چۆن دڵ وه‌کوو سیمبول به کار ده‌به‌ن. بۆیه‌یش ( مۆریس میلۆپۆنتی) ده‌ڵێت: (( فه‌زا شوێنێکی ڕاستیی، یان لۆژیکی نییه، که شته‌کانی تێدا به بابه‌ت ده‌بن، به‌ڵکوو ڕێیه‌که به هۆیه‌وه شته‌کان پێگه‌ی خۆیان ده‌چه‌سپێنن.)) گه‌نمه‌جاڕ شوێنێکی ڕاستیی نییه، سیمبولێکه شاعیر بۆ چه‌سپاندنی پرۆسێسه‌ی گریان ده‌یهێنێته‌وه، گریانیش دیاره سه‌لماندنی ئه‌وپه‌ڕی خۆشه‌ویستییه، ده‌کرێ گریان سیمبولی بارانیش بێت، به هۆیه‌وه ئه‌و ساڵانه هاتی گه‌نم بێت. لێره‌وه ئه‌و فه‌زایه، ئه‌و جیهانه هاوبه‌شه نییه، که ئێمه له ڕێی جه‌سته و هه‌سته‌کانمانه‌وه د‌رکی پێده‌که‌ین، به‌ڵکوو ئه‌زموونێکی بنه‌ڕه‌تییه. لێره‌دا ئه‌زموونێکی سۆزداریی ده‌بینین، سۆزدارییه‌کی سۆفیانه. وشه‌ی ( گه‌نمه‌جاڕه‌کان) وشه‌یه‌کی کۆیه، که‌واته شاعیر له نێو چه‌ند گه‌نمه‌جاڕێک گه‌ڕاوه، گه‌ڕانیش یه‌کێکه له خاسیه‌ته‌کانی سۆفی. ئه‌م ڕایه‌مان له دێره‌کانی دواتر زێتر ده‌سه‌لمێنرێت.
سه‌باره‌ت به تریفه و گیا
تۆیان خۆش ویستووه
ئاورینگه‌کان
من له‌ناو ئاوه‌کانی جیهاندا
خنکاوم بۆت
له‌م چه‌ند دێره‌دا هه‌ڵه‌یه‌ک له به کار بردنی وشه‌کان، بۆ دروستکردنی وێنه‌ی شیعری هه‌یه. وشه‌ی (ئاورینگ) واتای پریشکی ئاگر ده‌گه‌یه‌نێ، بۆ ئه‌م وێنه شیعرییه ناگونجێ، وشه‌ی (ئاونگ) دروستتره. گه‌ڕانه‌کانی (من) به‌رده‌وامی هه‌یه. ده‌ریا و ئاوه‌کانی جیهان گه‌لێک نهێنیان له نێو خۆیاندا حه‌شارداوه. ئه‌وه‌ی من لێره‌دا ده‌موێ به یه‌کتریان پێوه‌ست بکه‌مه‌وه، فه‌زایه‌کی ڕۆمانسییانه و سۆفیانه‌یه. پێوه‌ندیی خه‌ڵکی بۆ یار/ خواوه‌ند له‌سه‌ر بنه‌مای ڕۆمانسیانه‌یه‌کی به‌رژه‌وه‌ندخوازانه وه‌ستاوه، به‌ڵام (من)ی نێو شیعر له‌سه‌ر بنه‌مای توانه‌وه و بوون به ئه‌ویتره، ئه‌وه‌ی له سۆفیگه‌ریدا ئێژن ( یه‌کێتیی بوون). ته‌نانه‌ت له‌م دێرانه ده‌گاته باری خنکان. خنکان بارێکه واتای تێدا بزربوون، توانه‌وه، بوون به ئه‌ویدیکه ده‌گه‌یه‌نێت. ئه‌مه ئه‌و خۆشه‌ویستییه گه‌ردوونیه‌یه، که منی نێو شیعر هه‌وڵی به‌راوردکردنی له‌گه‌ڵ هی خه‌ڵکانی دیکه ده‌دات.
وشه‌ی (ئاو) ده‌لاله‌تێکی جووڵاوی هه‌یه. (ئاو) شتێکی وه‌ستاو نییه، ڕووباره‌کان هه‌میشه له ڕۆیشتندان. ته‌نانه‌ت ده‌ریا و زه‌ریاکان هه‌میشه له شه‌پۆل و جووڵه‌دان. له رێی ئه‌م ده‌لاله‌ته‌وه وێنه‌یه‌کی لۆژیکیمان نیشان ده‌دات. ئه‌مه‌یش زێتر ئه‌و کاته دیار ده‌که‌وێت، که خوێنه‌ر و ده‌ق به‌ر یه‌ک ده‌که‌ون. وێنه شیعرییه‌کان له دێره‌کانی دواتر زێتر به‌رچاو ده‌که‌ون.
