Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
(کۆدەتاى دیموکراسى ) یان (دیموکراسى سەربازیى )

(کۆدەتاى دیموکراسى ) یان (دیموکراسى سەربازیى )

Closed

 

 

 

سەرەتا من یەکێکم لەو کەسانەى بە بیر و بۆچوون و ئایدیۆلۆژیا و وتارەکانى سیروان عەبدول ، زۆر سەرسامم و بە کۆپى و پێست لە فەیسبوک و تویتەرەکەمدا  دایانئەبەزێنم بۆ ئەوەى هاوڕێکانم لە تام و چێژ و فەلسەفەى ئەو بیریارە بەڕێزە  ، بێبەش نەبن ..هەم لە تەعامولى لەگەڵ ئایدیادا و .. هەم تەعامولى لەگەڵ  وشەدا ، ڕێچکەیەکى تایبەت و پڕ تواناى هێناوەتە بوارى فیکر و فەلسەفەى کوردییەوە و .. بە ڕاستى خۆ ماندووکردن بە خۆەوەى پێوە دیارە ، لە هەر وشە و تەنانەت پیتێکیشیدا ، هەست ئەکەیت کەسێکى خاوەن لۆژیک لە بەرامبەرتا ڕاوەستاوە ..

هەموو ئەوانە ڕێگاى ئەوەمان لێ ناگرن بە هەندێ بۆچوونى دوا وتاری ( کۆدەتاى دیموکراتی)دا بچینەوە ، نەک بە ماناى پەرچدانەوە یاخود ڕاستکردنەوەى هەڵەى رٍِێزمانى و چاپ (وەکو لە ڕەخنەى گاڵتەجاڕیى کوردیدا ئەیبینین ) بەلکو بۆ فراوانکردنى دائیرەى باسێک کە کاک سیروان دروستى کردووە سەبارەت بە پرسى دیموکراسى و کۆدەتا لەم ناوچە گەرم وگوڕەدا کە ئەگەر بێتو لە نەخشەى جیهاندا بسڕێتەوە و (ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ) نەمێنێت ئەوا زۆرێک لە کەناڵە ڕاگەیاندنەکانى جیهان ناچارن واز لەو پیشەیە بێنن و ..بە دواى پیشەیەکى تردا بگەڕێین ..هەروەها کۆمپانیاکانى چەک و جبە خانە ..

ئەپرسم : ئایا ئەو سیگارى مارلبۆرۆیەى کە ئەمەریکییەک  لە ویلایەتێکى وەکو میشیگان ئەیکێشێ ، هەمان ئەو مارلبۆرۆیەیە کە میسرییەک لەسەر نیل ئەیکێشێ ؟ بێگومان نا ..هەردووکیان ناویان مارلبۆرۆیە و لە وڵاتە یەکگرتوەکان دروست ئەکرێن ، بەڵام تەنها ناوەکەیان هاوبەشە ، ئەگینا هەموو شتێکیان جودایە .. هەروەکو روسیا ئەو فڕۆکەى مێکەى کە ئەینارد بۆ وڵاتێکى وەکو عێراق ، هەمان ئەو مێکە نەبوو کە بۆ فڕۆکەوانێکى ڕوسیى دروست ئەکرد ..بە هەمان شێوە ئەو دیموکراسییەى کە ئەوروپییەک یان ئەمەریکییەک لە سایەیدا حەساوەتەوە و خەریکى بنیاتنانى دامەزراوەکان و پێشبڕکێى شارستانییەتە ، هەمان ئەو دیموکراسییە نییە کە ناردوویانە بۆ قاهیرە و بەغدا و تەرابولس ..ئەوان دیموکراسییەکیان فێرى ئەم ناوچە پڕ ئاشوبە کردووە ، کە تەمەنى بە ستراوە بە کەوتنە بەر ترسناکیى بەرژەوەندییەکانى ئەوروپى و ئەمەریکى و هاوڕێ خۆشەویستەکەیان کە ئیسرائیلە ..بە واتاى ئەوەى تۆ ڕێت پێدراوە سندوقى هەڵبژاردن دروست بکەیت و ڕۆژێک بکەى بە پشوو ، خەڵکەکە کۆ بکەیتەوە و دەنگیان پێ بدەیت .. پەنجەیان بە مەرەکەب شین بکەیت و  ..لە وڵاتانەوە نوێنەرى نەزاهەت و شەفافیەت بانگ بکەیت ..ئەمە قەیناکات ..بەڵام وەکو چۆن بەهارەکانى ئێمە هەفتەیەک یان دوو هەفتەیە  ..بە هەمان شێوە ئەم ئەخلاقە هاوردەیە تەمەنى کورتە و ، وەکو ستیمیولەزەیشنێک بۆ بە شەڕدانى قەوارەکان و ..شەرعیەتدان بە کوشتنى هاووڵاتیان لەسەر شەقام ..کۆکردنەوەى خەڵک لەبەر باران و بەفر و دۆزەخى هاوین ، بە هەفتە و مانگ ، بە بێ کار و بە بێ پشوو ..باشە ئەپرسم لە چ دیموکراتییەکى ئەوروپى و ئەمەریکیدا ، ڕێپێوانى ملیۆنى سازکراوە و بە هەفتە و مانگ شەقامەکان گیراون و ..کوژراو و برینداریش ، ئەوە با هەر باسى نەکەین ؟؟

