Skip to Content

Wednesday, April 17th, 2024
تابووتی نارنجی … زانا سامان

تابووتی نارنجی … زانا سامان

Closed
by August 5, 2013 ئەدەب

 

 

 

 

ئێستا لەوێ

لەنێو تابووتی خوێناوی

خۆرنشینی ڕۆژئاوادا

پەپولەکان دەکوژرێ و

شێرکۆ بە پێکەنینەوە

دەستی ڕۆحەکانیان دەگرێ،

ئێستا لەوێ

عیرفان ئەحمەد

بانگی عوسمان شیدا دەکاو

دیوانەکەی

بۆ دەگرنە چوارچێوە،

ئێستا لەوێ

سەڵاح محەمەد دانیستوەو

فەرشی سووری بۆ ڕادەخات

ئێستا لەوێ

جمە جمی شاعیران دێ و

نالی لەبەری هەڵدەستێ،

ئێستا لەوێ

مەحوی چاوەڕوانی دەکا

هەتا تاجی

نەمری خۆی لەسەر بنێ،

ئێستا لەوێ

سالم لەبەری هەڵدەستێ و

نامە بۆ خانی دەنێرێ،

ئێستا لەوێ

زەردەشت کۆڕی بۆ ئەگێڕێ و

سۆران پێنووسی ئەداتێ،

ئێستا لەوێ

گەرمیان ئاوی بۆ دەبات و

سورکێو لە باوەشی دەگرێ،

ئێستا لەوێ

عیسا باڵای بەرز دەکا و

کاتژمێرەکەی خۆی ئەداتێ،

ئێستا لەوێ

لەپێش دەربەند

پەریاسکە باران دەکرێت و

ژنانی بەهەشتی ئەنفال

مێخەکبەندی لە مل دەکەن،

ئێستا لەوێ

حەمە بچکۆلی بۆیاخچی

ئەڵێ شاعیر

کاتی تۆیەو قاچت دانێ،

ئێستا لەوێ

شەهید نیشتمانێتی و

قاسملۆ لای ڕادەوەستێ.

ئێستا لەوێ

حەمە ڕەشی چاو پڕ گریان

تفەنگەکەی خۆی ئەداتێ،

ئێستا لەوێ

مانگ سەرەتای هەشتی مارسەو

دوعا لەگەڵێ دەپەیڤێ،

ئێستا لەوێ

شام زامێکی بێ قەسیدەو

بێکەس

مژدەی

بەهەشتی شیعری ئەداتێ.

 

بە ڕۆحی پورزای زێدە ئازیزم/ کاک شێرکۆ بێکەس پێشکەشە، پیاوێک کە فێری ئەلف و بێی شیعری کردم

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.