
سیستەمی سه‌رۆکایه‌تیی یان په‌رله‌مانتاریزم؟
سیستەمی سه‌رۆکایه‌تیی یان په‌رله‌مانتاریزم؟ پرسیارێکی هەنوکەیی گرنگ لە هەرێمی کوردستاندا
ڕۆزا حسێن
ده‌روازه‌یه‌ک
لە چوار دەیەی ڕابردوودا و لە بەردەم ئەو شەپۆلی بەدیموکراتییبوونەوەدا کە سامۆیل هانتیگتۆن بە شەپۆلی سێیەمی دیموکراتییەت ناوی دەبات، چەند سیستەمی دیکاتاتۆریی لەناو چوون و بەدوای ئەواندا پرۆسەیەکی بونیادنانەوەی لە دیکتاتۆرییەت-خستن لەو وڵاتانەدا دەستی پێ‌کرد، تا ئەو شوێنەی ئێستا ”بونیادنانی دیموکراتییەت” بووەتە دیسپلینێکی چەسپاوی ناو زانستە سیاسییەکان بۆ کارکردن لەسەر ئەو وڵاتانەی لە قۆناغێکی گواستنەوەدان بەرەو چەسپاندنی زۆرتر و زۆرتری دیموکراتییەت لە وڵاتانەدا. لەو پرۆسهیەدا کە بۆ سه‌رله‌نوێ بونیادنانهوەی سیاسیی وڵاتان بەڕێدەخرێن، وه‌ک بنه‌مای دیموکراتییهتییەتێکی جێگرتوو (Consolidated Democracy) زیاتر جه‌ختی له‌سه‌ر ئەم توخمانەی خوارەوە دەکرێت: داڕشتنه‌وه‌ی ده‌ستور، سازدانی هه‌ڵبژاردن، هەڵبژاردن و ڕێککەوتن لەسەر سیسته‌می هه‌ڵبژاردن و یاسای ئه‌حزابی سیاسیی و جیاکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کانی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوه‌ریی له یه‌کتری. ئه‌وه‌ی که تائێستا که‌متر بۆته جێگه‌ی سه‌رنج و لێووردبوونه‌وه‌ی زیاتر له‌بواری تیۆریی و پراکتیکیی لە قۆناغی گواستنهوەی دیموکراتییدا، هەڵبژاردنی سیستەمی حوکمی گونجاوه بۆ وڵات. به‌واتایه‌کی تر که‌متر گرنگیی ئه‌وه له‌به‌رچاو گیراوه که ئایا کام مۆدێلی حوکمی دیموکراتیی – په‌رله‌مانتاریی یان سه‌رۆکایه‌تیی – گونجاوه بۆ وڵاتێکی دیاریکراو. ئه‌مه‌ش لە زۆر شوێندا گرفتی گه‌ورەی بۆ زۆرێک لە وڵاتان دروست کردووە چونکه له‌کاتی هه‌ڵبژاردنی مۆدیلهکەدا به دیقه‌ته‌وه بارودۆخی سیاسیی، کۆمه‌ڵایه‌تیی و جوگرافیی ئه‌و ووڵاتانه له‌به‌رچاو نه‌گیراوه. له‌درێژه‌ی ئه‌م باسه‌دا دێینەوە سه‌ر ئه‌و گرفتانه‌ی که ئه‌گه‌ر له باردۆخی وڵاته‌که‌دا حسابی بۆ نه‌کرێت چۆن سیسته‌می سه‌رۆکایه‌تیی ڕێگریی بۆ پرۆسه‌ی دیموکراتییه‌ت دروست دەکات و لە هەندێک شوێندا هەر بە یەکجارەکیی لە کاری خستووە.
