دیداری هەفتەنامەی نسێ لەگەڵ ئارام شێخ وەسانی
ئارام شێخ وه‌سانی:
كتێب ناهێڵێت ته‌نیا بم….
به‌رله نووسین كرده‌ی خوێدنه‌وه بوونی هه‌یه‌و ده‌بێت هه‌بێت، هه‌ڵبه‌ته به‌ر له‌وه‌ی نووسیار بین، خوێنه‌ربووینه. تۆ یه‌كه‌م كتێب كه خوێدبێتته‌وه چی كتێبێك بوو؟ ناوه‌ڕۆكی ئه‌م كتێبه كاریگه‌ریی به‌سه‌ر هزر و نووسینی تۆدا چی بووه؟
خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م كتێب زۆر جار، به شێوه‌یه‌كی نا ئاگایانه، ئاراسته و بازنه و ویستی مرۆڤ ده‌رده‌خات. خۆم به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانم بۆ، یه‌كه‌م كتێب كه خوێندمه‌وه، له قۆناغی ناوه‌ندیدا بوو. كتێبه‌كه ڕۆمانێكی ڤیكتۆر هۆگۆ بوو، ته‌ها حسین بۆ عه‌ره‌بی وه‌ریگێڕابوو، ناوی وه‌رگێڕه كوردییه‌كه‌م بیر نییه. له به‌رگی كۆتایی ڕۆمانه‌كه، به‌شێوه‌یه‌كی زۆر سه‌رنجڕاكێش باس له گرنگی ڕۆمانه‌كه كرابوو. دووه‌م كتبَیش كه خوێندمه‌وه هه‌ر ڕۆمان بوو،(پیره‌مێرد و زه‌ریا)ی ئێرنیست هه‌منیگوای، شێركۆ بێكه‌س بۆ كوردی وه‌ریگێرابوو. هه‌ست ده‌كه‌م خوێندنه‌وه و سه‌ره‌تای خوێندنه‌وه‌م مه‌یلێكی سروشتی بووه بۆ ڕۆمان، كه تا ئێستایش به‌رده‌وامه. بێگومان ده‌ستپێكی خوێندنه‌وه كاریگه‌ری گه‌روه‌ی هه‌بووه، بۆ سه‌ر ڕه‌وشی خوێندنه‌وه و به‌رده‌وامی من بۆ خوێندنه‌وه. بڕوام وایه، ڕۆمان ده‌توانێت هه‌ناسه‌یه‌كی درێژی خوێندنه‌وه بۆ خوێنه‌ر مه‌یسه‌ر بكات. به بڕوای به‌نده، به هۆی ڕۆمانه‌وه ده‌شێت مرۆڤ بخرێته سه‌ر ڕێگه‌ی خوێندنه‌وه. ده‌كرێت به هۆی ڕۆمانه‌وه كلتووری خوێندنه‌وه بنیات بنرێت. بۆ من وابوو، به هۆی ڕۆمانه‌وه ئاشنا بووم به دنیای خوێندنه‌وه. یاده‌وه‌رییه‌كانی خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م كتێب، بۆ مرۆڤ هه‌میشه شیرینن. ئه‌گه‌ر چی له سه‌ره‌تادا كه‌متر كاریگه‌ری گه‌وره دروست ده‌بێت، چونكه له سه‌ره‌تادا خوێنه‌ر ته‌نها دیوی ڕووكه‌شی نووسین ده‌بینێت. خوێنه‌ر ته‌نها دوای ڕووداو و چیرۆك ده‌كه‌وێت، به‌ڵام به ناراسته‌وخۆیی هه‌موومان ده‌كه‌وینه ناو بازنه‌ی كاریگه‌ری جۆراوجۆر.
