Skip to Content

Saturday, April 27th, 2024
ڕاگەیاندنێک لە فاروق ڕەفیق و سیروان عەبدول-ەوە

ڕاگەیاندنێک لە فاروق ڕەفیق و سیروان عەبدول-ەوە

Closed
by July 22, 2013 گشتی

 

 

بۆ ئەوەی پیشانی بدەین ئێمە لە کام سەنگەرداین، سبەی سەردانی کەمالی سەید قادر دەکەین

 

 

ئێمە پێمانوایە هەڵوێستگرتن لەئاست ئەو زیادەڕۆییەدا کە کرایە سەر بەڕیز کەمالی سەید قادر زۆر لەوە ساناترە کە هیچ ووردکردنەوە و لێکدانەوەیەکی ئاڵۆزی پێویست بێت و، زۆریش لەوە ئەهەمییەتدارترە کە زۆرێک لە حیزب و ڕیکخراو و ڕۆشنبیران ئەو هەموو تەحەفوزە بنوێنن لە ئاستیدا.

بەلای ئێمەوە ئەو دۆزە دوو بەرەی تەواو ڕۆشنی هەیە: بەرەیەک کە دەیەوێت مافی کۆبوونەوە و خۆپیشاندان بەکار بێنێت بۆ گەیاندنی ڕایەکی خۆی سەبارەت بە کارێکی نایاسایی دەسەڵات. وە بەرەیەک کە دەیەوێت ئەو کارە نایاساییەی خۆی فەرز بکات، وە لەم پێناوەشدا مافی کۆبوونەوە و خۆپیشاندان زەوت دەکات و بە ئامانجی چاوترسێنکردنی خەڵکەکە، حەقارەت بەرامبەر بەوانەمان دەنوێنێت کە لە هەموومان چاونەترسترن.

لێرەوەیە کە ئێمە دەمانەوێت ڕێز لە چاونەترسیی و جورئەتی ڕووبەڕووبوونەوەی کاک کەمالی سەید قادر بنێین کاتێک پێداگریی لەسەر ئەوە دەکات کە ئازادیی کۆبوونەوە و خۆپیشاندان لەم هەرێمەی ئیمەدا هەبێت و لەم پێناوەدا تەحەدییەکی وا قورس بۆ زەوتکەرانی ئەو ئازادییە دروست دەکات کە تەنها شەقاوەکانی ناو ناوەندی سیاسیی دەتوانن فریایان بکەون. 

ئێمە ئەگەرچی هیچ دۆستایەتییەکمان لەگەڵ بەڕێز کەمالی سەید قادردا نییە، بەڵام سبەی 21.07.2013 بە چەپکێ گوڵەوە دەچینە سەردانی بۆ ئەوەی پیشانی دەسەڵات و کۆمەڵگای بدەین کە ئێمە لە کام لەو دوو سەنگەرەداین.

ئێمە پێمانوایە هەبوونی ئازادیی کۆبوونەوە و خۆپیشاندان یەکێکە لەو مەرجە سەرەکییانەی کە کەوتنەوەی دیموکراتییەت لە هەر وڵاتێکدا مومکین دەکات. ئەم ئازادییەیە ئێستا لە هەریمەکەی ئێمەدا لەژێر هەڕەشەی گەورەدایە و دەسەڵاتداران بە یاسا و بە ڕێگریی بیرۆکراتیی و ئینجاش بە هەوڵی چاوترساندن تا ئاستی کوشتنی خۆپیشاندەران، هەوڵی هەرچی زیاتر بەرتەسکردنەوەی دەدەن.

ئەم هەوڵەی دەسەڵات و بێباکیی و پاسیڤیی ئێمەیە لەئاستیدا کە کۆمەڵگا بەرەو دیکتاتۆرییەت دەبات. ئەوەی کە دەسەڵاتداران، چی لە کوردستان یان هەر شوێنێکی تر، پۆتێنسیاڵی ئەوەیان تیایە ببن بە دیکتاتۆر، قەت مانای ئەوە نییە کە بەدیکتاتۆربوونیان حەتمییە و مانای ئەوە نییە کە سەنگەگیریی لەبەرامبەر زیادەڕۆییەکانیاندا مومکین نییە بتوانێت ڕێگە لەوە بگرێت ئەو پۆتێنسیاڵە ببێت بە واقیع. ئێمە پێمانوایە ئازادیی کۆبوونەوە و خۆپیشاندان تەنها بەوە دەگەڕێنرێتەوە و لەژێر هەڕەشەی دەسەڵاتداران دەردەکرێت کە پێداگریی لەسەر بکرێت و لەپێناویدا سەنگەر لە دەسەڵات بگیردرێت. سووربوونی کاک کەمالی سەید قادر لەسەر مومارەسەی ئەو ئازادییە جۆرێکە لەو سەنگەریگرییە گرنگە. بۆیە ئێمە زەرورەت بۆ هەڵوێستیگیرییەکی ڕۆشنتر دەبینین و هیچ تێگەیشتنێکمان نییە بۆ ئەو تەحەفوزەی کە زۆرێک لە حیزب و ڕیکخراو و ڕۆشنبیران دەینوێنن لە پیشاندانی سەرکۆنەی خۆیاندا بۆ ئەو شەقاوەییەی لەبەرامبەر ئەودا مومارەسە کرا.

ئێمە پێمانوایە لەئاست ئەو هەڵمەتەی گەورە و خەتەرناکەی کە دەسەڵات دەستی داوەتێ بۆ چاوترساندنی هاوڵاتییان و زەوتکردنی ئازادییەکانمان، بێدەنگیی، خۆگیریی لە هەڵوێستنواندن، وە هەڵوێستی لێڵ و ناڕۆشن، هەموو ئەمانە لەلایەن حیزب و ڕێکخراو و ڕۆشنبیرانەوە بەشدارییەکە لە بردنی ئەم هەرێمە بەرەو ئۆتۆریتارییەتێکی خنکێنەر. بۆیە ئێمە، کە جگە لە داکۆکیی لە بەهاکانی دیموکراتیی و مافەکانی مرۆڤ، هیچ ئیعتیباراتێک و بەرژەوەندییەک پەیوەستمان ناکات بە هێزە سیاسییەکانەوە، لەگەڵ ئەوانەدا کە ئاشکرا سەرکۆنەی سەرکوتگەریی دەسەڵاتداران دەکەن، سەنگەری بەرامبەر دەگرین.

 

 

فاروق ڕەفیق و سیروان عەبدول

سلێمانی – 20.07.2013

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.