Skip to Content

Tuesday, April 30th, 2024
تێگه‌یشتن له ڕزگاریی … پۆڵا سەعید

تێگه‌یشتن له ڕزگاریی … پۆڵا سەعید

Closed
by July 30, 2013 گشتی

 

 

 

 

له وتاری کۆمه‌ڵگای ناته‌ندروستدا، به کورتیی تیشکمخسته‌ سه‌ر که‌سایه‌تیی نۆیرۆتیک و زیانگه‌یاندنی به کۆمه‌ڵگا. لێره‌دا ده‌مه‌وێت قسه‌ له‌سه‌ر تێگه‌یشتن له ڕزگاریی و کۆمه‌ڵێکی هیپنۆزه‌کراو بکه‌م.

پرسیاری من لێره‌دا له هه‌موو تاکێک ئه‌وه‌یه، ئاخۆ ده‌زانیت تۆ کێیت؟ وه‌ڵامی من لێره‌دا بۆ تاک ئه‌وه‌یه، که ده‌گمه‌نن ئه‌و که‌سانه‌ی، که خۆیان ده‌ناسنه‌وه. له کۆمه‌ڵگای کوردییدا به به‌رده‌وامیی پرسیارێک ده‌کرێت، که ئاخۆ چیی له‌و خه‌ڵکه ڕوویداوه، بۆچیی هه‌موو شت به‌وشێوه‌یه ده‌که‌ن، که چاوه‌ڕوانکراوه، بۆچیی هه‌ست به ڕوودانی هه‌موو ئه‌م شتانه ناکه‌ن؟ وه‌ڵام بۆ پرسیارگه‌لێکی ئاوهاش بریتییه له‌وه‌ی، له‌به‌رئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای کوردیی کۆمه‌ڵگایه‌کی دابه‌شکراوه به‌سه‌ر چه‌ند کۆنفۆرمێکی جیاوازدا. له‌ناو هه‌ر کۆنفۆرمێکدا خه‌ڵکانێکی زۆر به‌وشێوه‌یه مامه‌ڵه ده‌که‌ن، که چاوه‌ڕوانکراوه، واته ئه‌م کۆیه ده‌رگای نائاگاییان بۆ خه‌ڵکانێک کراوه‌یه، که به ئاسانیی به‌هۆیه‌وه کۆنترۆڵی تاک بکات و ویستی ویستراوی خۆی تێدا پراکتیزه‌ بکات. به‌مشێوه‌یه تاک له باروودۆخێکی هیپنۆزه‌کراوی ئاگاییدایه، تاک نه‌خه‌وتووه به‌ڵکوو به‌ئاگایه، تاک هیچ کێشه‌یه‌کی ته‌ندروستیی نییه به‌ڵکوو زۆر ته‌ندروسته، ئه‌وه‌ی تاک نه‌توانێت بیکات ئه‌وه‌یه، که ئه‌و ناتوانێت هیچی تر بکات بێجگه له‌وه‌ی، که ده‌بێت بیکات.

 

کۆمه‌ڵێکی هیپنۆزه‌کراو:

 

تاکی پارتی دیموکرات، یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان، گۆڕان، ئیسلامیی و …هتد. به گشتیی تاکی هیپنۆزه‌کراون، که‌سیان خۆیان نین، به‌ڵکوو ئه‌وان ئاسترومێنتی ویستێکی ویستراون. کۆمه‌ڵێکی هیپنۆزه‌کراوی وه‌ک کورد له ڕێگای په‌خشێکی تێلێڤیزیۆنیی، ڕادیۆ، ئینته‌رنێته‌وه، سه‌رۆکێک، نووسه‌رێک، تاکێک ده‌توانێت بیانهێنێته سه‌رجاده و کاره‌ساتێکی گه‌وره‌یان پێبنێته‌وه. ئه‌مه گۆچانی سیحریی نییه، به‌ڵکوو زانستی کۆنترۆڵکردنی بێئاگایی تاکه. هیپنۆزه ته‌نها له پراکسیسه‌کانی هیپنۆزه‌دا ناکرێت، به‌ڵکوو ته‌نها چرای سه‌وزی تاکت به‌سه‌ هه‌تاوه‌کوو له ڕێگای میدیاوه کۆنترۆڵی بکه‌یت، هه‌تاوه‌کوو له کۆبوونه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌رییدا کۆنترۆڵی بکه‌یت.