تۆ له پێناوی چیدا كتێب ده‌خوێنیته‌وه؟
وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بۆ من زۆر ئاڵۆز و فره جه‌مسه‌ره. من ناتوانم به دیاریكراوی وه‌ڵامت بده‌مه‌وه كه بۆ ده‌خوێنمه‌وه، به‌ڵام دوای كرده‌ی خوێندنه‌وه، هه‌ست به كاردانه‌وه ناوه‌كییه‌كانی خۆم ده‌كه‌م. خوێندنه‌وه ئه‌و مادده‌یه‌یه كه بۆشاییه‌كانی من پڕده‌كاته‌وه. من وه‌ك مرۆڤ پڕم له بۆشایی، ئیتر چاره‌یه‌كم نییه، چێژێكی بێ‌سنوور له پڕكردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌كان ده‌بینم. بۆ من هه‌رده‌م خوێندنه‌وه بۆ دوو ئاراسته‌یه، یان بۆ ئه‌وه‌ی شتێك له بیری خۆم به‌رمه‌وه، یاخود شتێك بخه‌مه بیرمه‌وه. ڕه‌نگه به‌لای زۆر كه‌سه‌وه ئه‌و بابه‌ته له یاریی بچێت. وه‌ك ئه‌وه‌ی ڕێژه‌ی زۆری خه‌ڵك هه‌ر ناخوێنه‌وه، نه هه‌وڵده‌ده‌ن شت له بیری خۆیان ببه‌نه‌وه، نه هه‌ستیش به‌و بۆشاییه ده‌روونی و ڕۆحییه‌كان ده‌كه‌ن. ڕه‌نگه ئه‌و ته‌نها بۆ من وابێت… خه‌ڵك هه‌ریه‌كه و به جۆرێك بیر له‌و بابه‌ته ده‌كاته‌وه. دواجار ئه‌گه‌ر وردتر له‌و بابه‌ته بڕوانین، خوێندنه‌وه و مه‌یل بۆ خوێندنه‌وه كرده‌یه‌كی زۆر تایبه‌ت و سنوورداره، چونكه مرۆ له‌گه‌ڵ دنیایه‌كی تایبه‌ت تێكه‌ڵ ده‌بێت، كه زۆر جار هاوشێوه و زۆرجاریش جیاوازه. من له هه‌ردوو دۆخه‌كه‌دا هه‌ست به چێژ ده‌كه‌م…كتێب لای من له باخچه‌یه‌كی چكۆڵه ده‌چێت، باخچه‌یه‌ك به‌هه‌مان قه‌باره‌ی كتێب، ده‌یخه‌مه گیرفان و بن شان، ده‌یخه‌مه باوه‌ش، دواجار له دیدگه‌ی منه‌وه ئه‌و باخچه‌یه یه‌كجار گه‌وره‌و فراوانه، هه‌ركه ده‌چمه ناوی حه‌زناكه‌م بێمه ده‌ره‌وه. من پێم سه‌یره، خه‌ڵكانێكی زۆر له ژیاندا دێن و ده‌ڕۆن، بێ ئه‌وه‌ی یه‌ك كتێب بخوێنه‌وه. ئه‌وه بۆ من هه‌رده‌م حاڵه‌تێكی سه‌رسامكه‌ر بووه.
ئه‌گه‌ر كرده‌ی خوێندنه‌وه بوونی نه‌بێت، نووسین ماهییه‌تی چییه؟ به‌بڕوای تۆ كه‌ی ئه‌و رۆژه دێت تاكی كوردی ( به‌شێوه‌یه‌كی گشتی) كتێبی له پاره‌و زێڕ و سه‌روه‌ت خۆشتر بوێت؟ له‌پاڵ ئه‌وه‌ی كه هه‌یه‌و ده‌گووترێت: ” كتێب باشترین هاوڕێی مرۆڤه.
