Skip to Content

Saturday, December 14th, 2024
ژیان و نوێگه‌رییه‌كانی مه‌لای گه‌وره‌ له‌ دیمانه‌یه‌كی محه‌ممه‌د مه‌سعود محه‌ممه‌د نه‌وه‌ی (مه‌لای گه‌وره‌) دا

ژیان و نوێگه‌رییه‌كانی مه‌لای گه‌وره‌ له‌ دیمانه‌یه‌كی محه‌ممه‌د مه‌سعود محه‌ممه‌د نه‌وه‌ی (مه‌لای گه‌وره‌) دا

Closed
by June 28, 2013 گشتی

 


ژیان و نوێگه‌رییه‌كانی مه‌لای گه‌وره‌ له‌ دیمانه‌یه‌كی محه‌ممه‌د مه‌سعود محه‌ممه‌د نه‌وه‌ی (مه‌لای گه‌وره‌) دا:

محه‌ممه‌د مه‌سعود محه‌ممه‌د نه‌وه‌ی (مه‌لای گه‌وره‌):

مه‌لای گه‌وره‌ خۆی  ته‌رخانكرد بۆ وشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی له‌و خورافیاتانه‌ی به‌ ئاینه‌وه‌ لكێنرابوون

 

 

هه‌ر كاتێك باسی مه‌لا محه‌ممه‌دی جه‌لیزاده‌ ناسراو به‌ (مه‌لای گه‌وره‌ی كۆیه‌) ده‌كرێت، لای زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی زانیارییان له‌سه‌ر هه‌یه‌ وه‌ك مه‌لایه‌كی نوێگه‌ر و زانستدۆست و كوردپه‌روه‌وه‌ر هه‌ژمار ده‌كرێت، بگره‌ لای زۆرێك له‌ زانایان مه‌لای گه‌وره‌ وه‌ك (مجدید)ێكی سه‌رده‌می خۆی حسابی بۆ ده‌كرێت.

له‌م دیمانه‌یه‌دا، نووسه‌ر و ڕۆشنبیر (محه‌ممه‌د مه‌سعود محه‌ممه‌د) نه‌وه‌ی مه‌لای گه‌وره‌ تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر چه‌ند لایه‌نێكی ژیان و كه‌سایه‌تی مه‌لای گه‌وره‌. 

 

به‌یان: زۆر باسی مه‌لای گه‌وره‌ ده‌كرێت كه‌ وه‌ك (مجدید) نوێكه‌ره‌وه‌یه‌ك له‌ كاتی خۆی ده‌ركه‌وتووه‌، به‌ڕێزت وه‌ك نه‌وه‌یه‌كی مه‌لای گه‌وره‌ چۆن ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌ پێناسه‌ ده‌كه‌یت؟

محه‌ممه‌د مه‌سعود محه‌ممه‌د: سه‌رده‌می مه‌لای گه‌وره‌ سه‌رده‌می ڕووخانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی بوو، واته‌ كۆتایی ده‌وڵه‌تی عوسمانی بوو، تێكه‌ڵبوون بوو له‌گه‌ڵ شارستانیه‌تی ئه‌وروپا، وڵاته‌ ئیسلامییه‌كان به‌خۆیاندا ده‌هاتنه‌وه‌، زه‌مه‌نێكی وا بووه‌ مه‌لا و زانا گه‌وره‌كانی ئیسلامی به‌خۆیاندا بچنه‌وه‌، كه‌ سه‌رده‌می عه‌بدوڕه‌حمان كه‌واكیبی و محه‌ممه‌د عه‌بده‌ و جه‌ماله‌دین ئه‌فغانی بوو، له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واری ئه‌وكات له‌ هه‌موویان زیاتر كه‌ به‌ده‌ركه‌وتووه‌ مه‌لای گه‌وره‌ بووه‌، دیاره‌ مه‌لای گه‌وره‌ش هه‌مان ئه‌و ڕه‌وته‌ی گرته‌به‌ر، من ناڵێم له‌ ژێر كاریگه‌ری ئه‌و زانایانه‌ بوو، به‌ڵكو ئه‌و له‌ ژینگه‌ی خۆیه‌وه‌ به‌هۆی هه‌مان بارودۆخ كه‌ كاتی خۆی ده‌یان وت عوسمانییه‌كان تا ڕۆژی قیامه‌ت حكوم ده‌كه‌ن، ده‌رچوو ئه‌مانه‌ هیچ وانه‌بوو، به‌ره‌و ڕووخان ده‌ڕۆیشتن و خۆیان ڕوویان له‌ توركایه‌تی و فیكری ڕۆژئاوایی نابوو، ئیدی گه‌له‌كانی ژێر ده‌ستی عوسمانیش به‌خۆیاندا هاتنه‌وه‌. كه‌سایه‌تی مه‌لای گه‌وره‌ش لێره‌دا وه‌ك كه‌سێكی زۆر تایبه‌ت هه‌ڵكه‌وت له‌ كوردستان، چونكه‌ بنه‌ماڵه‌كه‌ی هه‌مووی موڵكدار بوون، كه‌ كاتی خۆی عه‌بدوڕه‌حمان پاشای بابان ئه‌و موڵكه‌ی دابوو پێیان، بۆ ئه‌وه‌ی مه‌لای كوردی شافیعی به‌رامبه‌ر مه‌لای توركی حه‌نه‌فی بێت، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ر به‌ ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی نه‌بن و سه‌ربه‌خۆ بن، موڵكێكی سه‌ربه‌خۆ بێ‌ منه‌ت له‌ حكومه‌ت و عه‌شایه‌ری ده‌وروبه‌ر بێ‌ منه‌ت له‌ مه‌لایه‌كان و شێخه‌كان، له‌ ژینگه‌یه‌كی ته‌واو كوردی، هه‌ر ده‌بێ‌ ئه‌گه‌ر جیلی یه‌كه‌م و دووه‌م نه‌بێ‌، ده‌بێ‌ جیلی سێیه‌م یه‌كێك هه‌ڵكه‌وێ‌، به‌رچاوڕوون و كراوه‌ و كوردپه‌روه‌ر و نیشتیمانپه‌روه‌ر، ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر به‌لایه‌نی ماددیشی لێكبده‌ینه‌وه‌.