ئەمە هەمان دۆخەکەى جارانمان بیر ئەخاتەوە ، کە هەتاکو ڕێژیمى بەعس بار و بارگەى نەپێچایەوە ، خورماى جوانمان نەبینى ، بەڵکو تەنها کورد کوژەکە بوو ، چونکە ئەو ڕێژیمە بە پێچەوانەى ئەوروپیەکان ، ئەهات جوانترین بەرهەمى عێراقییەکانى ئەناردە بازاڕەکانى یابان و ئەوروپا و . کورد کوژەکەیشى بۆ هاووڵاتى شەقامى عێراق گل ئەدایەوە ..

ئەم کۆچکردنى عەقڵى داهێنەرانە و بەرهەمى ناوازەیەى ڕۆژهەڵات بە پێتڕۆڵیشەوە بۆ ئەوروپى و ئەمریکییەکان ، لە هەمان کاتدا هەناردە کردنى دیموکراسیەتى سەقەت و جگەرەى ساختە و دەرمانى ساختە و سێکسى رڕندەم و هێرۆیین و کۆکائین و هەرچى داب و نەریتى نامۆ هەیە ، بەشێکن لەو ماجەڕایەى کە نە من و .. نە کاک سیروان عەبدول و ..نە هاوڵاتیەکى شەقام لێیان تێناگات .. یاخود نازانێ ناوى چى لێ بنێ ، بە جۆرێک ئێستا حوکمەتێکى وەکو حوکمەتى عێراقى تەنانەت بوارى ئەوەى نەماوە پێناخۆشحاڵى و ناڕەزایى خۆى بەرامبەر تەقینەوە خۆکوژییەکان دەربڕێ ، چونکە تەقینەوەکان ئەوەندە زۆر بوون ، مەگەر ئەو حوکمەتە هەر خەریکى ڕیز کردنى وشەکانى (نشجب) و (نستنکر) و (ندین )بێت …هەر ئەو دۆخە گاڵتەجاڕییەى دیموکراسیە کە پەرلەمانتارێکى ئۆپۆزیسیۆن ئەگەیەنێتە ڕادەى هیستیریا و ئەڵێت : سەدام لە ئێوە باشتر بوو ….ئینجا حاڵەتەکە هەر بەوەندەوە ڕاناوەستێ ، چونکە دەسەڵات قسەکە ئەقۆزێتەوە و ژمارەیەکى بێ شومارى هاوڵاتى بێتاقەتى سەر شەقامەکانى پێ گیڤ ئەکاتەوە .. هاووڵاتیانێک کە وەک ئەڵێن گا بە گوندا ئەناسن ..هاووڵاتیانێک کە نە تاقەتى خوێندنەوە و ..نە تاقەتى ددان شوشتنیان هەیە .. ئەمانە زۆر بە ئاسانى گەرم ئەکرێن و ئەکەونە گاڵۆک هەڵگرتن و جنێوى ناشیرین بەو کەسەى کە وتوێتى سەدام لەمان باشترە ..ئیتر ڕاگەیاندنەکان ئەیکەنە گەڕە لاوژێیەک ، ناچار ئەبین ئۆفیان بکەین ..