به بۆچوونی من، له دیوێكه‌وه كرده‌ی نووسین هیچ په‌یوه‌ندی به خوێندنه‌وه‌وه نییه، كرده‌ی نووسین كاردانه‌وه و هه‌وڵێكی جیاوازی مرۆڤه، ئه‌گه‌رچی كه‌ره‌سته‌كان هاوشێوه و له یه‌كتر نزیكن، وه‌لێ دوو شتی زۆر جیاوازیشن. زۆرجار نووسین به‌رهه‌می خه‌ون و خه‌یاڵه، نووسین به‌رهه‌می كرده هه‌مه‌جۆر و ئاراسته جیاوازه‌كانی بیركردنه‌وه‌یه. نووسین هه‌وڵه بۆ دروستكردنه‌وه‌ی دنیا و داڕشتنه‌وه‌ی به‌و شێوه‌یه‌ی خۆمان ده‌مانه‌وێت. نووسین كرده‌ی به‌تاڵكردنی مرۆڤه له ویسته بێسنووره‌كان، كرده‌ی ده‌رهێنان و خستنه ڕووی به‌رهه‌می كۆگا چڕوپڕه‌كانی ده‌روونه. ده‌كرێت هه‌موو ئه‌وانه بگه‌نه ئه‌نجام، به‌بێ ئه‌وه‌ی شتێك به‌ناوی خوێندنه‌وه له ئارادا بێت. نووسین خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندی و چوارچێوه‌یه، هۆكارگه‌لی زۆر هه‌ن، كه چۆنایه‌تی نووسینه‌كه ده‌خه‌نه پۆلێنبه‌ندییه‌وه. بڕوای باو ئه‌وه‌یه، كه نووسینی بێ خوێندنه‌وه، ناتوانێت وه‌ك پێویست هه‌ڵگری چوارچێوه‌ی نووسین بێت. به‌ڵام هه‌ست ده‌كه‌م، به‌ده‌ر له یاسا و ڕێساكانی نووسین، به‌ده‌ر له پۆلێنبه‌ندی جۆرایه‌تی نووسین، كرده‌ی نووسین له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی خوێنده‌نه‌وه‌ش ئه‌همیه‌ت و گرنگی خۆی هه‌یه. وێڕای هه‌موو ئه‌وانه‌یش نكووڵی له‌وه ناكرێت، كه نووسین له هاوكێشه‌یه‌كی ڕاسته‌وانه‌دایه له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه. خوێندنه‌وه پێویستی به ئه‌زموونی نووسین نییه، به‌ڵام نووسین پێویستی به خوێندنه‌وه و ئه‌زموونی خوێندنه‌وه هه‌یه. به دیوێكی دیكه‌دا خوێندنه‌وه ته‌واوكه‌ری كرده‌ی نووسینه، مه‌به‌ستمه بڵێم ئه‌گه‌ر نووسین به كرده‌یه‌كی ناته‌واو دابنێن، ئه‌وا خوێندنه‌وه ده‌توانێت ئه‌و ناته‌واوییه ته‌واو بكات. بۆچوونه‌كان فره ڕه‌هه‌ندن، ئه‌م قسانه‌یش ته‌نها له بازنه‌ی بۆچووندان. ئه‌گه‌رچی ئامانجی پرسیاره‌كه ئه‌وه نه‌بوو جیاوازی كرده‌ی نووسین و خوێندنه‌وه بكه‌ین، به‌ڵام ناچار بووین شتێك له‌و باره‌وه بڵێن. بابه‌تی خوێندنه‌وه و كتێب پێویستی به ژینگه‌یه‌كی تایبه‌ت هه‌یه. كتێب پێویستی به بناغه هه‌یه، من بڕوای ته‌واوم به‌وه هه‌یه بابه‌تی كتێب و خوێندنه‌وه كرده‌یه‌كی تاكییه، كرده‌یه‌كه په‌یوه‌ندی به هیچه‌وه نییه جگه له تاك خۆی، به‌ڵام ڕه‌خساندنی ژینگه‌ی له‌بار و بنیاتنان و په‌ره‌پێدان و گرینگی‌دان به خوێنه‌ران و خودی كتێب له‌لایه‌ن ده‌زگه فه‌رهه‌نگی ڕۆشنبیرییه‌كانه‌وه، كاریگه‌ری گه‌وره و ئه‌رێنی ده‌بێت. ئه‌وكات به سروشتی و نه‌وه دوای نه‌وه ڕیشه‌و كلتووی كتێبدۆستی و خوێندنه‌وه ڕێچكه‌ی خۆی ده‌گرێت. ئه‌لبێرت هوبه‌رت ده‌ڵێت: ” ناتوانین ببینه خاوه‌نی كۆمه‌ڵگه‌كی ڕۆشنبیر، تاوه‌كو كرده‌ی خوێندنه‌وه له كرده‌ی بنێشت جووین زیاتر نه‌بێت.”