گه‌رباسی كه‌سایه‌تی خۆشی بكه‌ین، له‌ پێش خۆشی ئه‌و ڕه‌وته‌ پێشكه‌تنخوازه‌ هه‌ر هه‌بووه‌، به‌ تایبه‌تی شاری سلێمانی تازه‌ پێگه‌یشتبوو كه‌ ڕه‌وتێكی به‌ هێزی تێدابوو، ده‌توانین بڵێین كۆیه‌ش كاریگه‌ری سلێمانی له‌سه‌ر بووه‌، له‌ مابه‌ینی هه‌ولێر و سلێمانی و كه‌ركوك دوور له‌ كاریگه‌ری شارشتانی توركی و عه‌ره‌بی شتێكی سه‌د له‌ سه‌د كوردی ده‌رچووه‌، كه‌ ئه‌ویش مه‌لای گه‌وره‌ بووه‌، كه‌سێكی وه‌ك مه‌لای گه‌وره‌ خۆی  ته‌رخانكرد بۆ وشیاركردنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌، وشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی له‌و خورافیاتانه‌ی به‌ ئاینه‌وه‌ لكێنرابوون، مه‌لای گه‌وره‌ شتێكی سه‌یر نه‌بووه‌ كه‌ په‌یدا بوو، به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێ‌ كه‌ خۆی بلیمه‌ت نه‌بووه‌، به‌ڵێ‌ خۆی بلیمه‌ت و بوێر و ئازاو ڕاستگۆ بوو له‌گه‌ڵ خۆی و خه‌ڵك، به‌ گژ درۆزنان ده‌چوویه‌وه‌، گرنگرترین نووسینی مه‌لای گه‌وره‌ به‌ بۆچوونی من به‌یتێكی شیعرییه‌ له‌گه‌ڵ نووسینێك به‌ناوی (فڕی فڕی قه‌ل فڕی)، پێمخۆش بوو ئه‌م كاره‌ی منداڵی قوتابخانه‌ بیكه‌ن به‌ شانۆگه‌ریه‌كی بچووك، كه‌ له‌ نووسنه‌كه‌یدا كاتێك هه‌ندێ‌ منداڵ گه‌مه‌ ده‌كه‌ن منداڵێك ده‌ڵێ‌: شێخ ده‌فڕێ‌، منداڵێكی پاكیش ده‌ڵێ‌: نه‌خێر شێخ نافڕێ‌، به‌ڵكو ته‌یاره‌ی ئینگلیز ده‌فڕێ‌، به‌ منداڵه‌كه‌ ده‌ڵێن تۆ كافری، ئه‌ویش ده‌ڵێ‌ نه‌خیر من كافر نیم، به‌ڵكو ئێوه‌ بێ‌ عه‌قڵن. ئیدی گفتوگۆیه‌كی ساده‌ له‌ مابه‌ینی منداڵان، بۆیه‌ پێم خۆشه‌ ئێستا ئه‌مه‌ بڵاوبكرێته‌وه‌ چونكه‌ ئێستا شێخپه‌رستی و بنه‌ماڵه‌په‌رستی و عه‌شیره‌تپه‌رستی دروست ده‌بێته‌وه‌، به‌ داخه‌وه‌ ده‌چینه‌وه‌ ساڵانی 1850.

