ئاگاداری ئه‌م زه‌نگه نوێیه بن !
ڕووناک شوانی……
یه‌کێک له سیما جوانه‌کانی سیستمی دیموکراسی ئازادی ڕاده‌ربڕینه . نیشتمانی مرۆڤ ئه‌و گۆشه‌یه‌ی گۆی زه‌وییه که به‌هاکانی تیادا پارێزراو بێت ، هه‌موو که‌سێك بتوانێت به بێجیاوازی ڕه‌گه‌ز و زمان و ئاین و بیر و بۆچوونه‌وه ژیان به‌سه‌ربه‌رێت و له سایه‌یدا مافی موماره‌سه‌کردنی ژیانێکی پڕ له ئاسووده‌یی و ئاسایی خۆی هه‌بێت . نووسین و لێکدانه‌وه‌ی ڕووداوه‌کان ئیتر ڕووداوێکی مێژوویی یان بابه‌تێکی ئاکتوێڵی ڕۆژ بێت ، ئه‌و ده‌روازه‌یه‌یه که له ڕووی دنیای به‌رینی فه‌لسه‌فه جۆرا جۆره‌کان و جیهانبینی نوێ‌دا ده‌کرێته‌وه . له جیهانی فراوانی نووسیندا نه نه‌خشه هه‌یه و نه هیچ سنوورێک ده‌ستنیشان کراوه ، چونکه به سنووردارکردنی ئه‌و جیهانه بێ ختووبه یه‌کپارچه‌یه ، قه‌ڵه‌م ناچار ده‌کات که ڤیزای هه‌بێت بۆ په‌ڕینه‌وه به‌ره‌و سه‌رزه‌مینه تابۆکراوه‌کان ، ئه‌و ده‌مه‌یش ده‌بێت نووسه‌ر بوێرانه ڕێگه‌ی مان و نه‌مان بگرێته به‌ر ، گه‌ر قه‌ڵه‌م ئازاد نه‌بێت ، ده‌بێت به کۆیله‌ی ده‌سه‌ڵاته چه‌ک به ده‌سته‌کان و ملکه‌چی چاو سوورکردنه‌وه‌ی تیرۆریستانی هزر ده‌بێت ، هه‌ر کاتێکیش قه‌ڵه‌م و نووسه‌ر ڕووحه ئازاده‌که‌ی خۆیان له ده‌ستدا ئیتر ده‌بن به بازرگان .
چه‌ند ڕۆژیکه ، له ڕۆژنامه‌کانی کوردستان و ماڵپه‌ڕه‌کانی ئینته‌رنێتدا ئاگادارینامه‌یه‌ک بڵاوکراوه‌ته‌وه، سه‌باره‌ت به تۆمه‌تی سووکایه‌تی پێکردنی چه‌ند نووسه‌ر و گۆڤار و ڕۆژنامه‌یه‌ک به خوا و پێغه‌مبه‌ری ئیسلام و ئایینی موسوڵمانان . دیاره ئه‌و بابه‌ت و کتیبانه وه‌ک له ئاگادارینامهکهیشدا ئاماژه‌ی پێدراوه هیچ کامیان تازه نین ، هێنده‌ی له ڕێگه‌ی که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندن و ڕۆژنامه‌کانه‌وه ئاگادار بووین ، له کاتی بڵاوبوونه‌وه‌یاندا هه‌ڵایه‌کی زۆریان له‌سه‌ر نرایه‌وه و فه‌توایش له سه‌ر نووسه‌ره‌کانیان ده‌رکرا ، و نووسه‌رێکیش له ژێر زه‌بری هه‌ڕه‌شه‌ی شمشێر ده‌ربه‌ده‌ری هه‌نده‌ران کرا . ئه‌وه‌ی که جێگه‌ی گومان و پرسیاره ، سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م پرسه له‌م کاته‌دا ، بۆچی ؟؟ ئایا ئه‌و هه‌ل و مه‌رجه سیاسییه‌ی ئه‌مڕۆی کوردستان ئه‌و بواره‌ی ڕه‌خساندووه که ئه‌م هه‌نگاوه مه‌ترسیداره بگیرێته به‌ر ؟؟ مه‌ترسیدار، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئایندهی ئازادی ڕاده‌ربڕین له کوردستاندا ده‌که‌وته ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی هه‌نگاوه‌کانی داهاتووه‌وه . دوا بابه‌ت که بۆته مایه‌ی تووڕه‌یی ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی که نامه‌که‌یان نووسیوه و واژۆیه‌کی زۆری خراوه‌ته سه‌ر ، که له‌وانه‌یه زیاتر له نیوه‌یشیان هیچ کام له‌و کتێبانه‌یان به چاویش نه‌بینیبێت و بابه‌تی ئاماژه پێدراویان نه‌خوێندبێته‌وه! بابه‌تی ( ئابڵۆقه‌ی ئه‌مڕۆی سه‌رغه‌ززه و ئابڵۆقه‌ی سه‌ر جووله‌که‌کانی دوێنێی مه‌دینه ) یه که له ژماره‌ی (275) ڕۆژنامه‌ی (هه‌واڵ) بڵاوکراوه‌ته‌وه .