*كتێب له‌دیدی زۆرێك له بیرمه‌نده‌كان جیاواز له‌وه كه‌وتۆته‌وه، ئایا كتێب به‌لای تۆوه چییه؟
وه‌ك خوت گوتووته، بیروبۆچوونی جوایه‌ز هه‌یه له‌و باره‌وه،منیش ده‌ڵێم: كتێب ناهێڵیت ته‌نیابم، كتێب بۆ من وه‌ك شانه‌ی هه‌نگ وایه، چێژ له ورده‌كاری و خوشیی و زه‌حمه‌تییه‌كانی ده‌بینم، هه‌روه‌ك بۆكۆفیسكی ده‌یگوت، منیش ده‌یڵێمه‌وه: كتێب جلوبه‌رگه…
ئه‌و كتێبه‌ی حه‌زت ده‌كرد تۆ نووسیاره‌كه‌ی بوایه، چی كتێبێكه؟ هه‌روه‌ها ئه‌و كتێبه چی كتێبێكه حه‌ز ده‌كه‌ی چه‌ندین باره بیخوێنیته‌وه؟
كتێب گه‌له‌ك زۆرن، كه حه‌زم ده‌كرد من نووسیاریان بام، بۆنموونه، (بێگانه)ی كامۆ. سه‌باره‌ت به به‌شی دووه‌می پرسیاره‌كه، به هه‌مان شێوه كتێب زۆرن كه حه‌زده‌كه‌م دووباره بیانخوێنه‌مه‌وه، یان دووباره خوێندونمه‌ته‌وه، وه‌ك ڕۆمانه‌كانی، هێرمان هیسه، یۆستاین گارده‌ر، هیمنگوای…
هه‌روه‌ك ئاماژه‌مان بۆی كرد، نووسیار به‌ر له‌وه‌ی بنووسێت ده‌بێت بخوێنێته‌وه، ئایا ئێستا خه‌ریكی خوێندنه‌وه‌ی چی كتێبێكی؟
به‌ڵێ وه‌ك له پێشووتر ئاماژه‌م بۆ كرد، بۆ من خوێندنه‌وه كرده‌یه‌ك نییه له چوارچێوه‌ی زه‌مه‌نێكی دیاریكراودا بێت. پرۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وامه، ئه‌وه‌ی جار جار تووشی هه‌ڵبه‌زودابه‌زی ده‌كات، دۆخ و ژینگه‌ی ناهه‌موواری ژیانه، به‌ڵام ئه‌وه‌یش هه‌ر كاتییه، ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه، كه وه‌ك چه‌مكی جلوبه‌رگ له كتێب و خوێندنه‌وه بڕوانین. له ئێستادا سه‌رقاڵی خوێندنه‌وه‌ی كۆی ڕۆمانه‌كانی( ڤێرجینا وۆڵف)م، كه خۆشبه‌ختانه ئه‌و كۆ ڕۆمانه‌م له پێشه‌نگای نێوده‌وڵه‌تی كتێب وه‌ده‌ست خست.
ئاماده‌كردنی ته‌وه‌ر: نسێ