
پیاو.. باوكم …. ئەژین عبدالخالق
باوكم ناوێرێ بخەوێت, نەكا خەون بە ڕاستیەكانەوە ببینێت
باوكم بە توركی دەدوێ, نەكا بە كوردی خەون ببینێ
باوكم بە دەم خەوەوە, دۆمینەدەكا
لەپڕ دەڵێ “دوو شەش” بنوسە
باوكم بە توركی خەون دەبینێت
ئێمەش بە كوردی لیوانێ ئاوی پێدەدەین
باوكم.. پیاو
باوكم 75 ساڵە
75 ساڵە ناوێرێ پێبكەنێ
نەكا دەمامكی دەموچاوی بەربێتەوە
باوكم خانووباخەكەی فرۆشتین
تا لەژێر یەك تاك نەبین
تا, چوارچێوەی خۆشەویستیمان وونكەین
باوكم, شوڕشگێرەكەی شاخو
پیاوە دڵڕەقەكەی ماڵ بوو
باوكم, عارەق خۆر بوو
بۆ ئەوەی نەزانێ چەند قامچی دەوەشێنێ
باوكم قومارچی بوو, بۆ ئەوەی باوكێكی دۆڕاو بێت
من كچی دۆڕاوترین قومارچی دنیام
باوكم هەمیشە لەمپاكان دوای خۆی دەكوژێنێتەوە, بۆ ئەوەی كەس سێبەری نەبینێ
باوكم بوكە شوشەێكی بۆ نەكڕیم, نەكا بیكەمە كچم, بە بیێ مێرد
باوكم ماچی نەكردم
باوكم باوەشی بۆ نەكردمەوە
باوكم هیچی نەكرد
تەنیا حاشای لێكردم
تاراوگە هاوینی غەریبی 2013