ئەم دۆخە سەیرە بۆچى و لە پاى چیدا ؟؟

دۆخێکى نەخوازراو و تێکەڵاو و بێ سەر و بەر ، لە کاتێکدا سەرەخولێ توشى ئێمە ئەکات ، لە هەمان کاتدا ئەوە بەرهەمى گەلێ توێژینەوە و نەخشەسازیى سیاسى و عەسکەرى و ئابوریى ئەمەریکى و ئەوروپیەکانە ..بە واتایەکى تر دۆخێکى سیخناخ لە جەهل و نەخۆشى و نەخوێندەواریى و دیکتاتۆریى کە لە ڕۆژهەڵاتدا سەرى هەڵداوە ، دەرئەنجامى هەوڵ و تەقەلایەکى نەپساوە و بەردەوامى ئەمەریکى و ئەوروپیەکانە ..لەبەرئەوەى مناڵە ئەمەریکى و ئەوروپییەکان ئاستى گوزەرانییان دانەبەزێ ، پێویستە مناڵەکانى ئەفەریقیا لە برساندا بمرن ..بۆ ئەوەى داهاتی تاکێکى سویسریى لە چڵە پۆپەدا بمێنێتەوە ، پێویستە لە بەغداد و بەیروت و تەرابولس و قاهیرە ، تەقینەوە و پشێویى هەبێ …کەواتە کۆمپانیایەکى زەبەلاحى ئەمەریکى و فەڕەنسى کە سەرقاڵى دروستکردنى چەکى زەبەلاح و کۆکوژ و ترسناکە ، لە هەمان کاتدا پێویستى بە دیکتاتۆرێکى بێ مۆراڵە بۆ ئەوەى ئەو چەکانەى لێبکڕێت و لە خاکەکەى خۆیدا و بەسەر هاووڵاتیە سڤیلەکانیدا بیتەقێنێ ..لەو کاتەدا ، ئاستى ئابوورى ئەو زلهێزانە لە نەش  و نمادا ئەبێ و ..ئاستى ژیان و مرۆڤایەتیش لە بازاڕەکانى چەکدا کە ئەکاتە وڵاتەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ، ئەچێتە خوار سفرەوە ..

ئەگەر زۆر بە تانیدا نەچین ، ئەتوانین بە بێ چەند و چوون بڵێین ، سەرۆک مورسى سەرۆکێکى ڕاستەقینە بوو لە وڵاتێکى وەهمیدا کە زیاتر لە سەدەیەکە ڕۆڵى وڵات ئەگێڕێ ، بەڵام لە بنچینەدا بازاڕى ساغکردنەوەى چەکە و .. پۆلیسى پارێزەرى ئیسرائیلە و ..بکوژى هاوڵاتیانى میسرە .. شکێنەرى هیمەت و هەست و هزرى میسرییەکانە ..جا لە ناکاو و لە ڕێى سندوقەکانى هەڵبژاردنەوە ، سەرۆکێکى وەکو مورسى دێتە مەیدانەوە و .. وەکو سەرۆکێکى مۆدێرن و دڵسۆز هەڵس و کەوت ئەکات .. قبوڵ ناکات لە فەخفەخەى کۆشکى کۆماریدا قاچى لێ ڕاکێشێ و هەر لە ( شەئە مەفروشە) کرێکەیدا ئەمێنێتەوە .. قبوڵ ناکات پەنجا هەزار دۆلار موچەکەى بێت و چل و نۆهەزارى بۆ خەزێنەى دەوڵەت ئەگێڕێتەوە ..قبوڵ ناکات وێنەکەى لە جێگاى حوسنى موبارەک هەڵبواسرێ …خوشکەکەى لە نەخۆشخانەیەکى میریى میسریدا گیان لە دەست ئەدات و .. کوڕەکەیشى فۆڕمى دامەزران وەکو هەر میسرییەک پڕ ئەکاتەوە ..لە هەمان کاتدا قبوڵ ناکات کەسێکى وەکو بەشار ئەسەد پیرۆزبایى لێبکات و پێى ئەڵێ : من پیرۆزبایى کەسێک قبوڵ ناکەم کە میللەتەکەى خۆى قەتڵ و عام بکات ..( لە ناکاو ئەم دیاردانەى مورسى ،  زەنگى ترسناک لە ناخى کۆمپانیاکانى چەک و بەرژەوەندیى ئیسرائیل و نەخشە ستراتیژیە کۆلۆنیالیستەکانیان لە ناوچەکەدا ، لێدەدەن ..ئەمە وا دەکات خەڵکانى ڕۆژهەڵات و موسوڵمانیش بگەنە دیموکراسى و مرۆڤایەتى ڕاستەقینە ..لەو کاتەدا ئیتر ئاستى  گوزەرانى ئەمەریکییەک و ئەوروپیەک ئەکەونە خەتەرەوە ..بەو پێیەى خەریکە وڵاتێکى ڕاستەقینەى دامەزراوەکان ، لە ناوجەرگەى دۆزەخەکەدا دروست ئەبێ ..ئەمە حاڵەتێکە نە سى ئاى ئەى .. نە مۆساد .. نە هیچ دەزگایەکى ئاسایشى کۆلۆنیالیستى جیهانى ، پێى قبوڵناکرێ .. چونکە لێدانە لە مرۆڤایەتى ئەوان کە لەسەر موعاناتى ئەوانى تر ڕۆ نراوە )

