Skip to Content

Wednesday, April 24th, 2024
پرسیار  … نەوزاد بەندى

پرسیار … نەوزاد بەندى

Closed

 

 

 

 

 

-1-

بە منداڵیى ،

دەستتان لە پەنجەرەکەوە هێناوەتە دەر

تەوقە لەگەڵ باران بکەن ؟

یان ڕنوە بەفرێ ڕاو بکەن ؟

 دایکتان لێتان تووڕە بووە و

وتویەتى : خوا مەرگ !

ژوورەکەى سارد کردەوە ! ؟ 

 

-2-

لە ناوەڕاستى دێڕێکا ڕائەوەستم ..

بەزەییم بە بەشەریەتا دێتەوە ،

ئەم هەموو نوسینە چى لێ بکا ؟

گڵاسێ لە سەرى وشەیەکا ئەشکێنم ..

خەڵک وەکو نەعامە ئەژین ،

ئیتر ئەم خورشید و خاوەرە نەبڕایەوە ؟!

 

-2-

کەى ، کۆرسێکى تر ، 

ئەبیتە موحازیر ،

لە زانکۆى وێرانى دڵم ؟

 

-4-

ئاو هاتەوە و

تەنکییەکانى سەربان پڕ بوون ..

قەرزەکانمان دایەوە و

گیرفانەکانمان مڕ بوون ..

ئیتر چاوەڕوانى چى بکەین ؟

 

-5-

دوو پیاو ،

بە پێکەنینەوە ڕەخنەیان لە یەکتر ئەگرت ..

پەنجەیان ڕائەوەشان و

جنێویان بە یەکتر ئەدا و 

ئەیانقیڕان ..

(کۆمەڵێک ڕۆژنامەنوسیش ،

وەک مێش لەو شەڕە جنێوەوە ،

  نیشتبوون.. )

دوو پیاوەکە

لە یەک کاتدا ،

دوو قڕقێنەیان بە بادا ..

هەدووکیان هەمان قڕقێنە :

گیپە و ترشیاتى عەمبە بوو ..

نیوەڕۆ لە یەک چێشتخانە ..

ئێوارە لە یەک چێشتخانە ..

شەو لە هەمان ئۆتێلى پێنج ئەستێرە ..

گیرفانیان بە پارەى هەمان بودجە ، ئاوس بوو ..

(لە پشتیانەوە ، میللەتێ ..

برسى و

تینوو 

پێ خاوس بوو )

 

-6-

سەعاتەکەم فڕێ ئەدەم ..

سەعاتەکەت فڕێ دە ..

(سەعات چەند دێى وەرە .. )

 

-7-

ئیشى تەم ئەوەیە ،

ببێ بە تاراى ڕووى زەوى و

بیبا بۆ ئاسمان بە بوکیى ..

ئیشى تەموزیش ئەوەیە ،

زەوى وەک فەلافل سوورکاتەوە ،

( من هیچ ئیشێکم نییە )

 

 

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.