Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
دیدەنی …  نەوزاد بەندى

دیدەنی … نەوزاد بەندى

Closed

 

 

 

 

 

بە تەمام بێم بۆ لات ..

سەردانێکت بکەم ..

چەند ساڵە یەکترمان نەدیوە ؟ نازانم ..

نایشمەوێ بزانم ..

چونکە نەهاتوم بۆ لات ،

بۆ ئەوەى بزانم یان نەزانم ،

چەند ساڵە یەکترمان نەدیوە ..

نامەوێ گلەیی بکەی کە باوکت مردووە و من لە پرسەکەی ئامادە نەبووم 

هەروەها منیش گلەیى ناکەم کە پورم توشى شێرپەنجە بو ، تۆ تەلەفۆنت بۆ نەکردم ..

تەنها مەبەستمە پێکەوە ،

ئەگەر تەرکم نەکردبێ ..

ئەگەر تەرکت نەکردبێ ،

دوو جگەرەى ڕۆسمەنى سپێشڵ بکێشین ..

نامەوێ پرسیارى ئەوە بکەى یەکێتیم یان بوم بە گۆڕان ..

هەروەها منیش ناپرسم ئەو بستە ڕیشە چییە بەرت داوەتەوە ..

تەنها ئەمەوێ چەند یادگارییەکى لاوى تاوتو کەین ..

باسى یەکەم ڕۆژى زانکۆ ،

کە لە موسڵ ..

لە نەقڵیات شیمال ..دابەزین ..

نامەوێ پرسیارى جۆرى ئوتومبیلەکەم لێ بکەی ..

هەروەها من ناپرسم ئاخۆ خانووەکەت چەند مەترە و 

چەند نهۆمە و

ڕوکنە یان نا ..

ڕووە و قیبلەیە یان پیرەمەگرون ..

تەنها ئەمەوێ وەک دوو ئینسانى ناشیرین ،

کە جاران دوو کائینى جوان بووین ،

یەکتر ببینین و

نەختێ بگرین ..

تۆزێ بۆ چاکەتى نیللى و

کراسى سپى و

پانتۆڵى خۆڵەمێشى و

لیڤاکسى پرتەقاڵى ئاخ هەڵکێشین ..

وێنەى ئەو کچە ناسکانە بهێنینەوە یادمان ،

کە چارەکێکیان واقیع بوون و

سێ چارەکیان خەیاڵ ..

شەوانى درێژى زستان ،

لە قوڕنەى ژوورێکى قیسمى داخیلى ،

گڵۆپمان ئەکوژاندەوە ،

لەسەر قەرەوێڵە ئاسنەکان ،

تاکو بەرەبەیان قسەمان ئەکرد ..

باسى ئەو نامانەى کە نوسیبومان و

نەمانتوانى بو بیگەیەنینە ئەو ..

باسى ئەو سەرنجانەى لە هۆڵى وانە وتنەوە ،

ئەهاتن و ئەچوون ..

نامەوێ گلەیى ئەوەم لێبکەى کە دوو جار بویتە مودیر عام و

چەپکێ گوڵم نەهێناوەتە سەر مێزەکەت ..

هەروەها منیش گلەیى ئەوەت لێناکەم کە پانزە ساڵ لە هەندەران بووم و

یەکجاریش نەتپرسى : ئەو وەحشە چى بەسەرهات ..

تەنها ئەمەوێ لە یەکتردا ،

ئەو هەستە بدۆزینەوە کە ئێمە پێشتر ،

دوو ئاونگى سەر لاپەڕەى ژیان بوین ،

ئیستایش دوو دزى موحتەرەم ..

تەنها ئەمەوێ بیر لەوە بکەینەوە ،

ئاخۆ ئەتوانین بگەڕێینەوە بۆ مناڵى و

لە مزگەوتێ تۆبە کەین و

سەرجەم دەسکەوتەکانمان بگۆڕینەوە بە دوو مزراح و

دوو عەرەبانەى تەل ..

سەرجەم دۆلارەکانمان بگۆڕینەوە بە دوو لوقومى شروبى و

پڕ چنگێ تەمەر هند ..

ئاخۆ ئەتوانین جارێکى تر بە دواى عەرەبانەى تریشقەدا ڕاکەین و

خۆمان لە قامچى لادەین ..

نامەوێ گلەیى ئەوەم لێبکەى کە توشى ڕوداوى هاتو چۆ بویت و

سێ مانگ لەسەر عەرەبانە موقیم بوى ..

هەروەها منیش گلەیى ئەوەت لێناکەم کە توشى جەڵتەى دڵ بووم و

قەستەرە و شەبەکە و باڵۆنیان بۆ کردم و

تۆ نەک سەردان ، ئیمەیڵێکیشت نەنارد بۆم ..

تەنها ئەمەوێ هەست بکەم هێشتا برادەرێکم ماوە ،

کە کۆلکەى هاوبەشمان : زانکۆ یە  ..

کە ژمارەیەکى زۆر دەفتەرى 30 پەڕەیى و

60 پەڕەیى و

100 پەڕەییمان پێکەوە ڕەش کردۆتەوە ..

کە دەنگى هەمان زەنگى وانە ،

گوێچکەمانى کاس کردووە ..

هەمان پێنج پەنجەى مامۆستایەک ،

زللەى داوە لە ڕومەتمان ..

ئەمەوێ لە ڕوخسار و نیگاکانتا ،

بەشێ لە خۆمى مردوو ، کۆ کەمەوە ..

ئەمەوێ کۆمەڵێ عومرى بەسەرچو ،

لە هەناسەیەکتەوە موتوربە کەم و

لە خانەى پێکەنینێکتا ،

دى ئێن ئەى دەربێنم و

مناڵى و

لاویى و

ڕۆژانى فێنکى زانکۆ ،

وەک بەرخى دۆلى ،

ئیستینساخ کەم ..

نامەوێ گلەیى ئەوەم لێبکەى کە چوار جار مناڵتان بوو ،

کارتێکى پیرۆزباییم بۆ نەناردى ..

هەروەها منیش گلەیى ئەوەت لێناکەم کە لافاو هاتە ماڵمان و

ژوورەکانمان بون بە گەڕەکەکانى ڤینیسیا ،

تۆ هەواڵێکت نەپرسیم ..

نامەوێ وا هەست بکەى بۆ قەرز هاتوم و

ڕووى خۆت گرژ کەیت و

دەست بکەى بە کڕوزانەوە و

بێ بازاڕیى و مایە پوچى ..

هەروەها منیش خۆم هەناسە سوار ناکەم و

ناکەومە فەلسەفە و

ئەو خەڵکە بە ڕەشە وڵاخ ناشوبهێنم ..

تەنها چەند دەقیقەیەک دادەنیشین ،

بۆ موڕاجەعەکردنەوەى مناڵیى ..

بۆ حونجە کردنى لاویى ..

بۆ ئیمزا کردن لەسەر دەفتەرى ویژدان ..

بۆ دەربڕینى ناڕەزایى لە بوونمان بە وەحش و

گۆڕینى وڵات بە دارستان و ..

شتى تریش ..

 

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.