به گشتیی له جیهاندا و له‌ناو کورددا به‌تایبه‌تیی مرۆڤ ته‌نها ئه‌وه فێرده‌بێت، که بۆی هه‌یه بیزانێت، نه‌ک ئه‌وه فێربێت، که پێویسته بیزانێت. سه‌رنجی من لێره‌دا له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگای کوردیی، که سه‌رقاڵیی دیموکراتیزه‌کردنی خۆیه‌تی له‌وه‌دایه، که له‌و پرۆسه‌ی دیموکراتییه‌دا پرۆپاگانده به‌قه‌د ڕۆژه‌کانی سه‌رده‌می هیتله‌ر و ستالین کاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆیان له‌سه‌ر کۆمه‌ڵ هه‌یه. کێشه‌ی پرۆپاگانده‌ش له کۆمه‌ڵگای کوردییدا به‌ته‌نها له‌لایه‌ن ده‌سته‌ڵاته‌وه نییه، به‌ڵکوو خودی ئۆپۆسیزیۆن و شه‌قامیش خاوه‌نی پرۆپاگانده‌ی خۆیانن. هه‌موو گرۆکانی کۆمه‌ڵگای ئێمه به ویست و قه‌ست ته‌واوی سه‌رنج و ڕوانینه‌کان له سیاسه‌تدا بۆ قازانجێکی تایبه‌ت مانیپولیره‌ ده‌که‌ن. له کۆمه‌ڵگای کوردییدا گرۆکان هه‌موو پێکه‌وه هه‌وڵی قواستنه‌وه‌ی باروودۆخێک بۆ قازانجی خۆیان ده‌ده‌ن. قوربانییه‌کان هیچ نین بێجگه له ئاسترومێنتێک بۆ گه‌یشتن به ویستێکی ویستراو.

له جه‌نگی که‌نداودا ئه‌و کچه گه‌نجه کوه‌یتییه‌‌ی له‌به‌رده‌می کامێرایه‌کدا به گریانه‌وه باسی دڕنده‌یی سه‌ربازه ئێراقییه‌کانی له کوه‌یتدا کرد، که چلۆن له نه‌خۆشخانه‌دا منداڵی ساوای تازه له‌دایکبوویان به ئاسماندا هه‌ڵداوه و کووشتووه، هیچ نه‌بوو بێجگه له ئاسترومێنتێکی ویستێکی ویستراوی “CIA”، که سه‌رنجی جیهان به‌لای هێرشکردنه سه‌ر ئێراقدا ڕابکێشێت. وێڕای دڕنده‌یی سووپای ئێراقیی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌و کچه گێڕایه‌وه هیچ ڕاستییه‌کی تێدا نه‌بوو.

 

ئاخۆ دڵنیایت له‌وه‌ی، که تۆ کێیت؟

ئه‌وه‌ی به‌گشتیی له جیهاندا و له کۆمه‌ڵگای کوردییدا به‌تایبه‌تیی جێگای سه‌رنجه، بریتییه له تێکۆشان بۆ ئازادیی، تێکۆشان بۆ ڕێگاگرتن له ڕوودانی جه‌نگ، که وێڕای ئه‌م هه‌موو ماندووبوونه دواجار ژێرده‌ستیی زاڵده‌سته، جه‌نگ زاڵده‌سته، خوێنڕشتن و کووشتن زاڵده‌سته. له ته‌واوی ئه‌وروپا، ئامێریکا، ئاوستورالیادا به میلیۆنه‌ها مرۆڤ ڕژانه سه‌رجاده و خۆپیشاندانیان دژ به ڕوودانی شه‌ڕی ئێراق کرد، گیرهاردشرۆده‌ری کانتسله‌ری پێشووی ئه‌ڵمانیا باجی به‌شداریینه‌کردنی له شه‌ڕی ئێراقدا به ده‌رکردنی خۆی له پۆسته‌که‌ی دا، که‌چیی جه‌نگی ئێراق هه‌ر ڕوویدا، هیچ که‌س له جیهاندا نه‌یتوانی ڕێگریی له ڕوودانی جه‌نگی ئێراق بکات.