بێگومان مه‌به‌ستی ئه‌م باسه‌ی ئێمه به‌ته‌نها لێکدانه‌وه‌یه‌کی تیۆریی نییه بۆ ئه‌م ئیشکالیه‌ته، به‌ڵکو لێکدانه‌وه و شیکارییه‌که بۆ ڕۆشنایی خستنه‌سه‌ر ئه‌وه‌ی کە ئایا کام له‌و دوو مۆدێله‌ی حوکمکردن بۆ هه‌رێمی کوردستان گونجاوتره، یان بە مانایەکی تر، کام لەو دووانە دەتوانن زمینە بۆ سیستەمی حوکمێک بڕەخسێنن کە تیایدا ئاسانتر بێت پرەنسیپ و نۆرمەکانی دیموکراتیی ڕێزیان لێ بگیردرێت و هەرێمێکمان هەبێت سەقامگیریی سیاسیی و ڕیزگرتن لە مافە دیموکراتییەکانی خەڵک و لەوێشەوە مافە مەدەنیی هاوڵاتییانی تیا بەردەست بێت.
مۆدێلی حوکمکردنی سه‌رۆکایه‌تیی
له سیسته‌می سه‌رۆکایه‌تییدا سه‌رۆک به‌رزترین پۆستی له ده‌سه‌ڵاتی جیبهجێکردندا هه‌یه و شه‌رعییه‌تی ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن ده‌نگده‌رانه‌وه له ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه بۆ ماوه‌یه‌کی دیاریکراو که چوار ساڵه پێ ده‌درێت. ئه‌م ڕاسته‌وخۆ هه‌ڵبژاردنه یه‌کێکه له پره‌نسیپه بنه‌ڕه‌تییه‌کانی دیموکراتییه‌ت که مافی به‌شدارییکردنی خه‌ڵکه له دیارییکردنی ئه‌وانه‌ی که ئه‌رکی به‌ڕێوه‌برنی ده‌وڵه‌ت ده‌گرنه ئه‌ستۆ. لایه‌نگرانی سیسته‌می سه‌رۆکایه‌تیی ئه‌م پرەنسیپه وه‌ک پرەنسیپی بنه‌ڕه‌تیی بۆ به‌رگریی له ده‌سه‌ڵاته‌کانی سه‌رۆک به‌کار ده‌هێنن و ده‌یکه‌نه ئارگومینتێک بۆ داکۆکیی لە دیموکراتیبوونی و له‌وێشه‌وه بۆ پێشاندانی وە مۆدێلێکی گونجاو.
یه‌کێکی تر له تایبهتمهندتیهکانی مۆدێلی حوکمی سه‌رۆکایه‌تیی ئه‌وه‌یه کە وه‌ک سیسته‌مێکی کارا چاولێده‌کرێت بۆ به‌ڕێوه‌بردنی وڵات به‌تایبه‌تیی له‌و کاتانه‌دا که سه‌رۆک سه‌رۆکایه‌تیی حکومه‌تی زۆرینه ده‌کات. واته کاتێک که حکومه‌ت زۆرینه‌ی ده‌نگه‌کانی په‌رله‌مانی بردۆته‌وه. ئه‌مه چونکه هه‌موو کات بۆ هه‌موو مه‌سه‌له‌یه‌کی ڕۆژانه پێویستی به‌وه نییه بگه‌ڕێته‌وه بۆ لای په‌رله‌مان، چونکه حکومه‌ت بۆ دامه‌زراندنی متمانه‌ی له سه‌رۆک وه‌رگرتووه نه‌ک له په‌رله‌مان.