ئیدى ئەمەریکیەکان لە ڕێگاى ڕیمۆت کۆنتڕۆڵەکانیانەوە ، پیاوەکانیان لە ناوخۆى میسردا ئەجوڵێنن .. خەڵکێکى زۆر کۆ دەبێتەوە .. ئەکەونە جنێودان و شکاندن و هاوار کردن و پڕ کردنى گۆڕەپانى تەحریر .. ( نا بۆ حوکمى مەڕەکان ! )

باشە هەر ئەم مەڕانە نەبوون زیاتر لە سەدا شەستى دەنگى سندوقەکانیان فەراهەم کرد ؟؟ ئەى کەواتە بۆچى کۆمارییەکان و هاودەنگانى جۆن کیریى لە دواى بردنەوەى کورسى سەرۆکایەتى لە لایەن باراک ئۆباماوە نەڕژانە سەر شەقامەکان و نەیانووت : ( نا بۆ حوکمى ڕەشەکان .. نا بۆ حوکمى ئەفەریقیە لە برسا مردووە هاوردەکان ؟؟ ) ..

ئەگەڕێمەوە و ئەڵێم : ئەوەى لە میسر ڕوویدا ، کۆدەتاى دیموکراسى نەبوو ، چونکە هەموو لایەنەکان جەماوەرییان هەیە و .. ئەتوانن مەیدانەکان پڕ بکەن لە هەوادارانیان ..بەڵام سندوقى هەڵبژاردن بۆیە دروست کراوە ، هەتاکو ئەو کێشەیە چارەسەر بکات و هەمو لایەک بڕۆنەوە بۆ ماڵەوە و .. زۆرینەیش بچێتە سەر کورسى فەرمانڕەوایى ..ئەگینا حاڵەتێکى وەکو گەڕەلاوژێ دروست ئەبێ .. هەر دەستە و لایەن و تاقمێک قسەیەکى سەرۆک لەگەڵ ویستى ئەواندا نەگونجێ ، بڕواتە سەر شەقام و نەڕواتەوە بۆ ماڵەوە هەتاکو سەرۆک پەت نەکات .. ئەمە لە هیچ دیموکراتیەتێکدا نییە و نەبووە و .. نایشبێت ..ئەکرێ ڕێپێوان بۆ چاکسازیى .. مانگرتن بۆ چاکسازیى بکرێ ..بەڵام ئەگەر هەر ڕۆژێک جەماعەتێک بێنە سەر شەقام و سەرۆک بگۆڕن ، ئەوسا مەگەر خشتەیەکى سەرۆکایەتى بکەن بە کۆشکى کۆمارییەوە ، هەر هەفتەیەک کەسێک و جەماعەتێک سەرۆک  بن ..

