Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
کەرکوک…. ڕزگار عومەر

کەرکوک…. ڕزگار عومەر

Closed

 

 

 

       کە لە هەولێرەوە ، لە ڕێگای کەرکوکەوە دەچی بۆ سلێمانی ڕێگاکە پێش ئەوەی بچێتە ناو شاری کەرکوک و گەڕەکەکانی بە دەستە چەپ لائەداو  درێژەی دەبێ بۆ سلێمانی . جاران ئەم ڕێگایە زۆرتر دەچووە ناو شارو بە نێو گەڕەکەکانی کەنار تێدەپەڕی و ئینجا دەرئەچوو بۆ چەمچەماڵ و هتد . هەموو خەڵک پێ ی خۆش بوو ئەم ڕێگایە تازەیە ، چونکە ئاسانکاریەکی زۆری تێدایە لە باری هاتووچۆ ، هەروەها لە باری ئەمنیەوە ئەو خەڵکەی لەو ڕێگایە هاتوچۆ دەکا لەو بڕوایەدایە کە ئاوا زۆر ئەمینترە و دوورە لە مەترسی. من خۆشم بیرمە لە سەفەرێکی کوردستان لە٢٠٠٦ چووم بۆ سلێمانی و بەڕێگەی کۆیەو دوکان ڕۆیشتم ، کە پارەو کات و هیلاکی زۆرتری ویست ، ئەویش لەبەر ئەوەی خۆم ودەروبەر پێمان ئەمینتر بوو . 

کە ئێستا لەو هەموو گەڕانە بە دوای ڕێگای ” ئەمینتر ” ورد دەبمەوە ، بە دیوێک خۆپەرستیەکی دووفاق دەبینم لە نێوان سەپاندنی دروشمی ناسیۆنالیستی و ڕێکردن بە نێو شارێک کە بە هی خۆتی دەزانی ، لەلاکەیتر کەرکوک نەک تەنیا وەکو شارێکی فرە کلتورو میلەت خاوەن ئەزمونێکی پڕ لە برین و تەحەدا ، بەڵکو ئەم شارەوخەڵکەکەی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دووردەکەونەوەو دەبن بە پاشگر یان ئەندامی جوگرافیای توندوتیژی !  دروشمە ناسیۆنالیستیەکانیش ئەمڕۆ زیاتر لە جاران لە غلۆربوونەوەی بەرمیلی بەتاڵ دەچن ، چونکە ئەو دروشمانە و دژەکانی بەشێک بوون لە گرفت نەک لە چارەسەر .

لە ڕوخساردا ؛ کەرکوک خاوەنی زۆرە . لە دونیای واقیعی کەرکوک بێ خاوەنە . ئەو دیالیکتیکە ڕەنگی داوەتەوە بەسەر چارەنووسی ئەم شارە . کەرکوک بریتیە لە خەڵک و لە سامانی سروشتی” نەوت ” . دروشمە سیاسیەکان بایی ئەوەندە خەڵکەکەی موجامەلە دەکاو خۆی لێ دەکا بە خاوەن کە ڕێگایەک بۆ کۆنترۆڵی سامانەکەی بدۆزێتەوە ، نەگبەتی خەڵکەکەش لەوەدایە کە تا ئێستا کە نەیتوانیوە بەدیلێکی سیاسی فۆرمۆڵە بکات کە نەک تەنیا بەهرەمەند بێت لە بەکارهێنانی سامانەکەی ، بەڵکو بۆ بارودۆخی ئەمڕۆ لەهەر هاوڵاتیەکی سادەی کەرکوکی بپرسی( چ کورد چ تورکمان چ عەرەب چ ئاشوری) ئەگەر بۆی بلوێ هەموو نەوتی کەرکوک دەگۆڕێتەوە بە ئاشتیەکی سادەی ژیان ؟ دڵنیام هەموو وەڵامی بەڵێ یان دەبێت . 

سیاسەت لە کەرکوک پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆی بە مردنەوە هەیە . ئەو هێزە سیاسیە تازەیە دەتوانێ ببێتە بەدیلی سەرجەم پێکهاتەکانی خەڵکی کەرکوک کە لە نێوان نەوت وخەڵک ئەوەی دوەمیان هەڵبژێرێ . درۆیە کە بەردەوامبوونی توندوتیژی قات وقڕ کردنی کەرکوک کورت کەینەوە بە بەرژوەندی یەک لایەن ، ئەم مشەخۆریە بەردەوامە لە سەر خوێن وتوندو تیژی دژ بە خەڵکی ئەم شارە ئێستا وەک تەلیسم دێتە بەرچاو ، بەڵام ڕۆژێک دێت لە بەرامبەر ئیرادەی سەربەخۆی خەڵکی ئەم شارە دەبێتە ڕاستی و بەڵگەنامەی بەردەست ئەوکاتە دروشم فریای کەس ناکەوێت .

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.