مۆدێلی حوکمکردنی په‌رله‌مانتاریی
له سیستمی په‌رله‌مانتارییدا په‌رله‌مان متمانه ده‌داته ئه‌و حکومه‌ته‌ی که حزبی براوه یان حزبه هاوپه‌یمانه براوه‌کان دروستی ده‌که‌ن. به‌مانایه‌کی تر، له‌م مۆدێله‌دا شه‌رعیه‌تدان به حکومه‌ت ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌یه که ده‌زگایه‌کی هه‌ڵبژێردراوی خه‌ڵکه. ئه‌مه‌ش وا ده‌کات هه‌ر کاتێک په‌رله‌مان ببینێت که حکومه‌ت متمانه‌که‌ی شکاندووە، دەرفەتی هەبێت ئه‌و متمانەیەی لێ بسه‌نێته‌وه. به‌م جۆره پرەنسیپی کۆنترۆڵی ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان، که به‌رزترین ئۆرگانی ده‌وڵه‌ته، به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێکردنه‌وه که پرنسیپێکی سیسته‌می دیمۆکراتییه جه‌ختی لێ ده‌کرێته‌وه.
مۆدێلی حوکم لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا وەک ئارگیومێنتێک بۆ گونجاویی سیستەمی سەرۆکایەتیی
هه‌ڵبژاردنی مۆدێلێکی گونجا بۆ کوردستان ده‌مانباته‌وه سه‌ر ئه‌و دێباته تیۆرییه‌ی که له ناوه‌ندی ئه‌کادیمی و سیاسی‌دا له سه‌ر لایه‌نه پۆزه‌تیڤ و نێگه‌تیڤه‌کانی ئه‌م دوو جۆره‌دا هه‌یه. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه زۆربه‌ی جار که باس له هه‌ڵبژاردنی ئه‌ڵته‌رناتیڤێک بۆ ئه‌و وڵاتانه ده‌کرێت که له قۆناغی گواستنهوهدان به‌ره‌و دیموکراتییه‌ت، جه‌خت ده‌کرێته سه‌ر ئه‌وه‌ی که مادام سیسته‌می ئه‌مه‌ریکا، که به‌هێزترین و به تهئسیرترین وڵاتی دنیایه، سه‌رۆکایه‌تییه، که‌واته ئه‌و سیسته‌مه گونجاوه بۆ وڵاتانی تریش. ئه‌وه‌شی که ئه‌مریکا خۆی به ڕاسته‌وخۆ و له ڕێگه‌ی ده‌ستتێوه‌ردانی سه‌ربازییه‌وه ڕۆڵی سه‌ره‌کیی ده‌بینێت له ڕوخاندنی دکتاتۆره‌کان یان له پرۆسه‌ی گواستنه‌وه‌که‌دا و له ڕێگه‌ی پرۆژه‌ی بهدیموکراتییکردنهوه (Democratization) به‌شداری ده‌کات، ده‌ورێکی تا ڕاده‌یه‌ک زۆری هه‌یه له‌وه‌ی که سیستمی سه‌رۆکایه‌تیی هەڵدەبژێردرێت نەک په‌رله‌مانتاریی.
نموونه‌ی ئه‌مریکا زۆر جار وه‌ک ته‌نها نموونه‌ی سه‌رۆکایه‌تی باسده‌کرێت و ئەو ئهنجامگیرییەی لێده‌کرێت گوایە نموونه‌ی مۆدێلێکی سه‌رکه‌تووی دیموکراتییە که بۆ وڵاتانێکی تریش که هێشتا له پرۆسه‌ی به‌دیموکراتیکردنی کۆمه‌ڵگادان دەست بدات. ئه‌و که‌سانه‌ی شیکاریی بۆ سیستمی سه‌رۆکایه‌تیی ده‌که‌ن و ئار‌گومێنت بۆ گونجاویی ئەو مۆدێلە ده‌که‌ن نموونه‌ی مۆدێلی سه‌رۆکایه‌تیی لە وڵاتانی ئه‌مه‌ریکای باشور ناخوێننه‌وه که چۆن بووه‌ته ڕێگر له‌به‌رده‌م چونه‌پێشه‌وه‌ی دیموکراتییه‌ت لەو وڵاتانەدا. ئەو گرفتانەی سیستەمی سەرۆکایەتیی بۆ ئەو وڵاتانەی ئەمریکای باشوری هێناوەتە پێش بەهۆکاری ئەوەیە کە ئەو وڵاتانە له‌ڕووی پێکهاته‌ی سیاسیی و جوگرافیی و کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌وه کۆمه‌ڵگایه‌کی ته‌واو جیاوازن له کۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مه‌ریکیی.