پاشان ئێمە لەبەر دەم سەرۆکێکى لەسەر کار لابراوداین ، کە وەڵامى بۆ هەموو پرسیارێک هەبوو .. کە مامەڵەى مرۆڤانەى لەگەڵ زیاتر لە دوو هەزار و شەش سەد خۆپیشانداندا کرد ، بە بێ ئەوەى بهێلًَێت لوتى خۆپیشاندەرێ بپژێت ..مامەڵەى لەگەڵ سەدان کەناڵى ڕاگەیاندندا کرد و داینەخستن ، کە تەشهیرى شەخسییان بە خودى مورسى ئەکرد ، لە بەرامبەردا کۆدەتاچیەکان هەر لە یەکەم ڕۆژى دەستبەکاربوونیانەوە کەوتنە داخستن و ئۆفکردنى کەناڵەکانى ڕاگەیاندنى نەیارەکانیان و .. دەیەهایان لێ کوشتن و سەدانیان لێ بریندار کردن .. ئایا ئەمە کۆدەتاى دیموکراسیە ، یان کۆدەتاى سەربازی و تەنانەت تیرۆریستیشە ؟؟

زانایەکى میسریى کە خەڵاتى نۆبڵى لە بوارى زانستەکەیدا هەیە و ناوى ئەحمەد زویلە ، بە سەرسامییەوە ئەڵێ : لاى خۆمان کەسێک سەرکەوتو بێ ، هەوڵ ئەدرێ فەشەل بێنێ ، بەڵام لە ئەوروپا کەسێ فاشیل بێ ، هەوڵ ئەدرێ سەرکەوتن بە دەست بێنێ .،.

ئەم دوو دێڕە  وتارەکەمان کورت ئەکاتەوە لە دەستێکى زبر و ناشیریندا ، کە بەردەوام سەرکەوتن و جوانیەکانمان ئەکاتە نوشوستى و ناشیرینیى ..بەردەوام عەقڵ و بیر و هزرمان ، ئەپوکێنێتەوە لەبەردەم حاڵەتێکى نائومێدیدا کە دروستیان کردووە ..ئەوان بەردەوام کەسانى وەکو بەرادعى دروست ئەکەن ، بۆ ئەوەى گاڵتە بە سندوقەکانى هەڵبژاردن بکات .. ئەوان کۆمارى ئیسلامیى ئێرانت بۆ دروست ئەکەن کە کۆمەڵێک ئەمەریکین بە عەمامەوە ، بۆ ئەوەى کوێت و سعودیە و بەحرەین و ئیمارات بترسێنن و .. بە بڕى دەیەها و سەدەها  ملیار چەک و فڕۆکەى جەنگى و ژێر دەریایى و موشەکیان پێ بفرۆشن ..بۆ ئەوەى لە جەنگە وەهمی و دۆنکیشۆتیەکانیاندا بەکاری بێنن ..ئەوان لە ژێر هەزار ناونیشاندا و بە ڕۆژى نیوەڕۆ سەروەت و سامانى ناوچەکە بە هەڵمژین هەڵئەمژن ..بڕوانن بۆ عێراق چۆن لە هەزار و یەک جێگاوە ، قەسەب خراوەتە ناو نەوتەکەى و هەڵئەمژرێ لە کاتێکدا عێراقییەکان موحتاجى لیترێک نەوت و بەنزینن ..بڕوانە بۆ ئەو شەرعیەتدانە بە دزینى وڵاتێک ، بە بێ  ئەوەى بهێڵن یەک کەس بڕژێتە سەر شەقامەکانى بەغداد ( بۆ نمونە ) ..باشە مورسى چ سامانێکى نەتەوەیى و کولتوریى میسریى دزى و ئاودیو کرد وا ئەو هەموو ناڕەزاییەى لێکەوتەوە ؟ پاشان ئەو شانزە ملیار دۆلارەى کە نەوتفرۆشەکانى خەلیج پێشکەشى کۆدەتاچییەکانى میسریان کرد ، بە شێکە لەو زنجیرە دراما سیاسیەى کە لە ناوچەکەدا نیشان ئەدرێت و .. تیایدا ئەوان گیانیان پارێزراوە لە بەرامبەر هەموو بەها مرۆڤایەتى و مۆڕاڵیەکانیاندا ..ئەگینا ئەو شانزە ملیار دۆلارە ، لە هەوڵدانێک بۆ چۆڵکردنى مەیدانى ڕابیعەى عەدەوییە و جوانکردنى کەڵبەکانى سیسى و بەرادعى زیاتر ، شتێکى تر نییە ..لە هەمان کاتدا ئەو هاوپەیمانییە تائیفیە ناشیرینەمان بۆ دەردەخات کە لە ناوچەکەدا هەیە و ئامادەیە بۆ لە بار بردنى هەر هەوڵدانێکى بە ئینسان بوونى ئینسان .. بە وڵاتبوونى ئۆردوگا بە شیعار داپۆشراوەکان ..بۆ بێ هیواکردنى هەموو بیر یار و خاوەن خەون و ئومێدە جوان و نیشتمانی و مرۆڤایەتیەکان ..