لێکۆڵینه‌وه و لێکدانه‌وه‌ی نوێ له‌مه‌ڕ ڕووداوه مێژووییه‌کان به گشتی و سه‌رهه‌ڵدانی ئایینه ئاسمانییه‌کان به تایبه‌تی ، له‌و وڵاتانه‌دا که به دواداچوون له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه ئازاده ، بابه‌تگه‌لێکی نوێ نین ، به‌ڵکو له‌گه‌ڵ فروانبوونی ئاسۆی بیرکردنه‌وه‌ی مرۆڤ ، پێشکه‌وتنی زانست و ته‌کنۆلۆژیادا و سه‌رهه‌ڵدانی فه‌لسه‌فه‌ی ماتریاڵیستی و فه‌لسه‌فه‌کانی دیکه‌دا، هه‌روه‌ها دۆزینه‌وه‌ی هه‌ساره نوێکان و نیشتنه‌وه‌ی مرۆڤ له‌سه‌ر مانگ و هه‌ساره‌کانی تر، ڕامانێکی نوێ و لێکدانه‌وه و بیر و بۆچوونی جیاوازیان له‌مه‌ڕ زانسته میتافیزیکیه‌کان و به‌تایبه‌تیش مه‌سه‌له مه‌زهه‌بییه‌کان هێنایه کایه‌وه و هه‌تاوه‌کو ئه‌مڕۆیش به‌رده‌وامن . پرسیاره ئه‌زه‌لییه‌کانی مرۆڤ سه‌باره‌ت به بوون ، ڕۆح ، مردن و له دایکبوونه‌وه ، یاخود له دایکبوون و مردن ، به‌هه‌شت و دۆزه‌خ ، ڕووداوه سروشتییه‌کان، گه‌ردوون و ژیان له‌سه‌ر هه‌ساره‌کانی تر … هتد ، ئه‌و پرسانه‌ن که زۆربه‌یان بێوه‌ڵام ماونه‌ته‌وه و له دێر زه‌مانه‌وه فه‌نتازیا و خه‌یاڵی فراوانی هونه‌رمه‌ندانی وه‌ک لیۆناردۆ داڤینچی له تابلۆ به ناوبانگه‌کانی :
The LastSupper 1495 – 1498 ( Madonna Of The Yarnwinder 1501) و ده‌یان دانسقه‌ی هونه‌ری تردا وروژاندووه ، هه‌روه‌ها تابلۆی ئاده‌م و ئێڤای
Van Cocxeies 1499 – 1592) ) و چه‌ندین تابلۆی بێهاوتای دیکه‌دا که له بواری هونه‌ری وێنه کێشاندا مایه‌ی سه‌رسووڕمانی سه‌رده‌می خۆی بووه و هه‌تاوه‌کو ئه‌مڕۆیش نموونه‌یین و دووباره نابنه‌وه . له سه‌رده‌می نوێ‌دا لێکۆڵینه‌وه‌ی نووسه‌ران و بۆچوونه‌کانیان فراوانتر بوون و شێوازی نوێیان گرتووه‌ته به‌ر، هه‌روه‌ها خه‌یاڵی فراوانی هونه‌رمه‌ندانی شێوه‌کار و کاریکاتێریسته‌کان بوێرانه و به بێ دوو دڵی تابلۆی په‌یامبه‌رانیان کێشاوه ، بۆ نموونه تابلۆ ڕووته‌کانی په‌یامبه‌ری ئایینی کریستیان که له لایه‌ن ئه‌لیزابێت ئۆڵسۆنهوه* ( Elisabeth Olsson ) له خانه‌ی کولتوری ستۆکهۆڵم نمایشکران و له ڕۆژنامه‌کانی سوێددا چه‌ندین قسه و باسی له‌سه‌ر کرا ، به تایبه‌تیش له لایه‌ن چه‌ند قه‌شه‌یه‌که‌وه که‌وتنه به‌ر شه‌پۆلی ڕه‌خنه و گله و گازه‌نده ، هه‌روه‌ها گومان له گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌کان له ئینجیل‌دا سه‌باره‌ت به سه‌رده‌می له دایکبوونی مه‌سیح و ژیان و که‌سایه‌تی په‌یامبه‌ری ئاینی کریستیان ( Den verkligen Jesus ) ڕۆژنامه‌ی ( DN ) ڕۆژی ( 7/1/2006 ) ئه‌مانه و سه‌دان بابه‌تی تریش که ده‌توانرێت ڕۆژانه له ڕۆژنامه‌کانی وڵاتانی ئه‌وروپاییدا ببینرێت . لێره‌دا ته‌نها نموونه‌ی هونه‌ری شێوه‌کاریم هێناوه‌ته‌وه ، و به پێویستی نازانم که ناوی چه‌ندین کتێب بهێنمه‌وه که ڤیزای گه‌یشتنیان نییه بۆ وڵاته ئیسلامییه‌کان وه‌ک کتێبی ئایاتی شه‌یتانی ( سه‌لمان ڕوشدی ) ، تولد دیگر ( شجاع ا‌لدین شفا) و ، فه‌توای قه‌ده‌غه‌کردنی ڕۆمانی کوڕانی گه‌ڕه‌ک ( اولاد حارتنا / نه‌جیب مه‌حفوز ) پاش 30 ساڵ له چاپکردنی ، ئه‌مانه و سه‌دانی دیکه . گه‌ر به ناو ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌کانی نووسه‌ران و شاعیرانی کورددا بگه‌ڕێین ، به دووری نازانم که پاش چه‌ند ساڵێک لیستێکی دوور و درێژ ده‌ربکرێت و ئه‌وانه‌یش بخرێنه خانه‌ی ڕه‌شه‌وه و تابۆ بکرێن .