شتێک که وایکردووە سیستمی سه‌رۆکایه‌تیی، بۆ نموونه بۆ ئه‌مه‌ریکا، گونجاو بێت ئه‌وه‌یه که ئه‌و وڵاته سیسته‌می دوو حزبی هه‌یه و به‌ته‌نها یه‌کێک له‌و دوو حیزبه سه‌ره‌کییه زۆربه‌ی ده‌نگه‌کان به‌ده‌ست دێنن. ئه‌مه گرنگه چونکه ئه‌گه‌ر سیسته‌می فره‌حزبیی له‌په‌رله‌ماندا هه‌بێت و ئه‌و حزبه‌ش که حکومه‌تی دروستکردووه زۆرینه‌ی ڕەهای نه‌بێت له په‌رله‌ماندا، ئه‌وا زۆرجار کێشه‌ی ئه‌وه دروست ده‌بێت که سه‌رۆک پاڵپشتیی ته‌واوی له په‌رله‌ماندا نییه و، زۆرجار زۆربه به‌رانبه‌ری ده‌وه‌ستێته‌وه و ناشتوانن له سه‌رۆکایه‌تی بخه‌ن چونکه شه‌رعیه‌تی ئینتیخابی‌ی هه‌یه. ئه‌مه‌ش ده‌بێتە هۆی حوکمکردنێکی ناکارا و که‌وتنه‌وه‌ی ناکۆکی له نێوان ده‌سه‌ڵاته جیاوازه‌کاندا له ووڵاتدا.
له‌لایه‌کی تره‌وه سیستمی سه‌رۆکایه‌تیی ئه‌مریکیی له‌و حاڵه‌تانه‌دا که ناکۆکییه‌ک ده‌که‌وێته نێوان ئه‌و دوو ده‌زگا شهرعیهتپێدراوهوه که په‌رله‌مان و سه‌رۆکایه‌تییه، دادگای باڵا ناکۆکییه‌کان، به پشتبه‌ستن به بنه‌ما ده‌ستورییه‌کان، یه‌کلاده‌کاته‌وه و هه‌ردوو ده‌زگای ناوبراویش ده‌بێت ملکه‌چی بڕیاری دادگای باڵا بن. له‌به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌دا، له شوێنێکی وه‌ک هه‌رێمی کوردستاندا هێشتا دادگاکان ناتوانن تەنانەت له یه‌کلاکردنه‌وه‌ی دۆزه مه‌ده‌نییه‌کانیشدا ڕۆڵی یه‌کلاکه‌ره‌وه ببینن و به سه‌ربه‌خۆیی بڕیار بده‌ن، دروست نییە چاوه‌ڕوانیی ئه‌وه‌مان لێیان هه‌بێت ببنه نێوه‌ندگیر و یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی ناکۆکییه‌کانی نێوان سه‌رۆک و په‌رله‌مان. ئه‌وه‌ی کێشه‌یه‌ک بێت لێره‌دا ئه‌وه‌یه کە کۆپییکردنی نموونه‌ی سیستمی ئه‌مه‌ریکیی بۆ وڵاتانیکی تر که هیچ ده‌زگا و بنه‌مایه‌کی ده‌وڵه‌تی مۆدێرنی دیموکراتییی تێدا نییه، به‌ختی سه‌رکه‌وتنی پرۆسەی به‌دیموکراتیکردن لەو وڵاتەدا زۆرکه‌م دەکاتەوە.