مرۆڤ به گشتیی له‌سه‌رتاسه‌ری جیهاندا فه‌رمانڕه‌وایه‌تیی به ترس ده‌کات، له ترسدا مامه‌ڵه ده‌کات، به ئێمۆتسیۆن “هه‌ست” مامه‌ڵه ده‌کات نه‌ک به ئه‌قڵ. هه‌بوونی ترسی سه‌ندنه‌وه‌ی تۆڵه، هه‌ستی هێرشکردنه‌سه‌ر، هه‌ستی ترسان، هه‌ستی له‌ناچوون ….هتد. ده‌توانێت پێچ به ته‌واوی بیرکردنه‌وه‌ لۆگیکه‌کانمان بکات و به ڕێگایه‌کی هه‌ڵه‌ماندا به‌رێت. ترس به‌ڕێوه‌مان ده‌بات، ترس فه‌رمانڕه‌واوییمان ده‌کات. ئه‌وه‌ی من له کۆمه‌ڵگای کوردییدا ده‌یبینم بریتییه له شه‌ڕی هه‌ریه‌که و دژی هه‌ریه‌که‌ی تر، که دواجار شه‌ڕی هه‌موو دژ به هه‌مووی لێده‌که‌وێته‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌م ترسه‌دا، که پراکتیزه‌ ده‌کرێت، هه‌ستی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه شانبه‌شانی ترس ده‌ڕوات. مێژووی هه‌موو شه‌ڕه‌کانی مرۆڤایه‌تیی ئه‌گه‌ر ڕیلیگیوزانه “ئایینییانه” تێبڕوانین ئه‌وا له سه‌رده‌می ئاده‌م و حه‌واوه ده‌ستپێده‌کات، له کاین و ئابله‌وه “هابیل و قابیل” ده‌ستپێده‌کات، له کووشتنی ئابله‌وه به ده‌ستی کاین ده‌ستپێده‌کات. مێژووی ترس و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه به‌قه‌د مێژووی مرۆڤایه‌تیی خۆی کۆنه و له‌گه‌ڵ گۆڕانی مرۆڤایه‌تییدا ته‌ریب ده‌ڕوات و ده‌گۆڕێت. ترس و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه دوو ماتۆڕی هه‌ڵسوڕێنه‌ری مامه‌ڵه‌کانی مرۆڤن.

نه‌ک به‌ته‌نها له‌ناو کورددا گۆڕینی سه‌رانی ده‌سته‌ڵاتدار ناتوانێت ژیانێک له پارچه‌یه‌کی زه‌وییدا باشتر بکات، مرۆڤه‌کان پێکه‌وه هاڕمۆنییانه بژیین، به‌ڵکوو به گشتیی له‌سه‌رتاسه‌ری جیهاندا هه‌مانشێوه‌یه. تاکی کورد خۆی به ئۆپۆسیزیۆن ده‌زانێت، بیست و پێنج کورسیی له هۆڵی په‌رله‌ماندا بیست و پێنج ده‌نگی ئۆپۆسیزیۆنن، که خۆیان خاوه‌ن ده‌سته‌ڵاتن، ئه‌گه‌ر نا، بۆیان نییه له هۆڵی په‌رله‌ماندا دابنیشن. ئامانجی هێزی ئۆپۆسیزیۆن گه‌یشتنه به ده‌سته‌ڵاتی فه‌رمانڕه‌وایه‌تیی، هه‌روه‌کوو چلۆن ته‌واوی پارته‌ کوردییه‌کان له هه‌موو سه‌رده‌مه‌ جیاوازه‌کانی ژیانی حکومڕانیی ئێراقدا ئۆپۆسیزیۆن بوون و ئیمڕۆش دوو گه‌وره پارتیان خۆیان خاوه‌نی ده‌سته‌ڵاتی فه‌رمانڕه‌وایه‌تیین. هه‌ربۆیه به گشتیی له جیهاندا و به‌تایبه‌ت له‌ناو کورددا گه‌یشتنی ئۆپۆسیزیۆن به ده‌سته‌ڵاتی فه‌رمانڕه‌وایی و گۆڕینی حکومه‌ت ناتوانێت ڕێگربێت له ژیانی “ژیان له ترس و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌دا”.

تاکی کورد دره‌نگ یان زوو ده‌بێت له‌وه‌ تێبگات، که چاره‌سه‌ری ته‌واوی کێشه‌کان له ده‌ره‌وه‌دا نییه به‌ڵکوو له ناوه‌وه‌دا‌یه. واته مرۆڤ ده‌بێت له‌ناو خودی خۆیدا چاره‌سه‌ری کێشه‌کان بکات، نه‌ک له ده‌ره‌وه‌دا بۆ چاره‌سه‌ر بگه‌ڕێت، چونکه کێشه‌که له‌ناو مرۆڤ خۆیدایه نه‌ک له ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤدا. کێشه‌که له مرۆڤدایه نه‌ک له سیستێمدا، چونکه سیستێم به‌رهه‌می مرۆڤه، مرۆڤی ته‌ندروست سیستێمی ته‌ندروست به‌رهه‌مدێنێت و مرۆڤی ناته‌ندروستیش سیستێمی ناته‌ندروست. هه‌روه‌کوو هه‌میشه ده‌ڵێم: ئه‌ی تاکی کورد، ئه‌رکی تۆ ڕزگارکردنی کوردستان نییه، به‌ڵکوو ڕزگارکردنی خۆته. ئه‌گه‌ر هه‌موو تاکێک درک به‌وه‌ بکات، که تاکه ئه‌رک له‌سه‌ر ئه‌و بێجگه له به‌خته‌وه‌ربوونی ڕزگارکردنی خۆشیه‌تی، ئه‌وا له ئاینده‌یه‌کی دوور یان نزیکدا ده‌بینه کۆمه‌ڵێک، که تاکه‌کانمان خۆیان ڕزگارکردووه له “ترس و تۆڵه‌”، خۆیان ڕزگارکردووه له نۆیرۆزبوونیان. کۆمه‌ڵێکی ته‌ندروست له پارتێکی سیاسییدا ده‌بنه خاوه‌نی ئیدیۆلۆگییه‌کی ته‌ندروست و له ئاینده‌دا چ ئۆپۆسیزیۆن بن یان ده‌سته‌ڵاتی فه‌رمانڕه‌وا ئه‌وا ده‌بنه هێزێکی ته‌ندروست. لێره‌دا دوورباره‌کردنه‌وه‌ی چه‌مکی فاشیزم، که له وتاری پێشتردا قسه‌م له‌سه‌ر کردبوو دیسان به پێویست ده‌زانم، چونکه ئیدیۆلۆگیی فاشیزم به‌رهه‌مناهێنێت، به‌ڵکوو فاشیزیم له‌ناو مرۆڤ خۆیدا ده‌ژیی، فاشیزیم به‌رهه‌می نۆیرۆزه. ته‌ماشای مامه‌ڵه نۆیرۆتیکه‌کانی تاکی کورد بکه و ببینه، که فاشیزیم تێیدا ده‌ژیی.