بە گشتى پێویستمان بەوە نییە بچینە ناو گەمە نیو دەوڵەتییەکانەوە ، بەڵام ئەتوانین بڵێین ، ئەو حاڵەتە ناشیرینەى لە میسر ڕوویدا ، بە پشتا خستنەوەى میللەتێک بوو ، کە خەریک بوو لە گۆماوەکە ئەهاتە دەرەوە ، بۆ ئەوەى سەد ساڵى تریش لە ناو گۆماوە لێخنەکەدا بمێنێتەوە و گینگڵ بخوات .. ئاشکرایشە ئەوان ڕاو لە گۆمى لێڵدا ئەکەن ..هەر بۆیە پێم ناخۆش بوو کاک سیروان نیوەى شەرعییەت بدات بە کۆمەڵێ ڕوو هەڵماڵراو ، کە ڕژانە شەقام و درامایەکى جەماوەرییان دروست کرد .. پەردەیەکیان بەسەر سوپادا دا ، بۆ ئەوەى کۆدەتایەک بکات .. ناشیرینترین کۆدەتا لە مێژووى مرۆڤایەتیدا .. کۆدەتایەک بەسەر دەسەڵاتێکى میانڕەوى شەرعى خاوەن بڕوانامەى بەرزى جیهانى ، لە زەمەنێکدا  کە شتێک نەماوەتەوە نە بە ناوى میانڕەوى و .. نە بە ناوى شەرعییەت و .. نە بە ناوى بڕوانامەى بەرزى جیهانییەوە لە ناوچەکەدا …

لە کۆتاییدا  دوو وتەى زۆر جیاواز و زۆر دوور لە یەکتر ، لە هەمان کاتدا زۆر نزیک و کۆمپاتەبڵ ئەنوسمەوە ، کە یەکێکیان وتەى ئافرەتێکە کە لە نایت کلەپێکى تورکییەوە دێتە دەرەوە و پەیامنێرێک لێى ئەپرسێ : تۆ لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگت بە کێ دەدەیت ؟ .. ئەویش ئەڵێ : بە ئەردۆگان .. پەیامنێرەکە بە سەرسامییەوە ئەڵێ : تۆ لە یانەى شەوانە کار ئەکەیت و ئەردۆگان ئیسلامییە ، ئەمە چۆن ئەگونجێ ؟ .. ئافرەتەکە ئەڵێ : بۆیە دەنگ ئەدەم بە ئەردۆگان لەبەرئەوەى کچەکەیشم ناچار نەبێ لە یانەى شەوانەدا کار بکات لە داهاتوودا ..

( ئەمە ئاستى بەرزى  هزرى میللەتی تورکە کە کەسانى وەکو بەرادعى و سیسى ناتوانن گەمەى تێدا بکەن .. لەبەرئەوە ئەو حاڵەتەى لە میسر ڕوویدا ئەوەندەى کودەتاى سەربازى بوو ، دوو ئەوەندە و زیاتریش بەڵگە بوو بۆ داتەپینى هزرى نیشتمانى و ڕۆشنبیریى لەو وڵاتەدا )

هەرچى ووتەى دووەمە ، وتەیەکى مارتن کۆپلەرە کە هەر ئێستا گوێم لێ بوو ، وتى : لە چوار مانگى ڕابوردوودا ، زیاتر لە دە هەزار عێراقى بە تەقینەوە و هێرشى تیرۆریستى  کوژراون و بریندار بوون ..!!..( باشە ! ئەمە وڵاتە یان مەیدانى جەنگ و بازارى هەموو جۆرە چەک و جبەخانەکان ؟ چ بوارێک بۆ دیموکراسى و .. ئەسڵەن بۆ مرۆڤیش لەو وڵاتەدا ماوەتەوە ؟ نازانم … )

 

نەوزاد بەندى
Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.