به‌یان: ئه‌و ژینگه‌یه‌ی كه‌ مه‌لای گه‌وره‌ تیایدا هه‌ڵكه‌وتووه‌، پێتوایه‌ هه‌لی بۆ ڕه‌خساندووه‌، یا مه‌لای گه‌وره‌ ئه‌م هه‌له‌ی بۆ خۆی ڕه‌خساندووه‌؟

محه‌ممه‌د مه‌سعود محه‌ممه‌د: پێموایه‌ هه‌ردوو لاوه‌ بووه‌، چونكه‌ هیچ له‌ ناودارانی مێژوو خه‌ڵكی پێگه‌یشتوو له‌ خۆی ڕانابینێ‌، ده‌بێ‌ ژینگه‌یه‌كت بۆ ڕێكه‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی زیره‌كیت له‌ كات و جێگای خۆیدا ئامانج بپێكێ‌، ده‌نا نابیت به‌ هیچ. هه‌م ژینگه‌كه‌ ڕه‌خساو بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی شتێك له‌سه‌ر پنجی خۆی شین بێت، كێ‌ له‌وه‌ باشتر هه‌یه‌ كه‌ كوڕه‌ مه‌لایه‌كی دوانزه‌ عیلم و سه‌ربه‌خۆ له‌ ده‌وڵه‌ت و ئازادی ئابووری هه‌بوو له‌ ده‌ست شێخان و عوسمانیه‌كان و ئاغاكان، قسه‌ی بۆ خۆی و گه‌له‌كه‌ی خۆی كرد، بۆیه‌ هه‌م ژینگه‌كه‌ی و بلیمه‌تی خۆشی بوو ئه‌م بواره‌یان ڕه‌خساند.

به‌یان: مه‌لای گه‌وره‌ له‌ ژێر كاریگه‌ری كێدا بوو؟

محه‌ممه‌د مه‌سعود محه‌ممه‌د: بێگومان كاریگه‌ری حاجی قادری كۆیی له‌سه‌ر بووه‌، له‌ نامه‌كانی حاجی قادر و شیعره‌كانی و یادی حاجی قادر كه‌ به‌ نامه‌ ده‌ینارد بۆ باوكی مه‌لای گه‌وره‌ حاجی مه‌لا عه‌بدوڵا، مه‌لای گه‌وره‌ كاتێ‌ ساڵی 1876 له‌ دایك بوو، كه‌ ده‌كاته‌ كه‌متر له‌ سه‌د ساڵ دوای شۆڕشی فه‌ره‌نسی. ناپلیۆن په‌نجا ساڵ بووه‌ مردووه‌، كه‌ مه‌لای گه‌وه‌ره‌ له‌ دایك بووه‌، بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی په‌یدا بوون، ده‌گێڕنه‌وه‌ ده‌ڵێن كتێبخانه‌ی مه‌لای گه‌وره‌ كتێبێكی لێ‌ بوو به‌ناوی ژیانی ناپلیۆن، یان كتێب به‌ناوی شۆڕشی پیشه‌سازی، چ جای كاریگه‌ری محه‌ممه‌د عه‌بده‌ و ئه‌وانی ده‌وروبه‌ر، به‌ نسبه‌ت ئه‌وكات مه‌لای گه‌وره‌ كه‌سێك بووه‌ به‌ئاگابوو له‌ دنیا و له‌ سه‌رده‌مه‌كه‌ی.

به‌یان: نوێگه‌رییه‌كانی مه‌لای گه‌وره‌ له‌ چی دابوو كه‌ ئه‌وكات ئه‌و به‌ ته‌نیا بوو له‌م شتانه‌؟