کۆمه‌ڵێکی نۆیرۆتیک ئاماده‌ی کردنی هه‌موو شتێکه، به‌ده‌رله‌وه‌ی که ترس و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ هه‌ڵیده‌سووڕێنێت، هه‌مانکاتیش ترس له سزادان و تۆڵه‌لێکردنه‌وه ده‌توانێت ڕایبگرێت له پراکتیزه‌کردنی کرده‌ی خراپ. بۆ نموونه له ترسی سزا وه‌رگرتن و زیندانییکردنی ده‌ست له کووشتن، زیانگه‌یاندن، نانه‌وه‌ی شه‌ڕ هه‌ڵده‌گرێت. واته ترس لێر‌ه‌دا ڕۆڵی فاکتۆرێکی ئه‌مبیڤالێنت ده‌بینێت.

با دیسانه‌وه قسه‌ له‌سه‌ر سووتاندنی کتێب بکه‌ین. ترس و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه هه‌ڵسوڕێنه‌ری تاکه له سووتاندنی کتێبه‌کاندا. ئه‌وه‌ی پێشتر قسه‌م له‌سه‌ر نه‌کرد بریتییه له‌وه‌ی، که له وێنه‌ی سووتاندنی کتێبه‌کانی جه‌مال غه‌مباردا و ئێستاش فڕێدانی کتێبه‌کانی به‌ختیار عه‌لیی له ئاوی سیرواندا، کۆی گشتیی دوو کتێب و ده‌سته‌کانی یه‌ک مرۆڤ ده‌بینرێت، نه‌ک گردێک له کتێب و عه‌شامێک له گه‌نج. لێره‌دا گه‌نجێک و میدیایه‌ک له ڕێگای بڵاوکردنه‌وه‌ی ئیمپولسێکه‌وه هه‌وڵی جوڵاندنی گه‌نجانی تر ده‌ده‌ن بۆ تووڕه‌کردنیان له چه‌ند نووسه‌رێکی هه‌ڵبژێردراو. لێره‌دا ئامانج به‌ده‌ر له هه‌وڵی هیپنۆزه‌کردنی تاک و کۆ، لێدانی نووسه‌رانی هه‌ڵبژێردراو و ترساندنی نووسه‌رانی تره به تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه لێیان.

چه‌ند ساڵێکه سه‌رنجی ئۆپۆسیزیۆن و شه‌قامی کوردیی ده‌ده‌م، ته‌نانه‌ت خودی گۆرانیی بێژێکی وه‌ک ” بورهان مه‌جید”، باوه‌ڕی به کووشتن و له‌ناوبردنی مرۆڤه، بۆ به‌دواداچوونی ئه‌م تیۆرییه ته‌ماشای ئه‌م لینکه‌ بکه.   http://www.youtube.com/watch?v=ivFq1x_2Zbo

گریمان ئۆپۆسیزیۆن و گه‌نجانی تووڕه‌ ته‌واوی هێزی یه‌کێتیی و پارتی دیموکرات ده‌کووژن و که‌سیان ناهێڵنه‌وه. به‌ڵام من دڵنیاتان ده‌که‌مه‌وه، که له نزیکتریین کاتدا هه‌مانشێوه‌ی ده‌سته‌ڵاته‌که‌ی پێشوو ده‌سته‌ڵاتێکی نوێی هاوشێوه فه‌رمانڕه‌وایه‌تیی ده‌کات. دیسانه‌وه ئۆپۆسیزیۆنێکی نوێ، بورهان مه‌جیدێکی نوێ داوای شۆڕشێکی چه‌کداریی ده‌کات، که تێیدا ڕاپه‌ڕیینێکی ڕاسته‌قینه به کووشتن کۆتایی به ده‌سته‌ڵات بهێنێت. ئامانجی هه‌موو ئۆپۆسیزیۆنه‌کان گه‌یشتنه به ده‌سته‌ڵاتی فه‌رمانڕه‌وایه‌تیی و هیچی تر. تاکی ئۆپۆسیزیۆنی ڕاسته‌قینه ئه‌و تاکه‌یه، که له‌ناو خودی خۆیدا ئۆپۆسیزیۆنه به‌رانبه‌ر به خودی خۆی. چونکه به‌مشێوه‌یه، تاک ئه‌و شانسه‌ی هه‌یه، که خۆی بێت، نه‌ک “من”ێکی ئیمپۆرتکراو تێیدا بژیی.