سەرۆکایەتیی یان پەرلەمانتاریی بۆ هەرێمی کوردستان؟
به‌پێچه‌وانه‌ی ستراکتۆری کێشە سیاسییەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا کە وای خواستووە سیستەمیی دوو حیزبیی هەبێت، له حاڵه‌تی هه‌رێمی کوردستاندا سیسته‌مێکی فره‌حیزبیی و سیسته‌مێکی هه‌ڵبژاردنی جیاتر هه‌یه، ئەمە نه‌ک هەر ته‌نها له ڕووی چلۆنایهتییهوە، به‌ڵکو له ڕووی مۆدیلی تیۆرییشه‌وه که گرنگیی هەیە بۆ ئەو پرسیارەی کە ئایا کام مۆدێلی حوکمکردن بۆ هەرێم کودستان گونجاوترە. ئه‌مه چونکه کوردستان بارودۆخی تایبه‌تی خۆی هه‌یه له ڕووی سیستمی پێکهاته‌ی ئه‌حزاب و فره‌چه‌شنیی هێزه سیاسییهکانەوە.
ئه‌مه‌یه ده‌بێته‌وه هۆی کەوتنەوەی قه‌یران لە وڵات‌دا، وه دەبێتە هۆی دروستبوونی بۆشایی سیاسی، چونکه په‌رله‌مان ناتوانێت ڕۆڵی یه‌کلاکه‌ره‌وه ببینێت و متمانه له سه‌رۆک بستێنێته‌وه. ئاخر سه‌رۆک شه‌رعییه‌تی ئینتیخابی‌ی هه‌یه و دادگاش ناتوانێت هیچ ڕۆڵیک ببینێت چونکه سه‌ربه‌خۆ نییه و هەموو دۆزەکان به ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ له‌ژیر ده‌ستی حکومه‌تدا یه‌کلاده‌بنه‌وه. ئه‌مه‌ش زه‌ربه له پره‌نسیپێکی گرنگی دیموکراتیی ده‌دات کە کارایی دەسەڵاتی پەرلەمانە چونکە لەم حاڵەتەدا په‌رله‌مان بێده‌سه‌ڵات ده‌کرێت و هه‌موو کات سه‌رۆک بۆ خۆی چۆنی بیه‌وێت واده‌کات بێئه‌وه‌ی بتوانرێت متمانه‌ی لێوه‌ربگیرێته‌وه وه‌ک له سیستمی پهرلهمانییدا مومکینه.
ئه‌وه‌ی که له ئێستادا له کوردستان ڕووده‌دات ئه‌م کیشهیەیە چونکه بە حوکمی ئەوەی له کوردستاندا فرهحزبییەت هه‌یه له په‌رله‌مان و هیچ کام له‌و حزبانه زۆرینه‌ی ته‌واویان له په‌رله‌ماندا نییه تا حکومه‌ت پێکبهێنن، بۆیه حکومه‌ت به‌و ناکاراییه‌ی خۆشییه‌وه ناتوانرێت بکێشرێته په‌رله‌مان و سه‌رۆک بۆ خۆی چۆنی پێخۆش بێت وا ده‌کات.
خاڵیکی تر که له‌م په‌یوه‌نده‌دا جێگه‌ی ئه‌هه‌مییه‌ته ئه‌وه‌یه که سوپا و هێزی سه‌ربازیی له ژێر ده‌سه‌ڵاتی کێدایه و چۆن به‌کارده‌هێنرێت. سه‌رکرده‌ی سوپا له وڵاته دیموکراتییه جێگرتووهکاندا لەژێر ده‌سه‌ڵاتی که‌سانی ته‌کنۆکرات و مهدهنییدایه بۆیه جهنهراڵیک به قسه‌ی سه‌رۆک و بێ ڕه‌زامه‌ندی په‌رله‌مان له‌شکر ناتوانێت بۆ نموونە لەشکرد بنێرێتە سەر شارێک بۆ سه‌رکوتی ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵک دژ به حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتدارانی وڵات.