ئه‌وه‌ی که جێگه‌ی سه‌رنجه ، به‌رپه‌رچدانه‌وه و دژایهیکردنی بابه‌تی ڕه‌خنه له مه‌زهه‌ب و به‌تایبه‌تیش له ئاینی ئیسلام و کتێبی پیرۆزی موسڵمانان و په‌یامبه‌ر و ڕابه‌رانی ئاینی ئیسلام، ته‌نها له وڵاتانی ئیسلامی‌دا شێوازی توند و هه‌ڕه‌شه ئامێز له خۆ ده‌گرێت . ده‌رکردنی فه‌توای کوشتن و هه‌ڕه‌شه‌کردن له نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندان و قه‌ده‌غه‌کردنی کتێب و فیلمی سینه‌مایی ، هه‌ر له لایه‌ن فهندامهنتالیزمه ئیسلامییه‌کان و مزگه‌وت و پیاوانی ئاینی ئیسلامه‌وه ده‌رده‌کرێت ، دیاره به‌کارهێنانی ئه‌م شێوازه تۆقێنه‌ره له سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستدا و له‌و سه‌رده‌مه‌ی که ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له ده‌ستی که‌نیسه بووه له‌لایه‌ن قه‌شه‌کانی ئاینی کریستیانه‌وه گیراوه‌ته به‌ر و ڕه‌خنه‌گران له کونجی زیندان قایمکراون یان سووتێنراون . له سه‌رده‌می نوێ‌دا پرۆتێستی ئه‌و شێوه بابه‌تانه ده‌کرێت ، به‌ڵام شێوازی توند و تیژ و هه‌ڕه‌شه‌ی تێدا به دی ناکرێت وه‌ک ئه‌وه‌ی که له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین و وڵاته ئیسلامییه‌کاندا باوه . سانسۆرکردن و ڕێگه‌گرتن له خوێندنه‌وه و بڵاوبوونه‌وه‌ی کتێب و بابه‌ت له سه‌رده‌می ئینته‌رنێتدا ، کارێکی مه‌حاڵه ، گه‌ر کتێبیک له هه‌ر شوێنیکی جیهاندا قه‌ده‌غه بکرێت به کرته‌یه‌کی ماڵپه‌ڕه‌کانی ئینته‌رنێت ده‌ستی خوێنه‌ری پێده‌گات ، بۆیه ئه‌و هه‌وڵه‌ی ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی که ئه‌و ئاگادارینامهیهیان بڵاوکردۆته‌وه ههنگاوێکی نه‌زۆکه ، ناتوانێت ڕێگر بێت له به‌رده‌م خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ق و بابه‌تانه ، وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی ڕازه ئه‌زه‌لییه‌کان و پرسیاره بێکۆتاییه‌کانی مرۆڤی ئه‌مڕۆ و نه‌وه‌کانی دوا ڕۆژ نییه. وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ڕه‌خنه به لۆژیکی شارستانیانه و دیالۆگی زانستی شێوازێکی نایاب و سه‌رده‌میانه‌یه له پێناو لێک نزیکبوونه‌وه‌ی بۆچوونه دژ به یه‌که‌کان ، یان هه‌ر هیچ نه‌بێت ، پێکه‌وه ژیانی مرۆڤه‌کان هه‌ر یه‌که و به شێواز و لێکدانه‌وه‌ی خۆی و تێگه‌یشتنی سه‌باره‌ت به مێژووی مرۆڤایه‌تی و ڕووداوه‌کان . له‌و کوردستانه پان و به‌رینه‌دا که له هه‌موو بواره‌کاندا له دۆخی بنیاتنانه‌وه‌دایه ، بۆ ئه‌وه‌ی جێگه‌ی هه‌مووان ببێته‌وه پێویستییه‌کی زۆرمان به ڕێزگرتن له بیر و بوچوونی یه‌کدی هه‌یه ، ده‌نا ئه‌و ئاگادارینامه‌یه زه‌نگێکی مه‌ترسیداره بۆ ئایندهی ئازادی بیر و بۆچوون له هه‌رێمی کوردستاندا .
تێبینی /
بابه‌تی ( DN ( ده‌توانرێت له‌م لینکهددا ببینرێت :
http://www.dn.se/DNet/jsp/polopoly.jsp?a=540723
2008-05-11
ستۆکهۆڵم