محه‌ممه‌د مه‌سعود محه‌ممه‌د: ئه‌و كه‌سه‌ بوو كه‌ وتی شێخپه‌رستی له‌ به‌رئه‌وه‌ی كه‌ خوێنی پێغه‌مبه‌ریان تێدایه‌ ئه‌مه‌ درۆیه‌، دیاره‌ ئه‌م قسه‌یه‌ له‌وكات بوومه‌له‌رزیه‌ك بوو نایه‌وه‌، وتی ئافره‌ت عه‌یب نییه‌ بخوێنێت، مرۆڤێكه‌ وه‌ك پیاو كه‌ كچی خۆشی نارده‌ قوتابخانه‌، وتی كورد عه‌یب نییه‌ و زمانی كوردی عه‌یب و حه‌رام و كوفر نییه‌، چۆن عه‌ره‌بی زمانێكه‌ خوا دایناوه‌، كوردیش زمانێكه‌ خوا دایناوه‌، له‌ كاتێكدا ئه‌و شتانه‌ له‌وكات كوفر بووه‌، به‌ڵام له‌ مه‌لای گه‌وره‌ قبوڵ ده‌كرا، چونكه‌ كه‌س حه‌دی نه‌بوو به‌ گژیدا بێته‌وه‌، به‌ دین به‌ پاره‌ به‌ عه‌قڵ به‌ پشتیوان، ده‌ره‌قه‌تی هه‌مووان ده‌هات.

به‌یان: ئه‌وكات و ئێستاش هه‌ندێ‌ مه‌لا، مه‌لای گه‌وره‌یان به‌ ده‌رچوو له‌ دین داده‌نا، ئایا هۆكاری ئه‌وه‌ چییه‌؟

محه‌ممه‌د مه‌سعود محه‌ممه‌د: بێگومان ئه‌وانه‌ له‌ مه‌لای گه‌وره‌ ناگه‌ن، با شتێكت پێ‌ بڵێم، له‌ ساڵانی كۆن به‌غدا چۆڵ بووه‌، ئه‌گه‌ر سه‌یری وێنه‌كان بكه‌ین، به‌ڵام پێشكه‌وتنێكی زۆر گه‌وره‌ له‌ ئارادابووه‌، كه‌چی ئێستا به‌غدا ورده‌ ورده‌ ده‌گه‌ڕێـته‌وه‌ بۆ زه‌مانی عوسمانی، كه‌ به‌غدا بریتیبوو له‌ (گیتۆ)، واته‌ گه‌ڕه‌كی شیعه‌كان و گه‌ڕه‌كی سوننه‌كان، گه‌ڕه‌كی مه‌سیحیه‌كان و گه‌ڕه‌كی جوله‌كه‌كان، كه‌ هه‌ریه‌كه‌ و ئه‌ویتریان به‌ كافر ده‌زانی، ئێستا عێراق به‌ڵێ‌ پاره‌ زۆره‌ و ڕێگاوبان و ئۆتۆمبێلی نوێی لێیه‌، به‌ڵام وه‌كو فكر، باش بزانن به‌ره‌و دوا ده‌ڕوات، دیاره‌ ئه‌مه‌ كوردیش ده‌گرێته‌وه‌، كه‌ تیره‌په‌رستی و شێخپه‌رستی و خورافیاتپه‌رستی ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌، یه‌ك مانگ ئه‌و نه‌وته‌ نه‌مێنێ‌ زۆر ده‌چینه‌وه‌ دواوه‌، دیاره‌ په‌یدابوونی مه‌لای ئاواش كه‌ مه‌لای گه‌وره‌ی پێ‌ كافره‌، شتێكی زۆر ئاساییه‌.

به‌یان: پێتوایه‌ مه‌لای گه‌وره‌ كاری وای بۆ كراوه‌ كه‌ كاڵا پڕ به‌ باڵا بێت؟ ئه‌و خوێندنه‌وه‌ و ڤیستیڤاڵانه‌ی بۆی ده‌كرێت جێگای خۆیان گرتووه‌؟

محه‌ممه‌د مه‌سعود محه‌ممه‌د: ڤیستیڤاڵی بۆ كراوه‌، ویستوویانه‌ حه‌قی خۆی بده‌نێ‌، دڵسۆزی گه‌لێك زۆره‌، له‌ مرۆڤی دینپه‌روه‌ر و كوردپه‌روه‌ر و نیشتیمانپه‌روه‌ر، زۆر خزمه‌تیان كردووه‌، تا حزبه‌كانیش ڕێزی لێ‌ ده‌گرن، به‌ڵام تا ئێستا چه‌ند جار چووم، یاخود ئه‌و كتێبانه‌ی له‌باره‌ی مه‌لای گه‌وره‌ نووسراون، كه‌ خوێندوومه‌وه‌ له‌باره‌ی مه‌لای گه‌وره‌، به‌ بۆچوونی من ئامانجه‌كه‌یان نه‌پێكاوه‌، ئێمه‌ش ته‌بیعه‌تێكمان هه‌یه‌، كه‌ شتێك تێی ناگه‌ین گه‌وره‌ی ده‌كه‌ین، له‌ یادی مه‌لای گه‌وره‌ بوو پێش دوو ساڵ له‌ كۆیه‌، ئه‌وه‌ی وتاری خوێنده‌وه‌ وتی مه‌لای گه‌وره‌ ئێمه‌ ئێستاش تێی ناگه‌ین، بۆیه‌ ئێمه‌ كه‌لێنێكی فكریمان هه‌یه‌ له‌ دواڕۆژ به‌ زه‌ره‌ر بۆمان ده‌گه‌ڕێـته‌وه‌، ده‌بێت ڕوون بكرێـته‌وه‌، به‌ بۆچوونی من فه‌لسه‌فه‌ی مه‌لای گه‌وره‌ له‌ شیعره‌كانیدا بریتیبوو له‌ دوو شت، یه‌كه‌میان چیرۆكه‌كه‌ی (فڕی فڕی قه‌ل فڕی)، دووه‌م به‌گژ فه‌قیردا چووه‌ته‌وه‌ و پێی وتووه‌ هه‌سته‌ به‌نیازی هیچ مه‌به‌، ئه‌گه‌ر ئیش نه‌كه‌ی ده‌مریت، وه‌ك ده‌ڵێ‌:

مه‌داری دین و دونیا هه‌ر غینایه‌

ئه‌و حه‌دیسه‌ی فه‌قر و فه‌خر ئیفتیرایه‌

ده‌ڵێ‌ پێغه‌مبه‌ر (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) ئه‌م قه‌سه‌ی نه‌كردووه‌، كه‌ خه‌ڵك دابنیشێی و بڵێ‌ فه‌قیرم و خه‌ڵك خێری پێ‌ بكات و پێی بڵێن پیاو، ئه‌و وتی نه‌خێر، مادام فه‌قیری مانای ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ پیاوی، مانای ئه‌وه‌ش نییه‌ كه‌ ناپیاوی، به‌ڵام شانازی پێیه‌وه‌ نه‌كه‌ی و بڵێی چه‌ند فه‌قیر و پیاوم، ئه‌مه‌ قسه‌ی بێ‌ مانایه‌، وه‌ك ئه‌م شیعره‌ی كه‌ ده‌ڵێت:

ئه‌ده‌ب و شه‌رمی حزور ئه‌بغه‌زی خه‌لقی خودایه‌ فه‌قیر و فه‌خور

بۆیه‌ ئه‌گه‌ر تۆ فه‌قیر بیت و بێیت دابنیشی و بڵێت خوا لێم ڕازییه‌، نه‌خێر ئه‌مه‌ درۆیه‌، به‌ گژ فه‌قیری كورددا چووه‌ته‌وه‌ هه‌ر ملكه‌چ بكات و بڵێ‌ له‌خۆیه‌وه‌ دێت، مه‌لای گه‌وره‌، كاتی خۆی به‌ فه‌قیری وتووه‌ هه‌سته‌ خۆت بژێنه‌، دوعا ده‌كه‌ی زگت پڕبێ‌ له‌ ئه‌ستورك و نان، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ت پێ‌ ده‌كرێت, هه‌سته‌ تێكۆشه‌ ئه‌گینا فه‌وتاوی.

به‌یان: واته‌ مامۆستای گه‌وره‌ سه‌د ساڵا پێش ئێستا چاره‌سه‌ری بۆ ئێستا پێ‌ بووه‌؟ 

محه‌ممه‌د مه‌سعود محه‌ممه‌د: ناتونین بڵێین چاره‌سه‌ر، به‌ڵام گشت ده‌رده‌كانی ده‌ستنیشان كردووه‌، ده‌ستی خستووه‌ته‌ سه‌ر برینه‌كان، به‌بێ‌ ئه‌ولا و ئه‌ولا.

دیاره‌ ماوه‌ی كۆتایی ژیانیشی وه‌ك ده‌گێڕنه‌وه‌، بێئومیدی زۆری پێوه‌ دیار بووه‌، وتوویه‌تی هیچ سوودی نییه‌، دیاره‌ بێئومێدیه‌كه‌شی له‌ كورد و ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ نوێیه‌ی كه‌ له‌ عێراق دروست كرا بوو، ئه‌و له‌ مه‌جلیسی دامه‌زراندن دابوو، به‌ڵام دواتر بێئومێد بوو له‌وه‌ی كه‌ هیچ مافی به‌ كورد نه‌دا.

هه‌تا ده‌مرم له‌ بۆ كوردان ده‌ناڵم

عیلاجیان چۆن بكه‌م هاوار به‌ ماڵم

تێبینی: ئه‌م دیمانه‌یه‌ له‌ ژماره‌ (41)ی ڕۆژنامه‌ی به‌یان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌

Previous
Next