دوا شتێک که جێگه‌ی گفتوگۆ و تاوتوێکردنه کاتێک باس له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی یه‌کێک له‌و دوو مۆدیلی حوکمکردنه ده‌کرێت ئه‌وه‌یه که سه‌رۆک ناتوانرێت بخرێته به‌رده‌م ئه‌و به‌رپرسیاریه‌تییه‌ی که پیی سپێردراوه و به پرینسیپی به‌رپرسیاربوون (Accountability) سزا بدرێت کاتیک بۆ نموونە له‌ماوه‌ی ویلایەتی خۆیدا متمانه‌ی ده‌نگده‌ران ده‌شکێنێت و بێباک دەبێت لە بەرپرسیارێتیی و بەو متمانەیەی که پێی کراوە. ئه‌مه چونکه سه‌رۆک پشت به متمانه‌ی په‌رله‌مان نابه‌ستێت و به‌تایبه‌تیش له دوای خولی دووه‌می سه‌رۆکایه‌تیی خۆی ده‌توانێت به ئاسانی به‌دئیستیفاده له ده‌سه‌ڵاتدارێتیی خۆی بکات چونکه هیچی نییه له‌ده‌ستی بدات و ئیتر منەتی بە متمانەی دەنگەدارن نییە چونکە دەزانێت هەرچییەک بێت لە دوای هەڵبژاردنی داهاتووەوە ئیتر لە سەرۆکیی کەوتووە. به‌ڵام له سیسته‌می پهرلهمانییدا سه‌رۆکی حکومه‌ت ناچاره مەسئولانەتر بجوڵێت چونکە یەکەم ترسی ئەوەی هەیە کە پەرلەمان دەتوانێت متمانەی لێ بسەنێتەوە، دووەمیش له‌به‌ر ئەوە خۆی بە ناچار دەبینێت بەرپرسانە مامەڵە بکات بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا حزبه‌که‌ی له‌لایه‌ن ده‌نگده‌رانه‌وه بە دەنگپێنەدان سزا نه‌درێت.
ئه‌نجامگیریی
له ئێستادا که ناوه‌ندی سیاسی و ڕۆشنبیری ئێمه سه‌رقاڵی دێباتی پرسی سهرۆکایهتیین، گرنگه تایبەتمەندییە نێگەتیڤ و پۆزەتیڤەکانی ئه‌م دوو مۆدیله به‌ته‌واویی ببێته جێگه‌ی گفتوگۆی جیددی تا له‌م قۆناغی گواستنه‌وه‌یه‌دا نه‌هێڵین مۆدێلی سه‌رۆکایه‌تیی جێگیر بێت/بکرێت، چونکە سیستەمی سەرۆکایەتی بۆ هەرێمی کوردستان ڕەچەتەی گرفت و قەیرانی گەورە دەبێت لە چەند دەیەی داهاتووی هەرێمی کوردستاندا. ئەزموونی چەند ساڵی ڕابردووی حوکمی سەرۆکایەتیی لەم هەرێمەدا سەلمێنەری ئەم ڕاستییەیە و به‌ڵگه‌یه بۆ نه‌گونجانی مۆدیلی سه‌رۆکایه‌تیی بۆ هه‌ریمی کوردستان.
مایه‌وه بڵێم به له‌به‌رچاوگرتنی باری سیاسیی، کۆمه‌ڵایه‌تیی و جوگرافیی ئه‌م هه‌ریمه‌ی ئێمه، ئەوا مۆدیلی په‌رله‌مانیی ده‌توانێت لە سیستەمی حوکمی سەرۆکایەتیی زۆر کاراتر پرۆسه‌ی دیموکراتییه‌ت خێراییەکی زۆرتر بەرەو پێشەوە بەرێت و هاوشانی ئەوەی کە سەقامگیرییەکی سیاسیی گرنگ بۆ گەشەی دیموکراتیی دابین دەکات.