سه‌باره‌ت به بته‌کان و په‌رستگه‌کان
تۆیان خۆش ویستووه
دینپه‌روه‌ران
من له‌ناو تێکڕای دینه‌کاندا
گه‌ڕاوم بۆت
له هه‌ر سێ پارچه شیعره‌که‌دا، (کار)ی ڕسته‌کان، ( گریاوم، خنکاوم، گه‌ڕاوم) پێوه‌ستن به‌و فه‌زایه‌ی شاعیر له شیحره‌کان دروستی کردوون. هه‌ر سێ پارچه شیعره‌که‌یش پێوه‌ستن به سێ سیمبول و سێ ڕووداوی گرینگ له سه‌رده‌می میسرییه‌کان. چ له کتێبه ئاسمانییه‌کانی وه‌کوو قورئان، و چ له کتێبه مێژووییه‌کان ئاماژه به ساڵانی نه‌هاتی و قاتوقڕی سه‌رده‌می فیرعه‌ون کراوه. ئه‌و خه‌ونه‌ی که فیرعه‌ون ده‌یبنێت، که حه‌وت گای لاواز، حه‌وت گای قه‌ڵه‌و و به هێز ده‌خۆن، حه‌وت پنچکه گه‌نمی زه‌رد و لاواز، خۆیان له حه‌وت پنچکه گه‌نمی سه‌وز و پڕ شیری گه‌نم ده‌ئاڵێنن. ئه‌م خه‌ونه ئاماژه‌یه بۆ حه‌وت ساڵی هاتیی و به پیت و دواتر حه‌وت ساڵی نه‌هاتیی و قاتوقڕی. شاعیر بۆ پارچه‌ی یه‌که‌م سوودی له‌م چیڕۆکه وه‌رگرتووه.
میسرییه‌کان وه‌کوو له سه‌ره‌تاوه ئاماژه‌م بۆ کرد، ئاوی نیلیان له‌کن زۆر پیرۆز و گرینگ بوو. سه‌ره‌تای په‌یدابوونی هه‌موو شتێکیان بۆ نیل ده‌گێڕایه‌وه. هه‌روه‌ها ئایین له‌کن میسرییه‌کان بایه‌خێکی زۆری هه‌بوو. فیرعه‌ون وه‌کوو خواوه‌ندێک ده‌په‌رسترا، دواتر ئایینێکی تازه دێته نێو میسر، له نێوان پێره‌وکه‌رانی ئایینی کۆن و نوێ شه‌ڕێکی خوێناوی رووده‌دات، هه‌روه‌کوو له کتێبی (سینۆهه)دا به‌رباس دراوه. ته‌نانه‌ت له قورئانیش له‌گه‌ڵ بوونی (یووسف) به عه‌زیزی میسر، ئایینی یه‌کتاپه‌رستی بڵاوده‌کاته‌وه. هێنانه‌وه‌ی هه‌ر سێ چه‌مکی ( گه‌نم، ئاو، ئایین) ئه‌گه‌ر وه‌کوو چه‌مک وه‌ریان بگرین، ده‌لاله‌تی زۆر ده‌گه‌یه‌نن. (ئاو) له‌کن میسرییه‌کان سه‌رچاوه‌ی بوونه، (گه‌نم) هۆکاری بۆ ژیان، (ئایین)ئه‌و هێزه ده‌روونییه‌یه، که باوه‌ڕی مرۆڤه‌کانی له‌سه‌ر وه‌ستاوه.
له ئه‌نجامی لێکدانه‌وه‌ی ئه‌م سیمبول و چه‌مکانه‌وه، ده‌زانین شاعیر بۆ نووسینی ئه‌م شیعرانه، ڕۆشنبیرییه‌کی له‌باره‌ی ئه‌و سه‌رده‌می میسره‌وه هه‌یه، شاره‌زاییه‌کی ته‌واوی هه‌یه. ئاگه‌داری ئه‌و ئه‌فسانه و باوه‌رانه بووه، که له‌و سه‌رده‌م باوبووه، بێگومان ئه‌مه‌یش له ڕێی خوێندنه‌وه‌وه ده‌کرێت. ئه‌و فه‌زایه‌ی له‌م شیعرانه خولقاندوونی هه‌روا له ئه‌زموونه‌وه نه‌هاتووه، به‌ڵکوو پشتی ته‌واوی به سه‌رچاوه‌گه‌لی مێژوویی به‌ستووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی شاڵاوه حه‌بیبه شیعره، وێنه‌ی شیعرییه، چونکوو له‌گه‌ڵ چه‌مکگه‌لی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی گونجاندوون. لێره‌دا ده‌گه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی کارکردن بۆ خولقاندنی فه‌زای شیعریی کارێکی هه‌روا سانا نییه، چونکوو ده‌بێ پشتخانێکی ڕۆشنبیریی ته‌واو له‌باره‌ی ئه‌و تێمه‌یه‌ی فه‌زای لی دروست ده‌کرێت ئاماده‌یی هه‌بێت. فه‌ای شیعریی هه‌وڵێکه بۆ به‌ستنه‌وه‌ی پارچه‌ی هه‌موو شیعره‌کان. هه‌روه‌ها خولانه‌وه‌ی خوێنه‌ره له نیو یه‌ک فه‌زادا به‌بێ ئه‌وه‌ی چێژی خوێنه‌ر بۆ فه‌زای هه‌موو پارچه شیعره‌کان وه‌کوو یه‌ک بێت.
حه‌مه مه‌نتک
په‌راوێز و سه‌رچاوه‌کان:
1. الفضاء المتخیل فی الشعر الجاهلی، د.رشید نظیف، شرکه النشر والتوزیع المدارس،2000، ص45-46.
2. شعرية الفضاء الروائي، جوزيف. إ . كسنر، ترجمة: حسن احمامة، إفريقيا الشرق، الدار البيضاء، 2003، ص 199.
3. شیعرییه‌تی عه‌ره‌بی، ئه‌دۆنیس، و: عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا، خانه‌ی وه‌رگێڕان، سلێمانی، 2013، ل88.
4. قال الراوی: البنیات الحکائیه فی السیره الشعبیه، سعید یقطین، المرکز الثقافی العربی،دار البیضاء، المغرب، 1997، ص238.