Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
شیعرێ لە دواى ئەلزهایمەر …  نەوزاد بەندى

شیعرێ لە دواى ئەلزهایمەر … نەوزاد بەندى

Closed

 

 

 

شیعرێ بە نوقسانى ئەنوسم ..

بە تەنیشت دوکەڵى جگەرەیەکى هەرزانا ..

کۆمەڵێ ددانى زەرد و کلۆر دەرئەکەون ..

لە حەشاماتى ئێوارانى شەقامى کاک ئەحمەدى شێخ

تەماشاى تەماتە دوو فاقەکان ئەکەم،

دیوى دەرەوە وەکو سێوە لا سورە

لە مەوقیفى پاسێکا ،

هەوڵ ئەدەم جنێوێ بە حوکمەت بەم..

ئاوێنەیەک بەر گوللەیەکى وێڵ ئەکەوێ ،

من ئەبم بە هەزار و

بە شەقامەکەدا بڵاو ئەبمەوە ..

لە نیوەى ڕێ ،

لەلاى عەرەبانەیەک لا ئەدەم ،

داواى قاورمەیەکى نۆک ئەکەم ،

ئەڵێم : کەوەرى پێوە بکە ..

ئەڵێ : سیحە مەمنوعى کردووە ..

(سەیرە ! ..

سیحە کەوەر مەمنوع ئەکا ،

کەچى ناتوانێ نێرگەلە و حەشیشە و

بۆکس خەنجەر مەمنوع بکا .. )

( ناوێرم لە ئەحواڵى مناڵەکان بپرسم ،

ئەترسم نەخۆش بن ..

ناوێرم لە ئەحواڵى مەنجەڵەکان بپرسم ،

ئەترسم بەتاڵ بن ..

ناوێرم لە ئەحواڵى ئاسمان بپرسم ،

ئەترسم دیسان خۆڵبارین بێ ..

نا .. لە ئەحواڵى گیرفانەکان ..

گەدەکان ، ناپرسم ،

ئەترسم بەتاڵ بن ..

خۆ ساڵەهایە خوێندنمان تەواو کردووە ،

ئیدى ئەم پرسیار و وەڵامە نەبڕایەوە ؟

ئیدى ئەم مەئساتە چى بوو ..

خۆ ڕەنگى قەڵەمى قۆپیە نەبوو ،

بە هەموو لایەکا ڕەنگى دایەوە ..

ناوێرم نا .. ناوێرم لە تەمەنى هاوڕێکانم بپرسم ،

ئەترسم پیر بوبن ..

ناوێرم سەرژمێریشیان بکەم ،

ئەترسم مردن هەندێکیانى پاکۆ دابێ  ..

ئیدى ناوێرم لە دەرگا بدەم ،

ئەترسم کەس نەیکاتەوە ..

بە دەست خۆم نییە ، ناوێرم سەیرى سبەینێ بکەم ،

ئەترسم لوتم بە لوتى مەرگا بتەقێ ..

بە دەست خۆم نییە ناوێرم سەرى مەرکانەیەک هەڵدەمەوە ،

ئەترسم بەتاڵ بێ .. 

بە دەست خۆم نییە .. نا .. ناوێرم شیعرێ بنێرمە ڕۆژنامەیەک ..

گۆڤارێ .. ڤیستڤاڵێ ،

ئەترسم بە دەم و قەپۆزى شکاوەوە بێتەوە ..

لە دواى ئەو هەموو ساڵە ..

ئیدى عەیبە کەس نامناسێ ..

یان پێویستە پێش یەکەم شیعر ،

یەکەم خەنجەر بوەشێنم ..

یان یەکەم تێهەڵدان  ..

پەنجەرەى ژوورى مدیر بشکێنم ..

یان .. نازانم .. )

شیعرێکى نوقسان ئەنوسم ..

ئەینێرمە بەردەم کتێبخانە و

چاپخانەکان ..

بۆ چاپ نا ..

بۆ سواڵ نا ..

بۆ شەڕ نا ..

بۆ ئەوەى کتێبە ماکیاژکراوە بۆشەکان ،

شەرم بیانگرێ و

ناوچاوى خۆیان ڕەشکەن و

ڕەفەى پێشەوەى کتێبخانەکان ،

بەجێ بێڵن ..

بۆ ئەوەى سالۆنى ماکیاژى کتێبە ناشیرینەکان ،

مۆڵەتى یاساییان لێ بسەنرێتەوە و

واز لەو پیشە نامۆراڵیە بێنن ..

ئیتر نازانم ..

( ناوێرم لە کورتەى هەواڵەکان ..

لە وەزعى بازاڕ ..

لە هۆڵى پەرلەمان ..

لە وادەى هەڵبژاردن ..

بپرسم ..

لە نائومێدیى ، نائومێد بووم .. ئیتر ..

کەى بڕیارى : هەلى ڕاکردنى هاووڵاتى بۆ تاراوگە ،

ئەخەنە ناو دەستوورەوە .. ؟

کەى ؟

خەڵک لێرە وەکو چۆن ڕیشۆڵە بە دارتەلەوە ئەنیشێتەوە ،

بەو جۆرە نیشتونەتەوە و

لە چاوەڕوانى هێلانەیەکدان،

بفڕن و 

بدەن لە شەقەى باڵ ..

کامپێکى پەناهاندەییمان لە ئەوروپا بۆ دابین کەن و

نەوت و

غاز و

خورما و

دیجلە و

فورات و

عێراق .. بۆ خۆتان ..)

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.