تۆكەهاتى…وەك رێواسىَ سەوزئەچویتەوە
تێكۆشەرخالید……….
تۆ كەهاتى
نۆتەى ئاوازە غەمناكەكانى منت ئاوەژووكرد
تۆ كەهاتى ترێى تەمەنمت خستەوە باوەشى بەرسیلەیی خۆى
بچوك بۆ گەورەیت و تامەزرۆبۆسیمات ئەى شۆخ!
تۆ كەهاتى…
ساغرت پڕكرد لەگوڵ
شەوت كەیلتر لەعەشق
تۆ.. كەهاتى
گەڵاكانى شیكى كەوتنەسەرچۆك بۆجوانیت و
ڕەگەكانى هەستانەسەرپىَ
تۆ كەهاتى
شەوەسڕەكانى ئەم كوڕەقاوەییەت پڕكردلەڕەنگى خۆت و
نەتهێشت هێندەى تر ئالوودەى مەرگ بێت
تۆبەقومێك گریان ژیانت بوژاندمەوە
تۆ كەهاتى..
جوانیت هێناو..عەشقت هێناو
فلوتەكانى رۆحمت شكاند
تۆ كەهاتى..
هەمووئەم ناوەت پڕكرد لەبۆنى خۆت و لە"با"ى عەیاریت
تەنیایشمت خستەژێرباڵى فڕینەوە..و
تامەملەكەتى نادیار نەوەستایەوە
تۆ كەهاتى..
ماچى دوژمنەكانت لىَ حەرام كردم
نیشانت دام كام بەهەشتە بۆنى تۆى لىَ دێت تا بۆى بچم
نیشانت دام كام جەهەننەمە وەرین تیایدا ئاسانەو لێى بەدوربم
تۆكەهاتى…
وەك ڕێواسىَ سەوز ئەچویتەوە
دووباڵت لىَ ڕوابوو پەمەیى.بەڕەنگى شیعر
نیگاكانیشت قاوەیتر لە شەرمنى..شەوەشەرمنەكانى من
لەئاستى ڕۆژە سرورەكانى تۆ !!
تۆ كەهاتى..
لەسێوێك ئەچویت
دڵنیاترم لە بوون
"فیرعەون"یش تۆى بینیبا
پێش هەمووشتێك"شایەتمانى ئەهێنا بە ع.ى.ش.ق
ئیمانى ئەهێنا بەوخودایەى
كەخۆى
جوانییەكانى لەتۆدا قوڵ كردۆتەوە
***
زیاتر عاشقم بەڕێواس
كاتێك هەڵئەچم
كەتوڕە ئەبێت سێو
وێنەكەى "بێكە س"
بەدیوارى ژوورەكەمەوە
ئەكەوێتە خوارەوەو
ئەیخزێنمە ئامێزى مەستى خۆمەوە
تاپەستیم بڕەوێنێتەوە..
"سێو"كەلێم توڕەئەبێت
لاپەڕەكانم و
پەنجەرەكەیشم ..بەیەكەوە دەفڕن
كتێبە شینەكانم یەخەى خۆیان دادەدڕن
مۆرەكانیش یەخەى خۆم و
پەنجەكانم چاوى با ئەشكێنن
تاشەماڵىَ لەدایكبێت
پەنجەكانم چاوى ئاسمان ئەشكێنن
تا موروى شینى ئاشتبوونەوەى لىَ بڕژىَ
هەركاتىَ سێو توڕە ئەبێت
خۆشەویستترین هاوڕێم!!
ئەوجانتایەى پڕپڕە لەشیعرى لاویم
لەچەكمەجەى مێزە بىَ هێزەكەمەوە سەردەردەهێنێت و
لەڕووى نایەت بێت بۆلام..لەویش توڕەم!
كە"سێو"توڕەئەبێت
هەموودنیا ئەتۆرێنم
لەهەمووكەس توڕەئەبم
بەڵام…
تە نیا كەسىَ دڵم نایە و
لێى پەست نابم
ئەوكچەیە
كەخۆم ناوم ناوە"سێو"
*بۆ"…."كەهەمووجارىَ توڕەم ئەكا