کۆمه‌ڵگای کوردیی ئه‌گه‌رچیی که‌م تا زۆر گۆڕانێکی ئۆبیه‌کتیڤانه‌ی به‌سه‌ر خۆیدا هێنابێت، به‌ڵام هێشتا شێوه‌ی میوه‌یه‌ک خراپ بووه، کرمۆڵ بووه، بۆگه‌نی کردووه. تاکی کورد به ده‌نگ بڵندکردنه‌وه‌ و ڕه‌خنه‌لێگرتن و جنێوپێدان ئاسووده نابێت، به‌ڵکوو ئه‌وه‌ی هه‌ستێکی به‌خته‌وه‌ریی ده‌به‌خشێت به‌و، بینینی خوێنه. ئه‌و ده‌بێت بۆکسێک بکێشێت به‌ ناوی ده‌می به‌رانبه‌ره‌که‌یدا و خوێن له ده‌م و لوتی بهێنێت، ئه‌وسا به‌خته‌وه‌ر بگه‌ڕێته‌وه بۆ ماڵه‌وه. مرۆڤ به‌ گشتیی له جیهاندا خاوه‌نی قولاپێکی خراپه، خاوه‌نی هه‌ڵسوڕێنه‌رێکی خراپه، به‌خته‌وه‌ره به زیانپێگه‌یاندنی ئه‌وی تر، ئینجا بیناسێت یان نه‌یناسێت هیچ له باسه‌که ناگۆڕێت. له‌کاتی ڕوودانی ڕووداوێکی ناخۆش یان زیانبه‌خشدا، به‌شێکی گه‌وره‌ی به‌رانبه‌ران به‌خته‌وه‌رن و قاقاپێده‌که‌نن، بۆ نموونه کاتێک پیره‌مێردێک به خۆی و قۆچانه‌که‌یه‌وه به پلیکانه‌یه‌کی کاره‌باییدا سه‌رده‌که‌وێت و ده‌که‌وێته خواره‌وه. ئه‌م ڕووداوه بۆ به‌شێکی زۆری بینه‌ران خۆشیی به‌خشه و بۆ به‌شێکی که‌میش خه‌مبار و ڕاده‌که‌ن بۆ فریاکه‌وتنی. به‌شێکی زۆری شۆفێری کورد هه‌رچیی هاته سه‌رڕێگای وه‌ک “که‌ر، پشیله، سه‌گ، مشک، بۆق”، ده‌یکات به‌ژێره‌وه و قاقاپێده‌که‌نێت و درێژه به لێخوڕین ده‌دات.

ته‌نها گۆڕیینی خود گۆڕانێکی ڕاسته‌قینه‌یه، ته‌نها دۆزینه‌وه‌ی ڕه‌گی کێشه له خوددا نه‌ک له ده‌ره‌و‌‌ه‌دا هه‌نگاوه بۆ ڕزگاریی و ته‌نها ڕزگارکردنی خود ئه‌رکی ڕاسته‌قینه‌ی تاکه. ماوه‌ته‌وه بڵێم، ئه‌گه‌ر بوونه‌وه‌رێکی تر له پلانێتێکی تره‌وه بێت بۆ سه‌رزه‌ویی و ته‌ماشای ژیانی مرۆڤ له‌سه‌ر زه‌وییدا بکات، ئه‌وا پێمانده‌ڵێت، هیچ جێگای سه‌رسووڕمان نییه، که ئێوه به‌و شێوه‌یه ده‌ژیین، چونکه ئێوه هه‌مووتان نه‌خۆشن، هه‌مووتان نۆیرۆتیکن.

29.07.2013

Danmark

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.